سه‌ربه‌ست قادر
ده‌ربه‌ندیخان یه‌كێكه له شارۆكه دیاره‌كانی كوردستان كه خه‌ڵكێكی چالاكی هه‌یه و خاوه‌نی ههڵكهوتهیهكی جیۆگرافی تایبه‌ت و سروشتێكی جوان و دڵڕفێنه. ئه‌م شارۆكه‌یه له‌ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی و سروشتییه‌وه، ده‌كه‌وێته نێوان كۆمه‌ڵه چیایه‌كی خاوه‌ن دارستانی سروشتی و زێی سیروان كه به‌لای ڕۆژهه‌ڵاتیدا تێده‌په‌ڕێت و ده‌ریاچه و به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانی له‌سه‌ر بنیات نراوه.
ئه‌م ناوچه‌یه به له‌بارترین و گونجاوترین ناوچه‌كانی كوردستان داده‌نرێت له‌ڕووی گه‌شتیارییه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێسته كه‌مترین ئاوڕی لێ نه‌دراوه‌ته‌وه و هیچ سوودێكی ئه‌وتۆی لێ نه‌بینراوه.
زۆرینه‌ی كارگه‌كانی دابینكردنی لم و چه‌و و به‌رد له‌و شارۆكه‌یه هه‌ڵكه‌وتوون، هه‌روه‌ها چه‌ند مه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر سنووری ئێران له ده‌وروبه‌ری ئه‌م شاره‌دا هه‌ڵكه‌وتوون و به‌رده‌وام جووڵه‌ی بارهه‌ڵگر شه‌قامه‌كانی ئه‌م شارۆكهیهیان جه‌نجاڵ كردووه، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی سوودی ئابووری و دابینكردنی بژێوی بۆ كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه‌ی به كاره‌كه‌وه سه‌رقاڵن، هۆكارێكی سه‌ره‌كین بۆ زۆر له ڕووداوه مهینهتهێن و دڵته‌زێنه‌كانی ناوچه‌كه، ئه‌مه‌ش به‌زۆری بۆ خراپی ڕێگه‌وبانی ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به ڕێی مه‌رگ ناسراوه.
شارۆكه‌كه پارێزگاكانی باشووری عێراق به كوردستان گرێ ده‌دا و له‌و رووه‌وه ده‌بوو سوودێكی باشی لێ وه‌ربگیرایه له بووژاندنه‌وه و فراوانكردن و جوانكردنی سیما و سروشته‌كه‌ی، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێسته هیچی بۆ نه‌كراوه.
مه‌به‌ستی من له‌م وتاره‌دا باس له مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌م شارۆكه‌یه بكه‌م كه له نێوان هه‌ردوو ئیداره‌ی گه‌رمیان و سلێمانیدا بووه‌ته قوربانی. وه‌ك ناسیح مه‌لا حه‌سه‌ن قایمقامی شاره‌كه باسی كرد، "ئێمه له نێوان ئه‌م دوو ئیداره‌یه‌دا گیرمان خواردووه، به‌داخه‌وه تا ئێسته خۆشمان نازانین سهربهكامیانین."
هه‌ر كه‌سێك سه‌ردانی ئه‌م شارۆكه‌یه بكات و به هه‌ندێك ناوچه‌یدا بگه‌ڕێت، ئه‌و ڕاستییه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌ند ساڵێكه له دۆخێكی چه‌قبه‌ستوودایه و تا ئێسته‌یش نه‌توانراوه له‌و دۆخه ناله‌باره ده‌ربهێنرێت و سوود له‌و هه‌موو ده‌ستی كاری گه‌نج و سروشته خواكردهی ناوچه‌كه وه‌ربگرێت و بیكات به ده‌روازه‌ی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری و پیشه‌سازی وه‌به‌رهێنانی گرنگ.
سه‌یرتر ئه‌وه‌یه زۆرینه‌ی ئه‌و پڕۆژه خزمه‌تگوزاری و گه‌شتیارییانه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوودا بۆ ناوچه‌كه ده‌رچوون و كاریان تێدا كراوه، تا ئێسته به‌نیوه‌چڵی و ته‌واونه‌كراوی بهجێهڵراون و كه‌س خۆیان لێ به‌خاوه‌ن ناكات.
تا ئێسته نازانرێت سوود و به‌رهه‌می ئه‌و پڕۆژانه‌ی بۆ شارۆكه‌كه ده‌رچوون و كاریان تێدا كراوه، چییه و كه‌ی ده‌كرێ بكه‌ونه خزمه‌تی هاووڵاتییانه‌وه؟!
له‌م شارۆكه‌یه‌دا هه‌ر شتێك ده‌ستكاری كرا، مه‌حاڵه به‌ئاسانی جارێكی تر و له‌كاتی خۆیدا وه‌ك خۆی لێ بكرێته‌وه، بۆیه كه دێیته ناوی له چه‌ندان شوێندا به‌هۆی ڕاكێشانی هێڵی ئاو و ئاوه‌ڕۆوه، شه‌قامه‌كانی هه‌ڵكه‌نراون و دوای تێپه‌ڕینی چه‌ندان ساڵ، به‌نیوه‌چڵی جێهێڵراون و سیمای شه‌قامه‌كانیان یه‌كجار ناشیرین كردووه و هۆكاری كۆبوونه‌وه‌ی ئاو و پیسییه‌كی زۆرن تێیاندا.
وه‌ك له سه‌ره‌تاوه باسمان كرد، زێی سیروان به به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌م شارۆكه‌یه‌دا تێده‌په‌ڕێت و به‌نداو و ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخانی له‌سه‌ر بنیات نراوه كه له ڕووی گرنگییه‌وه ده‌بوو باشترین و سه‌ره‌تاییترین خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك ئاو و كاره‌با، هه‌لی كار له ڕووی ڕاوه‌ماسی و سامانی ماسییه‌وه، بۆ خه‌ڵكی شارۆكه‌كه و ده‌وروبه‌ری دابین بكردایه، كه‌چی به پێچه‌وانه‌وه تا ئێسته‌یش به‌ده‌ست پیسی ئاوی خواردنه‌وه و ته‌نانه‌ت زۆرجار كه‌می ئاوه‌وه ده‌ناڵێنێت و كه‌مترین سوودیشی كارهباكهیهتی كه له به‌نداوه‌كه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له كاتێكدا ده‌بوو سوودمه‌ندی سه‌ره‌كی ئه‌م شارۆكه‌یه بووایه له كاره‌بای به‌نداوه‌كه، كه‌چی به‌راورد به ساڵانی ڕابردوو و شار و ناوچه‌كانی تری كوردستان، ئێسته ده‌ربه‌ندیخان خاوه‌نی كه‌مترین پێدانی سه‌عاتی كاره‌بایه و كه‌سیش نازانێ هۆی چییه!
چه‌ند له‌سه‌ر كه‌موكورتی به‌ڕێوه‌بردن و جوانكردنی شارۆكه و گرنگینه‌دانی گه‌شتیاری و مراندنی ده‌ستی كار تێیدا و به‌جێهێشتن و ته‌واونه‌كردنی ده‌یان پڕۆژه‌ی وه‌ك شه‌قامی جووتسایدی به‌رده‌م په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی ده‌ربه‌ندیخان، حه‌وز و پاڵاوگه‌ی ئاوی خواردنه‌وه، به‌نداوی دێوانه، تاڤگه‌ی گه‌شتیاری كه‌مپی خوار، باڵه‌خانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان، باڵه‌خانه‌ی كتێبخانه و دایه‌نگه و باخچه‌ی ساوایان، دوورنه‌خستنه‌وه‌ی كارگه‌كانی به‌رد، خراپی و بێ چاره‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی شه‌قامه جووتسایده خراپبووهكانی ناو شارۆكه‌كه، دانهپۆشتنهوهی ئه‌و شه‌قامانه‌ی هه‌ڵكه‌نراون به‌مه‌به‌ستی ڕاكێشانی هێڵی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و هتد، ئه‌وه‌ی بووه‌ته پرسیار لای هه‌ر تاكێكی ئه‌م شارۆكه‌یه، ئه‌وه‌یه ده‌بێ ده‌ربه‌ندیخان له‌پای چی سزا درابێت؟