په‌روه‌رده‌ و نوێگه‌ری

سه‌ربه‌ست قادر

دیار نییه‌ مرۆڤ له‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ستی به‌ گرنگی په‌روه‌رده‌ كردووه‌ و خووی داوه‌تێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیاره‌ هه‌رگیز مرۆڤایه‌تی بێ په‌روه‌رده‌ هه‌ڵینه‌كردووه‌ و هه‌ڵناكات. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ بووه‌ته‌ پێداویستییه‌كی هه‌میشه‌یی و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژیش هه‌ست به‌ گرنگی و پێویستیی زیاتری ده‌كرێت، بۆیه‌ ناكرێ هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی بۆ دیاری بكرێت.

په‌روه‌رده‌ له‌و پرۆسانه‌یه‌ كه‌ پێوه‌ندی به‌ پێشكه‌وتن و دواكه‌وتنی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر جۆر و ئاستی به‌ سوودی و بێ سوودی په‌روه‌رده‌كه‌ ده‌گۆڕێت. مه‌به‌ستمه‌ لێره‌دا روو بكه‌مه‌ ڕه‌وشی په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

ساڵه‌هایه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا گرنگی به‌م بنه‌ما دروستكه‌ره‌ دراوه‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تاكی كورد له‌ڕێی مزگه‌وت و حوجره‌ و خانه‌قاكانه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ كراوه‌ و خراونه‌ته‌ به‌ر خوێندن. به‌ڵام له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌نگاوێكی نوێدا توانی له‌ بواره‌ ئاینییه‌كه‌ جیا ببێته‌وه‌ و وانه‌ی فێركاری و وێژه‌یی و زانستییه‌كان بباته‌ قوتابخانه‌كان و په‌ره‌یان پێ بدات و ڕێوشوێنی پێویست به‌ بواره‌كه‌ بگرێته‌ به‌ر.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج و تێڕامانه‌، له‌ هه‌مان كاتدا مانه‌وه‌ی ڕه‌وشی په‌روه‌رده‌ و خوێندنه‌ له‌ناو هه‌مان قاوغه‌ كۆنه‌كه‌دا و تا ئێسته‌ نه‌تونراوه‌ له‌ڕێی په‌روه‌رده‌ و فێركردنێكی دروست و ته‌ندروسته‌وه‌، گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌ ئاستی تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا بكرێت، له‌ ڕووه‌كانی ڕۆشنبیری و زانستی و په‌روه‌رده‌یی. بۆیه‌ لێره‌دا دوو هۆكاری سستی په‌روه‌رده‌ و فێركردن ده‌خه‌مه‌ ڕوو:

۱ - دووباره‌بوونه‌وه‌ی ده‌موچاوه‌كان:
ڕه‌نگه‌ سه‌یر نه‌بێ كاتێك ده‌بیستین مامۆستا یان به‌ڕێوه‌به‌رێك زیاتر له‌ 20 ساڵ له‌ هه‌مان قوتابخانه‌دا ده‌وام ده‌كات. راستییه‌كه‌ی به‌شێكی زۆری مامۆستایانی هه‌رێم له‌ ڕووی ته‌مه‌نه‌وه‌ به‌ره‌و گه‌وره‌بوون و به‌ساڵاچوون ده‌چن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ گه‌وره‌یه‌ی بۆ خانه‌نشینكردن دانراوه‌، وا ده‌كات زۆرینه‌ی مامۆستایان تا ئه‌و ته‌مه‌نه‌ دیاریكراوه‌ به‌رده‌وام بن له‌ وانه‌گوتنه‌وه‌. 

ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك هۆكاره‌ بۆ دابه‌زینی ئاستی زۆربه‌یان به‌هۆی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و شه‌كه‌تییه‌وه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هۆكاره‌ بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونی ژماره‌یه‌كی بێشومار ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگه‌ به‌ سه‌رجه‌م به‌ش و ئاسته‌ په‌روه‌رده‌یییه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ و نه‌خستنه‌گه‌ڕی ئه‌و توانا گه‌وره‌ نوێیانه‌، كه‌ به‌گشتی له‌سه‌ر بنه‌ما په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونییه‌كان ئاماده‌ كراون و ده‌توانرێ سوودیان لێ وه‌ربگیرێت له‌ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی نوێی ڕۆشنبیر و داهێنه‌ر.

زۆریان چه‌ندان ساڵ له‌ هه‌مان قوتابخانه‌دا ده‌مێننه‌وه‌ و نایه‌نه‌ گۆڕین، یان له‌به‌ر ئاسانی ده‌وام و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ندێك له‌و قوتابخانانه‌ی ژماره‌ی خوێندكار و وانه‌كانیان كه‌مه‌ به‌تایبه‌ت قوتابخانه‌ی گونده‌ نزیك له‌ شاره‌كان، ئه‌مه‌ له‌خۆیدا هۆكاره‌ بۆ شه‌كه‌تبوون و وه‌ڕسبوونی به‌شێكی زۆر له‌و مامۆستایانه‌، چونكه‌ به‌هۆی دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان شوێن و بابه‌ت و كاره‌وه‌ تووشی ساردبوونه‌وه‌ ده‌بن له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا و ئامانجه‌كانیان ته‌نیا له‌ به‌ڕێكردنی وانه‌كاندا كورت ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ئه‌م هۆكاره‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی و خراپیشی به‌سه‌ر خوێندكاره‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، به‌و پێیه‌ی خوێندكار به‌هۆی گه‌وره‌بوونه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كردن و نوێبوونه‌وه‌دایه‌ و پێویستی به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردنێكی پڕ گوڕوتینه‌ كه‌ بتوانێ له‌گه‌ڵیدا بڕوات، جا كاتێك ئه‌و گه‌رموگوڕییه‌ په‌روه‌رده‌یییه‌ی بۆ فه‌راهه‌م نه‌كرا، ورده‌ورده‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا به‌دی ده‌كرێت، ده‌بێته‌ هۆی سستی و لاوزبوون و دواكه‌وتنی ئاستی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و كورتكردنه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی فێركردنی خوێندنه‌وه‌ و نووسیندا.

2- پێڕه‌و و به‌رنامه‌ی خوێندن:
پێڕه‌و و به‌رنامه‌ی خوێندن له‌ گرنگترین بنه‌ماكانی په‌روه‌رده‌ و فێركردنن له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوودا، ساڵانه‌ پێڕه‌و و به‌رنامه‌ی نوێ به‌پێی قۆناغه‌كانی خوێندن داده‌نرێت و به‌پێی پێویست و گونجانی له‌گه‌ڵ بارودۆخ و سه‌رده‌مدا، گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێت و هه‌موو هه‌وڵه‌كان له‌ بنیاتنان و پێگه‌یاندنی تاك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و داهێنه‌ردا چڕ ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام لێره‌ چه‌ندان ساڵه‌ هه‌مان پێڕه‌و و به‌رنامه‌ وه‌ك بنێشت دێنه‌ جوینه‌وه‌ و گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی تێدا ناكرێت كه‌ شایه‌نی باسكردن بێت و هۆكار بێت بۆ هێنانه‌كایه‌ی ڕه‌وشێكی په‌روه‌رده‌یی ته‌ندروست.

تا ئێسته‌یش له‌ قۆناغه‌كانی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندیدا پێڕه‌و له‌ به‌رنامه‌یه‌كی خوێندن ده‌كرێت كه‌ جگه‌ له‌ كوردستان، له‌ هیچ ناوچه‌ و وڵاتێكی تردا باوی نه‌ماوه‌ و بووه‌ به‌ مێژوو. به‌م پێیه‌ش ئه‌و به‌رنامه‌ی له‌ قۆناغه‌كانی خوێندنی قوتابخانه‌كانی كوردستاندا ده‌خوێنرێن، ده‌یان ساڵ له‌ دوای ئه‌و به‌رنامانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی نه‌ك هه‌ره‌ پێشكه‌وتوو، ته‌نانه‌ت دروسێكانیشه‌وه‌یه‌.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ قۆناغی دوای ئاماده‌یی كه‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانه‌، بێگومان ئه‌مانیش بێبه‌ش نین له‌ هه‌مان بێ سه‌روبه‌ری ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له‌ قۆناغه‌كانی په‌روه‌رده‌دا ده‌گوزه‌رێت، چونكه‌ له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانیشدا به‌هه‌مانشێوه‌ تا ئێسته‌ نه‌توانراوه‌ سوود له‌ به‌رنامه‌ و پێڕه‌وه‌ جیهانییه‌كان وه‌ربگیرێت و خوێندكار به‌ زانست و زانیاری نوێ تێر بكرێت. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ی بواری په‌روه‌رده‌، چه‌ندان ساڵه‌ به‌ كه‌مێك گۆڕانكارییه‌وه‌ دووباره‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌ و هه‌موو ساڵێك پۆلێك گه‌نج و لاوی ئه‌م وڵاته‌ ده‌بنه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ و بۆ ماڵه‌وه‌ دێنه‌ ناردن، له‌ كاتێكدا توانای به‌شی زۆریان له‌ڕووی زانستی و په‌روه‌رده‌یییه‌وه‌ له‌ ئاستی پێویستدا نییه‌، هاوكات ناتوانرێ به‌پێی پێویست سوود له‌م توانا نوێیانه‌ وه‌ربگیرێت و هه‌ریه‌كه‌ و به‌پێی پێویست له‌ بواری خۆیدا به‌گه‌ڕ بخرێت.

ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی به‌پێی ژماره‌ی ده‌رچووانی ساڵانه‌، پێویست بوو ئێسته‌ كوردستان خاوه‌ن تاك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ڕۆشنبیر و ته‌ندروست بووایه‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی زانست و ژینگه‌ و پاكوخاوێنی و ... تد.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌، ئه‌مه‌ش دووباره‌ ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێسته‌ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا  گۆڕانكاری تێدا كراوه‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و فێركردندا، ته‌نیا خۆی له‌ گۆڕانی به‌رگی په‌ڕتووك و ژماره‌ی چاپكردنیاندا ده‌بینێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز نابێ چاوه‌ڕێی هه‌ڵكه‌وتنی تاك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ڕۆشنبیر و پێشكه‌وتوو بكه‌ین كه‌ له‌ توانایاندا بێت داهێنان بكه‌ن و پێش بكه‌ون، شانبه‌شانی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌ی دنیا به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

AM:09:50:13/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 358 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌