كورد ئه‌به‌د ناگاته‌ مه‌قسه‌د نۆكه‌ری بێگانه‌یه‌
دوودڵن پیسن له‌گه‌ڵ یه‌ك بۆیه‌ وا بێ لانه‌یه‌

سه‌ربه‌ست قادر حه‌مه‌


ئه‌مه‌ له‌ تاڵترین ددانپێنانه‌كانی شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ری كورد فایه‌ق بێكه‌سه‌.
ده‌بێ چ ئازارێكی ده‌روونی چ دیمه‌نێكی ناخهه‌ژێن چ كۆستێكی تاقه‌تپرووكێن وای لێ كردبێت هێنده‌ به‌كوڵ و به‌گشتگیری سیفه‌تی نۆكه‌ری بێگانه‌بوون به‌سه‌ر میله‌ته‌كه‌یدا بسه‌پێنێت؟

گومانی تێدا نییه‌ ئه‌و دێڕه‌ شیعره‌ ده‌رده‌دڵی هه‌موو كوردێكی خاوه‌ن هه‌ست و سۆزی نیشتمانییه‌.
بێكه‌س وه‌ك ڕه‌خنه‌گر و هه‌ڵسه‌نگێنه‌رێكی خاوه‌ن ویژدان مێژووی هه‌میشه‌ دووباره‌ی گه‌له‌كه‌ی و ناسۆری ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتووه‌، له‌ هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانیشدا كورد به‌ده‌ستی خۆی له‌به‌ر دووبه‌ره‌كی و كێشه‌ی ناوخۆیی دوژمنی هێناوه‌ته‌ سه‌ر خۆی و ئاگری ده‌روونی دڵی هه‌ڵقرچاندووه‌ و ناچاری كردووه‌ زمان له‌م تاڵییه‌دا وه‌ربدات.

هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژووی ئه‌م گه‌له‌ هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه‌، پڕاوپڕه‌ له‌ به‌رخودان و هه‌وڵدان بۆ ئازادی و گیانفیدایی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌، به‌ڵام مه‌خابن له‌ كۆتا دێڕی هه‌موو لاپه‌ڕه‌یه‌كدا هه‌مان دێڕ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ (دوودڵن پیسن له‌گه‌ڵ یه‌ك بۆیه‌ وا بێ لانه‌یه‌).

ڕه‌نگه‌ زیاده‌ڕه‌وی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێین كه‌من ئه‌و گه‌لانه‌ی هێنده‌ی كورد بوێر و جه‌ربه‌زه‌ و ئازان كه‌ جگه‌له‌ گیانی خۆیان، هه‌موو شتێكیان لا به‌هاداره‌ له‌ پێناو نیشتماندا.

ئه‌مه‌ وای لێ كردوون هه‌میشه‌ قه‌ڵغانی به‌رگری و مه‌قاشی ده‌رهێنانی پارووه‌ گه‌رمه‌كان بن بۆ دراوسێ و دوژمنه‌كانیان كه‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ساده‌ی و نیازپاكی ئه‌م گه‌له‌ ده‌رده‌خات كه‌ هه‌مووان سوودی لێ ده‌بینن جگه‌ له‌ خۆی، باشترین نموونه‌ش بۆ ئه‌م وتانه‌ داعش و ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ بوو كه‌به‌ كورد كرا و هه‌مووان پشكیان له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یدا هه‌بوو كوردیش ته‌نیا ماڵوێرانی و جه‌رگسووتاوی و نسكۆیه‌كی نوێی بۆ مایه‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز چاوه‌ڕێی نه‌بوو، چونكه‌ ته‌واوی دنیا چاوی له‌ ده‌ست و بازووی كورد و پێشمه‌رگه‌ بوو و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ پشتگیری پێشمه‌رگه‌ و دۆزی كورد ده‌كرا، پێشمه‌رگه‌ به‌ گلادیاتۆر ناو ده‌برا و هیچ هێزێكی هاوتا نه‌ده‌كرا، كه‌چی كه‌س به‌رهه‌می ئه‌و هه‌موو پیاهه‌ڵدان و ناودێركردنه‌ی نه‌بینی، چونكه‌ دووبه‌ره‌كی ناوخۆیی و نه‌بوونی گیانی برایه‌تی كوردی به‌جۆرێك هه‌ڵدێرا، ئاسان نییه‌ جارێكی تر هه‌لی وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕابورد به‌خۆوه‌ ببینێت.

به‌ پێویستی ده‌زانم سه‌رنج بۆ دوو پێناسه‌ی جیاواز ڕابكێشین كه‌ مێژووی نووسینیان بۆ زیاتر له‌ شه‌ش سه‌ده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وانیش:
ئیبن فه‌زڵ عومه‌ری ده‌ڵێت: (كورده‌كان دروستكراوێكی نه‌ژمێردراون (زۆر و له‌ ژماره‌ نه‌هاتوون) چه‌ندان گرووپی بێ سنوورن، ئه‌گه‌ر شمشێری فیتنه‌ و دووبه‌ره‌كی نه‌بوایه‌ كه‌ ده‌یاندوورێته‌وه‌ (جوامێره‌كانیان) ئه‌وه‌ی بیانویستایه‌ پێی ده‌گه‌یشتن (ده‌گه‌یشتنه‌ ئامانج و وڵاتی خۆیان) سایه‌یان وڵاتانی تریشی ده‌گرته‌وه‌، به‌ڵام جیاوازیی گوفتار و بیروڕا تێیاندا بڵاوه‌ و پێی ناسراون).

حه‌سن بن عه‌بدوڵا ئه‌لعه‌باسی كه‌ له‌ سه‌ده‌ی چوارده‌دا ژیاوه‌ له‌باره‌ی كورد ده‌ڵێت: (كورده‌كان له‌ هه‌موو كاتێكدا یه‌كگرتوون و پشتیوان و هاوسۆزی یه‌كترن و له‌كاتی پێویستدا له‌سه‌ریه‌ك دێنه‌ ده‌نگ، فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌یان نییه‌ (ڕاستگۆن) و ملكه‌چ و گوێڕایه‌ڵی ئاینی ئیسلامن، ئه‌مانه‌ت پارێز و ده‌ستپاكن).

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕووكاردا هه‌ندێك جیاوازی له‌ نێوانی ئه‌م دوو پێناسه‌یه‌دا به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكی هه‌ردوو پێناسه‌كه‌ دووپات له‌سه‌ر چه‌ند خاڵ و ڕاستییه‌ك ده‌كاته‌وه‌:

۱ـ كورده‌كان گه‌لێكن له‌ڕووی ژماره‌وه‌ زۆرن و ژماره‌یان له‌ زۆر گه‌ل و وڵاتی خاوه‌ن قه‌واره‌ و ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی زیاتره‌.

۲ـ كورده‌كان له‌ ده‌یان و سه‌دان كۆمه‌ڵ و گرووپ و زار و شێوه‌زاری جیاواز پێكهاتوون كه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی دووبه‌ره‌كی و ناته‌بایی له‌كاتێكدا ده‌بوو كورد سوود له‌م فره‌ڕه‌نگی و فره‌جۆر و ده‌نگییه‌ وه‌ربگرێت وه‌ك له‌ زۆر وڵاتدا سوودی لێ وه‌رگیراوه‌.

۳ـ كورد ساده‌ و ساكار و خۆشباوه‌ڕن زوو هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێن و بیروڕا ده‌گۆڕن و به‌ئاسانی كاریان تێده‌كرێت و ده‌توانرێت هه‌ڵبسووڕێنرێن، به‌و جۆره‌ی كه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی زۆرینه‌ی نسكۆ و كه‌وتن و نه‌هامه‌تییه‌كانه‌ وه‌ك مێژوو بۆی تۆمار كردووین، كورد هه‌میشه‌ له‌ ته‌راتێنی نێوان زلهێزه‌كاندا بووه‌ و له‌ هه‌مووشیاندا ته‌نیا كاولكاری و ماڵوێرانی بۆ ماوه‌ته‌وه‌.

٤ـ كورده‌كان له‌ هه‌موو نه‌هامه‌تی و ناڕه‌حه‌تییه‌كدا هاوسۆز و پشتیوانی یه‌كترن و هه‌ریه‌كه‌یان له‌ شوێنێك تووشی گرفتێك بن، هه‌موو خۆیان به‌خاوه‌ن ئه‌و كێشه‌ ده‌زانن و ئاماده‌ی به‌ده‌مه‌وه‌ چوون و گیانفیدان له‌ پێناوێدا.

٥ـ كورد له‌ پێڕه‌وكردن و جێبه‌جێكردنی ئاین و یاسا و ڕێساكانی ئیسلامدا ڕاستگۆن و له‌و گه‌لانه‌ن كه‌ ئاین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و سوودی خۆیان به‌كار ناهێنن، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی ئه‌و ناهه‌قییانه‌ی به‌رامبه‌ریان كراوه‌، له‌ژێر په‌رده‌ی ئایندا بووه‌، له‌ زیندووترین ئه‌و نموونانه‌ش ئه‌نفال و شه‌ڕی داعش و.. تد. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ له‌ هیچ كام له‌و ناهه‌قییانه‌ی به‌رامبه‌ری كراوه‌، سوودی وه‌رنه‌گرتووه‌ و به‌رده‌وام له‌ هه‌مان شوێنه‌وه‌ ده‌گه‌سترێت.

٦ـ كورد به‌سروشتی خۆیان ئه‌مانه‌ت پارێز و ده‌ست و دڵپاكن، گه‌لێكی ڕه‌وشتبه‌رز و چاوتێرن و چاویان له‌ ده‌ستی كه‌س نییه‌.

۷ـ دووبه‌ره‌كی و بیروڕا جیاوازی و كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵێنه‌ و یه‌كنه‌گرتوویی و یه‌كتر قبووڵ نه‌كردن له‌و سیفه‌تانه‌ن كه‌ له‌ناو كورددا بڵاون و كوردیان پێ ده‌ناسرێته‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ مێژوو بڕوانێت و ئاگاداری ڕابردووی ئه‌م گه‌له‌ بێت، تاكه‌ هۆكار و له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م نه‌گه‌یشتنی كورد به‌ ئامانجه‌كانی، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ سیفه‌ته‌ن به‌ڕاده‌یه‌ك وه‌ك له‌و دوو پێناسه‌دا ئاماژه‌ی پێ كراوه‌ ئه‌گه‌ر تیغی دووبه‌ره‌كی و فیتنه‌یی له‌ناو كورددا نه‌بوایه‌، جگه‌له‌ به‌ئامانج گه‌یشتنی خۆیان، ده‌یانپه‌رژایه‌ سه‌ر میله‌ت و وڵاتانی تریش و سایه‌یان به‌سه‌ریاندا ده‌بوو.

لێره‌دا گفتوگۆیه‌كی نێوان ئه‌حمه‌د ته‌قی و شێخ قادری نه‌هری ده‌خه‌مه‌ پێش چاو كه‌ ئه‌حمه‌د ته‌قی له‌ یاداشته‌كانی خۆیدا تۆماری كردووه‌ و گرنگی مێژوویی خۆیان هه‌یه‌، ده‌ڵێت: (له‌ گفت و گۆكه‌ماندا عه‌رزی جه‌نابی شێخ قادرم كرد كه‌ به‌بڕوای من نابێ هیچ دڵێك به‌ئه‌نجوومه‌نه‌ جیهانییه‌كان ببه‌ستین، چونكه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌ و نیشانه‌كان ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن كه‌ كه‌س دڵی به‌كورد ناسووتێ و ته‌نیا ده‌بێ به‌چالاكی خۆمان شتێكمان ده‌ستگیر ببێ. فه‌رمووی ئه‌مه‌ ڕاسته‌ به‌ڵام بۆ گه‌لێكی بێ كه‌سی وه‌ك ئێمه‌ كه‌ جارێ خۆمان هیچمان پێ ناكرێ، باشتر نییه‌ وا له‌لایه‌ك بكه‌ین پێمان بگه‌یه‌نێ؟ عه‌رزم كرد ئه‌میش ڕاسته‌ به‌ڵام چاكتر وایه‌ خۆمان زوو نه‌ده‌ین به‌ده‌ست هیچ لایه‌كه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ركه‌ زانییان شلین، ئیتر به‌بێ ده‌سه‌ڵاتمان تێ ده‌گه‌ن و ده‌یانه‌وێ مه‌رجی خۆیانمان به‌سه‌را بسه‌پێنن).

له‌م گفتوگۆیه‌ و ئه‌وه‌ش ڕابورد، دووپات له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ته‌بایی و  یه‌كڕیزی ناوخۆیی له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌ و بنه‌مای گه‌یشتنه‌ به‌ به‌رزترین لووتكه‌ دوای یه‌كگرتنی ناوخۆیی پشتبه‌ستن به‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵیاندا، چونكه‌ وڵاتانی ده‌ره‌كی به‌زۆری پێوه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی داده‌مه‌زرێنن، كه‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ كۆتایان هات یان به‌رژه‌وه‌ندی به‌هێزتر په‌یدابوو، ده‌ست له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان هه‌ڵده‌گرن بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ریان له‌ كوێی ڕێدا جێ هێشتووه‌ و ئه‌نجامی به‌ چی ده‌گات. بۆ نموونه‌ ده‌ست هه‌ڵگرتنی سۆڤیه‌ت له‌ پشتیوانی كردنی كۆماری مهاباد له‌ ناسكترین كات و نزیكترین كاتی كورد له‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجی هه‌ره‌ گه‌وره‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی بوو.

نموونه‌یه‌كی تری هاوشێوه‌، پشتكردنی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا له‌ كورده‌ دوای ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ی كورد كردی بۆیان دژی داعش و هه‌زاران شه‌هید و برینداری له‌ پێناودا دا كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ وا ده‌خرایه‌ ڕوو كورد به‌ته‌نیا شه‌ڕی دڕنده‌ترین گرووپی تیرۆرستی ده‌كات و دنیا له‌ مه‌ترسی ئه‌و گرووپه‌ ده‌پارێزێت، كه‌چی له‌و كاته‌ی كه‌ كورد پێویستی به‌وان بوو و مه‌ترسی داعش ڕووی له‌ كۆتا كرد، كورد بوو به‌ ڕابردوو و هه‌موو هوتاف و قسه‌ و به‌ڵێنه‌كانیشیان به‌به‌رچاوی دنیاوه‌ به‌هیچ ده‌رچوو، به‌وپه‌ڕی بێباكیشه‌وه‌ جارێكی تر پشتیان له‌ كورد و دۆزی ڕه‌وای ئه‌و میله‌ته‌ كرد كه‌ خۆی كرده‌ قوربانی له‌پێناو چه‌ند ئامانجێكدا كه‌ جگه‌له‌ خۆی، هه‌موو كه‌س سوودمه‌ند بوون لێی.

له‌ كۆتادا نموونه‌ی سه‌ركه‌وتنێك ده‌خه‌مه‌ ڕوو كه‌ شایانی ئه‌وه‌یه‌ كورد بۆ تاهه‌تایه‌ سوود و په‌ندی لێ وه‌ربگرێت. سه‌ركرده‌ (سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبی) له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م و له‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رته‌سكدا له‌ نێوان دوو زلهێزی عه‌باسی سوننه‌ مه‌زه‌و و فاتیمی شیعه‌ مه‌زه‌ودا توانی به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین دوژمنی كه‌ خاچپه‌رسته‌كان بوون بوه‌ستێت و سه‌ربكه‌وێت به‌سه‌ریاندا.

بۆ ئه‌م كاره‌ دوو خاڵی زۆر گرنگی جێبه‌جێ كرد:

۱ـ پڕكردنه‌وه‌ و دانانی كه‌سی گونجاو و لێهاتوو له‌ كورد بۆ ئه‌و پۆست و شوێنانه‌ی كه‌ هه‌ستیار بوون و چاوی زۆریان له‌سه‌ر بوو به‌تایبه‌ت سه‌ركرده‌كانی سوپا، چونكه‌ كورده‌كان له‌ گه‌ل و زمان و هاوهه‌ستی خۆی بوون و بڕوای ته‌واوی پێیان هه‌بوو و هه‌ر ئه‌ركێكی گرنگی پێ بسپاردنایه‌، دڵنیابوو له‌ جێبه‌جێكردنی.

۲ـ دامركاندنه‌وه‌ و كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و فیتنه‌ و ئاشووبه‌ گه‌وره‌ ناوخۆیییه‌ی كه‌ ئه‌گه‌رێكی سه‌ره‌كی بوو له‌هه‌ر كاتێكدا یه‌خه‌ی بگرێت، ئه‌ویش فاتمییه‌كان بوون، چونكه‌ سه‌ڵاحه‌دین ئاماده‌ نه‌بوو ڕووبه‌ڕووی خاچپه‌رسته‌كان ببێته‌وه‌ و فیتنه‌ی هه‌م ناوخۆیی و هه‌م دراوسێیه‌تی فاتمییه‌كان له‌ پشتییه‌وه‌ بن، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئاگری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانی كوژانده‌وه‌ و كۆتای پێهێنان، ئه‌وسا به‌یه‌كجاری خۆی بۆ ئامانجی سه‌ره‌كی كه‌ خاچپه‌رسته‌كان بوون یه‌كلا كرده‌وه‌ و توانی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌وه‌ی ئامانج و مه‌به‌ستی بوو به‌ده‌ستی بهێنێت.

گه‌ر دی هه‌بوویا مه‌ ژی خودانه‌ك
عالی كه‌ره‌مه‌ك له‌تیفه‌ دانه‌ك.....
ده‌بێ كه‌ی ئاواته‌كه‌ی خانی مه‌زن بێته‌ دی و كورد خاوه‌نێكی سه‌رڕاستی بۆ په‌یدا ببێ تا ده‌یگه‌یه‌نێته‌ كه‌ناری ئارامی؟


AM:09:21:29/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 539 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌