سه‌ربه‌ست قادر
منداڵ به‌نرخترین دیاریی ئاسمانی و پڕكه‌ره‌وه‌ی بۆشایییه هه‌ستییه‌كانی ناو خێزان، هیوا و ئومێدی داهاتووی دایك و باوك و پردی به‌هێزبوونی پێوه‌ندییه خێزانییه‌كان.
منداڵ به نه‌وه‌ی داهاتوو داده‌نرێت و هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر په‌روه‌رده و گرنگیدانه به پێگه‌یاندنیان بۆ ئه‌وه‌ی له بنیاتنانی داهاتووی پرشنگداری خێزان و كۆمه‌ڵگه و سه‌رجه‌م پایه و كۆڵه‌كه‌كانی ده‌وڵه‌تداریدا به‌شداربن و ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بێت. سه‌رجه‌م سه‌رچاوه ده‌روونناسییه‌كان دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه گرنگترین قۆناغی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ، یه‌كه‌مین شه‌ش ساڵی ته‌مه‌نیه‌تی و به‌م شێوه‌یه شه‌ش ساڵی دواتر و تا پێگه‌یشتن.
كورد له‌مباره‌وه ده‌ڵێت: "خوویه‌ك بیگری به‌شیری ته‌رك نادرێ به پیری) ئه‌مه تێگه‌یشتنێكی ته‌واو گونجاوه بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی منداڵی و ئاماژه به گرنگی و كاریگه‌ریی ئه‌و زانیاری و هه‌ڵسوكه‌وت و داونه‌ریت و ڕه‌فتارانه‌ی كه منداڵ له‌و ته‌مه‌نه‌دا فێریان ده‌بێت كه تا دوا ساته‌كانی ته‌مه‌ن ناتوانێت خۆی ده‌رباز بكات لێیان و ئه‌گه‌ر توانیشی، بێگومان توانایه‌كی باشی ده‌وێت و كاریگه‌ری له ناههستیدا هه‌ر ده‌مێنێت. بۆیه له وڵاتانی پێشكه‌وتوو و پێگه‌یشتوودا به‌وپه‌ڕی گرنگییه‌وه له‌م قۆناغه ده‌ڕوانن و به‌تایبه‌تی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن, چونكه ده‌زانن داهاتووی گه‌ل و وڵات ده‌كه‌وێته ده‌ستی ئه‌وان و چۆن په‌روه‌رده‌یان بكه‌ن له داهاتوودا ئاوا ده‌سه‌ڵات و وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
له‌به‌ر ئه‌مه منداڵ تا نه‌گات به ته‌مه‌نی شیاوی خۆی كه (۱٨) ساڵه, ڕێی نادرێ هه‌موو كارێك بكات یان بچێته هه‌موو شوێنێكه‌وه, ئه‌مه‌ش له ڕێی په‌روه‌رده‌یه‌كی خێزانی و كار و به‌رنامه‌ی گونجاوی له ته‌واوی ناوه‌نده‌كانی خوێندن و ڕاگه‌یاندنه‌كان و.. تد. له هه‌موو ئه‌م ڕێگایانه‌وه كار ده‌كرێت بۆ پێگه‌یاندنی تاكێكی ته‌ندروستی شارستانی, ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌كارهێنانی جگه‌ره و نێرگه‌له و خواردنه‌وه كهوولییه‌كانی لێ قه‌ده‌غه‌یه و له‌كاتی به‌كارهێنانیاندا هه‌م خۆی و هه‌م به‌خێوكه‌رانی تووشی لێپێچینه‌وه و سزا ده‌بن.
به‌ڵام ئه‌مه لای خۆمان به ته‌واوی پێچه‌وانه‌یه, هه‌رچه‌نده له یاساكانی مافی مرۆڤ و ئه‌و به‌ندانه‌ی تایبه‌ته به مافی منداڵ باس له گرنگی په‌روه‌رده‌ی منداڵ و مافه‌كانی كراوه, به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێسته زۆرینه‌ی ئه‌و به‌ندانه ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌زن و هیچ كارێكیان پێ ناكرێت, چونكه منداڵ له به‌رچاوترین ئه‌و توێژانه‌یه كه ئێسته له شوێنه گشتییه‌كان ده‌بینرێت یان كاری پێ ده‌كرێت و هه‌ر له ته‌مه‌نێكی كه‌می منداڵییه‌وه به‌شێكی ئه‌ركی به‌خێوكردنی ماڵی ده‌خرێته سه‌رشان و له‌هه‌ر شوێنێك كارێك هه‌بوو منداڵی بۆ ده‌نێرن، بێ بیركردنه‌وه له گونجانی ئه‌و كارانه له‌گه‌ڵ توانا جه‌سته‌ی و ژیری و ده‌روونییه‌كانی ئه‌و منداڵه.
بۆیه چینی منداڵان ئێسته له پێشه‌نگی ئه‌و چینانه‌ن كه كاری نه‌شیاویان پێ ده‌كرێت یان هاتوچۆی ئه‌و شوێنانه ده‌كه‌ن كه بۆ ته‌مه‌نی ئه‌وان نه‌گونجاوه و یاساكانی مافی منداڵ ڕێ به هاتوچۆ یان كاركردنی منداڵ به‌تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌دا نادا، كه‌چی ڕۆژانه به ده‌یان منداڵ له چایخانه و نێرگه‌له‌خانه و بلیارد و.. تد ده‌بینرێن كار ده‌كه‌ن یان هاتوچۆی ئه‌و شوێنانه ده‌كه‌ن بۆ دانیشتن و كات به‌سه‌ربردن, ئه‌مه‌ش دوای به‌رفراوانبوونی به‌كارهێنانی ئه‌و مادانه و كرانه‌وه‌ی بێشوماری ئه‌و جێگایانه هات كه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زۆرینه‌ی شوێنه گشتییه‌كانی گرته‌وه. به‌و هۆیه‌شه‌وه ڕۆژ له دوای ڕۆژ ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانیان له‌زیادبووندایه به‌تایبه‌ت له چینی منداڵان, ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له منداڵ خوویان داوه‌ته به‌كارهێنانی نێرگه‌له و جگه‌ره و هیچ ڕێگرییه‌ك نییه له به‌رده‌میاندا, له گرنگترین هۆكاره‌كانی ئالووده‌بوون و خووپێوه‌گرتنی منداڵان بۆ به‌كارهێنان و هاتوچۆكردنی ئه‌م شوێنانه هه‌رزانی نرخ و پشتگوێخستنی لایه‌نی چاودێری و منداڵ خۆیه‌تی له‌لایه‌ن خێزان و لایه‌نه به‌رپرسه‌كانی تایبه‌ت به‌م شوێنانه.
ده‌بێ ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كه تێكه‌ڵاوبوون و هاتوچۆی منداڵ بۆ ئه‌و شوێنانه، سه‌ر بۆ كاری خراپ و فێربوونی دیارده‌ی دزێو و ناپه‌سه‌ند ده‌كێشێت, جگه‌له دروستبوونی كێشه‌ی خێزانی و داڕووخانی كه‌سایه‌تی و ڕه‌وشتیی منداڵ و دروستبوونی چه‌ندان كێشه‌ی ده‌روونی و جێهێشتنی چه‌ندان شوێنه‌وار و ماكی خراپی وه‌ك فێربوونی دزی و هه‌ڵگرتنی چه‌قۆ و ئامرازی جۆراوجۆری شه‌ڕكردن.
ئه‌م ئاماژانه په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕادهكێشێن كه ڕۆڵی په‌روه‌رده چ په‌روه‌رده‌ی خێزانی و چ قوتابخانه و ناوه‌نده جۆرهوجۆرهكانی تری تایبه‌ت به‌و بواره و ڕاگه‌یاندنه‌كان و سه‌نته‌ره‌كانی گه‌شه‌پێدان و به تایبه‌تتر لایه‌نی به‌رپرس.. تد، له‌وپه‌ڕی سستی و لاوازیدان و تا ئێسته كارێكی وایان نه‌كردووه نه‌ك منداڵ له خراپییه‌كانی ئه‌و دیاردانه بپارێزن, به‌ڵكو نه‌یانتوانیوه ڕێگربن له هاتوچۆی منداڵ بۆ ئه‌و شوێنانه و كاركردن تێیاندا به ئاگاداركردنه‌وه و چاودێری خستنه‌سه‌ر خاوه‌ن شوێنه‌كان له ڕێگه‌نه‌دان به كه‌سانی خوار ته‌مه‌نی دیاریكراو و كارنه‌كردن پێیان, به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی كرد دانانی سزای توند و شایسته، له‌و روانگه‌ی نابێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی، داهاتووی نه‌وه‌یه‌ك خه‌سار بكات.