سه‌ردێڕ و ناونیشانی ئه‌م وتاره باشترین و پوختترین پێناسه‌یه بۆ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا. به‌و واتایه‌ی ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌توانێكی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ك دۆستێكی هاوسۆز بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی، دۆستایه‌تی له نێوان زلهێزه‌كاندا ئه‌و شته‌یه كه بوونی نییه و ئه‌وان دۆستایه‌تی ناكه‌ن، دڵی یه‌كتر و له خۆیان بچووكتر له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ڕاده‌گرن.
سیاسه‌تی وڵاتانی زلهێز به‌تایبه‌تیش ئه‌مه‌ریكا، شتێكی تێدا نییه به‌ناوی دۆسته‌كانم له وڵاتانی تازه پێگه‌یشتوو و خاوه‌ن سامان و سه‌رمایه سروشتییه له‌بن نه‌هاتووه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكو ئامانجه‌كان له دۆستایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی لاسه‌نگه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان، كه ده‌بێ هه‌میشه ئه‌وان براگه‌وره و خاوه‌ن تیكه‌ی چه‌ور و گه‌وره بن و به‌ناو دۆسته‌كانیش (ئه‌و وڵاتانه‌ی پێیان وایه ئه‌مه‌ریكا باوه‌گه‌وره‌یانه و هه‌رگیز پشتیان به خۆڵه‌وه نادات) مله‌قۆته و پێشه‌وپڵایان به‌رده‌كه‌وێت و هه‌میشه له به‌رده‌م پڕیشكی ئاگر و تین و تاوی گه‌رما و سه‌رمادان، كه‌چی سه‌یروسه‌مه‌ره ئه‌وه‌یه خۆیان به دۆستایه‌تی و هاوبه‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن و پێیان وایه ئه‌مه‌ریكا ئه‌وانی نه‌بێت له‌سه‌ر سك ده‌ڕوات.
كورد له سه‌رووی هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌وه‌یه به‌م شێوه‌یه بیر ده‌كاته‌وه. هه‌ر ڕۆژه و له‌لایه‌كه‌وه ده‌گه‌سترێ له‌لایه‌ن هه‌مان كۆمه‌ڵ و گرووپه‌وه، كه‌چی هێشتایش هێنده دڵی به‌خۆی خۆشه، ناوی له‌خۆی ناوه دۆستی ئه‌مه‌ریكا. به‌ڵام له سیاسه‌تدا سۆز و به‌زه‌یی جێی نابێته‌وه.
ئیسرائیل ئه‌وكاته‌ی بڕیاری دا بڵێت: (تا له‌گه‌ڵما بیت دۆستین، كه پشتت هه‌ڵكرد هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش له نێوانماندا نییه)، توانی بناغه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته دابمه‌زرێنێت كه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌ڕێوه‌به‌ری دنیا و هه‌ڵسووڕێنه‌ری كاروباری وڵاتانی دوور و نزیكه له خۆیه‌وه. تا ئاستێك ده‌توانین بڵێین دنیا به‌شێكه له ئیسرائیل، نه‌ك ئیسرائیل به‌شێك بێت له دنیا. ئه‌وه‌یشی له سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا زۆر جێی سه‌رنج و بایه‌خه، به جۆرێك سیاسه‌ت ده‌كه‌ن كه هه‌رگیز ده‌ستی تۆمه‌تیان بۆ درێژ ناكرێت.
ببینه هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و ئاسیا به وڵاته ئیسلامییه‌كانیشه‌وه، پشكی گه‌وره له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به ئیسرائیله‌وه به‌نده و له ڕێی ئیسرائیلیشه‌وه ئه‌مه‌ریكا.
به‌پێی ئه‌م هاوكێشه‌یه، ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌م دارده‌ست و به‌كارهێنراوی ئیسرائیله و له‌وێشه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ند وڵاتانی بچووك و بچووكتر.
كورد هیچ كاره‌سات، كوشتار، قڕكردن، دژایه‌تی و پاكتاوكردنێك وانه‌ی پێ نه‌داوه و وه‌ك ده‌ڵێن: (تۆبه‌ی پێ دانه‌داوه).
به‌درێژایی مێژوو، وردتر بڵێین دوای ئه‌و ساڵانه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا باڵاده‌ست بوون و بوون به خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتدا، هه‌میشه یه‌كێك له به‌كارهێنراوه‌كانیان كورد بووه و هه‌میشه‌یش دوای كۆتاهێنان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، مشتێك خاكوخۆڵ و خوێن و گوشتیان بۆ كورد به‌جێهێشتووه و به‌ته‌نیا و له‌ناو دوژمنه دراوسێكانیدا به‌جێیان هێشتووه.
ئه‌وكاته‌یشی هه‌مان وڵاتانی به‌رژه‌وه‌ندیخواز هاتوونه‌ته‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ، كورد وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچی نه‌دیبێت، ده‌ستی یارمه‌تی و خۆبه‌كوشتدانی بۆ درێژ كردوونه‌ته‌وه و به‌هه‌مانشێوه‌ی جارانی پێشوو به‌گه‌رداویاندا داوه و جێیان هێشتووه.
نزیكترین نموونه: جێهێشتن و پشت له كوردكردن بوو له دوو ساڵی ڕابردوو له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، ئه‌وكاته‌ی زیاتر له نیوه‌ی خاكی كوردستان له ماوه‌یه‌كی كه‌می چاوه‌ڕوان نه‌كراودا، گه‌ڕێنرایه‌وه ژێرده‌ستی عێراق. كه‌چی دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌و كاره‌ساته، كورد له ڕۆژئاوا چووه‌وه ژێر گرێبه‌ستێكی ناڕوونی پڕ به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا.
هه‌مان كات ده‌بوو كورد بیزانیایه ته‌نیا ئامرازێكه و به‌كار ده‌هێنرێت بۆ به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی، بۆیه هه‌ركات كاره‌كه‌ی به‌جێ هێنا و گرێبه‌سته‌كه به‌كۆتا هات، شتێك به‌ناوی دۆستایه‌تییه‌وه بوونی نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی كاتی یان ماوه‌درێژه، به قازانجی سیاسه‌تكه‌ر نه‌ك سیاسه‌ت به‌سه‌رداكراو.
له‌به‌رئه‌وه نابێ چاوه‌ڕوانی بیستنی گفتی دۆستایه‌تی و پاراستنی سنووره‌كانیان بن. ئه‌مه بیرۆكه‌یه‌كی نه‌زانانه‌یه و هه‌رگیز به عه‌قڵی هیچ مرۆڤێكی ژیردا نایه‌ت، ئه‌مه‌ریكا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به گه‌لێكی وه‌ك كورده‌وه ببه‌ستێته‌وه و به‌بێ ئه‌وان دۆش دابمێنێ و هیچی پێ نه‌كرێت. ئه‌مه‌ریكایه‌ك ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ هاووڵاتییه‌كانی خۆیشیدا له به‌رژه‌وه‌ندیدایه. ئه‌م جۆره له سیاسه‌ت ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا پێڕه‌وی لێ ناكات، به‌ڵكو هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپایش له‌سه‌ری ده‌ڕۆن، چونكه ئه‌وان له حه‌قیقه‌تدا ده‌ژین و لایه‌نی سۆزداری له كاروباره‌كانیاندا پشتگوێ ده‌خه‌ن. بۆیه هه‌رگیز نابێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان لێ بكرێت ته‌نیا فیشه‌كێك به‌بێ مه‌رامێكی شاراوه به كورد یان هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر بده‌ن، به‌ڵكو له به‌رانبه‌ر ئه‌و به‌خشینه‌دا به‌وپه‌ڕی منه‌تیشه‌وه داوای لیترێك خوێن ده‌كه‌ن.
دره‌نگ نییه ئیتر كورد بزانێ كه شتێك به‌ناوی دۆست و پشتگیریی كورد له دنیادا بوونی نییه. ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا كۆمه‌ڵێك به‌كارهێنه‌ری ژیر و چاوقایمن كه هه‌موو كات ده‌توانن به‌هه‌مان زمان و له هه‌مان شوێنه‌وه، ژه‌هری به‌رژه‌وه‌ندخوازی بكه‌نه خوێنی كورده‌وه.
ئه‌وه‌یشمان بیر نه‌چێت له‌م هاوكێشانه‌دا كورد ته‌نیا خۆیان تاوانبارن نه‌ك عه‌ره‌ب یان تورك یا وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، بۆیه هه‌رگیز ناكرێ په‌نجه‌ی خیانه‌ت و پشتهه‌ڵكردن بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا درێژ بكرێ، چونكه ئه‌وان به ڕوونی به‌هه‌موو گه‌لانی دنیا ده‌ڵێن، ئێمه سیاسه‌تمان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی بونیاد ناوه. كێ پێی خۆشه با هاوسیاسه‌ت و هاوبه‌رژه‌وه‌ندمان بێت تا ئه‌وكاته‌ی نێچیرێكی له خۆی باشترمان ده‌ست ده‌كه‌وێت.
كاتێك كورد خاڵ و بنه‌ماكانی ئه‌م گرێبه‌ستانه ده‌زانێت، ئه‌وپه‌ڕی كارێكی نه‌زانانه‌یه ڕه‌خنه له سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا بگرێت، به‌و واتایه‌ی خیانه‌تی كردووه و فرۆشتووینی به وڵاتانی دراوسێ، چونكه هه‌ر خۆی له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه‌ریكا هیچ دۆستایه‌تییه‌كی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ كه‌سدا نییه تا دڵی كه‌س له خۆی بڕه‌نجێنێ له‌به‌ر كورد، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه كۆمه‌ڵه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ماوه‌درێژی به‌رده‌وامن، ئه‌مه‌ریكا و هه‌موو ئه‌وروپا به ناوچه‌كه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و باشترین بژارده‌یش بۆ پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه له ناوچه‌كه‌دا، كورده.
كورده كه خوێنی له‌هه‌موو كه‌س هه‌رزانتره و له هه‌موو كه‌سیش باشتر دێته ژێرباری كه‌س هه‌ڵنه‌گرتوو.
كورده كه له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌س ده‌بێته هاوبه‌رژه‌وه‌ند جگه له خۆی.
كورد له‌بارێكی ده‌روونی وا ناجێگیردا ده‌ژی، هه‌مان كه‌س ده‌توانێ له ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێكدا به‌دوو به‌ڵێن و قسه‌ی دژبه‌یه‌ك كاریگه‌ری دووسه‌ره‌ی لێ بكات.
سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه ئاسانه، جگه له سه‌تان نموونه‌ی پێشتر، هه‌ر له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌وپه‌ڕی ڕاشكاوانه و ڕاستگۆیی گوتی، "كورد ته‌نیا كۆمه‌ڵێكی شه‌ڕكه‌رن، ئێمه‌یش چه‌ك و پاره‌مان پێ داون". خه‌ڵك و شه‌قام و میدیای كورد قیامه‌تیان به‌ده‌م هه‌ڵساند، كه‌چی هه‌مان تره‌مپ به‌وپه‌ڕی شاره‌زاییه‌وه دوای یه‌ك دوو ڕۆژ گوتی، "سنوورێك بۆ ده‌سدرێژییه‌كانی توركیا داده‌نێین و ئابوورییه‌كه‌ی نابووت ده‌كه‌ین". بینیمان به‌شی زۆری كورد له قسه‌كانی پێشوویان په‌شیمان بوونه‌وه و كه‌وتنه پاساوهێنانه‌وه و پینه‌كردنی قسه‌كانی ڕابردوویان.
ئاشكرایه و پێویسته هه‌موو تاكێكی كورد بزانێ تا كورد ماڵی خۆی ڕێك نه‌خاته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی هاوبه‌ش و گه‌وره/ پێكه‌وه‌ی نه‌به‌ستێته‌وه/ پێویست ناكات به كه‌س جگه له خۆی بڵێت خیانه‌تكار. چونكه كورد پێش هه‌موو كه‌س خۆی خیانه‌ت له خۆی ده‌كات، به‌وه‌ی هه‌میشه ئاماده‌ی خۆكوشتن و خۆبه‌كوشتدانه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانیتر. هه‌ركات كار گه‌یشته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه ناوخۆییه‌كانیش، له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی گه‌وره‌ی یه‌كگرتوو، كوردستان ده‌بێته دێی فره‌كوێخا و هه‌ریه‌كه و له ئاوازێك ده‌خوێنێت.