چاپ و بازاڕ

سه‌ربه‌ست قادر

دۆزینه‌وه‌ و دامه‌زراندنی چاپ و چاپه‌مه‌نی مێژوویه‌كی تا ئاستێك دێرینیان هه‌یه‌، مرۆڤ هه‌ر له‌ چاخه‌ سه‌ره‌تایییه‌كانه‌وه‌ بیری له‌ پاراستنی زۆر شتی گرنگ كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ چه‌ندان ڕێی جۆراوجۆر هه‌وڵی پاراستنی داون، یه‌كێك له‌و ئامرازانه‌ چاپخانه‌ و ده‌زگه‌ی چاپه‌مه‌نی بوو، كه‌ له‌ دواین دۆزینه‌وه‌ و داهێناندا مرۆڤ په‌ی پێ برد و زۆر له‌ مێژووی ته‌واوی شارستانیی و چاخه‌كانی كۆن و نوێی پێ پاراست و نه‌وه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی پێ ئاشنا كردن، بۆیه‌ داهێنانی چاپ له‌و داهێنانانه‌یه‌ كه‌ زۆرترین به‌رهه‌می مرۆڤی له‌ له‌ناوچوون و بیرچوونه‌وه‌ پاراستووه‌ و به‌درێژایی مێژوو له‌ هزریدا ده‌یانهێڵێته‌وه‌ و ناهێڵێت خۆڵی تیاچوونیان به‌سه‌ردا بكرێت.

له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا، بازاڕ ڕۆڵێكی كاریگه‌ر و به‌رچاوی له‌ خستنه‌ڕوو و ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ هه‌گبه‌ی مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی بازاڕیش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای چاخه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ده‌وری یه‌ك و پێویستیان به‌ پێداویستییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌ له‌و كاته‌یشه‌وه‌ جێی ده‌ستاوده‌ستكردنی هه‌زاران پارچه‌ و نووسراو و شتی جۆراوجۆری گرانبه‌ها و به‌قیمه‌ته‌، كه‌واته‌ وه‌ك زۆر لایه‌نی تر چاپ و بازاڕ دووانه‌یه‌كی ته‌واوكه‌ری یه‌كترن.

دوای فراوانبوونی ئه‌رك و پێویستی چاپ و بازاڕ مرۆڤ ڕۆژ دوای ڕۆژ كه‌وته‌ هه‌وڵی پێشخستن و گه‌شه‌پێدانیان تا ئاستێك توانی به‌زۆرترین كون و كه‌له‌به‌ری دنیایان بگه‌یه‌نێت.

له‌و كاته‌ی له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا و له‌سه‌ر ده‌ستی ئینگلیز بۆ یه‌كه‌مجار چاپ هاته‌ كوردستانه‌ و چاپخانه‌ دامه‌زرا، كوردستان قۆناغێكی نوێی مێژوویی به‌خۆوه‌ بینی و دنیایه‌كی نوێی به‌ ڕوودا كرایه‌وه‌ و به‌ده‌یان كه‌س كه‌وتنه‌ هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ و ساغكردنه‌وه‌ و به‌چاپگه‌یاندنی سه‌دان بابه‌تی جۆراوجۆری كه‌له‌پووری نه‌ته‌وه‌یی كورد و توانییان زۆر بابه‌ت كه‌ له‌ لێواری مه‌رگ نزیك بووبوونه‌وه‌، له‌ مردن و له‌ناوچوون بپارێزن. هه‌ر له‌م ڕێیه‌شه‌وه‌ چه‌ندان ڕۆژنامه‌ و هه‌فته‌نامه‌ و گۆڤار و په‌ڕتووك چاپ كران و به‌بازاڕه‌كاندا بڵاو كرانه‌وه‌ و تاكی كورد ورده‌ ورده‌ بووه‌ خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیری و له‌ڕێیانه‌وه‌ ئاشنا بوو به‌ زۆر كایه‌ و زانیاری جۆراوجۆر.

به‌ڵام ده‌مه‌وێ لا به‌لای بابه‌تێكی گرنگدا بكه‌مه‌وه‌ ئه‌ویش په‌كخستن و نابووتبوونی چاپ و بازاڕی چاپكراوه‌كانه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، به‌تایبه‌ت چاپخانه‌ میرییه‌كان كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێز و گه‌وره‌ی چاپ بوون له‌ كوردستاندا و بازاڕێكی فراوانیان بۆ خۆیان فه‌راهه‌م كردبوو.

حكوومه‌ت له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا توانی چه‌ند ده‌زگه‌یه‌كی خاوه‌ن توانا دابمه‌زرێنێت، به‌تایبه‌ت ده‌زگه‌كانی چاپی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ڕۆشنبیری كه‌ دووانی به‌ناوبانگ و كاریگه‌ر بوون و جێیان به‌ چه‌ندان ده‌زگه‌ی تر پڕ ناكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م دوو ده‌زگه‌یه‌ له‌و ساڵانه‌ی كاركردنیاندا توانییان سه‌دان په‌ڕتووك له‌ چاپ بده‌ن و بیانخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌ به‌نرخێكی گونجاو كه‌ هه‌ندێك جار نرخی په‌ڕتووكه‌كانی ئه‌م دوو ده‌زگه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ ناحكوومییه‌كاندا نیوه‌یه‌. ئه‌مه‌ش وای كرد هه‌ردوو ده‌زگه‌ خاوه‌ن بازاڕ و پێگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆیان بن و هۆكارێك بن بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین نووسه‌ر ڕوویان تێ بكه‌ن و نووسراوه‌كانیان له‌م ڕێیه‌وه‌ بگه‌یه‌نن به‌ چاپ و بازاڕ، ئه‌مه‌ش له‌ سێ لاوه‌ قازانجی هه‌بوو، یه‌كه‌م تێچووی چاپ بۆ نووسه‌ر كه‌م ده‌كه‌وت، دووه‌م بازاڕێكی باشی داهاتی بۆ حكوومه‌ت دروست ده‌كرد و له‌ كۆتاشدا به‌نرخێكی كه‌م به‌رهه‌مه‌كان ده‌گه‌یشتنه‌ ده‌ست خوێنه‌ر.

به‌ڵام له‌م ساڵانه‌دا و دوای كرانه‌وه‌ی ده‌یان ده‌زگه‌ی چاپی نوێ، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی میری بیر له‌ دامه‌زراندنی ده‌زگه‌ی نوێ و په‌ره‌دان به‌و دوو ده‌زگه‌یه‌ بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هۆكار بن بۆ هاوسه‌نگی بازاڕ و یارینه‌كردن به‌ نرخ و بڵاوبوونه‌وه‌ی زۆرترین په‌ڕتووك و سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆر و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی په‌ڕتووكخانه‌ی كوردی، هات و ئه‌م دوو ده‌زگه‌یه‌ی به‌ته‌واوی له‌كار خست و بۆ كاتێكی نادیار چرای ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌ ڕووناكه‌ی كوژانده‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا هه‌ر حكوومه‌ت خۆی ده‌یتوانی له‌ڕێی ئه‌م ده‌زگایانه‌وه‌ داهاتێكی باش به‌ده‌ست بێنێت و ڕێ له‌ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی زۆرترین سامانی نه‌ته‌وه‌یی بگرێت، چونكه‌ ئێسته‌ به‌شی زۆری نووسه‌ران له‌به‌ر كه‌می تێچوون، له‌ ده‌ره‌وه‌ نووسراوه‌كانیان چاپ ده‌كه‌ن و له‌ بازاڕه‌كانی ناوخۆدا ساغیان ده‌كه‌نه‌وه‌. 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌ زۆر سه‌یره‌ حكوومه‌ت خۆی و به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كه‌ ساڵانه‌ زیاتر له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانی تر پێویستی به‌ چاپ و چاپخانه‌یه‌، به‌هۆی زیادبوونی به‌رده‌وامی ڕێژه‌ی قوتابی و تیاچوونی به‌شی زۆری ئه‌و په‌ڕتووكانه‌ی ساڵانه‌ بۆ 12 پۆلی پێش خوێندنی باڵا چاپ ده‌كرێن، به‌هۆی خراپی به‌كارهێنان و جۆرییانه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ر خۆی سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی داهاته‌، چونكه‌ حكوومه‌ت به‌ ناچاری زۆرینه‌ی ئه‌و په‌ڕتووكانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ چاپ ده‌كات و ساڵانه‌ش به‌رده‌وام لێیان له‌ چاپ ده‌درێته‌وه‌ و ساڵ دوای ساڵ ژماره‌یان له‌ زیادبووندایه‌، تا ئاستێك ته‌نیا په‌ڕتووكی هه‌ندێك له‌ پۆله‌كان له‌ چه‌ند سه‌د هه‌زار دانه‌ تێده‌په‌ڕێت كه‌ راستییه‌كه‌ی پرۆسه‌ی له‌ چاپدانی ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ داهاتێكی زه‌به‌لاحی ده‌وێ كه‌ به‌هۆی بێ پلان و به‌رنامه‌یی حكوومه‌ته‌وه‌ ئه‌و داهاته‌ زۆره‌ ده‌برێته‌ ده‌ره‌وه‌. 

جگه‌ له‌وه‌ی هۆكارێكه‌ بۆ گه‌نده‌ڵی له‌ڕێی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ بیانییه‌كان ده‌كرێت بۆ چاپكردنی ئه‌و په‌ڕتووكانه‌، بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی بپرسین ئایا ته‌نیا ئه‌و پاره‌ی له‌ ساڵێكدا بۆ له‌ چاپدانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی په‌ڕتووكی هه‌ر 12 پۆله‌كه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی دواناوه‌ندی ده‌برێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌س نییه‌ بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشبردنی هه‌ردوو ده‌زگه‌ی چاپی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده‌؟

له‌ پاڵ ئه‌مانه‌شدا دامه‌زراندنی ده‌زگه‌ی نوێ كه‌ هۆكارێكه‌ بۆ كرانه‌وه‌ و به‌گه‌ڕخستن و جووڵاندنی بازاڕ و زیادكردنی هه‌لی كار بۆ كۆمه‌ڵێك بێ كاری ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌قازانج ده‌شكێته‌وه‌ بۆ حكوومه‌ت.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئایا هۆی چییه‌ له‌ كاتێكدا ده‌یان ده‌زگه‌ی چاپی خاوه‌ن توانا و پێشكه‌وتوو له‌ هه‌رێمدا هه‌ن، ئه‌و په‌ڕتووكانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ چاپ ده‌كرێن؟ ئایا چاپكردن له‌ ناوه‌وه‌ باشتر نییه‌ كه‌ هۆكاره‌ بۆ به‌فیڕۆ نه‌چوونی سامانی نه‌ته‌وه‌یی و بووژانه‌وه‌ی چه‌ندان ده‌زگه‌ی ناوخۆیی كه‌ ئێسته‌ به‌هۆی بێ بازاڕی و لاوازی ئاستی فرۆشتنه‌وه‌ به‌ره‌و مایه‌پووچی و داخستن ده‌چن؟

PM:12:07:28/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 306 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌