له‌وه‌ته‌ى مرۆڤ بیرى كردووه‌ته‌وه و په‌ره‌ى به بواره‌كانى فێربوون و رۆشنبیرى داوه، دواتریش كاتێك په‌روه‌رده وه‌ك چه‌مكێكى گرنگ له ژیانى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه گه‌شه‌ى كردووه، ئه‌م بواره وه‌ك مه‌عریفه‌یه‌كى شه‌رمن ده‌ركه‌وتووه، چونكه ناتوانێ كۆى ره‌هه‌نده‌كانى ژیان به كه‌سى په‌روه‌رده‌كراو بناسێنێ، ئه‌وه له هه‌موو دنیا وایه، كه‌چى له كوردستان ئه‌و مه‌عریفه‌یه هێنده كڵۆڵ ده‌بێت ته‌نانه‌ت وه‌ك ناوه‌ندێك ده‌بێت بۆ نه‌گبه‌تیى.
ئه‌گه‌ر سه‌یرى هه‌موو قۆناغه‌كانى مێژووى په‌روه‌رده بكه‌یت و دیقه‌ت له میكانیزمى كاركردنى بده‌یت، ئه‌وا بۆت ده‌رده‌كه‌وێ مه‌عریفه‌یه‌كى شه‌رمنه.
به‌و واتایه‌ى ته‌نیا رووه جوانه‌كه‌ى ژیان به قوتابیان ده‌ناسێنێ، رووه ناشیرینهكهیان لێ ده‌شارێته‌وه. ته‌نیا ئومێدیان پێ ده‌دات، ئه‌وه‌یان لێ ده‌شارێته‌وه كه مرۆڤ رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك نائومێدى ده‌بێته‌وه، ته‌نیا فێریان ده‌كات چاكه‌خواز بن، قه‌باره‌ى شه‌ڕانگێزى مرۆڤیان له‌به‌رچاو ون ده‌كات.
ئه‌مه له هه‌موو شوێنێك وایه، هۆكارى سه‌ره‌كیش به هۆى ئه‌وه‌یه په‌روه‌رده له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌رێكى ناسك "منداڵ" مامه‌ڵه ده‌كات، بۆیه به پشتبه‌ستن به فه‌لسه‌فه‌ى "منداڵ لاپه‌ڕه‌یه‌كى سپییه" بوێرى په‌روه‌رده كه‌م ده‌كرێته‌وه و ته‌نیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیوه جوانه‌كانى ژیان ده‌كرێت. به‌ڵام ده‌بێ بزانرێت له كۆمه‌ڵگه‌ى زیندوو ئه‌م دیارده‌یه به ساده‌یى تێپه‌ڕ نابێت به‌ڵكو چه‌ند بوارێكى تر دێن وه‌ك په‌روه‌ردى خودى و خۆرۆشنبیركردن تا ئه‌و كه‌موكوڕییه پڕ بكه‌نه‌وه كه له مه‌عریفه شهرمنهكه ده‌رده‌كه‌وێت. لێره‌دا ئه‌ركى خێزان و دامه‌زراوه‌كانى تر‌ى كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت، تا دواجار بتوانن به‌یه‌كه‌وه مرۆڤێكى دروست په‌روه‌رده‌كراو پێ بگه‌یه‌نن.
له كوردستان ئه‌و مه‌عریفه‌یه تووشى ئاسته‌نگ و سه‌ختی تر ده‌بێته‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌گات به ئاستێك ته‌نیا ده‌توانی به پانتاییه‌كى نه‌گبه‌تیى وه‌سفى بكه‌یت. له دروستكردنى ئه‌م دۆخه‌یش هه‌موو ره‌گه‌زه مرۆییه‌كانى به‌شدار له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده به‌رپرسن. مه‌به‌ست له‌و رهگهزانهیش پیاوانى كارگێڕى په‌روه‌رده، مامۆستا، به‌خێوكه‌ران، قوتابى.
له هه‌رێمى كوردستان كابینه‌ى له دواى كابینه گۆڕانكارى له پرۆگرامى په‌روه‌رده ده‌كرێت، وه‌زیرێك بابه‌تێك زیاد ده‌كات و دانایهكى تر بابه‌تێكى تر زیاد ده‌كات، به‌ڵام هه‌ڵه‌ى كوشنده له په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه خاڵییه له په‌روه‌رده، به‌و واتایه‌ى ئه‌گه‌ر "په‌روه‌رده و فێركردن" دوو كۆڵه‌گه‌ى سه‌ره‌كى پرۆسه‌كه بن، ئه‌وا ساڵانێكه له‌لاى ئێمه ئه‌م پرۆسه‌یه به یه‌ك قاچ رێ ده‌كات. هیچ یه‌كێك له‌و وه‌زیرانه‌ى له‌ماوه‌ى رابردوودا هاتوون و هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ى به‌رپرسانى په‌روه‌رده‌ن، هه‌وڵیان نه‌داوه ئه‌م هه‌ڵه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. قوتابى كورد تا ده‌گاته پۆلی دوانزه‌ى ئاماده‌یى یه‌ك بابه‌تى ده‌روونزانى و كۆمه‌ڵایه‌تى ناخوێنن. هیچ یه‌كێك له‌و بابه‌تانه ناخوێنرێن كه بۆنى په‌روه‌رده‌كردنى مرۆڤیان لێ دێت و سوودیان بۆ ره‌هه‌ندى كرده‌نى و رۆحى و ده‌روونى مرۆڤ ده‌بێت.
دواى ده‌رخستنى ئه‌م هه‌ڵه گه‌وره‌یه‌ى په‌روه‌رده ده‌كرێت به‌ر له هه‌ر یه‌كێك له ره‌گه‌زه مرۆییه‌كانى په‌روه‌رده بێینه سه‌ر مامۆستایان، چونكه وێڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش رۆڵێكى نه‌رێنییان له‌م دۆخه‌ى په‌روه‌رده هه‌یه، كه‌چى ئه‌وان كه‌مترین ره‌خنه‌یان لێ گیراوه و هه‌میشه وه‌ك كاره‌كته‌رى قوربانى سه‌یریان كراوه. هه‌ڵبه‌ته له چه‌ند ساڵى رابردوودا د‌رك به‌م رۆڵه‌ى مامۆستا كراوه، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ى له كوردستان هه‌بوو و پێشتریش له به‌رانبه‌ر خراپى بارودۆخى ئابوورییان بێده‌نگییان لێ كراوه.
هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا نامانه‌وێ گشتاندن بۆ هه‌موو راستییه‌كان بكه‌ین، بۆیه ده‌ڵێین مامۆستا هه‌یه له ئاست ئه‌ركه‌كه‌ى خۆیدایه و هه‌ست به به‌رپرسیارێتى ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌یان رێژه‌یان زۆر كه‌مه، وه‌ڵامى ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌ى ئێسته سه‌لمێنه‌رى ئه‌و راستییه ده‌بێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بپرسین چه‌ند مامۆستا ساڵانه بۆ خۆپێگه‌یاندن به‌شدارى له خوله‌كانى فێربوونى زمانى نوێ و شاره‌زایى نوێ ده‌كه‌ن؟ هه‌ڵبه‌ته وه‌ڵاممان ئه‌وه ده‌بێت كه‌متر 1%. با واز له خوێندنه‌وه‌ى گشتى بهێنین، پرسیاره‌كه به‌و شێوه‌یه بكه‌ین: چه‌ند مامۆستا ساڵانه له سه‌ر پسپۆڕییه‌كه‌ى خۆى دوو كتێب ده‌خوێنێته‌وه؟ به به‌رپرسیارێتییه‌وه ده‌ڵێم كه‌متر 1%. چه‌ند مامۆستا ساڵانه له رووى شێوازه‌كانى وانه‌گوتنه‌وه و ده‌روونناسى خۆى نوێ ده‌كاته‌وه؟ هه‌ڵبه‌ته كه‌متر 1%.
بۆیه لێره‌دا ره‌خنه‌كانمان به مامۆستا ده‌ست پێ كرد، چونكه مه‌یدانى په‌روه‌رده پۆله و بڕیاربهدهستى یه‌كه‌میش له پۆلدا مامۆستایه. هه‌میشه ده‌بێت ئه‌و راستییه‌مان له‌بیر بێت كه نابێ هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانى په‌روه‌رده بۆ لایه‌نى مادى و بڕیاره كارگێڕییه‌كان بگێڕینه‌وه، چونكه ده‌كرێت له رێى شاره‌زایی و تواناى مامۆستاوه له پۆلدا گیانێكى زیندوو به به‌ر پرۆسه‌ى په‌روه‌رده بكرێته‌وه، له‌مه‌یشدا هیچ بیانووییه‌ك نییه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر مامۆستایه‌ك زانیارى زیاتر له‌سه‌ر بابه‌تێك به قوتابى بدات، یان شێوازێكى نوێ له وانه‌گوتنه‌وه تاقى بكاته‌وه، یان زیاتر دڵسۆز بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى قوتابیان، شێوازى هاندانى رژد به‌كار بهێنێ، هیچ بڕیارێكى سیاسى یان كارگێڕى نییه له دژى ئه‌و كارانه‌ى بوه‌ستێته‌وه.
به‌ڵام كاتێك هه‌موو تێڕوانینى مامۆستا بۆ پیشه‌كه‌ى له ڕوانگه‌ى زووهاتن و دره‌نگ كه‌وتنى مووچه‌وه ده‌بێت، ئه‌وا زه‌نگى ترسناكى بۆ په‌روه‌رده لێ ده‌دات. هه‌ڵبه‌ته ره‌چاوكردنى بژێوى هه‌ر كه‌سێك گرنگه، بێگومانین له‌وه‌ى هیچ مرۆڤێك ده‌روون و بیركردنه‌وه‌ى دروست نابێت كاتێك شتێك بۆ بژێوى نه‌بێت. به‌ڵام ده‌كرێت دواى دابینكردنى ئه‌و مووچه‌یه بیر له به‌ها گرنگه‌كانى په‌روه‌رده بكرێت و ئامانجه‌كانى بچووك نه‌كرێته‌وه.
دواى مامۆستا، ده‌بێ باس له رۆڵى نه‌رێنى به‌رپرسه كارگێڕییه‌كان بكرێته‌وه، مه‌به‌ست له‌وان وه‌زیر و راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و ئه‌وانه‌ى خوارووتر. دیاره له ساڵى رابردوودا له‌گه‌ڵ گۆڕ‌انى هه‌ر كابینه‌یه‌كى حكوومى كه‌سێكى نوێ له پۆستى وه‌زیر دانراوه و ئه‌ویش كۆمه‌ڵێك بڕیارى به‌سه‌ر په‌روه‌رده ده‌ركردووه. "بڕیارى نوێ" شتێك نییه له دژى په‌روه‌رده بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌وردى و به‌شێوه‌یه‌كى ستراتیجى درابێت و ئامانج راستكردنه‌وه یان پێشخستنى پرۆسه‌كه بێت. به‌ڵام ئه‌وانه‌ى له هه‌رێمى كوردستان دراون چه‌ند كه‌موكوڕییه‌كانیان هه‌بووه، بۆ نموونه ئه‌و بڕیارانه زۆرجار خزمه‌تى ستراتیجیى په‌روه‌رده‌یان نه‌كردووه، له هه‌مان كاتدا پاره‌یه‌كى زۆر خه‌رج كراوه. له‌وانه چه‌ندان جار گۆڕانكارى به پرۆگرامه‌كانى خوێندن كراوه، ده‌كرا ئه‌و بڕه‌پاره‌یه بۆ باشتركردنى ژینگه‌ى په‌روه‌رده‌یى ته‌رخان بكرایه، بۆ نموونه گۆڕینى پرۆگرامى ماده‌ى زمانى عه‌ره‌بى به‌شێوه‌یه‌ك كراوه، زیاتر له شه‌ش ساڵه پاره‌یه‌كى زۆر له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆ چاپكردنى كتێبه‌كانى زمانى عه‌ره‌بى خه‌رج ده‌كرێت، كه‌چى ده‌كرا ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ دروستكردنى قوتابخانه‌ى تر ته‌رخان بكرێت. یان پاره‌یه‌كى زۆر بۆ ئه‌وه خه‌رج كرا خوێندنى پۆله بنه‌ڕه‌تییه‌كان بكرێت به ئینگلیزى، كه‌چى دواتر ئه‌م بیرۆكه‌یه ره‌ت كرایه‌وه. ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده، ئه‌م شێوازه بڕیاردانه له‌باره‌ى په‌روه‌رده زۆرجار زیانى گه‌وره‌ى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
دواى ئه‌وه‌ى به‌خێرایى باسمان له دوو ره‌گه‌زى گرنگى مرۆیى كرد له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌دا، باس له رۆڵى به‌خێوكه‌ران ده‌كه‌ین. زۆربه‌ى كات كۆششى به‌خێوكه‌ران ته‌واوكه‌رى كۆششى مامۆستا نییه، وه‌ك له سه‌ره‌وه باسمان كرد ئه‌گه‌ر كۆششى مامۆستا بۆ په‌روه‌رده‌یه‌كى ته‌ندروست سست بێت، ئه‌وا رۆڵى به‌خێوكه‌ر پارسه‌نگ نه‌بووه، به‌ڵكو زۆرجار مامۆستایشى سارد كردووه‌ته‌وه. به‌خێوكه‌ران له‌وه كه‌مته‌رخه‌من كه ژینگه‌یه‌كى دروست و مامه‌ڵه‌یه‌كى دروست بۆ رۆڵه‌كانیان دابین ناكه‌ن، كه له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده ئه‌ركى خوێندنیان هه‌یه و به قوتابى ده‌ناسرێن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌یرى داتاى هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك بكه‌یت، بۆ ده‌رده‌كه‌وێت زیاتر 80 %ى قوتابیان له پۆلى هه‌شت و نۆ "دوو و سێى ناوه‌ندى" ئاستیان داده‌به‌زێ و له وانه‌كان ده‌رناچن و ته‌نانه‌ت واز له خوێندن ده‌هێنن. زۆرن ئه‌و قوتابییانه‌ى كه له پۆله‌كانى سه‌ره‌تایى له تاقیكردنه‌وه‌یان نمره‌ى باشیان به‌ده‌ست هێناوه و مامۆستاكه‌یان هیواى بوون به پزیشكى بۆ خواستوون، كه‌چى كه ده‌گه‌ن به ناوه‌ندى، هه‌ندێكیان خوێندنیان بۆ ته‌واو نه‌كراوه یان زۆر به خراپى پۆله‌كان ده‌بڕن.
تا ئێسته هیچ یه‌كێك له به‌رپرس و مامۆستا و سه‌رپه‌رشتیارى په‌روه‌رده و به‌خێوكه‌ر، هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه‌یان نه‌داوه، هۆكاره‌كه‌یش زۆر ساده‌یه، قوتابیان له‌و قۆناغه‌ى خوێندن ده‌گه‌ن به‌ته‌مه‌نى ههرزهكاریى، كه‌چى ژینگه و مامه‌ڵه‌ى به‌خێوكه‌ر و قوتابخانه به‌م جۆره نییه ره‌چاوى ته‌مه‌نه‌كه‌ى بكات.
زۆرجار به‌خێوكه‌ر وه‌ك پرۆسه‌یه‌كى حه‌تمى سه‌یرى په‌روه‌رده ناكات، به‌وپێیه‌ى منداڵه‌كه‌ى ده‌بێت په‌روه‌رده بكرێت و مافى ئه‌وه‌یشى هه‌یه په‌روه‌رده‌یه‌كى باشى هه‌بێت، به‌ڵكو له‌م روانگه‌یه‌وه سه‌یرى ده‌كات منداڵه‌كه‌ى ده‌بێ به چى و له داهاتوودا چه‌ندى ده‌ست ده‌كه‌وێت؟
له‌م چه‌ند ساڵه‌ى رابردوودا دیارده‌ى قوتابخانه و خوێندنى تایبه‌ت و ئه‌هلى له كوردستان ده‌ركه‌وت، ئێمه لێره‌دا باس له كه‌موكوڕییه‌كانى ئه‌م جۆره په‌روه‌رده‌یه ناكه‌ین، ته‌نیا ئه‌وه‌نده ده‌ڵێین ئه‌و بواره ئه‌گه‌ر كهموكوڕیشى هه‌بێت، ئه‌وا به‌خێوكه‌ران رۆڵیان له په‌ره‌پێدانى ئه‌و دیارده‌یه هه‌بووه، چونكه زۆر له به‌خێوكه‌ران له روانگه‌ى ئه‌وه‌ى پاره ده‌رمانێكى ئه‌فسووناوییه سه‌یرى بابه‌ته‌كه‌یان كردووه، به‌م جۆره وایانزانیوه ته‌نیا پێدانى پاره‌یه‌كى زۆر به قوتابخانه‌یه‌كى باش ڕۆڵهكهى سه‌ركه‌وتوو ده‌كات. ئه‌م جۆره تێڕوانینه‌یش بوو وایكرد رۆژ له دواى رۆژ ژماره‌ى قوتابخانه ئه‌هلییه‌كان زیاتر بێت.
كاتێك ئه‌مه بارودۆخى به‌رپرسى كارگێڕى و مامۆستا و به‌خێوكه‌ر بێت، ئه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ره‌گه‌زى چواره‌م "قوتابى" كه ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه له پرۆسه‌ى خوێندن، به‌م شێوه‌یه‌ى ئێسته بێ ئومێد بێت. بۆیه ده‌بینین رێژه‌یه‌كى زۆرى قوتابیان كه‌مترین ئاره‌زووى خوێندنیان هه‌یه، زۆرترین قوتابى ناتوانن له‌و ته‌كنه‌لۆجیاى خراوه‌ته به‌رده‌ستیان سوودمه‌ند بن.
له‌و وتاره‌دا به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى باس له كاره‌كته‌ره مرۆییه‌كانى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده كراوه، باس له‌و ورده‌كارییه‌كانى تر‌ى كێشه په‌روه‌رده‌ییه‌كان نه‌كراوه، راسته وه‌ك ده‌گوترێت "به‌دبه‌ختى گه‌وره له وردهكارییهكاندایه" به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌بێ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێته‌وه گۆڕانكارى له توانای هه‌ر ره‌گه‌زێكى مرۆڤی "ئه‌وانه‌ى له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد"، ئه‌وا له ئه‌نجامدا له به‌رژه‌وه‌ندى قوتابى و په‌روه‌رده ده‌كه‌وێته‌وه.