تاك نه‌خشه‌داڕێژه‌ر و ڕه‌نگڕێژه‌ری ژیانی داهاتووی نه‌وه‌كانی مرۆڤایه‌تییه. وه‌ك چۆن له كۆبوونه‌وه‌ی دڵۆپه‌كانی باران، ئاوی چۆم و ڕووبار و ده‌ریا په‌یدا ده‌بن، ئاوه‌هایش خێزان و گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌كانی دنیا له تاك تاكه‌ی خه‌ڵكه‌وه دروست ده‌بن. بۆیه مرۆڤ به سه‌ربه‌خۆیی دروست ده‌بێت، به سه‌ربه‌خۆییش له دایك ده‌بێت و له دوای له‌دایكبوونه‌وه هیچ له ماناكانی شوێنكه‌وته‌یی و كۆیلایه‌تی و ژێرده‌سته‌یی تێناگات. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوون و به‌ره‌وپێشچوونی ژیانیدا، ورده ورده ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ده‌وروبه‌ر و هه‌وراز و نێشو و كێشمه‌كێشی دنیای نوێ.
لێره‌وه تاك ڕووبه‌ڕووی جیهانێكی ئاڵۆز و ناڕوون ده‌بێته‌وه، ئیدی ئه‌مه ئه‌و قۆناغه‌یه كه په‌روه‌رده به‌هه‌موو جۆر و ئاسته‌كانییه‌وه: (ماڵه‌وه، قوتابخانه، ڕێكخراو، ڕاگه‌یاندن) ڕۆڵی باوك و دایكێكی دڵسۆز ده‌بینن له بنیاتنانی تاكێكی خاوه‌ن ناخی سه‌ربه‌خۆ.
تاكێك خاوه‌ن خۆی بێ و دوور بێت له گرفتاری به‌ده‌ست نه‌خۆشییه ده‌روونییه باوه‌كانه‌وه. لێره‌وه تاك په‌روه‌رده و ئاراسته ده‌كرێت. تاك ده‌كرێته چه‌قی بڕوابه‌خۆبوون و بڕیاردان. تاك ئاراسته ده‌كرێت سه‌ركرده بێت، یان ژێرده‌سته و كۆیله. به تاك ده‌گوترێ تۆ داهێنه‌ری یان چاولێكه‌ر.
به‌شی زۆری كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌هۆی خراپیی په‌روه‌رده و ناشاره‌زایی له پێگه‌یاندن و به‌كارهێنان، خاوه‌نی تاكی ناخ سه‌ربه‌خۆ نین. بۆیه ده‌بینین و به‌درێژایی مێژوو به‌رچاومان ده‌كه‌وێت، هه‌میشه كه‌سانێك خاوه‌نی بڕیاری گشتی بوون و ده‌یان و سه‌دان ساڵ ماڵ و سامانی گه‌لانیان به‌ناو و شێوازی جۆراوجۆر خواردووه، خه‌ڵكه ئاساییه‌كه‌یش به‌وپه‌ڕی متمانه‌وه چه‌پڵه‌یان بۆ لێ داون. لێره‌دا لا ده‌ده‌مه لای بابه‌تی چاكسازی و هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی كوردی بۆ خۆڕزگاركردن له به‌فیڕۆدانی سامانی نیشتمانی.
ئه‌وه‌ی ده‌كرێ و ناونراوه چاكسازی ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه بێ و دادگه‌ری تێدا بچه‌سپێت به‌پێی یاسا مرۆڤایه‌تییه‌كان، ئه‌وا پێویسته خاوه‌ن بیرۆكه و هه‌ڵسووڕێنه‌ری سه‌ره‌كی پڕۆژه‌كه له‌وه دڵنیابێت بێ هیچ بانگه‌شه و پیاهه‌ڵدانێك، ده‌سه‌ڵاتی چه‌ندان ساڵی تری له‌لایه‌ن گه‌له‌وه پێ دراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاكسازی وه‌ك ده‌ڵێن پینه و په‌ڕۆ بێت و ئه‌و ژماره خه‌ڵكه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ڕابردوودا به‌شدار بوون، ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار كه‌م بوو به‌راورد به هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، بۆ نیوه و كه‌متریش له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا داده‌به‌زێت.
ئه‌مه‌ش په‌یامێكی ژیرانه‌یه كه خه‌ڵك به لایه‌نه‌كانی ده‌ڵێن، ئیتر ده‌مانه‌وێ خاوه‌نی خۆمان و بڕیاری خۆمان بین. چیتر پێویست نییه ئێوه به‌سه‌ر لاكی ئێمه‌وه بژین. ئێمه له‌وه زیاتر باری گرانیی ئێوه‌مان پێ هه‌ڵناگیرێت. به‌ڵام ئه‌م په‌یامانه تاكێكی خاوه‌ن ناخی سه‌ربه‌خۆی ده‌وێت، وه‌ك چۆن چاكسازی و پاكسازی له به‌ڕێوه‌بردندا تاكێكی بوێر و سه‌ربه‌خۆی ده‌وێت.
لێره‌وه ده‌كرێ بپرسین ئایا ئه‌وانه‌ی له كوردستاندا بانگه‌شه‌ی چاكسازی و خزمه‌ت و ڕێكخستنه‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن، كه‌سانی خاوه‌ن ناخ و ده‌روونی سه‌ربه‌خۆن، یان كه‌سانی وه‌ك نیشتمان داگیركراو و پیس كراون به بیروباوه‌ڕ و شوێنكه‌وته‌یی ئه‌ملاوئه‌ولا؟ بێگومان ڕووداوه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان پێمان ده‌ڵێن، زۆر ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی و ناخ و ده‌روونی سه‌ربه‌خۆی خۆیانن. خاوه‌ن بیروباوه‌ڕ و هه‌ڵوێست و ئامانجی خۆیانن.
ببینه به‌مدواییه په‌رله‌مان ئه‌وكاته‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆ پڕۆژه‌یاساكه ده‌كرد، به ئاشكرا ئه‌وه به‌دی ده‌كرا كه هه‌مووان خه‌می گه‌وره‌یان خۆیان و حزبه‌كانیان بوو. خه‌می مانه‌وه و په‌رده‌پۆشكردن و شه‌رعییه‌تدان به‌و پۆخڵه‌واته‌ی له ڕابردوودا كردوویانه و دۆزینه‌وه‌ی ڕێچاره‌ی جۆراوجۆر بۆ حه‌ڵاڵكردن و جوانكردنی ناشیرینییه‌كان له به‌رچاوی خه‌ڵك.
خه‌ڵكێك كه ته‌نیا هێنده له سیاسه‌ت و ڕووداوه‌كان ده‌گات، شیكه‌ره‌وه حزبییه‌كان هه‌ریه‌كه و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و بیروباوه‌ڕی حزبه‌كه‌ی خۆی لێكدانه‌وه بۆ كار و چالاكییه‌كان ده‌كات، هه‌مووان به‌ده‌سكه‌وتی پیرۆز و مه‌زن به خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌ت و چاره‌بڕاو ده‌فرۆشنه‌وه و چه‌ورییه‌كه بۆ خۆیان و شانازییه‌كه‌ش بۆ خه‌ڵكی نه‌زان و داماوی ئه‌م گه‌له دابه‌ش ده‌كه‌ن.
تۆ ئه‌گه‌ر بڕوانیته كوردستان چۆن داگیر كراوه، له‌وه‌ش دڵنیا ده‌بیته‌وه كه كورده‌كانیش له نیشتمانه‌كه‌یان زیاتر نین و كه‌متر داگیر نه‌كراون. به‌ڵكو تاكه تاكه‌ی ئه‌م گه‌له به بیروباوه‌ڕی جۆراوجۆری ناخۆماڵی داگیر كراوه و ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌نی خۆیشیانن، له‌م نیشتمانه‌دا جێیان نابێته‌وه یان وه‌ك شێت و نه‌زان و خه‌یاڵپڵاو لێیان ده‌ڕوانرێت. یان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كرێن و به‌شی زۆریان سه‌ربه‌خۆ ژیانیان ده‌بێته خۆره‌ی سه‌ریان و له‌و ڕێیه‌دا سه‌ریشیان داده‌نێن.
كورد تا هه‌وڵه‌كانی له بواری په‌روه‌رده‌دا بۆ به‌رهه‌مهێنانی تاكێكی خاوه‌ن بیروباوه‌ڕ و هه‌ڵوێست و بوێری نه‌خاته گه‌ڕ و دوور نه‌كه‌وێته‌وه له كۆیله‌كردن و كوشتنی ناخی تاك به‌تاكی ئه‌م گه‌له، بێگومان ڕۆژی له‌مڕۆ ڕووناكتر و ئاسمانی له ئێسته ساماڵتر نابێت.
لێره‌وه ئاواته‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ڵه‌كه ده‌بن، كه ڕێ نه‌درێت له‌مه زیاتر له‌ژێر هه‌ر ناونیشان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كدا بێت گاڵته به هه‌ست و سۆزی تاكی ئه‌م میله‌ته بكرێت، تاكه خێر له‌خۆنه‌دیوه‌كانی ئه‌م گه‌له نه‌درێنه ده‌ست چاره‌نووسی نادیاری كۆچ و شه‌ڕ و نه‌هامه‌تییه‌كانه‌وه.
گرنگه سه‌رۆك و كه‌سانی باڵا له ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ئه‌وپه‌ڕی مرۆڤانه و سه‌ربه‌خۆیانه چاو له پرسه چاره‌نووسسازه‌كانی ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه بكه‌ن و هه‌وڵی ته‌واو بده‌ن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی و ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كوردایه‌تی بۆ تاك به تاكی ئه‌م میله‌ته، چونكه ئه‌وه‌ی ئێسته له كوردستاندا ده‌ژی ئه‌گه‌ر به جلوبه‌رگ و زمان و لاشه كوردیش بێت، به بیروباوه‌ڕ و كه‌سایه‌تی به‌زۆری تورك و فارس و عه‌ره‌بن.