سه‌ربه‌خۆیی: به‌شی شه‌شه‌م و كۆتا
هه‌ریه‌ك له‌و بنه‌مایانه‌ی له وتاره‌كانی ڕابردوودا خستمانه ڕوو، گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی.
باوك و كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌ر هه‌مووشیان ده‌كرێ له سه‌ربه‌خۆیی سیاسی‌دا چڕ بكه‌ینه‌وه، به‌و واتایه‌ی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی له سه‌ره‌كیترین هۆكار و بنه‌ماكانی سه‌ربه‌خۆییه. به جۆرێك هه‌موو بنه‌ماكانی سه‌ربه‌خۆیی ده‌توانن له سایه‌ی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی‌دا كۆ ببنه‌وه و یه‌كانگیر بن بۆ بنیاتنانی سه‌ربه‌خۆیی ڕاسته‌قینه.
سیاسه‌ت به‌و جۆره‌ی ئێسته هه‌یه مرۆڤی تایبه‌ت و كه‌سی كارامه‌ی ده‌وێ سه‌ری لێ ده‌ربكات، مرۆڤێك بتوانێ به هه‌موو باره‌كاندا هه‌ڵسووڕێ و ماندوو نه‌بێت و سیاسه‌ته‌كه‌ی جێی متمانه‌ی خۆی و گه‌له‌كه‌ی بێت، نه‌ك سیاسه‌ت به‌سه‌ر گه‌له‌وه بكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و زلهێز و دراوسێكانی.
ئێمه به‌درێژایی مێژوو له هه‌موو شتێك‌دا خاوه‌ن سه‌رمایه بووین، سه‌رمایه‌ی مرۆیی، ئابووری، داونه‌ریت، ئاین و زمان، به‌ڵام به‌داخه‌وه له هه‌موو دۆخه‌كان و له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا سه‌ربه‌خۆیی سیاسیمان نه‌بووه. ئه‌مه له گه‌وره‌ترین ئه‌و هۆكارانه‌یه كه ئه‌م گه‌له‌ی تا ئێسته به‌بێ كه‌سوكار هێشتووه‌ته‌وه.
هه‌رگیز جێی باوه‌ڕ نییه گه‌لێك مابێت له‌ڕووی ژماره‌وه گه‌وره‌ترین گه‌لی سه‌رزه‌وی بێت و خاوه‌ن هیچ بوونێكی سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه به‌رده‌وام ژێرده‌سته و به‌شخوراو و به‌كارهێنراو بین له‌لایه‌ن دوور و نزیكه‌وه و به به‌رچاوی دنیا و به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ هه‌ر كه‌سێك بتوانێ هێزی خۆی له ئێمه‌دا تاقی ده‌كاته‌وه، بۆیه پێویسته بپرسین گه‌وره‌كانی ئێمه به‌درێژایی مێژوو چۆن له سیاسه‌ت و سیاسه‌تكردن تێگه‌یشتوون وا به‌مجۆره و به‌م ده‌رده براوین تا ئێسته؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ناچارمان ده‌كات چاوێك به لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا بخشێنینه‌وه و ئه‌و ڕاستییه تاڵه بنۆشین كه ده‌ڵێت: كورد هه‌موو ئه‌و سهردهمانهیشی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بووه و خاوه‌ن خۆی و خاك و خه‌ڵك بووه، هه‌میشه بارگرانی بووه بۆ گه‌له‌كه‌ی خۆی و مایه‌ی خێر بووه بۆ ده‌وروبه‌ری. به‌شێك له‌و سه‌رچاوانه‌ی باس له كورد ده‌كه‌ن له‌ناو گه‌له ئێرانییه‌كاندا، ددان به‌و ڕاستییه ده‌نێن كه به زۆری كورد سه‌ركردایه‌تی ئیمپراتۆرییه ئێرانییهكانی كردووه، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركردایه‌تی و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌میشه له دژی گه‌له‌كه‌ی خۆی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی تری ئێرانی به‌كار هێناوه. هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ت نه‌زانینه وای كردووه به‌ئاسانی له هه‌ر لایه‌ك و هه‌ر كاتێك پێویست بووبێت، زه‌فه‌ریان پێ براوه و به‌سه‌ر ده‌یان هه‌ڵه و ته‌ڵه‌دا براون.
سیاسه‌تی وڵاتانی دنیا ئێسته پێمان ده‌ڵێت، به‌رژه‌وه‌ندی ناوخۆی گه‌ل و نیشتمان له پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه، به‌و واتایه‌ی سیاسه‌ت یه‌كسانه به به‌رژه‌وه‌ندی. ئه‌گه‌ر ئه‌م پێناسه‌یه بۆ سه‌رده‌مانێك نادروست بێت، بۆ ئه‌مڕۆ پڕ مانایه و ڕووداوه‌كانی دنیا و ده‌وروبه‌رمان پێمان ده‌ڵێن هه‌مووان به‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان ده‌ڕننه‌وه و ده‌ست بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وروبه‌ریش درێژ ده‌كه‌ن.
ئه‌وه ته‌نیا گه‌لی كورده نه‌ك ده‌ست بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌س نابات، بگره هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیشی له خزمه‌ت ئه‌وانی تردایه و بۆ خۆی هه‌میشه به‌شخوراو و ماڵ‌وێران ده‌مێنێته‌وه. ئێمه تا ئێسته نه‌مانتوانیوه هیچ شتێك چ سیاسه‌ت چ ئاین چ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و.. تد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی خۆمان به‌كار بێنین، له كاتێكدا ده‌بینین هه‌مووان به به‌رچاومانه‌وه هه‌ریه‌ك له‌و بنه‌مایانه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌كار دێنن و ئێمه‌ی پێ سه‌ركوت و خه‌فه ده‌كه‌ن، دهشمانكهن به دارده‌ست و مه‌رامه‌كانی خویانی پێ وه‌ده‌ست دێنن.
لێره‌وه گرنگه سوود له وانه‌كانی مێژوو و سیاسه‌تی نوێی دنیا وه‌ربگرین و كوردستان له ناوه‌وه به‌هێز بكه‌ین، پێوه‌ندی تاك و ده‌سه‌ڵات پته‌و بكه‌ین و بۆ هه‌موو شتێك گه‌ل بڕیارده‌ر بێت، ئه‌وكاته ده‌توانین رووبه‌ڕووی هه‌ر دۆخ و بارێكی له‌ناكاو بینه‌وه و گه‌لێكی به‌هێز به پشت سیاسهوانانهوه ده‌وه‌ستن، ئه‌وه باشترین گرهنتیشه بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له داهاتوودا.