لێدوانی بەرپرسی گەمژە

AM:09:18:29/09/2019 ‌

 ئەگەر لە مێژوونووسێك بپرسیت كامە سەرۆك و بەرپرس لە هەموو كەسێك خراپتر لێدوانی دەبەنگانەی داوە، رەنگە یەكێك لەو كەسانەی یەكسەر بێتە خەیاڵی ئەو مێژوونووسە، ماری ئەنتوانیت شاژنی فڕەنسا بێت، چونكە ئەو خاوەنی سەیروسەمەرترین رستەیە. كاتێك خەڵكی وڵاتەكەی لە برسا راپەڕینیان كردووە، ماری گوتوویەتی "ئەگەر نان نییە با كێك بخۆن". بە راستی رستەیەكی سەیرە، هەر لەسەر ئەم رستەیەیش بوو سەری پەل درا.

 چەند ساڵێك لەمەوبەر رۆمانێكی مێژووییم لەسەر ژیانی ئەو ژنە خوێندەوە، بە جۆرێكی تر باسی ئەو ژنە دەكات. پوختەكەی ئەوەیە، ئەم ژنە وەك هەر ژنێكی تر بووەتە قوربانی ستەمی ئەندامانی خێزانەكەی، ئەگەرنا خۆی كەسێكی دڵپاك و میهرەبان بووە. ئەم گوتەیەیش بەشێك بووە لە پڕوپاگەندەی شۆڕشگێڕان، بەڵام دوای چی؟.

هەرچۆنێك بێت، ماری ئەنتوانیت وەك خاوەنی سەیرترین رستەی بەرپرسان دەمێنێتەوە، تازە ئەستەمە بتوانرێت بە رۆمانێك بەرگریی لێ بكرێت.

ئەگەر گومانمان لە گوتەی ئەو ژنە هەبووبێت، بەهۆی ئەوەی راستەوخۆ گوتەكانی تۆمار نەكراوە، ئەوا لەم سەردەمەمان لێدوانی بەرپرس بە دەنگ و وێنە تۆمار دەكرێت و پێویست بە گومانكردن ناكات. هەندێك لەوان رۆژانە لێرەولەوێ‌ دوور لە ئەتەكێتی دیپلۆماسی و سیاسی لێدوانی سەیروسەمەرە دەدەن. لەم چەند ساڵەی رابردوویشدا چەندان سەرۆك وڵات لە شێوەی رۆدریگۆی سەرۆكی فلیپین و مۆگابی سەرۆكی كۆچكردووی زیمبابۆی، تەنانەت دۆناڵد ترەمپ كە تا ئاستێك ئۆمپراتۆری دنیایە، جار جار لێدوانی سەیروسەمەریان داوە، بۆیە ناویان دەكەوێتە لیستەكەوە.

 لەو وڵاتانی "جیهانی سێ" بەرپرسان هەندێك جار لێدوانی هێندە سەیروسەمەرە دەدەن، كە نەك تەنیا ئەتەكێتی دیپلۆماسی و سیاسی دەبەزێنن، بەڵكو پێچەوانەی لۆجیكن و راشكاوانە بەها مرۆییەكان فەرامۆش دەكەن، وەك ئەوەی گاڵتە بە عەقڵی مرۆڤ بكەن.
بۆ نموونە، چەند ساڵێك لەمەوبەر لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەك لە یاریگەی بەسرە كە تازە كرابووەوە. لەسەر یاریگەكە كەسێك كەوتە خوارەوە و لەناو گۆڕەپانەكە گیانی لە دەست دا. وەزیری تەندروستی عێراق لە لێدوانێكی زۆر دەگمەن بۆ ئارامكردنەوەی خەڵك گوتی، "شتێكی وەها نەبوو كرێكارێكی هیندییە". واتە گوێی پێ مەدەن هی خۆمان نییە، وەك ئەوەی "هیندی" مرۆڤ نەبن.

چەند مانگێك لەمەوبەر دووپشك خەڵكی ناوچەیەكی جەزائیری هەراسان كرد و چەندان كەس بوونە قوربانی پێوەدانی دووپشك، وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتەیش لێدوانێكی سەیرتر لە هاوتا عێراقییەكەی لەسەر ئەو دیاردەیە دا و گوتی، "خەتای خەڵكە بە گژ دووپشكەكاندا دەچنەوە". وەك ئەوەی خەڵكەكە "هار" بن و تەشقەڵە بە دووپشك بكەن، ئەگەرنا دووپشك خۆی خشۆكێكی بێوەیە.
رەنگە لێرەدا دەرفەت نەبێت ئاماژە بۆ چەندان لێدوانی تری سەیروسەمەرە بكەین كە هەموویان بێباكی خاوەنەكانیان لە ئاست
بەرپرسیارێتییەكەیان و خەڵك دەسەلمێنن. 

بەڵام بەرپرس كاتێك لێدوان دەدات، دەبێ بزانێ‌ بەرپرسیارە لە قسەكانی، نابێ بە جۆرێك قسە بكات خۆی و حزبەكەیشی بخاتە خانەی شەرمەزاریی. گرنگە نەك تەنیا بەرپرس، بەڵكو هەموو مرۆڤەكان گوفتار و رەفتاریان یەك بێت، بەڵام ئێمە كە لێرە قسە لەسەر بەرپرسان دەكەین، دەڵێین ئەگەر بەرپرسان لە رەفتاریان پێشێلی بەرژەوەندی گشتی دەكەن، با بەلایەنی كەمەوە گوفتاریان پاك بێت لەوەی هەستی خەڵك بریندار نەكەن، یان هەر هیچ نەبێت رەچاوی سەلیقەی گشتی بكەن.