تاكی كورد ڕه‌خنه‌گری ڕه‌خنه‌ لێگیراو

سه‌ربه‌ست قادر حه‌مه‌

ڕه‌خنه‌ زانستێكه‌ تایبه‌ت به‌ جیاكردنه‌وه‌ و نیشاندانی خاڵی جه‌وهه‌ری و جوان و پڕ هونه‌ر و له‌ هه‌مان كاتدا لاوازیی ده‌ق و ئاكار و خوڕه‌وشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و زانستی، به‌و ئامانجه‌ی جوانی و خاڵی به‌هێز و داهێنه‌رانه‌ی هه‌ر دید و بیروبۆچوون، دیارده‌ و ده‌قێك بخرێته‌ ڕوو و خاڵی لاواز و كه‌موكوڕییه‌كانیش دیاری بكرێن، تا ڕێچاره‌ و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر به‌م پێیه‌ له‌ ڕه‌خنه‌ بڕوانین و به‌و جۆره‌ی دانراوه‌ و هه‌یه‌، جێبه‌جێی بكه‌ین و له‌ یاسا و ڕێساكانی لا نه‌ده‌ین، ئه‌وا زانستێكی پڕ سوود و گرنگه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌ و كه‌موكورتییه‌كان و له‌ به‌رانبه‌ریشیاندا به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی جوانییه‌كان و ده‌رخستنی تایبه‌تمه‌ندییه‌ شاراوه‌ و گرنگه‌كان.

كه‌واته‌ ڕه‌خنه‌ به‌ یه‌كێك له‌ زانسته‌ بنیاتنه‌ره‌كانی ده‌قی ناوازه‌ و دیارده‌ جۆربه‌جۆره‌كانی تر دێته‌ ژماردن.
دیارده‌یه‌ك له‌م باسه‌دا ئامانجی منه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكی كورد هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت، به‌بێ فێركردنی له‌ جۆری ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ده‌یگرێت یان كات و یاسا و ڕێسای ڕه‌خنه‌گرتن. تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌بینین ڕه‌خنه‌ له‌ گه‌وره‌ و بچووك، جوان و ناشیرین، نێر و مێ، باش و خراپ، به‌سوود و بێ سوود و ته‌نانه‌ت خواردن و جلوبه‌رگیش ده‌گرێت.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ناو گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتدا ئه‌م دیارده‌یه‌ بوونی هه‌یه‌ و باوه‌، به‌ڵام زیاده‌ڕۆیی نییه‌ ئه‌گه‌ر بگوترێ لای هیچ گه‌لێك وه‌ك كورد ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌ و به‌ناخی تاكه‌كاندا ڕۆ نه‌چووه‌ته‌ خواره‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ تاكی كورد به‌ سروشتی خۆی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای په‌روه‌رده‌كردنیه‌وه‌ وا فێر كراوه‌ به‌رده‌وام چاوی له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت و كه‌موكوڕییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی به‌ زیاده‌وه‌ ببینێت، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ و ڕامان له‌ ناخی خۆی و كاركردن بۆ پاككردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ده‌روون و ناخی خۆی و خۆدوورگرتن له‌و كه‌موكوڕییانه‌ی خۆی به‌ ڕه‌خنه‌ له‌ خه‌ڵكی یان دیارده‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ده‌گرێت.

ئه‌م كرداره‌ ورده‌ ورده‌ بووه‌ به‌ كولتوور و دیارده‌ و شتێكی چه‌سپاو، تا وای لێ هاتووه‌ له‌لایه‌ن گه‌وره‌ و بچووك وه‌ك پێویستییه‌ك به‌كار ده‌هێنرێت، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ دوو گرێی ده‌روونی خۆ به‌كه‌مزانین و خۆپه‌سه‌ندی و خۆبه‌گه‌وره‌ و كامڵ زانین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

تاك له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌شوێن كه‌موكوڕییه‌ ده‌روونی و جه‌ستییه‌كانی خۆیدا بگه‌ڕێت و چاره‌سه‌ریان بكات له‌ ڕێی تانه‌ و ته‌شه‌ر و ڕه‌خنه‌ی نابه‌جێی جۆربه‌جۆره‌وه‌ له‌وانی تر، ناشیرینی و ناته‌واوییه‌كانی كه‌سایه‌تی خۆی په‌رده‌پۆش ده‌كات و كه‌فوكوڵی ده‌روونی داده‌مركێنێته‌وه‌ و خۆی به‌ تاكێكی ته‌واو و ئاستبه‌رز دێته‌ پێشچاو.

دیارده‌ی ڕه‌خنه‌ی زاره‌كی له‌ كۆمه‌ڵگادا له‌سه‌ر هه‌ر تاكێك دوولایه‌نه‌ بووه‌ته‌وه‌، واته‌ هه‌ر تاكێك چاو لێ بكه‌یت به‌رده‌وام به‌شێوه‌یه‌كی دوو ئاراسته‌ جیاواز ڕه‌خنه‌ ده‌گرێ و ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گیرێت.

خۆی له‌ خۆیدا ئه‌م دیارده‌یه‌ بوون و ئازادی تاك ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و وا ده‌كات به‌رده‌وام تا هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێ و به‌ستراوه‌یی و چاو له‌سه‌ربوون بكات، به‌جۆرێك ده‌بێته‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م زۆر كاردا كه‌ ته‌نیا له‌به‌ر قسه‌ی ده‌وروبه‌ر و ئه‌و ڕه‌خنه‌ و تیر و توانجه‌ی ڕووبه‌ڕووی تاك ده‌بێته‌وه‌، زۆرجار ئاماده‌یه‌ ده‌ست له‌ ئاره‌زوو و ئاواته‌كانی هه‌ڵبگرێت و له‌ ناخی خۆیدا خه‌فه‌یان بكات و ده‌ست له‌و ئامانجانه‌ هه‌ڵبگرێت كه‌ پێویسته‌ به‌دییان بێنێت، له‌مه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر تاكێك زۆر به‌هێز نه‌بێت و خۆی له‌ كۆتوبه‌ندی ئه‌م دیاره‌ ناله‌بار و ناشیرینه‌ ده‌رباز نه‌كات، ئاسان نییه‌ به‌ ئامانجه‌كانی بگات.

له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو به‌تایبه‌ت له‌ بواری ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی تاكدا، كۆمه‌ڵێك پرسیار هه‌ن به‌ چاوێكی سووكه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كرێن و ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یانكات به‌ ناته‌ندروست لێی ده‌ڕوانن، بۆ نموونه‌: (چی ده‌كه‌یت؟،چی ده‌پۆشیت؟، بۆ كوێ ده‌چیت؟، چه‌ند پاره‌ت هه‌یه‌ یان په‌یدا ده‌كه‌یت؟، بۆ وا ده‌پۆشیت؟). ته‌نانه‌ت پرسیار له‌ ماڵ پێكه‌وه‌نان و منداڵبوون و خواردن و خه‌وتن و قژداهێنان و هه‌ر جۆره‌ پرسیارێكی تری بێ مانا ده‌كرێت كه‌ ئه‌مانه‌ ماف و ئازادیی تاكن چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و چی ده‌پۆشێ و ده‌خوا و په‌یدا ده‌كات و نابێ كه‌س دابه‌زێته‌ ناو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سی تره‌وه‌، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر تاكێك له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌ریه‌ك له‌و ئامانج و پێداویستییانه‌ی خۆیدا زیان به‌ تاكی تر و ده‌وروبه‌ری نه‌گه‌یه‌نێت یان له‌سه‌ر حیسابی كه‌سانی تر ئامانجه‌كانی به‌دی نه‌هێنێت.

چونكه‌ كاتێك مرۆڤ پرسیار له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌كات، راستییه‌كه‌ی پرسیار له‌ بوونی  ئازادییه‌كان ده‌كات، پرسیار له‌ مرۆڤ خۆی ده‌كات له‌ كاتێكدا مرۆڤ ئازاده‌ و به‌ئازادی له‌ دایك ده‌بێت، بۆیه‌ نابێت بكرێته‌ كۆیله‌ی قسه‌ و تیروتوانجه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وروبه‌ر.

له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مانه‌دا، هه‌ر تاكێك كاتێك خۆی به‌ دڵسۆزی ئه‌ویتر ده‌زانێت یان دیارده‌ و كرده‌وه‌یه‌كی ناجۆر و ناته‌ندروست به‌دی ده‌كات، نابێت بیكات به‌ هه‌ڵا و ده‌هۆڵكوتان، به‌ڵكو باشتره‌ له‌ڕێی هاوكاری و ڕێنوێنی پێویسته‌وه‌ به‌رچاوڕوونی بدات و ئاگاداری بكاته‌وه‌ له‌و كه‌موكوڕییه‌ به‌ جۆرێك هه‌ستی بریندار نه‌كات و خراپ تێنه‌گه‌یه‌نرێت و یارمه‌تی بدرێت له‌ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كه‌دا، كه‌ ئه‌مه‌ ئامانجی ئه‌و زانسته‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و مرۆیی به‌كار بێت له‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگا و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هۆكار و ڕێیه‌كی گونجاو و كاریگه‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن و ڕاستكردنه‌وه‌ی چه‌وتی و چه‌وێڵییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگا و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌كسانی و ئازادی تاكه‌كه‌سی.

PM:01:41:14/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 386 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌