ژن دەکار بردن

AM:10:01:08/01/2017 ‌

لە دێرزه‌مانه‌وە تا نها، ژن بۆ فرە مەبەست و بەرژەوەندی بیری لێکراوەتەوە، ئەوەتە لەگەڵ دروستبوونی نەوە و وەچەی ئادەم، لە کتێبە ئاسمانییەکان ئەم ڕووداوەمان بۆ هاتووه‌ته‌ گێڕنەوە: هەر لە سەرەتاوە، دوو لە کوڕەکانی ئادەم لەسەر "ئیقلیم"ی خوشکیان شەڕ دەکەن، ڕوونە ژبەر جوانیی ئەم ئافرەتە، کە ئافرێنەر چلۆنی ئافراندووە، یەکێکیان ئەویتر دەکوژێ. ئەو ڕووداوەیان بە یەکەم کوشتن ناوزەد کردووە، وەلێ من دەڵێم سەرهاتی یەکەم عیشقە، نەک کوشتن، یەکەم قوربانیی جوانییە.

ژن جوانترین دروستکراوە، بە چەشنێک جوانی و میهر و وەفا و ئەوین، هەر لە خۆی جوانە ژسەر زەوین. پێشینانی کورد دەڵێن: "ئافرەت جوانیی دەرخات، چەندان ماڵ وێران دەکات" بێشک یەک تۆزقاڵ گومانت نەبێت، تاکی کورد بەرگەی جوانی ناگرێت، فرە ئارەزووی جوانیی دەکات، وەلێ بە زووترین کات لە نێوی دەبات.

ژ نک مرۆڤە سەرەتایییەکان میناکی (ئەسکیمۆ) ژن گۆڕینەوە نەریتێکی باو بووە، هاوسەرەکانی خۆیان پێشکەشی میوانە ناسراوەکان کردووە. لە بەرەبەیانی پێکدادانی کولتوورەکانی مرۆڤایەتیش، ژن قوربانییەکە بە پلەی یەکەم دێت. لەگەڵ پەرەسەندنی بیری موڵکایەتی (خاوەنداری) و پاکداوێنی و وەچە خستنەوە و تێکەڵ نەبوونی خوێنی بێگانە، بیرۆکەی ئافرەتی حەرەمسەرا و ئافرەت داپۆشین و شاردنەوەی ژن لە چاوی پیاوی تر، هاتە کایەوە. 

تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەوبانیش گوزەری بکردایە، دەبوو پەچەدار بێ، ئەم حیجابییەش نیشانەی ئەوە بوو، کە ئەم ژنە (هاوسەردارە) و ئازادە، ئەم پەچەیە جودای دەکاتەوە لە کەنیزەک و سۆزانییەکان، ژنی پەچەدار تایبەتە. لە کۆمەڵگە ژیارییە کۆنەکانیش، لە کن یۆنانییەکان لە سەردەمی (هۆمیرۆس) و (هزیود)ەوە دەرکەوتووە، لە سەردەمی فەیلەسووفە گەورەکانی یۆنانیش، (سوقڕات، ئەفلاتون، ئەرستۆ) بەردەوامی بە خۆوە دیتوە, بگرە تا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیش درێژەی کێشاوە، دوای دەرکەوتنی مەسیحییەت پەچە (حیجاب) بەرگێکی ئایینییان بەخۆوە گرتووە، ئیدی ژنی مەسیحی بۆی نەبووە بە سەرکۆتی بڕواتە دەرەوە، خۆئەگەر لە کڵێساشدا بە سەرکۆتی (بێپەچە) دەربکەوێ، وەک قەدیس پۆڵس ئێژێت: "دەبێت بە بڕینی قژی سزا بدرێت". 

پێش هاتنی ئایینی ئیسلام، عومەری کوڕی خەتاب بە ڕێوبانی شاردا پیاسەی دەکرد، ئەگەر کەنیزەکێکی موحەجەبە یان پەچەپۆشی ببینیایە، بە قامچی تێی دەکەوت تا ڕووپۆشەکەی یان پەچەکەی لەسەری دەکەوتە خوارێ، بە نکۆڵییەوە پێی دەگۆت: "خۆت بە ژنی ئازاد دەچوێنی؟" پرسەکە لێرە ئەوەیە، ئێستەش کچان و ژنانی ئێمە نازانن بۆ سەریان دادەپۆشن، حیکمەت و فەلسەفەی ئەو سەر داپۆشینە چییە؟ چەند ڕۆژێک بەری، ژنەوتم لەم کوردستانە، باوکێک لەبەرئەوەی کچەکەی سەرپۆشەکەی لە سەری ناکات کە چاوی ئەوی لێ دیارە، لە ملی ده‌ئاڵێنێ، هەر بە سەرپۆشەکەی خۆی دەیخنکێنێ, یانی مرۆڤ بە تایبەت (ژن) نرخی کەمترە لە پاچە پەڕۆیەک؟*

ئەوە چ تەلیسم و جادووێکە وا لە پیاوی کورد دەکات هێندە بە سووکی لە ئافرەت بڕوانێت؟ بە بیانووی پڕوپووچ و بەستانەوەی شەرەف بە ناوگەڵەوە، قسەی قۆڕە، وڕێنەیە، ژن دەکوژن. کوشتن و سووتاندن و چی و چی... چارەسەری هیچ پرسێک ناکات، هەر لە بنەچەدا دایک و باوک پیرۆزترین ئەرکیان ئەوەیە، زارۆکەکانیان بە جوانترین شێوە پەروەریی بکەن.

خێزانی کورد تا ئێستە لە ڕووی ژمارەی ئەندامانی خێزانەوە، بیری نەکردووەتەوە ئایا داهاتی مانگانەیان چەندە بۆ تێرکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی منداڵەکانیان, ئایا کاتی بەتاڵیان چەندە تا بتوانن ئاکار و ئەدگاریی منداڵەکانیان ڕەنگدانەوەی خۆیان بێت (دایک و باوک)، فێریان بکەن و بەپێی توانای مێشکی منداڵەکە، زانیاری پێ ببەخشن. وەلێ دایبابی کورد، هەر منداڵ دەخاتەوە و دەڵێ: "خوا ڕزقی دەدات!" کێشە نییە خوا ڕزقی دەدات، بەڵام خوا تەربییەتی نادات، خوا ناڵێت بڕۆ (١٠) منداڵ بێنە دنیا و تۆ خەریکی ئیشوکاربە و من بۆت پەروەرین دەکەم! ماخۆییکردنی دوو منداڵ چێترە لە ژمارەیەک کە بەهیچ ڕانەگەی. سەرەنجام بەهۆی وەخاوەنکردنێکی ناتەندروست کچە هەرزەکەی هەڵەیەک دەکات، یان پێوەندییەکی ئاساییی لێ دەبینرێ، خپ دەیکوژێ.

ئەم دایک و باوکانە ویژدانیان ئاسوودە ناکەن بڵێن: "ئاخر ئێمە خۆمان بووین بەهۆی ئەوەی تا ئەم کیژەمان یان خوشکەمان بە چەشنێکی ناژیاریی، لە بابەتی خۆشەویستی و شووکردن و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان حاڵی بێت، شەوێک دانەنیشتین لەگەڵی تا بتوانێ دوو پرسیارمان بە ئازادیی لێ بکات، ڕێگەی ڕاستی پێ پێشان بدەین، بەرچاوی ڕۆشن بێ چ پیاوێک هەڵبژێری بۆ باوکی منداڵەکانی داهاتوویی!" ئەمە جگە لەوەی کچ و خیشکێ خۆ بەزۆر بەشوو دەدەن، شوکر (ژن بە ژن و بنپشک و تاد... ئینجا ستەمکردن لە ژێر چەتری هەر ناوێک بێت)، کەم بووەتەوە و خەریکە لەناو دەچێت.

باوک هەیە نازانێ کچەکەی لەپێناو چ بەرژەوەندیی و ئایدۆلۆجیایەک بەکار دێنێ و دەکوژێ، گرنگ ئەوەیە نابێ کچەکەی یەک وشەش لەگەڵ هیچ نێرێک بدوێ، بڤەیە، ئەگەر عیبدار بوو؟ ئاسایییە خۆی لەگەڵ ژن و کچی هەموو خەڵقی قسە بکات، لێ بۆ ژن و کچ و خوشکی خۆی، یەساغە.

لە بەرێکی تر، ئەو هەموو ڕێکخراوانەی (دەستەی باڵای خانمان و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و توندوتیژی ئافرەتان و تاد...) گشتیان خەریکی پارە پەیداکردنن، خەریکی جووینەوەی دروشمی باقوبریقن، لە ماوەی ڕابردوودا بۆ کۆمەڵگەی کوردیی، کەمترین سوودیان هەبووە.

هەژار گوتەنی: "دروشمی هیچ کاوێژ دەکەن، سەری خەڵکی پێ گێژ دەکەن". دواجار، کە ئافرەتێک دەکوژرێ، زۆربەیان بە بەیاننامەیەکیش دەنگ هەڵنابڕن، میناکی کیسەڵ سەریان دەنێو قاوغەکانی خۆیان دەنێن، بەردیش ببارێ، سەریان دەرناهێنن, ڕۆژانە چیڕۆکی تراژیدی دەژنەوتین، هیچ جۆر و شێوەیەک نەما ژنی پێ نەکوژن لەم هەرێمە خۆشەویستە، جگە لەو هەموو دەستدرێژی و هەڕەشەیەی، لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووی ئەم هەرێمە خۆشتڤییە، لە ئافرەتی کورد دەکرێ. هەر بۆ گاڵتەش ڕێکخراوێکی پاراستنی مافی (ژنان، ئافرەتان، خانمان)ـە کامەیە نازانم، نایەنە دەنگ.
لە پایانیدا هیوادارم چیتر ژنان و کچانمان ئەو ستەمە نامرۆڤانەیان لێ نەکرێت، بە ناهەق نەکوژرێن، پێویستە متمانە بگەڕێتەوە نێو خێزانی کورد.
__________________________________


* ئەفلاتوون و ژن، د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام، و.هاوار محەمەد، یەکەم چاپ (٢٠١٣) چاپخانەی موکریان-هەولێر.