ترەمپ و فڕێدانی هاوپەیمانەكانی

PM:07:35:14/10/2019 ‌
رێدانی كۆشكی سپی بە هێزەكانی توركیا كە هێرشی باكوری سووریا بكەن, واتای گۆڕینی سیاسەتی ئەمەریكا لەگەڵ نزیكترین و دڵسۆزترین هاوپەیمانەكانی دێت كە بۆ ماوەی ساڵانێكی دوورودرێژ بە نزیكترین هاوپەیمانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنا، ئەوانیش كوردەكان بوون.
دوای پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان دوناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە رۆژی هەشتی ئەم مانگە، كۆشكی سپی گڵۆپی سەوزی دایە دەست هێزەكانی توركیا بۆ ئەوەی هێرشی ناوچەكانی باكوری سووریا بكەن كە پێشتر بە ناوچەی ئارام لەلایەن ئەمەریكا ناو دەبران و بە هەموو شێوەیەك رەت دەكرایەوە هیچ هێزێك هێرشی ئەو ناوچەیە بكات. بگرە بەردەوام ئەمەریكا هێزی خۆی لێ جێگیر دەكرد. 
ئەم هەڵوێست گۆڕینە لە ناكاوەی كۆشكی سپی و بڕیاری ترەمپ، بووە جێی سەرسوڕمانی زۆربەی وڵاتان و كوردیش وەك هەمیشە خۆیان بە رەنجەڕۆ ناساند. ئەمە لە كاتێكدا ئەمەریكا خۆی بە ناوبژیوانی نێوان توركیا و هێزە كوردییەكان دادەنا، بەڵام ئێستە شەڕ لە نێوان هێزە كوردییەكان و لەشكری توركیا بەردەوامە. لەلایەكی تریشەوە، جارێكی تر سەرهەڵدانی داعش لە ئارادایە و بەهێزبوونیان لەم هەلە زێڕینەدایە, جگە لە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و لە دەستدانی گیانی هەزاران سڤیل, ئێستەیش ئەمەریكا بە رابەرایەتی سەرۆكەكەی, سیاسەتی بە فیڕۆدانی هاوپەیمانەكانی پێڕەو دەكات كە دیار نییە ئامانجەكەی چی دەبێت و چ كاریگەرییەكی لەسەر هەژموونی سیاسیی وڵاتەكەی جێدێڵێت لەم ناوچەیە.
ترەمپ كە لە تویتەر دنیا بەڕێوە دەبات، لە تویتێكدا دەڵێ، "كوردەكان لەگەڵ ئێمە جەنگان، بەڵام ئێمەیش پارە و چەكی زۆرمان پێ داون, ئەوان 30 ساڵە شەڕ لەگەڵ توركیا دەكەن و من سێ ساڵ ئەو شەڕەم راگرت، بەڵام ئێستە كاتی ئەوە هاتووە لەم جەنگە بێ كۆتایە دەربچین و سوپاكەمان بگەڕێنینەوە وڵاتی خۆمان، هەروەها لەم كاتەدا شەڕ دژی داعش بۆ هەندی لایەنی تر بەجێ دێڵین".
كۆتا بڕیاری ترەمپ وەك بڕیارەكانی تری دوور بوو لە راوبۆچوونی شارەزا سیاسییەكانی ئەمەریكا و لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش گفتوگۆی نەكردبوو كە هاوبەشی سەرەكی ئەمەریكان لە هەموو روویەكەوە، وەك فڕەنسا، بەریتانیا و نزیكترین هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە كوردەكانن.
ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیتر ئەمەریكا بە رابەرایەتی سەرۆكە تویتەرییەكەی پشت لە هاوپەیمانەكانی دەكات و سیاسەتی دەرەوەی خۆی دەگۆڕێت بە گرنگیدان بە هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ فڕێدان و پشتگوێخستنیان، ئەمەش ئەمەریكا بەرەو ئاقارێكی نادیار دەبات.