ژن بووكەڵەی سێكس نییە

دێژین سدقی

ژن هاوبەشی پیاوە لەسەر رووی زەوی و لە ژیان, بە هیچ شتێك و لە هیچ روویەكەوە لە پیاو كەمتر نییە،  لە رووی ئەقڵ و توانا و خەون و بەدیهێنانی ئاواتەكان، هەر لەبەرئەوە دەبێت رۆڵی ژن كەمتر نەبێت لە هی پیاو، لە ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی كومەڵگەدا. بۆیە ژن تەنیا جوانی و سەرنجڕاكێشی و تێركردنی حەز و ئامێری سێكس و بەرهەمهێنانەوەی منداڵ نییە. بگرە دەبێت وا قبووڵ بكرێت كە كارەكتەرێكی سەرەكی كۆمەڵگەیە و توانای بەرهەمهێنان و داهێنانی هەیە و باشتر و دەستپاكتریشە لە پیاو بۆ بەڕێوەبردن.
پیاوی كورد لەبەرئەوەی بە كەسی سەرەكی رێگریكردنی ئازادی ژن دادەنرێت و هەر خۆی پێشێلی ئەو ئازادییە دەكات كە ژن دەیەوێت دەستەبەری بكات و توانای خۆی بخاتە ڕوو، كاتێك دەبینێت ژنێك هەوڵ دەدات ئەو چوارچێوە دەستكردە بشكێنیت كە لە دەوری ژن دروست كراوە، راستەوخۆ جۆرەها ستەم و توندوتیژی و رووشاندنی نامووس بەكار دێنێ بۆ سەركوتكردنی. رەنگە ئەمە پێوەندیی بەوەیشەوە هەبێت كە پیاو دڵنیایە لەوەی ژن لە خۆی توانای زۆرترە، بۆیە نایەوێ لەو لاوازییەدا خۆی ببینێت و لەو پێناوەدا جۆرەها بیانووی ئاینی و نەریتی پیسی كۆمەڵایەتی دەكات بە بیانوو بۆ خنكاندن و گۆشەگیركردنەوەی ژن یان خوشكەكەی.
زۆربەی پیاوی كورد، بگرە ژنیش، بە هەڵە لە خۆ ئازادكردنی ژن تێگەیشتوون و وا هەست دەكەن كاتێك ژنێك حەز بكات ئازاد بێت و شانبەشانی پیاو كار بكات و هێزی كار و ئەقڵی خۆی و بەهرەی زانستییەكەی لە خزمەت كۆمەڵگەدا بخاتە گەڕ و تەواوكەری ژیان بێت, ئەوكاتە پیاو بە دەرفەتی دەزانێت تەنیا سەیری لەشولار و جوانی ژن دەكات و هەوڵ دەدات بۆ مەرام و تێركردنی حەزە تێرنەبووەكانی بەكاری بێنێت. لەمەدا ئەوەی پێوەندی بە ژنەوە هەیە، ئەوەیە بەشێك لەم مرۆڤە ستەملێكراوە بۆ دەستەبەركردنی كار یان وەرگرتنی رەزامەندی رازی دەبێت بەو گەلەكۆمەیەی پیاو بە تاك یان بە كۆ دەیكەنە سەری و پێی وایە ئەگەر قبووڵیان نەكات، كارەكەی لە دەست دەدات. لە كاتێكدا ئەركی دەوڵەت و دامەزراوەكانیەتی ئەو بوارانە بە یاسا رێك بخەن و ژن مافی خۆی بناسێت كە ئەو بۆ كار مووچە وەردەگرێت و دەوام دەكات نەك لە بەرانبەر لەشی و خزمەتی حەزی پیاو مووچە وەربگرێت. 
بەگشتی لەو پێوەندییەدا كە زۆر قسەی لەسەر دەكرێت، پێم وایە پیاو هەرچەندە تەماحپیس و چاوبرسی بێت، ناتوانێ زیادەڕۆیی بەسەر لەشی ژنەوە بكات ئەگەر ژنەكە خۆی رازی نەبێت، بۆیە لێرەدا ئەو كێشەیە دێتە بەردەممان كە ژن تا چەند مافەكانی خۆی و ئەركی لەكاتی دەرەوەی ماڵ و كاردا دەناسێت.
پیاوی كورد ئەقڵی ژن بە گرنگ نازانێت و نایشیەوێت ددان بەوەدا بنێت ئەم بوونەوەرە كە نموونەیەكە لە دایكی، شایانی ژیان و سەربەستی و بڕیاردانە، بەڵكو لە روانگەی پیاوانەی پەروەردە نەكراوەی خۆیەوە سەیر دەكات و لە دیدی ئەوەیە ژن تەنیا بابەتێكی سێكسییە و هیچ مانایەكی تر نادات بە دەستەوە، بۆیە بەردەوام و بێ ماندووبوون و بەخۆداچوونەوە، كار لەسەر بەكارهێنانی ژن بۆ بەرژەوەندی خۆی دەكات، تەنانەت زۆرینەی پیاو چەند جارێكیش رووبەڕووی بەرهەڵستكاری ژنان و رەتكردنەوەی حەزە نامرۆیییەكانی دەبێتەوە، بەڵام چونكە پەروەردەكەی خراپە، كاریگەریی لەسەر ئەقڵی دروست ناكات و هەر نیو سەعات دواتر لە هەمان چاویلكەی سێكسییەوە هەوڵ دەدات ژنێكی تر بخاتە ژێر باڵی خۆی. لێرەوەیە ژن وەك بووكەڵەی سێكسی دێتە بینین بۆ تێركردنی پیاو و بیر لە هیچ شتێكی تری ئەو مرۆڤە هەست ناسك و هەستیارە ناكرێتەوە.
دیتنی ژن بە كەمئەقڵ لە لایەن پیاوی كوردەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەندێك بیروبۆچوونی ئاینی و كۆمەڵگە كە لایەنە كۆمەڵایەتییەكەیش هەر هەڵقوڵاوی ئاینە, پێیان وایە ژن تەنیا بۆ چێژبەخشین و منداڵ دروستكردن هاتووەتە بوون و ناتوانێ خۆی بەڕێوە ببات یان ئەگەر بڕیارێكی دا كەموكرتی هەیە، لە كاتێكدا ئەمە هیچ بنەمایەكی زانستی نییە و دەیان جاریش سەلمێنراوە، بەڵام سەیر لەوەدایە پیاو نایەوێت لەو رووەوە تێبگات و بیریشی لێ ناكاتەوە بۆ ئەوەی ئەقڵی بەرژەوەندخوازانەی خۆی بەردەوام بێت، تەنانەت ئەو پیاوانەی هەست بە هۆشیاری ژنە نزیكەكانیان دەكەن، جۆرەها پلان دەگرنە بەر بۆ ئەوەی سەركوتی هۆشیارییەكەی بكەن و خۆی بە لاواز بزانێت.

AM:10:21:08/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 2032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌