ڕێبین نه‌وزاد
عێراقچییهكانی نیشته‌جێی كوردستان، هه‌میشه ده‌یانه‌وێ ڕوویه‌كی ناشیرین بده‌ن به حكوومه‌تی هه‌رێم و سیمایه‌كی زۆر جوانیش بده‌ن به حوكمڕانیی عێراق و شارستانییه‌ته‌كه‌ی!
ئه‌مه نه‌ك هه‌ر مایه‌ی پێكه‌نینه، به‌ڵكو كۆمیدیایه‌كه بۆ خۆی، ئاخر هاووڵاتییانی شاره‌كانی عێراق ئێسته‌یش كه پاره‌یه‌كیان ده‌ست ده‌كه‌وێت، ده‌یهێنن له شاره‌كانی كوردستاندا خه‌رجی ده‌كه‌ن، واته ئه‌گه‌ر شاری خۆیان له‌بار بوایه، چی وای لێ ده‌كردن ئه‌و سه‌تان كیلۆ مه‌تره ببڕن و بێن بۆ هه‌ولێر و سلێمانی و شار و شارۆكه‌كانی تری ئێمه؟
به دڵنیایییه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ته‌نگژه و نه‌هامه‌تییه، ئێسته‌یش هه‌ر شاره‌دێیه‌ك له هه‌رێمی كوردستان ده‌گری و به‌راوردی ده‌كه‌ی، هێنده‌ی دوو شاری مه‌زنی عێراق خزمه‌تگوزاری و بنه‌ماكانی ژیان وه‌ك ئاو، كاره‌با، ئاوه‌ڕۆ و خزمه‌تگوزارییه‌كانی تری تێدایه. هه‌ر ئه‌مه‌شه وا ده‌كات ده‌توانین بڵێین، بڕینی بودجه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه، تا ڕاده‌یه‌كی باش پێوه‌ندی به‌م بابه‌ته‌وه هه‌یه، ئاخر كاتێك هاووڵاتییه‌كی عێراقی به چاوی خۆی ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینێ، وێڕای ئه‌و بودجه كه‌مه و له به‌رانبه‌ردا شاره‌كه‌ی خۆی زیاتر له گوندێك ده‌چێت، بێ شك دڵی له حكوومه‌تی خۆی ده‌شكێ و به شكستخواردووی ده‌زانێ.
ئێسته‌یش له پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون له هه‌موو شاره‌كانی كوردستان، ده‌بینین به‌شێكی زۆریان عه‌ره‌ب تێیاندا نیشته‌جێن و وێڕای ئه‌و هه‌موو ته‌نگژه و نه‌هامه‌تییه‌ی حكوومه‌تی عێراق به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌یاندا هێناوه، هێشتا ترووسكایییهك ئومێد له عێراق نابینن و ئه‌وانی كه‌مێك به‌رژه‌وه‌ندیی دارایی‌یان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر كردبێ، ناگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان، چونكه ده‌زانن ئه‌مه‌ی ئێسته ده‌گوزه‌رێ كاتییه و هه‌میشه هه‌رێمی كوردستان شوێنێكی سه‌قامگیرتر و له‌بارتره بۆ ژیانێكی شایسته، ئه‌مه وێڕای كهشوههواكهمان. له به‌رانبه‌ردا هه‌ندێك كوردی عێراقی، بانگه‌شه بۆ حوكمێكی باشی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته شكستواردووهی به‌غدا ده‌كه‌ن.
له عه‌ره‌بێكی نیشته‌جێی هه‌ولێرم پرسی، بۆ ناڕۆیته‌وه، نابینی دۆخی ئێمه چیی لێ هاتووه؟ زۆر به سه‌رسوڕمانه‌وه پێی گوتم چیتان لێ هاتووه، ده‌ڵێی خۆتان له بیر چووه‌ته‌وه، ئێوه به‌رگه‌ی هه‌موو نههامهتییهكتان گرت، ئێسته گوایه به‌رگه‌ی ئه‌مه ناگرن؟ ئێمه له هه‌ستانه‌وه‌ی ئێوه دڵنیاین، بۆیه ناڕۆینه‌وه.
به‌ڵێ ئه‌مه ئه‌و عێراقه‌یه كه عێراقچییه‌كان له‌به‌ر چاوی تاكی كورددا، وه‌ك سوید و سویسرا وێنای ده‌كه‌ن! با سه‌یرێكی كه‌ركووك بكه‌ین، له دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و شاره حاڵه‌ته‌كانی دزی به ڕێژه‌ی %95 به‌رز بووه‌ته‌وه، هه‌ڵكوتانه سه‌ر ماڵان و ڕفاندنی ئۆتۆمبێل، هه‌فتانه زیاتره له 30 حاڵه‌ت، خاشاك و زبڵ به ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌نیوه، شاڕ بۆنێكی ناخۆشی گرتووه، بۆ مه‌گه‌ر حوكمداری ته‌نیا پێدانی مووچه‌یه؟ ئه‌ی خزمه‌تگوزاری، ئه‌ی ژێرخانی ئابووری، ئه‌ی پڕۆژه و سیمای جوان و پاكی شار، ئه‌ی پاراستنی ئاسایش و ژیانی خه‌ڵك؟
ئێسته‌یش زۆرینه‌ی ئه‌و شه‌قامانه‌ی له كه‌ركووك دروست كراون، له كابینه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بوون، بۆیه به هه‌موو پێوه‌رێك ئه‌م حكوومه‌ته وێڕای هه‌موو تێبینییه‌كانیش، سه‌ركه‌وتووتره له ئیداره‌دانی وڵات له چاو حكوومه‌تی عێراق. ئه‌وه قسه‌ی من و تۆ نییه، ئه‌وه بڕیاری عه‌قڵ و لۆجیكه كه هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك قبووڵ ناكات. حكوومه‌تی هه‌رێمی باشووری كوردستان، دوا چانسی كورده‌كانه ئه‌گه‌ر هه‌ر مه‌ترسییه‌كی بكه‌وێته سه‌ر، ئه‌وه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر شوناسی 40 ملیۆن كورد، كه‌واته ئه‌ركی هه‌ر یه‌كێكمانه بیپارێزین.