فۆبیای خەندە و دڵخۆشیمان ھەر خۆمانین

دیار عادل 
 
ئێمە میلەتێکی مڕومۆچ و توڕە و عەبووسین. شەرمۆک و خەفەکەری ھەستەکانی ناخمانین. ئەوە ناکەین کە لە ناوەوە داوامان لێ دەکرێت. نەک تەنیا بۆ خۆمان کە بەربەستین لە گوزارشتکردنی ھەستەکانمان، بەڵکو بۆ بەرانبەرەکانیشمان مۆتەکەیەکین لە ھەمبەر ڕەفتار و جووڵە و ستایل و حەز و ویستەکانیان.

لە دنیادا تەنیا وێنەی کەسی زیندانیکراو و وێنەی مەعامەلات بە شێوەیەکی ئاسایی دەگیرێت کە دەبێت تیایدا ڕوخسار شێوەیەکی ئاسایی بنووێنێت. ھەرچی شێوازی وێنەکانی ترە پڕە لە گوزارشتکردنی حاڵ، خەندە و پێکەنین و جووڵەی لەش, بۆیه‌ دەبێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی ھەستی کەسەکە. 

دانس و داوەت و ھەڵپەڕکێ کردەیەکی شادییە و ھاڕمۆنی نێوان جووڵەی لەش و میوزیکە.  کەس لە دڵتەنگی و خەمدا دانس ناکات، وەلێ کورد ببینە کە دانس (شایی) دەکات ھەر دەڵێی ڕۆبۆتێکە، جگە لە لاق و دەست و شان جووڵاندن، ڕووخسارمان دەڵێی لە دۆخی شین و ماتەمی ڕۆژی عاشورادایە.! ئێمە لە ئاھەنگ و زەماوەند بۆ چۆپی کێشان مرۆڤ دەکوژین، ئێمە شادییەکانیشمان ئامرازێکە بۆ ڕق و کینە. بۆیه‌ دەیان کێشەی کۆمەڵاتی لە زەماوەندەکان دروست بوونە.

کاتێ لەسەر ڕێگای چوونە زانکۆ یا شوێنی کار یا گەڕانەوە بەرەو ماڵ بەھۆی بیستۆکە (ھێتفۆن)ی مۆبایلەکەتەوە گوێبیستی گۆرانیەک دەبیت، ناتوانی لەگەڵ ڕیتمی میوزیک و گۆرانییەکە گوزارشتێکی شادی بنووێنیت، جووڵە بکەیت و لەبەر خۆتەوە گۆرانییەکە بڵێیتەوە. کۆمەڵگا بۆ نێرینەکان بەمە دەڵێن عەیب و نەنگی شەرم و حەیا. ھەرچی بۆ مێینیشە ئەم کردەیە جۆرە قەدەغەیەکی ھەیە تا ئاستی سزای مەعنەوی و جەستەیی و نەفره‌تکردنی دەڕوات. 

ئەم دۆخەی باسی دەکەم دەلالەتە لە بوونی چەند ھۆکارێک: 

١- خۆنەبوونی تاک و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بەوەی کۆمەڵگا چی لەلا جوان و گرنگە، نەک خۆی.

٢- کولتووری کوردی کولتوورێکی شەرمنە، شەرمیش خۆی جۆرێکە لە نەخۆشی دەروونی. 

٣- باکگراوندێکی تراژیدی، کۆمەڵگا و تاکی کوردی بەھۆی کەڵکەبوونی دۆخی ناھەمواری سیاسی و ئابووری و ژینگەیی ھێندە لە ھەوڵی مانەوەدا بووە لە ژیان نەپەرژاوەتە سەر دروستکردنی فەرھەنگێکی  شادی (تەشویق).

٤- نەکرانەوەی کۆمەڵگا بە ڕووی کولتوورە جیاوازەکان و ھونەر و فەرھەنگی نەتەوەکانی تر، ڕاستە بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و سۆشیاڵ میدیاوه‌، جیھان بووه‌تە گوندێکی گەورە، لێ ھێشتا کۆمەڵگای کوردی نەیتوانیوە لە تەک کولتوور و ھونەرە جیاوازەکانی دنیا پەرە بە کولتوورێکی کراوە و شادیئامێز بۆ خۆی بدات. 

٥- ھەستکردن بەوەی ئەو دەربڕینەی ناخ تووشی بەرھەڵستی دەوروبەر و جیابوونەوەمان لە ڕیتمی کۆمەڵگا و تووشی نەفره‌تی کولتوور ببین. ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا لاوازی كه‌سایه‌تیی پێشان ده‌دات كه‌ ناتوانێ گوزارشت له‌ خۆی بكات.

دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت كه‌ کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە چارەسەری خێرای ھەمە لایەنە هه‌یه‌ بۆ دەربازبوونی لەم دۆخە کەئیب و عەبەسیبوون و توڕە و شەرمن و خەمناکەی. پێویستمان بە تەکانێکی ھزرییە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پڕ لە شادی و ژیان دروست بکەین بۆ نەوەکانمان. پێویستە گۆرانی و میوزیک و شانۆ و سینەما و دانس و داوەت ببێت بە ژەمە خۆراکێکی ڕۆحی، ببێت بە کردەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام بۆ نوێبوونەوەی خانەکانی دڵ و ڕۆح و مێشکمان. 

AM:10:20:10/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 433 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌