سه‌ربه‌ست قادر
تاك پێكهێنه‌ر و بزووێنه‌ری كۆمه‌ڵگه، به‌گه‌ڕخه‌ر و پارێزه‌ری ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تییه. كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نیه‌وه به‌تاك ده‌ستی پێ كرد و له‌لایه‌ن تاكه‌وه به‌ڕێوه برا، تا ورده وه‌رده گه‌شه‌ی سه‌ند و تاكه‌كان كۆمه‌ڵگه سهرهتایییهكانیان پێكهێنا.
له‌گه‌ڵ فراوانبوون و زیادكردنی ژماره‌ی دانیشتووانی سه‌رزه‌وی، كۆمه‌ڵێك پێوه‌ندی له نێوان ئاده‌میزاد دروست بوو، وای كرد كۆمه‌ڵگه له پێوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵدا پێكه‌وه گرێ بدات و گیانی هاریكاری و پارێزگاری و به‌هاناوه‌چوونی یه‌كتری له نێوان تاكه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا بچه‌سپێنێت و درێژه پێ بدات. ڕۆژ دوای ڕۆژ و به‌تێپه‌ڕبوونی مانگ و ساڵ و سه‌ده‌كان و گه‌وره‌بوونی كۆمه‌ڵگه‌كان و دابڕان و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له یه‌كتر، ئه‌م پێوه‌ندییانه له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامییاندا هه‌ندێك ساردی و خاوبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه بینی.
ئازادیی تاك هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ك پێویستییه‌ك له ژیانی كۆمه‌ڵگه كۆنه‌كاندا چاوی لێ كراوه، به‌ڵام به‌هۆی جیاوازی چینایه‌تییه‌وه ئازادییه‌كانیش به‌جیاوازی دابه‌ش كراون و له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه كۆنه‌كاندا ئازادی و بگره خاوه‌ندارێتیش ته‌نیا بۆ مرۆڤی چینه باڵاكانی ناو كۆمه‌ڵگه و هه‌ندێ له ناوه‌ندییه‌كان بووه، چینه‌كانی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه وه‌ك كۆیله و ژێرده‌سته مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه. له هه‌ر سه‌رده‌م و ڕۆژگارێكدا له ناوچه‌ی جیاجیای سه‌ر زه‌وین مرۆڤگه‌لێك هه‌ڵكه‌وتوون كه له ڕێی ئاین و زانست و شۆڕشه‌وه داوای مافه‌كانی تاكیان كردووه، به‌شێكی زۆریشیان توانیویانه تا ساڵانێكی زۆر و له ناوچه‌یه‌كی جیۆگرافی دیاریكراودا په‌ره به ئازادییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه بده‌ن و پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تا ئه‌وپه‌ڕی ببووژێننه‌وه.
ئه‌م كێشمه‌كێشی ئازادی و هه‌وڵدانی زۆرینه‌ی گه‌لانی دنیا بۆ دابینكردنی ئازادی، تا ئه‌م دواییانه‌ش به‌رده‌وام بوون تا ئه‌و كاته‌ی مرۆڤایه‌تی له‌وه تێگه‌یشت كه تاك نابێ یه‌خسیر بكرێت و ئازادییه‌كانی له قاوغ بنرێت، به‌ڵكو پێویسته له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵێك یاسا و ڕێسای مرۆڤانه‌دا ئازادییه‌كان ڕێك بخرێن و هه‌موو تاكه‌كان پشكیان هه‌بێت تێیدا. ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ئیتر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی كۆتای به‌م كاره هێناوه و له هه‌موو لایه‌كه‌وه ئازادی باڵی به‌سه‌ر دنیادا كێشاوه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ داوای ئازادی ده‌كه‌ن خۆیان به‌خاوه‌ن بیرۆكه‌ی ئازادی و داكۆكیكار له مافی مرۆڤ و ئازادی تاكه‌كان ده‌زانن، دنیایان وه‌ك گۆڕه‌پانی زۆرانبازی لێ كردووه، به‌رده‌وام كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتوو و بێ خاوه‌ن و هه‌ژاره‌كانی تێدا ده‌چه‌وسێننه‌وه و به‌گژ یه‌كیاندا ده‌ده‌ن، خۆیشیان له‌م دیمه‌نه نامرۆیییه به‌شێوازی جۆراوجۆر كه‌ڵك و چێژ وه‌رده‌گرن.
بابه‌تێك كه له‌ناو و نیشانه‌كه‌وه ده‌مه‌وێ لێی بدوێم ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ به‌رقه‌راربوونی ئازادی تاك و دانانی ده‌یان ڕێوشوێنی پێویست به‌و بابه‌ته، مرۆڤایه‌تی ورده ورده له گرنگترین و پێویستترین ئامانجی هاته داماڵین، كه "پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه". ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی تاك كرا به چه‌قی هه‌موو كار و بڕیارێك، به‌و مانایه نا كه تاك پێوه‌ند و كۆتی بۆ دابنرێت، به‌ڵكو پێویسته ئازادییه‌كانی تاك له‌ناو پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌ندروستدا پێڕه‌وی لێ بكرێت و به‌ره‌وپێش ببرێت یان ئازادی تاك له‌سه‌ر حسێبی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌بێت و به‌سه‌ر پشتی ئه‌ودا تێنه‌په‌ڕێت، چونكه ئه‌وكات ئازادیی تاك ده‌بێته مایه‌ی دابڕینی تاك له ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگه، وه‌ك ئێسته له زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه تاك ئه‌و كاته‌ی گه‌شته ته‌مه‌نی پێگه‌یشتن، ئیتر هیچ گرنگ و پێویست نییه به‌لایه‌وه پابه‌ند بێت به كۆمه‌ڵێك یاسا و هه‌ڵسوكه‌وت و دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵكو ئازادی تا ئاستێك پێ ده‌درێت كه هیچ به‌هایه‌ك بۆ پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دانانێت و ئه‌وه‌ی ئاره‌زوو بیخوازێت ڕووی لێ ده‌نێت بێ بیركردنه‌وه له پێشهات و ئه‌نجامی ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكات.
ئه‌مه له نزیكترین داهاتوودا یه‌خه‌ی ده‌گرێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای له به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كان كردووه ئێسته هه‌وڵ بۆ گێڕانه‌وه و توندوتۆڵكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بده‌ن و به‌رده‌وامن له دانی باجی ئه‌و ئازادییه ڕه‌هایه‌ی به تاك دراوه و ئه‌و ئازادییانهش له‌لایه‌ن تاكه‌كانه‌وه به‌جۆرێك سوودی لێ وه‌رگیراوه كه كۆمه‌ڵگه‌ی تووشی ده‌یان كێشه‌ی گه‌وره كردووه‌ته‌وه و چاره‌سه‌ریان خه‌ریكه ده‌بێته مه‌حاڵ.
دوای پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا و بڵاوبوونه‌وه‌ی به ته‌واوی دنیادا، ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی تا ئاستێك پێوه‌ندییه‌كانیان پاراستبوو و توانییان خۆیان له زۆر له‌و كێشانه بپارێزن كه زۆر وڵاتی گه‌شه‌كردووی گرفتار كردووه، كه‌وتنه به‌ر شاڵاوی گۆشه‌گیربوون و دووركه‌وتنه‌وه‌ی تاكه‌كان له یه‌كتر و پشتكردنه زۆرینه‌ی داونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌مه وای كردووه به‌شێكی زۆری تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووانه بێ هه‌ستكردن به هه‌بوونی هیچ كێشه‌یه‌ك، به‌رده‌وام هه‌ست به بێزاری و ناخۆشی و نائارامی ده‌روونی ده‌كه‌ن و له لای به‌شێكیشیان تا ئاستی كاره‌ساتی دڵته‌زێن، درێژه ده‌كێشێ.
ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی وشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سوودوه‌رگرتنی خراپ له ته‌كنه‌لۆجیا و ئازادی له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا تا ئه‌و ئاسته‌ی زۆر له دایك و باوكان گرفتاری ده‌ستی منداڵه‌كانیان ده‌بن به‌هۆی چاولێكهرییان بۆ جیهانی ده‌ره‌وه و خووگرتن به كاری نه‌شیاو و دژ به به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه ئه‌م به‌هایانه بێ هیچ چاودێری و داسه‌پاندن و زۆر لێكردنێك به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ی پێوه پێوه‌سته و هۆكاره بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ژیان به‌وپه‌ڕی ئاسووده‌یی، بنه‌مایه‌كی گرنگیشه بۆ پاراستنی تاك و كۆمه‌ڵگه له ده‌یان دیارده‌ی دزێو و ناشایسته به‌مرۆڤ، كه خۆی له‌خۆیدا ئه‌رك و كاری لایه‌نی به‌رپرس و پێوه‌ندیدار به‌م بابه‌تانه سووك ده‌كات و كارئاسانی ده‌كات بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروستی پێشكه‌وتوو و ڕازاوه به بنه‌ما ڕه‌وشته مرۆیییهكان.
بۆیه ده‌بێ بپرسین هۆی ئه‌و ڕێژه به‌رزه‌ی خۆكوشتن و لادانی سێكسی و زۆربوونی منداڵی بێ دایك و باوك و تێكچوونی باری خێزان چییه له وڵاتانی پێشكه‌وتوو؟ به به‌راورد به وڵاته دواكه‌وتوو و هه‌ژاره‌كان، ئایا به‌هۆی ئازادیی تاك و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیایه؟ یا به‌هۆی پاشه‌كشه و نه‌مانی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانییهكانهوهیه؟.