پەروەردە ببەنە قوتابخانەكان

AM:09:37:09/11/2019 ‌

پەروەردە پشكۆی شۆڕشێكی دوو دیوە، دیوێك لە ڕووخسار و ڕووی مرۆڤ، دیوەكەی تری كە جەوهەر و ناوەڕۆكی پڕ بایەخی پەروەردەیە، بریتییە لە پەروەردەی ناخ و دڵ و دەروون، پەروەردەی ئاكار و خووڕەوشت، پەروەردەی خێزان و كۆمەڵگە و مرۆڤایەتی.
بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گرنگییەكی تایبەت بە پەروەردە دراوە، زۆر جار گرووپ و دەستەی وا لەڕێی پەروەردەوە فێر كراون كە تەنانەت كوشتن و خۆكوشتنیشیان بەوپەڕی بێ بایەخییەوە هاتووەتە پێش چاو. ئەم جۆرە لە پەروەردە تا ئێستەیش لە فراوانبوون و پەرەسەندندایە و زۆرینەی گرووپە چەكداری و توندڕۆكان لەڕێی كاركردن لەسەر پەروەردەی بیروباوەڕی تاكە لایەنگرەكانیان، كردەوەی قێزەونی دژبە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن. وایان لێ دەكەن كوشتن و بڕین و خوێن و ڕاوڕووت ببێت بە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانیان. 
ئەم نموونەیە گرنگی و بایەخی پەروەردەمان بۆ دەردەخات لە ئاستێكدا تەنانەت لە توانایدایە خوێنی مرۆڤ لەچاو مرۆڤێكی بەرانبەریدا تا ئەوپەڕی بێ بەهایی بێ بەها بكات. لە كاتێكدا خوا كە مرۆڤی دروست كردووە، فەرمانی بەهەموو دروستكراوەكانی تری كردووە كە ڕێزی لێ بگرن و سەری بۆ دابنەوێنن. هەروەها لە چەندان شوێنی تری قورئاندا ڕوو لە مرۆڤ خۆی دەكات و دەفەرموێت ئەوەی مرۆڤێك بەبێ تاوان و بەئەنقەست بكوژێت، وەك ئەوەیە تەواوی مرۆڤایەتیی كوشتبێت، ئەوەیشی مرۆڤێك لە مردن ڕزگار بكات وەك ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتی ڕزگار كردبێت.

مرۆڤ لەبەرئەوەی لە نێوان دوو سیفەتی خێر و شەڕدا دروست كراوە، بەردەوام ئامادەیە بۆ وەرگرتن و زاڵكردنی یەكێكیان بەسەر ئەوی تریاندا، ئەمەش لەڕێی پەروەردەیەكی نەخشە بۆداڕێژراوی هەنگاو بەهەنگاوەوە دەبێت.

ئێمەی كورد لە ناوچەیەكدا دەژین دەورە دراوە بە چەندان گەل و نەتەوە و وڵاتی پەروەردەكراو، بەپێچەوانەیشەوە گەلی ئێمە تا ئێستە لە گرنگی و بەهای پەروەردە تێنەگەیشتووە و لەوە تێناگات كە دەرودراوسێكانمان هەمیشە لەڕێی پەروەردەكردنی كۆمەڵێكی ناوخۆیی لە خۆمان یان دەرەكی، زەبرە كاریگەر و كوشندەكانمان لێ دەدەن.

مەبەست و دەردەدڵی من لەم وتارەدا ئەوەیە بڵێم: (پەروەردە ببەنە قوتابخانەكان) لەخۆوە ئەم قسە ناكەم، ئەگەر كەسێك بپرسێت ئەی پەروەردە لە قوتابخانەكاندا بوونی نییە؟ یان ئەو وەزارەتە زەبەلاحەی ناوی پەروەردەیە، بۆچی ئەو ناوەی لێ نراوە؟ دەتوانم بڵێم بەڵێ پەروەردە لە وەزارەت و قوتابخانەكانی سەربە وەزارەتی پەروەردەدا بوونی نییە.

ئەوەی هەیە تەنیا كۆمەڵێك پێڕەو و پرۆگرامی فێركردن و فێربوونە و هیچ وانەیەكی پەروەردەییش لەو ناوەندەدا گرنگی پێ نەدراوە. ئەگەر كەسێكیش بە گومانە لەم قسەیە و پێی وایە وەزارەتی پەروەردە و كارەكانی ئەو وەزارەتە بە كەم تەماشا دەكەم، با بفەرموێ و تەنیا وانەیەك یان وانەیەكی پەروەردەیی لە هەموو قۆناغەكانی سەر بەو وەزارەتەدا دەستنیشان بكات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە كۆبوونەوەی دایكان و باوكانی یەكێك لە قوتابخانەكانی دەربەندیخان بەشدار بووم، لەكاتی گفتوگۆ و قسەكردن لەسەر كار و چالاكییەكانی خوێندكار و قوتابخانەكەیان، داوام لێكردن كە هیچ نەبێ هەفتانە وانەیەكی 40 خولەكی لە بابەتی پەروەردە بۆ هەر پۆلێك بخەنە خشتەی وانەی خوێندكارەكانیانەوە، چونكە تەنیا ئەو وانەیە بەسە بۆ ئەوەی لە سەدا پەنجای ئەو گرفت و كێشانەی لە نێوان خوێندكار و مامۆستا و لە نێوان خوێندكار خۆیان و خێزان و قوتابخانەكانیاندا دروست دەبێت، بەوپەڕی دروستییەوە چارەسەر بكرێت.

هەرچەندە زۆرینەی مامۆستاكان بە سەرسوڕمانەوە لێم ورد بوونەوە و پێشنیارەكەمیان پێ سەیر بوو، بەڵام نكۆڵییان لە گرنگی و بایەخی كارەكە نەكرد و هەندێكیان دڵی خۆیان بەوە ئاوپرژێن دەكرد گوایە وانەی (ئاین) وانەیەكی پەروەردەییە و گرنگی و پێگەیەكی باشیشی پێ دراوە لە بوارەكەدا.

ڕاستییەكەی ئەگەر كەسێك شارەزا و ئاگاداری پەروەردە و بنەما پەروەردەییەكان بێت، لەوە دڵنیا دەبێت ئەو پەرتووكەی بەناوی پەروەردەی ئاینەوە دانراوە، هیچ كات لە توانایدا نییە جێی وانەی پەروەردە بگرێتەوە، ئەگەر وەك بەشێك لە وانەی پەروەردەییش مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەی بابەتەكانی پەروەردەی (خۆت، كەسایەتی، لەشولار، هەڵسوكەوت، خووڕەوشت، داونەریت، خێزان، گەشەكردن و كۆمەڵایەتی؟) لە كوێی پەروەردەدا جێیان دەبێتەوە؟

با وا دابنێین ئەو پەرتووكە لە بواری پەروەردەدا لە سەدا دەی كارەكانیش ڕادەپەڕێنێت، ئەی ئەو لە سەدا نەوەتەكەی بەچی پڕ دەكرێتەوە؟
ئەمە جێی داخ و هاوكات بەزەییە، كورد دڵی بەوە خۆشە منداڵەكانی دەنێرێتە قوتابخانە بەو نیازەی لە پاڵ فێربووندا پەروەردەیش دەكرێن، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە تەنیا بایەخ بە فێركردنێكی سواوی كۆن و چەندبارە دەدرێت و ئەوەی پەروەردە و لایەنی كەسایەتی خوێندكارە، لە هیچ قوژبنێكی ئەو وەزارەتەدا هەر باسیش نەكراوە. لە كاتێكدا دەبوو یان كە نەبووە، دەبێ وەزارەتی پەروەردە هەرچی زووتر وانەكانی خۆی لەگەڵ ناوەكەیدا ڕێك بخات و وانەی پێویستی پەروەردەیی بخاتە ناو خشتە و پێڕەوی قوتابخانەكانەوە، یاخۆ بە پێچەوانەوە وەك لە وتارێكی تردا داوام كردبوو، ناوی وەزارەتەكە لە وەزارەتی پەروەردەوە بگۆڕن بۆ وەزارەتی (فێركردن). 

كاریگەری نەبوونی پەروەردە زۆر بە ئاشكرا و ڕوونی بەسەر كەسایەتی تاكی كوردەوە لە هەموو ڕوویەكەوە دیارە. تەنیا ئەوە بەسە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە، تاكی كورد بە نێر و مێوە تاكێكی سۆزداری كەمهەڵوێست و لە هەموو لاوە كارتێكراوە.

دەرئەنجامی خراپیی پەروەردە و بەڕەڵایی ڕاگەیاندن، كە ئێستە ئەوان دەمڕاست و پەروەردەكەری نەوەكانی داهاتوون، ئەو هەموو دیاردە ترسناكە پەرەسەندووەیە كە بەردەوام لە شار و ناوچە جیاجاكانی كوردستانەوە دەیانبینین و گوێبێستیان دەبین, لە خۆكوشتن، خەڵك كوشتن، دەستدرێژی، خۆسووتاندن، دزی، جیابوونەوەی خێزانی و لە سەرووی هەموویشیانەوە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی نەتەوەیی لەلایەن بەرپرسانەوە. لە كاتێكدا گەلێك خاوەن پەروەردەیەكی تۆكمە و باوەڕپێكراو نەبوو، شتێكی ئاساییە 
كەمترین ڕێژەی نەخوێندەواری هەبێت و زۆرترین ڕێژەی گەندەڵی.

زۆرترین خوێندەواری هەبێت و كەمترین پەروەردەكراو.
زۆرترین خوێندەواری هەبێت و نامۆترین تاك.
زۆرترین خوێندەواری هەبێت و كەمترین بەرهەم.
زۆرترین خوێندەواری هەبێت و كەمترین ڕۆشنبیر.
زۆرترین خوێندەواری هەبێت و كەمترین بەرهەمی ناوخۆیی.

ئەمەی دوایی لە سەروبەندی ئەمڕۆدا گەورەترین زیانی هەمەلایەنە بە كوردستان دەگەیەنێت، چونكە كوردستان خاوەنی ڕێژەیەكی كەم لە بەرهەمی ناوخۆییە لەچاو ئەو هەموو بەرهەمە كوشندە دەرەكییانەدا. لە كاتێكدا ئەگەر ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆیی زۆر و هەمەجۆر بووایە، ئێستە كورد دەیتوانی گەورەترین زەبر لە ئابووری هاوسێ زلهێز و ئاژاوەچییەكانی بدات  لە ڕێی بایكۆتكردنی شتومەك و كاڵاكانیانەوە.
بۆ پڕكردنەوە و هاوسەنگكردنی پەروەردە و فێركردن لە وەزارەتی پەروەردەدا، وا پێویست دەكات لەلایەن كۆمەڵێك كەس و لیژنەی پسپۆڕ و شارەزای بابەتەكەوە، وانەی پەروەردە بەلایەنی كەمەوە لە شەش ساڵی بنەڕەتیدا بەڕێژەی لە سەدا 50 دابنرێت، بۆ قۆناغەكانی دواتریش بەپێی پێویستی و بەلایەنی كەمەوە لە سەدا 40 یان 30 كەمتر نەبێت، ئەو كاتە دەردەكەوێ پەروەردەكردنی تاك لەژێر كاریگەری سیستمێكی خۆماڵیی ناوخۆییدا، چەندە كاریگەریی زیاترە و دەرئەنجامی باشتری لێ وەدەست دێت، لەچاو ئەو هەموو سیستمە نەگونجاو و ناقۆڵایانەی پەروەردە كە ساڵانە بەسەر تاك و منداڵی ئەم میلەتەوە تاقییان دەكاتەوە.

هیوادارم ئاوڕێكی گونجاو و رژد لە بواری پەروەردە بدرێتەوە، باری ناوخۆیی و هەست و سۆز و باری دەروونی و خێزانی و كۆمەڵایەتیی تاكی كوردی تێدا لەبەرچاو بگیرێت، دواتر ساڵ بەساڵ لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەكەدا توێژینەوەی زیاتر و دەرئەنجامی باشتر بەدەست بێت بۆ پەروەردەیەكی پتەوی متمانە پێكراو.