هه‌موو پزیشكێك چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی له‌ لا نییه‌

دیار عادل

 تۆ ئه‌گه‌ر سه‌رت بیه‌شێت، ده‌بێ بڕۆیت بۆ لای پزیشكێكی پسپۆڕ له‌ مێشك و ده‌مار نه‌ك پزیشكی هه‌ناو. كه‌ ددانت بیه‌شێت پێویستیت به‌ پزیشكی ددانه‌ نه‌ك پزیشكی پێست. كورد بۆ به‌شداری له‌ حكوومه‌تی ئه‌مجاره‌ی عێراق، ده‌بێ به‌ دووی پزیشكێك بێت پسپۆڕ و شاره‌زا بێت له‌ ده‌رد و نه‌خۆشییه‌كانی كورد له‌ عێراق و ڕه‌چه‌ته‌ی ده‌رمانی چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی به‌ زاخاوی حیكمه‌ت و دانایی بۆ بنه‌خشێنێت و تیماری ده‌ردی چوار ساڵی ڕابردووی بكات. 

دروست وایه‌ كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پۆستێكی ته‌شریفاتییه‌، به‌ڵام به‌ده‌ر نییه‌ له‌ ڕاگرتن و پاراستنی مافی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی وڵات و چاره‌سه‌ركردنی ئاریشه‌ سیاسی و ئابووری و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان. ئه‌مه‌ له‌ چوارچێوه‌ ده‌ستوورییه‌كه‌وه‌ ناكرێ، به‌ڵكو به‌نده‌ له‌سه‌ر توانا و لێهاتوویی و كه‌سایه‌تیی كاریزمایی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌سه‌ر فه‌رشی سوور ده‌چێته‌ كۆشكی سه‌لامه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م ببێت به‌ سه‌رۆك كۆمار چی؟
له‌ ناو جه‌نجاڵی و ئه‌و كێشمه‌كێشی سیاسی و تایفی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زه‌وییه‌ی عێراق، ئه‌و پزیشكه‌ كێیه‌ كه‌ ده‌رمانی چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی لایه‌؟ 
دكتۆر به‌رھه‌می سه‌رۆكی پێشووی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی كه‌ به‌ مه‌رجی بوون به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ناو حزبه‌كه‌ی پێشووی كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانییه‌ و ساڵێكه‌ سه‌نگه‌ری دژایه‌تی لێ گرتوون به‌ پاساوی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و قۆرخكاری ده‌سه‌ڵاتی ده‌ڤه‌ری سلێمانی، كه‌چی  ئێسته‌ به‌ربژێری ئه‌و حزبه‌یه‌ بۆ بوونی به‌ سه‌رۆك كۆمار.

به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه‌ كه‌سێتی به‌رهه‌م ساڵح به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ "سیاسییه‌كی ژیره‌ و زمانزانێكی به‌ توانایه‌ و خاوه‌نی پێوه‌ندییه‌كی باشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان و ئێرانییه‌كانیش"، به‌ڵام ئاخۆ ده‌توانێ ببێت به‌و پزیشكه‌ی چاره‌سه‌ری ئاریشه‌كانی عێراق و كوردستان بكات؟ 
ئه‌گه‌ر به‌راوردكارییه‌ك له‌ نێوان به‌رهه‌م ساڵحی به‌ربژێر و جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێراق بكه‌ین، چی چنگ ده‌خه‌یت و چی ڕوون ده‌بێته‌وه‌؟  

جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتیی نیشتمانی و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م و بڕیارده‌ری ئه‌و حزبه‌ و ھه‌رچی ھێزی پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگه‌ی زانیاری و دژه‌تیرۆر و دارایی ئه‌و حزبه‌ له‌ ژێر كۆنتڕۆڵیدا بوون، ئه‌وكاتیش كێشه‌كانی یه‌كێتی به‌م جۆره‌ی ئێسته‌ نه‌بوون و پێوه‌ندیی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزبه‌كان له‌و كاته‌دا له‌ چاو ئێسته‌، گه‌لێك باشتر بوو. تاڵه‌بانی ئه‌وكات خاوه‌نی پشتگیریی ته‌واوی مه‌سعوود بارزانیش بوو. ده‌توانرێ بگوترێ كه‌ ئه‌و نوێنه‌ری سه‌رجه‌م هێزه‌ كوردییه‌كان بوو و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانیش بوو له‌ بری كورد له‌ عێراقدا. له‌لایه‌ن پێكھاته‌ و هێزه‌ جیاوازه‌كانی عێراقیش جێی متمانه‌ و سه‌نگ و قورسایی بوو، ده‌یتوانی سه‌رجه‌م پێكھاته‌كانی عێراق له‌ كۆشكی كۆمار كۆ بكاته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری یه‌كجاره‌كیشی پێ نه‌بووایه‌، ئه‌وا بۆ زه‌مه‌نێكی كاتیش بووایه‌، ده‌یكردن به‌ دۆست.

له‌باره‌ی به‌رهه‌م ساڵحیشه‌وه‌ باسمان له‌وه‌ كرد چ كه‌سێتییه‌كی هه‌یه‌ و خاوه‌ن چ ئاستێكی پێوه‌ندی دیپلۆماسییه‌. به‌ڵام ناكرێ ئه‌وه‌ له‌ یاد بكه‌ین كه‌ ئێسته‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌ دۆخێكی ته‌واو ڕوو له‌ لێژییه‌ و باره‌كه‌ی به‌سه‌ردا كه‌وتووه‌. چ له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی، چ له‌ لایه‌ن حزبه‌ ھاوده‌نگه‌كانی، متمانه‌ی سیاسیی له‌ ده‌ست داوه‌. گه‌وره‌ترین حزبی عێراقیش له‌ په‌رله‌مانی عێراق كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، به‌ربژێری خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌یه‌ و به‌رھه‌م ساڵحی پێ قبووڵ نییه‌. ته‌نیا لایه‌نێكیش پاڵپشتی بكات، یه‌كێتیی نیشتمانییه‌. پاڵپشتی ئه‌و حزبه‌ش له‌ هیچ كاتێكدا جێی متمانه‌ی ته‌واوی نییه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕابردووی هه‌ڵوێست و جووڵه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و حزبه‌ به‌ دیار ده‌كه‌وێت و ئێسته‌ش گیرۆده‌ی نه‌خۆشیی باڵباڵێن بووه‌. 

دۆخی سیاسیی به‌رهه‌م ساڵح له‌ دوای كۆچی جه‌لال تاڵه‌بانی، وه‌ك منداڵێكی باوك مرده‌ وابوو له‌ ناو یه‌كێتی، چیتر وه‌ك قوتابییه‌كه‌ی مام مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌ و ده‌سه‌ڵات و قسه‌كانی ته‌نیا له‌ لای خۆی ڕۆیشتووه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی جێهێشتنی ڕیزه‌كانی ئه‌و حزبه‌ و دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌ یه‌ك ساڵییه‌كه‌ی.  

ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بگوترێ ئه‌وه‌یه‌، سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی تاڵه‌بانی به‌و پێگه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی و هێز و پاڵپشتییه‌وه‌، ته‌نیا ده‌یتوانی به‌ میتۆدی چه‌سپاندنی سیكۆتینی دۆخه‌كه‌ ڕابگرێت و له‌ دوای خۆی ڕیسه‌كه‌ی ده‌بوو به‌ خوری و سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق تێكبه‌ربوون. 

ئاخۆ ده‌بێ ئه‌م دكتۆره‌ كه‌ ته‌نیا خه‌ونی بینینی كۆشكی سه‌لام و فه‌رشه‌ سووره‌كه‌یه‌تی، توانای به‌رده‌وامبوونی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی نه‌بوو كه‌متر له‌ ساڵێك، چۆن به‌رگه‌ی چوار ساڵی ئه‌م پێگه‌یه‌ ده‌گرێت له‌و عێراقه‌ی كه‌ هیچ كه‌سێك شا به‌ سه‌پان ڕاناگرێت و كه‌س گوێ بۆ هیچ كه‌س ناگرێت. ئاخۆ ده‌بێت له‌ دوای ئه‌م سه‌نگه‌ر گۆڕینه‌ی ئه‌م دكتۆره‌، ده‌بێ ببێته‌ جێی متمانه‌ی كێ و كێ گوێی بۆ ده‌گرێت و بڕیار و گوتاره‌كانی تا كوێ بڕ بكات؟

AM:10:24:03/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌