هه‌ڵبژاردن گرنگترین و پڕبه‌هاترین پرۆسه‌ی دیموكراتی

سه‌ربه‌ست قادر

مێژووی كۆنی مرۆڤایه‌تی تا به‌ ئه‌مڕۆ ده‌گات، دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن هۆكار و بنه‌مایه‌كی گرنگه‌ بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤایه‌تی له‌ چه‌ندان ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ و ئاریشه‌ی نه‌خوازراو.

هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتانی دواكه‌وتوو و تازه‌پێگه‌یشتوودا ئه‌گه‌ر له‌كاتی ئه‌نجامدانیدا كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ست و ڕێگری داده‌نرێت، له‌لایه‌ن وڵاتانی خاوه‌ن هێز و ده‌سته‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ هۆكاره‌ بۆ دروستكردنی پشێوی گه‌وره‌ و له‌كه‌داركردنی ئامانجی پرۆسه‌كه‌, چونكه‌ له‌م وڵاتانه‌دا زۆرینه‌ی كاره‌كان به‌ نایاسایی و دوور ناڕۆشنبیرانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا چه‌ندان شێواز و جۆری هه‌ڵبژاردن به‌رچاو ده‌كه‌ون و هه‌ر وڵاته‌ و له‌سه‌ر ده‌ستوور و پێڕه‌وێكی خۆی ئه‌م ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ ده‌كات، له‌ڕێیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ خزمه‌تی هاووڵاتییانی خۆی ئاڵوگۆڕ ده‌كات و ده‌بێته‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م به‌فیڕۆچوونی سامانی دارایی و مرۆیی وڵاته‌كه‌ی.

ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌دا، پاراستنی سه‌رجه‌م به‌ها مرۆیی و ژینگه‌یی و سروشتییه‌كانه‌ به‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌وه‌ بێ جیاوازی تاك و كۆمه‌ڵ و پارت و ئاین و ڕه‌گه‌ز و بیروباوه‌ڕه‌ جۆراوجۆره‌كان, چونكه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا ئه‌م لایه‌نه‌ له‌به‌رچاو نه‌گیرا, ئیتر كرده‌كه‌ داده‌ماڵرێ له‌ سه‌رجه‌م به‌ها ڕه‌وشتییه‌كان.

مه‌به‌ستمه‌ لێره‌دا له‌و دۆخه‌ پڕ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ و نائارامه‌ بدوێم كه‌ كوردستان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت له‌ كاتی هه‌ڵبژاردندا, جا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ چ مه‌به‌ست و له‌ چ ئاستێكدا بن، جیاوازی نییه‌.

هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان و به‌گشتیش له‌ ناوچه‌كه‌دا تا ئێسته‌ له‌ڕێی لایه‌نگری و سۆزداری حزبایه‌تییه‌وه‌یه‌ و دووره‌ له‌ سه‌رجه‌م بنه‌ماكانی ژیریی، چونكه‌ تا ئێسته‌ تاكی كورد به‌و ئاسته‌ نه‌گه‌یشتووه‌ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ بۆ كه‌س و لایه‌نێك بدات كه‌ هۆكاره‌ بۆ ئاوه‌دانی و ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م ته‌نگژه‌ و ئاڵۆزیدا، واته‌ تا ئێسته‌ تاكی كورد نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌ كۆتی سۆزداری ڕزگار بكات و له‌سه‌ر بنه‌مای سوودی گشتی به‌شداریی پرۆسه‌كه‌ ببێت.

راستییه‌كه‌ی بێ جیاوازی ئه‌و دۆخه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا دروست ده‌بێت و بووه‌ له‌ كوردستان، له‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و حكوومه‌ته‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ ده‌گات، هه‌م لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و هه‌م هاووڵاتییان له‌ سه‌رجه‌م پێشێلكارییه‌كاندا به‌رپرسیارن. وه‌ك ئاشكرایه‌ گه‌لی كورد یه‌كێكه‌ له‌و گه‌لانه‌ی به‌زۆری ژیانی له‌سه‌ر هه‌ستێكی سۆزدارانه‌ بنیات نراوه‌ و كه‌متر له‌ هه‌موو شتێك لایه‌نی ژیری و ڕاستییه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌كان له‌به‌رچاو ده‌گرێت، به‌م پێیه‌ش هه‌ركه‌ هاووڵاتییه‌ك بوو به‌ خاوه‌ن سۆزێكی بێ بنه‌ما به‌رانبه‌ر به‌ كه‌سایه‌تییه‌ك یان پارتێكی سیاسی یان كه‌ ڕقی لێیان بووه‌وه‌، ئیتر هیچ بنه‌مایه‌كی سوودگه‌یاندن و خزمه‌تكردن له‌به‌رچاو ناگرێت و كوێرانه‌ خۆی كۆتوبه‌ند ده‌كات و به‌شوێن ئه‌و كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ دژ به‌و لایه‌نه‌یه‌ ئه‌م لێی نه‌بانه‌. ئه‌مه‌ له‌خۆیدا هۆكارێكه‌ بۆ دروستكردنی هه‌ستی حزبییانه‌ و زاڵكردنی به‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیدا.

لێره‌ له‌م نیشتمانه‌دا تا ئێسته‌ حكوومه‌ت كه‌ پێكهاتووی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌، زۆر كات و له‌ زۆر بارودۆخ و جێدا ده‌سته‌وه‌ستانه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حزب و بگره‌ زۆرجار تا ئاستی به‌شێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانیش شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، هه‌ر كه‌ سه‌رپێچییه‌كیشیان لێ ببینرێت، گرنگ نییه‌ سه‌رپێچییه‌كه‌ له‌ چ ئاستێكدایه‌ و ده‌رئه‌نجامی چی ده‌بێت، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بریندارنه‌كردنی هه‌ست و سۆزی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ یان لایه‌نگرانی حزبی‌ خاوه‌ن سه‌رپێچییه‌كه‌یه‌، به‌م كرده‌وه‌یه‌ش هه‌ر ده‌سه‌ڵات خۆی سه‌رجه‌م به‌ند و بنه‌ما یاسایییه‌كانی خۆی به‌ به‌رچاوی هاووڵاتییانه‌وه‌ ژێرپێ ده‌نێت و وا له‌ هاووڵاتی ده‌كات به‌وپه‌ڕی بێ ڕێزی و سووكی له‌ زۆرترین بنه‌ما و یاسای وڵاته‌كه‌ بڕوانن و هه‌رگیز ئاماده‌ی پاراستنیان نه‌بن ئه‌گه‌ر له‌ژێر چاودێری و په‌ستانێكی زۆردا نه‌بێت.

تۆ بڕوانه‌، هه‌ر كه‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ ده‌كات، ئیتر پێشێلكاری ده‌بێته‌ كرده‌یه‌كی به‌رچاو و ئاسایی و ڕۆژانه‌ ده‌یان پێشێلكاری له‌ هاتوچۆ و ڕێگه‌وبان و زه‌ویوزار و ئاو و كاره‌با و ته‌نانه‌ت به‌رانبه‌ر هاووڵاتیش به‌رچاو ده‌كه‌وێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێكی به‌رپرس خۆیان لێ به‌ خاوه‌ن بكه‌ن.

ده‌چیته‌ سه‌ر هه‌ر شه‌قامێك ده‌یان ئۆتۆمبێلت به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه‌ جامه‌كانیان به‌ وێنه‌ و ئاڵای حزب و به‌ربژێره‌كان داپۆشراوه‌ و نیشانه‌كانی هاتوچۆ به‌ژێره‌وه‌ كراون، دیواره‌ ڕاگر و وێنه‌ له‌سه‌ركێشراوه‌كان به‌ده‌یان وێنه‌ی جۆراوجۆر داپۆشراون، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ هۆكارێكه‌ بۆ بردنی بیروهۆشی شۆفێر و هاووڵاتی كه‌ زۆرجار ڕووداوی نه‌خوازراو و دڵته‌زێنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ یاسای هاتوچۆیشدا یاساغه‌ و سزای له‌سه‌ره‌. 

ئه‌مانه‌ و ده‌یان جۆری تری سه‌رپێچی كه‌ هۆی بێزاری و ناڕه‌زایی هاووڵاتییانن له‌ سه‌رجه‌م پرۆسه‌كه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی ده‌كرێت، له‌ كاتێكدا ده‌كرێ له‌ ڕێی میدیاكان و شوێنی تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌وه‌ به‌وپه‌ڕی ئارامی و دوور له‌ هه‌ر پێشێلكارییه‌ك به‌ڕێوه‌ بچێت و هیچ گرفتێكیش بۆ هاووڵاتی دروست نه‌كرێ.

زۆر له‌ هاووڵاتییان به‌و ڕاستییه‌ گه‌یشتوون كه‌ چیتر هه‌ڵبژاردن هۆكارێك نییه‌ بۆ گۆڕانكاری و هێنانه‌ كایه‌ی خۆشگوزه‌رانی، به‌ڵكو هۆكارێكه‌ بۆ باڵابوون و ده‌وڵه‌مه‌ندی كۆمه‌ڵێك و ڕووتانه‌وه‌ و چه‌قبه‌ستوویی هاووڵاتییانی ئاسایی.

هه‌ر له‌م ڕێیه‌وه‌ هاووڵاتی فێر كراوه‌ له‌ كاتی وادا سوود له‌ چركه‌ به‌چركه‌ی كاته‌كانی وه‌ربگرێت و هه‌ر كارێكی نایاسایی و پۆخڵه‌واتێك كه‌ كردوویه‌تی بیكات به‌ یاسایی. ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ هه‌مان ئه‌و به‌ربژێره‌ی له‌مڕۆدا وه‌ك ده‌روه‌زه‌كه‌ر به‌ شوێن ده‌نگی خه‌ڵكه‌وه‌یه‌ و به‌ڵێنی جۆراوجۆری سه‌یروسه‌مه‌ره‌ ده‌دات، سبه‌ی به‌ چه‌ند پرسگه‌یه‌ك به‌ دیداری شاد نابیت.

جێی داخه‌ تا ئێسته‌ نه‌توانراوه‌ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی دزینی هه‌ست و سۆزی لایه‌ندارێتییه‌وه‌ ده‌كرێت، له‌ڕێی خزمه‌ت و سوودی گشتییه‌وه‌ ئاسانتر و مسۆگه‌رتر بكرێت، ئه‌وكات هه‌ر پارته‌ی زیاتر خزمه‌تی هاووڵاتییانی بكردایه‌، زیاتر ئومێدی دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی زیاتری ده‌بوو.

AM:10:11:29/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌