قەرز و پێوەری كارەبا

PM:02:30:15/11/2018 ‌
سەربەست قادر

 كارەبا لە باشترین دروستكراوەكانی مرۆڤە. لەوەتەی مرۆڤ بەسەر زەوییەوە دەژی بەردەوام لە هەوڵ و كۆششدایە بۆ بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی وزە و سەرچاوەی نوێ. مێژووی مرۆڤایەتی بەدۆزینەوە و بەكارهێنانی كارەبا پێی نایە قۆناغێكی نوێوە، كە هەرگیز بەراورد ناكرێت بەپێش خۆی، چونكە بە داهێنانی كارەبا، سەرجەم كایەكانی ژیان و لایەنە خزمەتگوزارییەكان گۆڕانی گەورەیان بەخۆوە بینی و پێشكەوتنی بەرچاویان تێدا كرا.

لەبەر پێویستی زۆری مرۆڤ بە هەموو بوارەكانی ژیانیەوە بە كارەبا و وزەی نوێ، بەردەوام خواست لەسەر بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی زیاد دەكات و بەردەوام نرخ و بەهای لە هەڵكشاندایە. بەرهەمهێنانی كارەبا لە چەندان سەرچاوە و بە جۆرەها ڕێ دەكرێت و لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر بڕ و بەرهەم و تێچووی كارەبا دەگۆڕێت.

هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو شوێنانەی دنیا كە خاوەن چەندان سەرچاوەی سروشتی وزەی كارەبایە، جگە لە سەرجەم جۆرەكانی تری وزە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە نەتوانراوە سوود لە رێژەیەكی كەمی ئەو سەرچاوانە وەربگیرێت. لە بەرانبەر ئەمانەدا حكوومەت دوای ئەو چەندان ساڵەی حوكمڕانی، پەنای بردووەتە بەر بەرهەمێنانی وزەی كارەبا لەڕێی گازوایل و غازەوە، كە ئەوەی یەكەمیان لەگەڵ تێچوونە زۆرەكەیدا بەرهەمی كەمتر و مادەیەكی كارەساتهێنە لەڕووی ژینگە و تەندروستی و هۆكارێكی گەورەی پیسبوونی ئاو و خاكە. 

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نەتوانراوە كارەبای بەردەوام كە یەكێكە لە خزمەتگوزارییە سەرەتایی و پێویستییە بەردەوامەكانی خەڵك، دابین بكرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕەوشی كارەبا ڕوو لە خراپییە. لە كاتێكدا كارەبا لەبەر خواستی زۆر و بەكارهێنانی بەردەوامی، هەمیشە نرخ و هەستكردن بە گرنگییەكەی بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت. لەم ڕێیەشەوە وەك سەرچاوەیەكی گەورەی داهات، چ ناوخۆیی لە نێوان حكوومەت و هاووڵاتی یان دەرەكی لە نێوان دەوڵەتاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. بۆ ئەم مەبەستە دەسەڵات سوود لە پێوەری كارەبا وەردەگرێت بۆ دیاریكردنی بڕی بەكارهاتوو لەلایەن هاووڵاتییانەوە و دانانی بڕی وزەی بەكارهاتوو بە بڕە پارەیەك لە بەرامبەریدا.

ئەوەی مەبەستی منە لێرەدا جۆراوجۆری پێوەری كارەبا و توانای دەستكاریكردنی پێوەرەكان و قەرزی كارەبایە لای هاووڵاتییان. بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەی دەسەڵاتی هەرێم نەتوانراوە دابەشكردن و فرۆشتنی كارەبا بە جۆرێك ڕێك بخرێت كە نەتوانرێ كێشەی بۆ دروست بكرێت و هاووڵاتی چۆن بیەوێ دەستكاری پێوەرەكان بكات، ئەم دیاردەیە تەنیا هاووڵاتیش لێی بەرپرس نییە، بەڵكو بەرپرسی سەرەكی دەسەڵات و وەزارەتی كارەبان كە تا ئێستە نەیانتوانیوە ڕێگری لەو دیاردە دزێوە بكەن و بەوپەڕی خەمساردییەوە ڕۆژانە بە بەرچاویانەوە دەیان هێڵی بێ مۆڵەت و چەندان گۆڕانكاری لە پێوەرەكاندا دەكرێت، ئەوانیش خۆیان لێ بێدەنگ دەكەن و ناتوانن یاسایەكی وا دابنێن كە هاووڵاتی ناچار بكەن ڕێز لەو بەرهەمە گرنگە بگرێت.

سەرەداوی سەرەكی ئەم گرفتە، مامەڵەی نابەرپرسانەی بەرپرس و پیاوانی میرییە كە زۆرینەیان خاوەن هێڵی بێ مۆڵەت یان بێ پێوەری كارەبان. جیا لەمەی كە گوترا هەر بێباكی بەرپرس و پیاوانی میری بەرانبەر بە یاسا و ڕێساكانی دەسەڵات، وای كردووە كە هاووڵاتییانیش تا ئەو ئاستەی بۆیان بكرێت ئەو بڕە پارەی بەرامبەر بەكارهێنانی كارەبا دەكەوێتە سەریان، نەیگەڕێننەوە بۆ دەسەڵات. ئەمەش هۆكارە بۆ كەڵەكەبوونی قەرزێكی زۆر چ لای هاووڵاتی بۆ دەسەڵات و چ لای دەسەڵات و وەزارەتی كارەبا بۆ دابینكردنی بڕی تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبا.

لەمەش خراپتر، فەوتانی زۆری ئەو قەرزانەیە بەتایبەت دوای خراپبوونی پێوەرەكان یان وەستاندنیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، كە ئەمە لە دیارترین دیاردەكانی ئەم بوارەیە بێ گوێدانە هیچ بنەما و بەهایەكی یاسایی و ئاینی و ڕەوشتی. جگە لە دیاردەی نەخستنە سەر پێوەری ئەو ئامێرانەی كارەبا زۆر خەرج دەكەن، ئەمە هۆی سەرەكییە لە بەفیڕۆچوونی ڕێژەیەكی زۆری وزەی كارەبا و بەشنەكردنی كارەبا وەك پێویست.

راستییەكەی ئەمەی گوترا ناكاتە دڵۆپێك لە دەریایەكی ئەوەی كە هەیە، ئەو كەسەی بیەوێ لەو هەموو پۆخڵەوات و دیاردە سەیروسەمەرەیەی ڕۆژانە بەرچاو دەكەون سەر دەركات، گومانی تێدا نییە جگە لە سەرئێشە و بێ ئومێدی، هیچ بەرهەمێكی تری چنگ ناكەوێت. هەرچەندە هیوا كەڵەكەكراوەكانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد و بێ بەرهەم دەبن، بەڵام با ئەمیشی بچێتە پاڵ و بەو ئاواتەی ڕۆژێك ببینین هەر هاووڵاتییەكی ئاسایی چۆن كارەبا و هەر خزمەتگوزارییەكی تر بەكار دێنێت، بەرپرس و كەسانی دەستڕۆیشتوویش بەهەمانشێوە بەكاری بێنن و سوودی لێ ببینن.

یاسا چۆن بەرامبەر هاووڵاتییانی ئاسایی توند و بێ چاوپۆشییە، بۆ پیاوانی میریش ئاوا ڕاستگۆ و چاونەترس بێت. سنوورێك دابنێ بۆ ئەوانەی تا ئێستە پارەی كارەبایان نەداوە یان هەر پێوەری كارەبایان نییە و هیچ گرنگییەكیش بە فەرمان و رێنوێنییەكانی ئەو دەسەڵاتە نادەن كە خۆیان دانەر و بەرپرسی یەكەمن لێی. چونكە ئەم كارە ڕچەشكێنی بەردەم هەموو تاكێكە تا بتوانێ بێ گوێدانە هیچ بەها و ئاكارێك پێشێلی كام یاسا پێی خۆشە بیكات و باكی بەهیچ دەسەڵاتێكیش نەبێت.