دووڕوویی وه‌ك كولتوور

سه‌ربه‌ست قادر

دووڕوویی له‌ دزێوترین  و ناشیرینترین ڕه‌فتاره‌كانی مرۆڤه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی ده‌بێت به‌ دیارده‌ و به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ ژیان. له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا منداڵ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای په‌روه‌رده‌كردنیه‌وه‌ له‌ناو خێزاندا به‌وپه‌ڕی خۆشی و چێژ لێ بینینه‌وه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م دووڕیان و بڕیاردانێكی ناچاری و هه‌میشه‌ وای لێ ده‌كرێت به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی ڕه‌فتار و ئاكاری خۆی بگۆڕێت، به‌م كاره‌ش گه‌وره‌كان دڵخۆش ده‌بن.

بۆ نموونه‌ منداڵ ئه‌وكاته‌ی تازه‌ فێری قسه‌ و هه‌ندێك ڕه‌فتار ده‌بێت و ده‌توانێت هه‌ندێك له‌ شته‌كان له‌ یه‌كتر جیا بكاته‌وه‌، ده‌خرێته‌ به‌رده‌م هه‌ندێك پرسیاری دوو لایه‌ن كه‌ هه‌ریه‌ك له‌م پرسیارانه‌ به‌پێی دووباره‌بوونه‌وه‌ و به‌رده‌وامییان بنچینه‌ و هه‌یكه‌لی دووڕوویی له‌ ناخی مرۆڤدا ڕۆ ده‌نێن.

هه‌میشه‌ جوانترین كایه‌ لای دایك و باوك و گه‌وره‌كان ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ له‌ منداڵ ده‌پرسن دایكت خۆش ده‌وێت یان باوك؟ خاڵ یان مام؟ برا یان خوشك؟ فڵان یان فیسار؟. له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیاره‌ دوو لایه‌نانه‌دا، زۆرجار له‌لایه‌ن پرسیاركه‌ره‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌خرێته‌ به‌رده‌م منداڵه‌كه‌ به‌ پێدانی پاره‌ و شیرینی و یاریی, منداڵیش به‌ ماهییه‌ت و بوونی خۆی ساده‌یه‌ و ئاماده‌یه‌ له‌پێناو هه‌ریه‌ك له‌و شتانه‌دا بیروڕای خۆی بگۆڕێت و بنیاتی كه‌سایه‌تی خۆی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دوولایه‌نی و ڕاگۆڕكێ و خۆگونجاندنی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌, داده‌مه‌زرێنێت.

به‌ڵام ئه‌مه‌ كار له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كات به‌درێژایی ته‌مه‌نی و به‌تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌ژی و درێژه‌ به‌ ژیان و چالاكییه‌كانی ده‌دات كه‌ باشترین و گونجاوترین ژینگه‌یه‌ بۆ په‌ره‌دان به‌ دیارده‌ی دووڕوویی و چه‌سپاندنی له‌ ده‌روونیدا, بۆیه‌ هه‌میشه‌ دایك و باوك دوای گه‌وره‌بوونی منداڵه‌كانیان داد و بێدادیانه‌ به‌ده‌ست ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان لاسارن و شتیان لێ ده‌شارنه‌وه‌ و درۆ ده‌كه‌ن یان هه‌ر جاره‌ی به‌ فڕوفێڵ و بیانوویه‌ك خۆیان ده‌رباز ده‌كه‌ن له‌و پرسیارانه‌ی ڕووبه‌ڕوویان ده‌كرێته‌وه‌, بێئاگا له‌وه‌ی هۆی سه‌ره‌كی ئه‌و جۆره‌ ڕه‌فتارانه‌ كار و كرده‌وه‌ی خۆیانه‌ و خۆیان هۆكار و هانده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان به‌و جۆره‌ په‌روه‌رده‌ ببن و ڕه‌فتار بكه‌ن.

ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا به‌ جۆرێك ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ و به‌رفراوان بووه‌ كه‌ له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای تاكی كورد ده‌كه‌یت, به‌پێی ئه‌و بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ی تێیدایه‌ قسه‌ و هه‌ڵوێست و ڕه‌فتار ده‌گۆڕێت بۆ ڕازیكردنی ده‌وروبه‌ر, بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات له‌پێناو ڕه‌زامه‌ندیی ده‌وروبه‌ردا.

وه‌نه‌بێ ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نیا چینه‌كانی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی گرتبێته‌وه‌, به‌ڵكو كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌درێژایی مێژوو سه‌ركرده‌ و كاربه‌ده‌ست و گه‌وره‌ پیاوانی ئه‌م گه‌له‌ش له‌ هه‌مان ڕووپۆشی دووڕوویی ده‌رباز نه‌بوون و هه‌میشه‌ له‌ ته‌راتێن و ڕاگۆڕكێ و دووفاقیدا بوون له‌ نێوان خۆیان و گه‌له‌كه‌یان یان له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتێك و یه‌كێكی تردا و لای هه‌ریه‌كه‌یان به‌ جۆرێك خۆیان جوان كردووه‌, هه‌موو ئه‌مانه‌شیان خستووه‌ته‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه‌.

له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ڕووداوه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا ڕوویان دا و هه‌ندێكیان تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامن و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت، ڕووپه‌ڕێكی فراوانی گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی به‌گشتی به‌خۆوه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌.

وه‌ك ده‌بینین له‌م ماوه‌یه‌دا و وه‌ك هه‌میشه‌ گه‌لی كورد ئه‌مجاره‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی نابه‌رانبه‌ر له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج و له‌وپه‌ڕی ناڕه‌واییدا هێرشی ده‌كاته‌ سه‌ر به‌بیانووی جۆراوجۆری بێ بنه‌ما. له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م كرداره‌ی سوپای توركیا له‌ زۆربه‌ی شار و ناوچه‌كانی تری كوردستان ئاڵای ناڕه‌زایه‌تی و دژا به‌و كاره‌ ناڕه‌وا به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ داوای ڕاگرتن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی توركیا ده‌كرێت له‌لایه‌ن زلهێزه‌كانه‌وه‌, جگه‌ له‌ شه‌قام، له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ به‌ بیستراو و بینراویشه‌وه‌ به‌رده‌وام به‌رنامه‌ی جۆراوجۆر دژ به‌م داگیركارییه‌ و زیان و پاشه‌ڕۆژی كورد و پێشهاته‌كانی دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ ده‌كرێت, له‌ كاتێكدا هه‌مان ئه‌مانه‌ی به‌م هه‌موو شێوازه‌ ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و په‌رچه‌كرداریان هه‌یه‌ له‌پێناو له‌ ده‌ستدانی به‌شی زۆری خاكی باشووری كوردستان و به‌فیڕۆچوونی خوێنی هه‌زاران شه‌هید و برینداردا, مته‌قیان لێوه‌ نه‌هات چ به‌رانبه‌ر دوژمن چ به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ ناوخۆدا هۆی ئه‌م شكست و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ بوو, به‌ جۆرێك بابه‌ته‌كه‌یان په‌نكوێر و نادیده‌ كرد, وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕووی نه‌دابێت وابوو.

ئایا ده‌كرێت ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌ كرده‌وه‌ی هه‌مان كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤ و ڕاگه‌یاندن بێت و به‌ ته‌ندروست و ئاسایی دابنرێت؟
ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ بازاڕ و شاشه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كاندا بخشێنین, ده‌بینین بازاڕه‌كان به‌ كاڵای توركی و ئێرانی داگیر كراون و جێیان به‌ كاڵا و شتومه‌كی ناوخۆیی لێژ كردووه‌، تا ئاستێك هه‌ندێ به‌رهه‌می ناوخۆیی خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوی له‌ناو ده‌چن، به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ شاشه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیشه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام دراما و فیلمی توركی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌م فیلم درامایانه‌ چیرۆك و سه‌رگوزشته‌كانیان یان كوردی تێدا ناشیرین ده‌كرێت یان له‌گه‌ڵ كولتوور و داونه‌ریتی كورده‌واریدا ناگونجێن و زیانێكی گه‌وره‌ به‌ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و شیرازه‌ی خێزانی ده‌گه‌یه‌نن، چونكه‌ به‌شی زۆریان ده‌یان دیمه‌نی وایان تێدایه‌ كه‌ بۆ ته‌ماشاكردن ناشێن به‌تایبه‌ت بۆ خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵ، بێئاگا له‌ جێكه‌وته‌ خراپه‌كانی ئه‌م درامایانه‌ به‌شێوه‌ی خێزانی ته‌ماشا ده‌كرێن و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له‌م ڕێیه‌وه‌ وه‌ك چه‌كێكی بێده‌نگ ئه‌و دوژمنه‌ی كه‌ گه‌لی كورد به‌هۆی زۆر له‌ ماڵوێرانییه‌كانی داده‌نێت, ئامانجه‌كانی ده‌پێكێت و سیاسه‌ته‌كانی خۆی به‌وپه‌ڕی سه‌ركه‌وتووانه‌ جێبه‌جێ ده‌كات. 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌, ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌ریه‌ك له‌و درامایانه‌ بكه‌ین له‌ چه‌ند وه‌رز و چه‌ند سه‌د ئه‌ڵقه‌ پێكهاتوون كه‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌ وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه‌یاندا به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت، له‌ملایشه‌وه‌ دراما و شانۆ و هونه‌ری كوردی له‌وپه‌ڕی لاوازیدایه‌ و هه‌ركام له‌ هونه‌رمه‌ندان به‌سه‌ر ده‌كرێنه‌وه‌ گازانده‌ی نه‌بوونی و كاریگه‌ری بێ پاره‌یی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كاره‌كانیان، ئایا ئه‌و‌ پاره‌ی له‌و درامایانه‌دا به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت، له‌ بووژاندنه‌وه‌ و ده‌ستگیرۆیی هونه‌ری كوردی و هونه‌رمه‌ندانی كورددا خه‌رج بكرێت باشتر نییه‌؟

ئایا شتێكی ته‌ندروسته‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی بانگه‌شه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سیاسه‌ت و ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا ده‌كه‌ن به‌وپه‌ڕی بێباكانه‌ له‌ڕێی دراما توركییه‌كانه‌وه‌ به‌ڕاسته‌وخۆ و به‌وپه‌ڕی سه‌ركه‌وتووانه‌ سیاسه‌ت و كولتووری توركیا ده‌نێرنه‌ هه‌موو ماڵێك سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانی ئه‌وان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر تاكه‌ تاكه‌ی ئه‌م گه‌له‌دا؟

له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شدا ئه‌و گه‌له‌ی دژایه‌تی خۆی بۆ دوژمن دووپات ده‌كاته‌وه‌، ئایا ئه‌و دژایه‌تییه‌ به‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كاڵای توركی و قه‌ده‌غه‌كردنی دراما توركییه‌كان بێت, باشتر نییه‌؟

بابه‌تێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا په‌رله‌مان له‌ژێر ناونیشانی چاكسازیدا چه‌ند پڕۆژه‌ بڕیارێكی په‌سه‌ند كرد، یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ش پێوه‌ست بوو به‌ خانه‌نشینی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ناڕه‌زایی و ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ شه‌قام و ڕاگه‌یاندنی كوردییه‌وه‌ دروست بوو و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ خه‌ڵكی كه‌وتنه‌ گله‌یی و دژوه‌ستانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌و بڕیاره‌، له‌ كاتێكدا ئه‌م بڕیاره‌ له‌ په‌رله‌مانێكه‌وه‌ په‌سه‌ند كرا كه‌ ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رچووه‌ و وه‌ك ده‌گوترا هیچ بڕیارێك له‌ هیچ داوده‌زگایه‌كی ماوه‌به‌سه‌رچووه‌وه‌ په‌سه‌ند نییه‌ و كاری پێ ناكرێت ئایا ده‌كرێ ئه‌م دووڕوویییه‌ ته‌ندروست بێت؟

جگه‌له‌مه‌، جه‌ماوه‌ری په‌رله‌مانتار هه‌ڵبژێری كوردستان كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن و ناڕه‌زایی دژی ئه‌م بڕیاره‌ و ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه‌ی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارته‌كانی خۆیان كار بۆ زه‌قكردنه‌وه‌ و گه‌وره‌كردن و هاندان بۆ ناڕه‌زایی زیاتر ده‌كه‌ن ماوه‌یه‌كی تر كه‌ هه‌ڵبژاردن كرا, به‌وپه‌ڕی په‌رۆشییه‌وه‌ بۆ هه‌مان پارت و ده‌سته‌ و ده‌م و چاو به‌ڵێنی به‌رنه‌دان و سه‌رخستنی ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كانیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ و ڕوو له‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌ن و به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن بۆ بڕینه‌وه‌ی قووتی خۆیان. ئه‌ی ئایا ده‌كرێ ئه‌م دووڕوویییه‌ ته‌ندروست بێت؟

AM:09:20:07/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 426 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌