فه‌ریبورز مووسازاده
ڕوانگه‌ی مرۆڤ له ده‌لاقه‌ی عه‌قڵ و شهووده‌وه ده‌توانرێت ئافڕینه‌ری دنیای نوێ ئه‌و تاكه بێت.
تاك له كۆمه‌ڵگه‌دا به شێوازی جیاواز ده‌ژی, واته به ڕێژه‌ی بوونی هه‌ر تاكێ به‌و ڕێژه‌یه شێوازی ژیان بوونیان هه‌یه. شێوازی ژیانیش ده‌رهاویشته‌ی ڕامان و هزری تاكه‌كانه. به‌و شێوه‌یه كه ده‌فكرێت به‌و شێوازه‌یش ژیان به‌سه‌ر ده‌بات. به واتای تر خه‌یاڵ و هزری هه‌ر تاكێك دیزاینی كۆشكی ژیانی ئه‌و تاكه‌یه. چه‌نده به قووڵایی و ڕامانێكی فره‌ڕه‌هه‌ندی تێفكرینی هه‌بێت، به‌و ئاسته دیزاینه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه ئه‌گه‌ر له هاوكێشه‌ی بیروڕای قووڵه‌وه به‌ره‌و بیرێكی ڕووكه‌شی و لاواز هه‌نگاو بهاوێ ئیتاری كۆشكی ژیانی له له‌رزۆك و بێ هێز ده‌بێت.
مرۆڤ له پانتاییی ژیانیدا به‌ره‌وڕووی زۆر كێشه ده‌بێت، ده‌ربازبوون له هه‌موو ئه‌مانه بێگومان پێویستی به ڕێكاری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و ده‌سه‌ڵاتی هزری تاك یه‌كه‌م به‌رپرسه. بۆ ئه‌وه‌ی تاك به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی به‌خته‌وه‌ری ڕاكێشێت یان به‌ره‌و ڕێ هه‌ڵدێره‌كان ڕێبه‌ری بكات.
ده‌ربازبوون له ته‌نگژه‌ی وجوودی و شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ له سه‌ره‌تای ژیانه‌وه به‌رۆكی گرتووه. ئاین و ئاینزا خۆجێییه‌كان ته‌نانه‌ت ئۆله ئاسمانییه‌كانیش وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ ئه‌م پرسه كردووه به یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی، تێكسته ئاینییه‌كانیان.
گێژاوی پرسه چاره‌نووسه‌كانی مرۆڤ زۆر جار بووه‌ته هۆی نغرۆبوونی له پانتایی زه‌ریا بێ وه‌ڵامه‌كاندا.
پرسیار له مانای بوون، خۆی له خۆیدا له‌گه‌ڵ نه‌بوونی وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ مرۆڤ، هه‌رده‌م دیارده‌ی ناخۆشی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه. بۆ نموونه هیچخوازی "Nihilism". گێژاوی هیچخوازی و فه‌نابوونی مانا له زه‌لكاو و زۆنگی بیرۆكه‌ی ته‌سكی ئه‌و تاكه‌دا ده‌بێته هۆی له بیركردنی گشت واتا ڕاسته‌قینه‌كانی ژیان. تا ئه‌و ئاسته‌ی مرۆڤ له بوونه‌وه‌رێكی واتادار، ده‌بێت به بوونه‌وه‌رێكی بێ واتا و ته‌نیا وه‌ك بوونێكی بایۆلۆجی سه‌یر ده‌كرێت و هه‌موو هه‌ست و ڕۆحی له بنده‌ستی بیرۆكه‌ی ته‌سكی نیهلیزم سه‌ر ده‌بڕێت له‌پێناو ئه‌م باوه‌ڕه‌دا مرۆڤ له ناخه‌وه به‌تاڵ ده‌بێت و ده‌پووكێته‌وه.
هۆی پووكانه‌وه‌ی ناخ له ئاست بێ واتابووندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌وه‌رێكی گرینگی زانستی كه یه‌كێك له لقه‌كانی سایكۆلۆجیایه. یه‌كه‌م باس له پێوه‌ره‌كانی دوو ده‌روونناسی ناسراو ده‌كه‌ین و به‌پێوانه‌ی ئه‌وان "مه‌وله‌وی" هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، دوایی له ڕه‌هه‌ندی حیكمه‌ت و فه‌لسه‌فه‌وه باسێكی كورتی مه‌وله‌وی ده‌كه‌ین.
ڕه‌هه‌ندی سایكۆلۆجیا:
ده‌روونناسی گۆزارشته له ناخی مرۆڤ و مه‌به‌ستی شیكاری هه‌ڵسوكه‌وت و حاڵه‌تی ڕۆحی تاكه‌كانه. رۆچوون به‌ناو هه‌موو هاوكێشه و بیردۆزه‌كانی سایكۆلۆجیا ئه‌سته‌مه و ئێمه‌یش مه‌به‌ستمان نییه ئه‌و هه‌موو تیۆرانه باس بكه‌ین. به‌ڵام هێندێ له‌و بابه‌تانه‌ی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دۆخی ڕۆحی مه‌وله‌وی هه‌بووه، ئاماژه‌یه‌كی كورتیان پێ ده‌كه‌ین.
یه‌كه‌م: ڕوانگه‌ی ماسلۆ بۆ گه‌یشتن به لووتكه‌ی مرۆڤایه‌تی
* پێوه‌ری ئابراهام ماسلۆ:
بیرمه‌ندی ناسراوی ده‌روونناسی ئابراهام ماسلۆ له هه‌ڕه‌مه‌كه‌یدا كه به په‌یژه‌ی پێداویستییه‌كان ناوبانگی ده‌ركردووه .Maslows hierarchy of needs پێداویستی مرۆڤ به شێوازێكی زانستی پۆلێن ده‌كات:
Maslows hierarchy of needs
ماسلۆ ده‌ڵێت: 1% جڤاك مرۆڤی كامڵ و ته‌واو پێك دێنن. ئه‌وانی تر له پله‌كانی خواره‌وه جێگیر ده‌بن. خۆڕاستاندن قۆناغی دوای ئه‌و دێت كه مرۆڤ یه‌ك به‌یه‌كی ئه‌و پلانه‌ی بڕیبێت و تا دوا قۆناغ گه‌یشتبێت.
وه‌ك ماسلۆ باسی ده‌كات مرۆڤی كامڵ له "self_ actualization" وه‌ستاوه و هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت بگاته ئه‌و ئاسته‌یه. تاكێك له‌و پله وه‌ستابێت له كێشه و گرفتی ڕووكه‌شی ده‌روونی ڕزگاری بووه و له لێواره‌كانی هه‌ڵدێر دوور كه‌وتووه‌ته‌وه و داهێنان و ئه‌و خواسته جوانانه‌ی له ناخی ڕواون، هه‌موویان ته‌جه‌لی په‌یدا ده‌كه‌ن. مه‌وله‌وی بێگومان توانیویه‌تی ئیستاتیكای جوانی ناخی خۆی كه بریتی بووه له كۆشكێك له ئاكار و به‌ها جوانه‌كان، به شێوازی هۆزان دابڕژێت و ئه‌مڕۆش هه‌ر تاكێك له‌م دنیا ته‌كنۆلۆجییه‌دا بیه‌وێت سه‌یری ئه‌م كۆشكه بكات، بێگومان سه‌رسام ده‌بێت به‌و هه‌موو ئیستاتیكا بێوێنه‌یه كه له خشت به خشتی، وشه و واته جوانه‌كانیدا خۆی ڕازاندووه‌ته‌وه.
مه‌وله‌وی ئه‌ندازیاری بێ وێنه‌ی وشه و به‌كارهێنه‌رێكی زۆر كارامه له ڕووی مانا و واتایه. كاتێك ئه‌م زاته ده‌گاته ئه‌و ئه‌زموونه ده‌روونییه‌ی "ته‌جرووبه نه‌فسییه" خۆی، وه‌ك وه‌رگێڕێكی هونه‌ری ده‌یگوازێته‌وه بۆ دنیای وشه و له‌سه‌ر زمان دایده‌ڕێژێت، هه‌ست ده‌كه‌ی خۆیشت له‌م سه‌فه‌ره‌دا هاوڕا و هاوڕێ ئه‌و زاته بووی. زۆر به ساكاری و سانایی ده‌تبات بۆ دنیای لاهووتی و له دنیای ناسووت دوورت ده‌خاته‌وه. هاوڕابوون و هاوڕێیه‌تی مه‌وله‌وی زۆر چێژبه‌خش و پڕ سووده به تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌توانن له كۆشكی خه‌یاڵ و ئه‌زموونی ئه‌ودا سه‌ما بكه‌ن.
لێره‌دا به دوو ڕه‌هه‌ند و دوو چاویلكه‌ی جیاواز له یه‌كتر به‌ڵام به به‌ستێنێكی زانستی پۆڵێن بندیمان كردووه. له هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندا مه‌وله‌وی له پله‌ی به‌رز وه‌ستاوه. به بنه‌ما زانستییه‌كان وه‌ك زانستی سایكۆلۆجیا و زانستی فه‌لسه‌فه، له هه‌ردوو ته‌وه‌ردا ده‌بینین مه‌وله‌وی وه‌ك كه‌ڵه‌پیاوێكی به‌رز و گه‌شه‌كردوو جێده‌ست و پێگه‌ی دیاره و له لووتكه‌ی پێوه‌ره زانستییه‌كانی ئه‌و زانستانه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌وێت. بۆیه له درێژه‌ی باسه‌كه‌ماندا ئه‌و دوو خاڵه‌ی كه ئاماژه‌یان پێ كرا، زۆرتر شه‌نوكه‌وی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
*وه‌ك پێشتر باسمان كرد، له په‌یژه‌ی هه‌ره‌می پێداویستییه‌كانی ئابراهام ماسلۆ، ده‌بینین دوا قۆناغی بڕینی ئه‌م په‌یژه‌یه ده‌كاته لووتكه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه، ئه‌وه‌ش خۆڕاستاندنهself-actulization و فارسییه‌كه‌ی "خودشكوفایی" پێ ده‌گوترێت.
له ڕوانگه‌ی ماسلۆدا خۆڕاستاندن ئه‌و قۆناغه‌یه كه مرۆڤ بۆ بنیاتنانی خۆی، پێگه‌یاندن و گه‌شه‌دانی توانا و هێزی خۆی ڕۆڵی سه‌ره‌كی ببینێت. پێڕه‌سته‌كانی ماسلۆ بۆ ئه‌وه‌یه پیشانی بدات تاكێك ئایا گه‌یشتووه به‌م قۆناغه یا له چ پله‌یه‌كدا ده‌وستێته‌وه؟. به كورتی هێندێ له‌و خاڵانه ده‌خه‌ینه به‌رباس و شیكردنه‌وه. به هێنانه‌وه‌ی دێكۆمێنت له‌ناو ده‌قه‌كانی مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ بیردۆزه زانستییه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندیان پێكه‌وه، پێگه‌ی به‌رزی شاعیر زۆرتر ده‌رده‌كه‌وێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاماژه‌كانمان له چه‌ند خاڵ كۆ ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌یانخه‌ینه گه‌ڕ.
له سایكۆلۆجیای باسكراوی ماسلۆدا، كاتێ مرۆڤێك ده‌گاته پله‌ی خۆڕاستاندن واتا شكوفه‌یی، ده‌بێت خاوه‌نی چه‌ندان كاره‌كته‌ری تایبه‌ت به خۆی، به‌و خاڵانه ده‌توانین كه‌سایه‌تی خۆڕاستاو "خۆدشكوفا" بناسینه‌وه. بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه و هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌سه‌ر پێوه‌ره‌كانی ماسلۆ بۆ هه‌ریه‌ك له پێوره‌كانی ماسلۆ فاكتێك له شیعره‌كانی مه‌وله‌وی دێنینه‌وه تا بزانین مه‌وله‌وی گه‌یشتووه به ئاستی تاكێكی خۆڕاستاو یا نا؟
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هێندێ له پێوره‌كانی مه‌سلۆ بۆ تاكی خۆڕاستاو به كورتی ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌ین.
پێوه‌ره‌كانی خۆڕاستادن له تیوری ماسلۆدا بریتین:
۱- خۆڕاگر بێت له ناڕوونی داهاتوو، له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌كاندا وه‌ك خۆی هه‌ڵسوكه‌وت بكات.
مه‌وله‌وی له دێڕێكدا وا باس ده‌كات كه كه‌س نازانێت دنیا به‌ره‌و چ ئاقارێك ده‌ڕوات و داهاتوو چۆنه، بۆیه باشترین بژارده بۆ ئه‌م دۆخه ناڕوونه هه‌ڵبژاردنی لێبورده‌یییه "Tolerance"، كه مرۆڤ ده‌خاته ناو جۆره كایه‌یه‌كی ژیانه‌وه كه سه‌ربه‌ستی ناخی لێ ده‌ڕوێت و میهره‌بانی و دلۆڤان بوون، ده‌بێته به‌شێكی سه‌ره‌كی له شوناسی تاكه‌كه‌سی ئه‌و. لێبوردن و گه‌ردن ئازادی خه‌ڵك ده‌بێته خۆاستی ڕاسته‌قینه‌ی ناخی ئه‌و.
مه‌عدوومی له چامه‌یه‌كدا ده‌قاوده‌قی پێوه‌ری سه‌ره‌وه، ئه‌م دێڕه ده‌ڵێت:
كێ زانۆ چۆن بۆ ئه‌ی دنیای بادی
با ببۆنه به‌ین گه‌رده‌ن ئازادی
یان
حه‌یات و مه‌مات هه‌ردوهانه خه‌و
لێم مه‌علوم نیه‌ن ئید مه‌یۆ یا ئه‌و
خاڵی دووه‌م:
پێوه‌ری تری ماسلۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و تاكه ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی خۆی بكات به سه‌نته‌ر و حه‌ز به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خۆی بكات، دێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌سانی ده‌وروبه‌ری به واته‌ی تر خۆنه‌ویسته.
دیاره مه‌وله‌وی له درێژه‌ی ژیانیدا هیچ كاتێك به دوای ئاسووده‌یی ڕووكه‌شی نه‌بووه. بۆ دابینكردنی ئه‌و كه‌ره‌سته و ئامرازانه‌ی له ژیانی مرۆڤی ئاسایی‌دا ده‌بنه هۆی ئاسایشی هه‌وڵی نه‌داوه، به‌ڵكو به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ڕێكار و ڕێیه‌ك بووه كه كێشه ڕاسته‌قینه‌كانی دنیای مرویی چاره‌سه‌ر بكات.
نموونه‌ی شیعری بۆ ئه‌م باسه بریتین:
حه‌یاتم وه مه‌یل باڵای یارانه‌ن
مه‌یلم هه‌ر ئه‌و مه‌یل جارانه‌ن
یان
من كێیان خامه‌ت و یادم كه‌رده‌ن
حوسنت زیاد بۆ په‌ی دڵان به‌رده‌ن
یان
وه‌ی من په‌ی سه‌فای یاران هام ده‌م
ئای په‌ی ئه‌و سه‌یران ماردم و كه‌ڵ ره‌م
جگه له‌م شیعرانه ده‌توانین باسی سه‌هاتێكی مه‌وله‌وی بكه‌ین كه تا چه‌ند خۆنه‌ویست بووه و حه‌زی له‌وه بووه خۆی كێشه‌ی هه‌بێت به مه‌رجێك دڵی كه‌سێك نه‌یه‌شێت. هه‌روه‌ها ته‌نانه‌ت خۆی له‌ناو بچێت، به‌ڵام ڕووی كه‌س لای زه‌رد نه‌بێت. بۆ ئه‌م پێوه‌ره سه‌رهاتێكی مه‌عدوومی ده‌قاوده‌ق ئه‌مه‌یه كه له سه‌ره‌وه باسمان لێوه كرد، ده‌گێڕنه‌وه جارێك مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی به‌مه‌به‌ستی به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج به‌ره‌و مه‌كه ده‌كه‌ونه ڕێ، له به‌غدا هاوڕێكه‌ی پاره‌ی مه‌وله‌وی ده‌دزێت و دێته‌وه ناوچه‌ی خۆی و ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو ده‌كاته‌وه گوایه مه‌وله‌وی مردووه. كاتێ مه‌وله‌وی دێته‌وه ده‌ڤه‌ری خۆیان و كابرا ده‌بینێ، یه‌كسه‌ر دزه ڕه‌نگی زه‌رد ده‌بێت و زۆر په‌رێشان، كه‌چی ڕۆحی گه‌وره‌ی مه‌وله‌وی له جێی سووكایه‌تی، به‌و پیاوه ده‌ڵێ: ڕووی ئه‌جه‌ل ڕه‌ش بێت كه من ماوم خۆزگه بمردایام و تۆم به ڕه‌نگ زه‌ردی نه‌بینیایه. ئه‌وه گه‌وره‌یی ڕۆحی مه‌وله‌وی پیشان ده‌دات و له‌سه‌ر پێوه‌ره‌كه‌ی ماسلۆ ده‌وستێته‌وه كه ئاسووده‌یی خه‌ڵك پێش ته‌نانه‌ت حه‌یاتی خۆی داده‌نڕێت.
سێیه‌م:
خاڵێكی تر له په‌یژه‌ی ماسلۆدا ده‌بێت ئه‌و تاكه كه گه‌یشته لووتكه‌ی په‌یژه‌كه، كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر چالاك و لێهاتوو بێت، ئه‌م خاڵه زۆر به ڕوونی له ژیانی مه‌وله‌ویدا خۆی پیشان ده‌دات، مه‌وله‌وی پیاوێكی زۆر كارامه بووه، چ له ڕێی نووسینی ده‌ق، كتێب و چ له ڕووی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌مه چه‌شنه‌كانیه‌وه به ته‌واوی دیاره، مه‌به‌ست و ئامانجی گه‌وره‌ی نیشانه گرتووه و خۆنه‌ویستی و خزمه‌تكردن لای گرینگتر بووه.
وه‌ك میناك ده‌توانین به‌چه‌ند ڕه‌هه‌ند له چالاكییه‌كانی ئاماژه بكه‌ین كه هه‌م له رووی چالاكی هزری و هه‌م چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستی باڵای هه‌بووه.
ڕه‌هه‌نده‌كانی چالاكی مه‌وله‌وی بۆ ئه‌م پێوه‌ره بریتین:
چالاكی له بواری نووسین كه خۆی له چه‌ندان په‌ڕتووك و نامیلكه و كتێبدا ده‌بینێته‌وه وه‌ك:
.1 دیوانی مه‌وله‌وی شیعر به زمانی هۆرامی.
.2 ئه‌لفه‌زیڵه (اَلْفَچِیڵه): ٢٠٣١ شیعری به عه‌ره‌بی.
.3 ئه‌لفه‌وائێح (اَلْفَوٰائِح): ٥٢٧ شیعری به فارسی.
.4 عه‌قیده‌ی مه‌رزییه (اَلْعَقِیدَه‌ُ الْمَرْچِێّه): ٢٤٥٢ شیعری به كوردی.
.5 نامیلكه‌یێك سه‌باره‌ت به ته‌ریقه‌تی. نه‌قشبه‌ندی به فارسی.
الف: چالاكی له ڕووی سه‌فه‌ركردنه‌وه:
له ڕووی گه‌ڕان و چالاكی وه‌ك سه‌فه‌ركردن گه‌لێك شار و دێ گه‌ڕاوه وه‌ك ئه‌مانه: كرمانشان، جۆانڕۆ، هۆرامان، مه‌ریوان، سنه، بانه، سابڵاخ، خانه‌گای پاوه، هه‌ڵه‌بجه، شاره‌زوور، كه‌ركووك، خانه‌قین و به‌غدا و زۆری تر.
ب: چالاكی له پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی: مه‌وله‌وی له‌م ڕووه‌وه زۆر چالاك بووه. له عالمانی سوننه تا شیعه و كاكه‌یی له پاشا و وه‌زیر تا زیڤار و هه‌ژار، له شێخ و خه‌لیفه تا ده‌روێش و سۆفی. بۆ نموونه ته‌نیا هێندێ له‌و كه‌سایه‌تییانه ناو ده‌به‌ین كه مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵیاندا پێوه‌ندی هه‌بووه وه‌ك: شێخ عوسمانی نه‌قشبه‌ندی ناسراو به سیراجه‌دین، شێخ به‌هائه‌دین نه‌قشبه‌ندی، عومه‌ر زیائه‌دین، عه‌بدورٍِه‌حمان تاڵه‌بانی، حاجی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ، شێخ فه‌تاح كربچینه‌یی، مه‌حموود پاشای جاف، محه‌مه‌د پاشا، شێخ محه‌مه‌د جه‌سیم سنه‌یی، شێخ حه‌سه‌ن سازانی، شێخ یوسف نۆسمه‌یی، شێخ عه‌زیز جانه‌وه‌ره‌یی، ئه‌حمه‌د به‌گی كۆماسی، ساداتی خانه‌گای پاوه، شێخ عه‌بدوڵای داخی، غولام شاخانی ئه‌رده‌ڵان والی سنه، و زۆر كه‌سانی تر.
چواره‌م:
پێوه‌ری چواره‌م له هه‌ره‌می پێداویستییه‌كانی ماسلۆ ده‌بێت كه‌سه‌كه قسه‌خۆش و لێو به‌خه‌نده بێت. بۆ ئه‌م فه‌كته‌ره، به‌سه‌رهاتی مه‌وله‌وی كه ده‌یخوێنینه‌وه، ده‌بینین چه‌ندان داستانی خۆش و حیكایه‌تی به‌له‌زه‌ت له‌و زاته له په‌ڕتووكه‌كان، سه‌رچاوه‌كان و وێژه‌ی زاره‌كی بوونیان هه‌یه. ته‌نیا بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ته‌وه‌ره ئاماژه ده‌كه‌ین به دوو به‌سه‌رهاتی خۆش كه له ژیانیدا ڕوویان داوه. دیاره به‌هۆی كه‌م ده‌رفه‌تی حیكایه‌ته‌كان وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی كورت باس ده‌كرێت وه‌ك ئه‌مانه‌ی خواره‌وه:
به‌سه‌رهاتی یه‌كه‌م: حیكایه‌تی فه‌ره‌ج به‌رزه‌نجه‌یی
مه‌وله‌وی بۆ مۆركردنی شه‌جه‌ری سه‌یده‌كان ده‌چێته لای فه‌ره‌ج ناوێك له به‌رزنجه. كاك فه‌ره‌ج بۆ گاڵته مۆری ناكات، مه‌وله‌ویش به گاڵته ده‌ڵێت: فه‌ره‌ج.. فه‌ره‌ج ئه‌گه‌ر به شه‌رع ڕه‌فتار بكه‌یت ئه‌وه "خاتمه‌ی ابن حجر" ئه‌گه‌ریش نایكه‌ی ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ "ابن خنجر". له كۆتادا ده‌ڵێت، حه‌ره‌كه‌ی فه‌ره‌ج له حه‌ره‌كه ده‌خه‌م و ئه‌تكه‌م به "فرج".
به‌سه‌رهاتی دووه‌م:
ئه‌و پیاوه له كه‌لیانی پاوه و خۆڵكی مه‌وله‌وی ده‌كات و ده‌ڵێت قوربان په‌له‌ت كرد، ئه‌گینا كاوڕێكم دانابوو بۆت سه‌ربڕم. مه‌وله‌ویش ده‌ڵێ جا كه وایه ده‌گه‌ڕێمه‌وه. كابراش مه‌جبوور ده‌بێت كاوڕه‌كه‌ی بۆ سه‌ربڕێت. سه‌ربڕینی كاوڕی كابرای پاوه‌یی، ئه‌وه‌نده به‌سه‌رهاتێكی خۆش بووه ئێسته بووه‌ته قسه‌ی نه‌سته‌قی سه‌ر زاری شه‌قام.
پێنجه‌م:
پێوه‌ری پێنجه‌م له هه‌ڕه‌می پێداویستییه‌كانی ماسلۆ باس له‌وه ده‌كات كه مرۆڤ له‌م قۆناغه‌دا به ڕوانگه‌یه‌كی لۆجیكی سه‌یری دنیا ده‌كات.
مه‌وله‌وی له ڕامان و ڕۆچوونه‌كانی ژیاندا زۆر به شه‌فافی له‌گه‌ڵ گردوون موعامه‌له‌ی كردووه و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و پیاوه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ژیاندا، پڕ له حیكمه‌ت و زانایی بووه، گه‌شاوه‌بوونی ڕۆح، شادمانی ده‌روون و گوێنه‌دان به كێشه‌كانی ژیان هه‌ڵده‌بژێرێت. شادی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆحی، ده‌كرێت به سه‌نته‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ژیانی و ده‌رد و خه‌می ڕووكه‌شی وه‌لا ده‌دات. له شیعرێكدا ده‌ڵێ:
وه‌خته‌ن پیاڵه‌ی دڵه‌ی پڕجه ده‌ره
پڕ كه‌ی جه باده‌ی هه‌وای گه‌رده‌ن زه‌رد
چه‌نی گه‌رمی نه‌زم به‌زم پڕ شادی
بویاری وه ره‌غم ئه‌ی دنیای بادی
ئاشكرایه ده‌كرێت باس له پێوه‌ره‌كانی ماسلۆ زیاتر له‌مه هه‌ڵبگرێ، به‌ڵام ئه‌م چه‌ند خاڵه بۆ سه‌لماندنی پله‌به‌رزیی مه‌وله‌وی ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر پێوانه‌ی پێوه‌ره نوێكانی زانستی سایكۆلۆجیایش بوو.
* پێوه‌ری ڤیكتۆر فرانكل "Viktor frankl”
له زانستی سایكۆلۆجیادا فرانكل كه‌سایه‌تیی ناودار و خاوه‌ن تیۆری گه‌وری لۆگۆتراپییه Logotherapy كه ناوبانگێكی گه‌وره‌ی هه‌یه و به قوتابخانه‌ی "ماناده‌رمانی" ناوزه‌د ده‌كرێت. واتا ده‌رمانی یان لۆگۆتراپی چاره‌سه‌ركردن و ده‌رمانی مرۆڤ، له ڕێی دۆزینه‌وه‌ی مانای ژیان، یان گه‌ڕان به دوای واتادا mens search of meaning.
ئه‌م ده‌روونناسه كێشه‌كانی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه تاكه‌كان توانای دۆزینه‌وه‌ی مانای ژیانیان نییه به پێناسه‌ی تر فرانكل بڕوای به‌وه‌یه كه شیفا و ده‌رمانی تاك له ڕێڕه‌وی واتادا چاره‌سه‌ری خۆی وه‌رده‌گرێت.
گه‌ڕان به دوای مانای ژیان و كه‌شف و موراقه‌به‌ی نه‌فسی جیاوازی فرانكل له‌گه‌ڵ سیگمۆند فرۆیدا، ئه‌وه‌یه كه نرخی مرۆڤ له دۆزینه‌وه‌ی مانا و واتای ڕاسته‌قینه‌ی ژیانه، به‌ڵام فرۆید كه‌سێك كه به دوای هه‌ست و به‌های ژیاندا بێت لای ئه‌و نه‌خۆشه. به‌ڵام فرانكل پێی وایه كه‌سێك به دوای دۆزینه‌وه‌ی مانای ژیاندا بێت، ئه‌وه مرۆڤایه‌تی له ناخیدا چه‌كه‌ره ده‌كات و ئینسانبوونی ڕاسته‌قینه له ده‌روونیدا ته‌جه‌لی په‌یدا ده‌كات. له‌م ڕوانگه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت گه‌وره‌یی مرۆڤ له‌وه‌دایه به‌های مرۆیی له ناخیدا چرۆی كردبێت.
مه‌وله‌وی بێگومان له پۆلێنی بیردۆزه‌كه‌ی فرانكلدا، ئه‌و تاكه‌یه كه هه‌موو ژیانی ته‌رخان كراوه، بۆ دۆزینه‌وه‌ی واتای ژیان و مانای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان. دیاره شه‌نوكه‌وكردن و گه‌ڕان به دوای مانای ژیان گه‌وره‌ترین پانتایی له زه‌ین و بیری مه‌وله‌ویدا بۆ خۆی ته‌رخان بردووه. له هه‌ر ڕوویه‌كه‌وه سه‌یری ژیانی مه‌وله‌وی ده‌كرێت، ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و هه‌ڵكردنی مۆمێك بووه، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێی ڕاستی ژیان و مانا مه‌زنه‌كه‌ی.
گه‌ڕان به‌م شار و ئه‌و شار، ئه‌م دێ و ئه‌و دێ، ئه‌م مامۆستا ئه‌و شێخ، شتێكی تر نه‌بووه، مه‌گه‌ر ئه‌راگێڵبوونی ئه‌و زاته، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیان و واتا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هێندێ له شیعره‌كانی ده‌خه‌ینه ڕوو كه كتومت پێشانده‌ری حه‌ز و خۆشه‌ویستی ئه‌و بووه بۆ پرسیاره مه‌زنه‌كه، كه فه‌لسه‌فه‌ی هاتنمان و ڕۆیشتنمان له‌سه‌ر خه‌ریته‌ی ئه‌م ژیانه چییه؟
هه‌رچی دیت وه چه‌م شی وه سه‌فه‌ردا
هـــــه‌رچــی مه‌ویـــنی هــا نه گـــوزه‌ردا
كـــــه‌س حالـــَی نـه‌بی و هــیچ نــه‌فاما
ئه‌و په‌ی چێش ویه‌رد، ئێدُ په‌ی چێش ئاما
یان
های غه‌فڵه‌ت تاكه‌ی هام سه‌فه‌ر ویه‌رد
بیدار به خاو كاروان ویه‌رد
بزانین كێمان ڕاگه گوم كه‌ردین
كێمان مایه‌پووچ كێمان سوودبه‌ردین
ئه‌وه‌ی تا ئێره باسمان كرد ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه مه‌وله‌وی له تێڕامانی تیۆره‌كانی سایكۆلۆجیادا، له باڵاترین پله‌ی مرۆیی، پۆلێن ده‌كرێت و ده‌توانین بڵێین مرۆڤی كامڵ یا ته‌واوه.
*پێگه‌ی مه‌وله‌وی له پۆلێنه‌كانی حیكمه‌ت و فه‌لسه‌فه‌دا:
ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی له بواری حیكمه‌ت و فه‌لسه‌فه‌دا كار ده‌كه‌ن دنیا به چوار به‌ش دابه‌ش ده‌كه‌ن.
یه‌كه‌م دنیای لاهووت:
لاهووت له "الله" گیراوه و باڵاده‌ستی هه‌موو دنیاكانه كه دنیای خوداوه‌ندیشی پێ ده‌گوترێت. سێ دنیای تر خلقه‌تن و خلقه‌ت سێ مه‌رته‌به‌یه، دنیای سروشت واته هه‌مان ناسووت و دوو دنیای پێوار "علم غیب" كه بریتین له مه‌له‌كووت و جه‌به‌ڕووت.
لێره باس له‌وه‌یه كه مه‌وله‌وی زۆر به كه‌می خه‌یاڵی له دنیای ناسووت بووه. بێگومان مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی مادی له‌م دنیایه‌دا جه‌سته‌ی به‌ر ناسووت ده‌كه‌وێت و ناكرێت له‌م ڕاستییه وه‌ك فاكتێكی سه‌پێندراو حاشا بكات. به‌ڵام به دڵنیایییه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا، ئه‌و تاكانه كه‌م نین كه توانیویانه له كۆتوبه‌ندی دنیای ناسووت، باڵ بگرن و به‌ره‌و دنیای لاهووت بفڕن. فڕینی مرۆڤ به‌ره‌و ئه‌و مه‌رته‌به‌یه ئافرێنه‌ری ئینسانی كامڵه. ئه‌و مرۆڤه‌ی قامه‌تی ڕۆحیی گه‌شه‌ی ته‌واوی كردبێت، توانیویه‌تی ئه‌ودیو دنیای ناسووت ببڕێت و سه‌ربه‌ست و ده‌رباز ببێت. ئه‌وكاته ئه‌گه‌ر به چاویلكه‌ی ئه‌وان دنیا شرۆڤه بكه‌ین، ده‌بینین هه‌موو كایه‌كانی ژیانی ئاسایی، لای ئه‌وان ده‌بێته، یاریی منداڵانی سه‌ر كۆڵان. به‌ڵام خاڵی گرینگی ئه‌م هاوكێشه‌یه ئه‌وه‌یه ئه‌و مرۆڤه كامڵانه، كاتێك ده‌گه‌نه ئه‌و پله به‌رزه‌ی كه باسمان كرد، له گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ لای مرۆڤه ئاسایییه‌كان، خه‌ڵاتێكی پڕبه‌ها وه‌ك مانا مه‌زنه‌كان به دیاری دێنه‌وه.
مانای ڕۆحی و واتای قووڵ له چه‌مكی ژیان و مردن، تێفكرین و ڕامانی فره‌ڕه‌هه‌ند له‌سه‌ر مرۆڤ، ده‌سكه‌وتی كه‌ڵه‌پیاوانی ڕۆحی و تێكۆشه‌رانی گۆڕه‌پانی مانایه.
مرۆڤی ناسووتی كه ده‌بێته مێوانی كه‌ڵه‌پیاوی لاهووتی، سفره‌ی پڕ ده‌بێت له نوێكاری فام و زانایی لاهووتی و هێمای و ئیشاراتی پێوار.
میوه‌ی باخی لاهووتییه‌كان بو ناسووتییه‌كان له ڕێی شه‌ته‌حیات، هۆزان، قسه‌ی نه‌سته‌ق ، كردار و نووسین ده‌گوازرێته‌وه بۆ مرۆڤی سانای سه‌ر شه‌قام. مرۆڤی سانا و ئاسایی، به پێی پیمانه و ده‌فری ده‌رك و فامی له‌وان، ده‌توانێت شه‌رابی حه‌قیقه‌ت بنۆشێته‌وه و مه‌ستی خه‌یاڵی باخی ئه‌ڤینیان بێت.
مه‌وله‌وی له پانتایی گۆڕه‌پانی واتایی و ڕۆحییه‌دا، وه‌ك شۆڕه‌سوارێكی كارامه و بوێر ئه‌سپی خه‌یاڵی تا قووڵایی واتا و مانا ڕۆحییه‌كان، تاو داوه و له ئاكامدا هێندێ له‌و ده‌سكه‌وتانه به شیعر و هه‌ڵبه‌ست هێناوه‌ته‌وه بۆ دنیای ناسووت. مه‌وله‌وی كه زۆرترین به‌شی نووسینه‌كانی ده‌مانڕفێنێت به‌ره‌و دنیای واتا.
*له ناسووته‌وه به‌ره‌و لاهووت :
پیرپاك جه گرد خاك ناسووتی
مه‌نزڵگه‌ی سه‌ربه‌رز سه‌ر مه‌له‌كووتی
دڵ و نه‌وای به‌زم جه‌به‌رووت ئاوا
سێراو سه‌راو لاهووتی ماوا
*له عاله‌مێكی كۆن و ته‌قلیدی به‌ره‌و عاله‌مێكی تازه
دیم عاله‌مێ تازه جه من هویدا بی
شه‌خسێ عه‌جیبتر جه من په‌یدا بی
* له به‌ردێكی بێ قیمه‌ت تا بلورێكی پڕبه‌ها:
وات سه‌نگی بیم كه‌فته‌ی هه‌واران
بێ قه‌در و قیمه‌ت ناڕه‌وای شاران
بیم به بلوورێ پڕ سه‌فا و نوور
لایق و سوحبه‌ت به‌زم سه‌لم و توور
* له وجوودی بێ مایه‌وه تا فامی ده‌روازه‌ی واجب ئه‌لووجوده‌وه
ئی گرد مه‌وجوودێ به تۆ گرت مایه
مه‌جوود هه تۆنی، ماسیوا سایه
ئاشكرایه مه‌وله‌وی زاتێك بووه له تێكۆشانی ڕۆحی و موسافیری دنیای ته‌سه‌وف و تێكۆشان و خه‌باتی زۆری كردووه تا به واته‌ی خۆی بگات به بلووری ده‌روون. تا هه‌موو ناخالێسی و د‌رك و داڵی له ناخیدا لێ بوه‌رێت. هه‌روه‌ك سه‌ردێڕی وتاره‌كه‌م ناوزه‌د كردووه به‌و شیعره‌ی مه‌وله‌وی كه ده‌فه‌رموێت:
"دیم عالمێ تازه جه من هۆیدا بی"
ئه‌وه یه‌كێك له دێڕه‌كانی شیعری تاقه بلووره كه حیكایه‌تی به‌رزبوونه‌وه و ڕامانی مه‌وله‌وییه له ئه‌زموونه ناوازه ڕۆحییه‌كه‌یدا، كه له ئاكامدا كرانه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌كی نوێیه به‌ره‌و دنیایه‌كی تازه‌ی ئه‌و. له‌و باوه‌ڕام یه‌كێك له به‌شه هه‌ره گرینگه‌كانی دیوانی مه‌وله‌وی ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌یه كه له هه‌ردوو ڕوانگه‌ی سایكۆلۆجیا و فه‌لسه‌فه‌وه، مه‌وله‌وی له مه‌رته‌به‌ی به‌رزی مرۆیی و ڕۆحی‌دا وه‌ستاوه.
له به‌شی سایكۆلۆجی هه‌م به پێوه‌ری ماسلۆ هه‌م به گۆشه‌نیگای فرانكل له لووتكه‌دا پۆلێن ده‌كرێت. مه‌وله‌وی له‌سه‌ر لووتكه‌ی هه‌ره‌می ماسلۆیه و له هه‌مان كاتدا هه‌ڵۆی به‌رزه‌فڕی واتای فرانكله و له نه‌رینی حیكمه‌ت و فه‌لسه‌فه‌دا موسافیری به تاقه و نه‌به‌زی دنیای ناسووت، به‌ره‌و ئاسمانی به‌رینی لاهووته. بێگومان ئه‌گه‌ر قاچی جه‌سته‌ی له دنیای ناسووتدا بێت ئه‌و قاچی تری كه لایه‌نه ڕۆحییه‌كه‌یه، له لاهووتدایه.
هه‌موو ئه‌مانه‌ی كه باسمان كرد. له تابلۆی شیعری تاقه‌بلووردا به ڕوونی خۆی پیشان ده‌دات. وه‌ك چۆن مه‌ولانای ڕۆمی ده‌ڵێت:
حاصل عمرم سه سخن بیش نیست
خام بدم، پخته شدم، سوختم
معدوومیش له شیعری تاقه‌بلووردا ئه‌ڵێت:
ورد بیم، جۆشم وه‌رد تاویامه‌وه
تا وه‌ی روتبه‌ی به‌رز سه‌ر نیامه‌وه
واتا چ مه‌ولانای ڕۆمی و چ مه‌وله‌وی تاوگۆزیی سێ قۆناغیان تا گه‌یشتن به پله‌ی به‌رز ئه‌زموون كردووه.
یه‌كێك ده‌ڵێت: خام بدم، پخته شدم، سوختم ئه‌وی تر ده‌ڵێت: ورد بیم، جۆشم وه‌رد تاویامه‌وه
شیعری تاقه‌بلوور به ڕوونی باسی خۆ پێگه‌یاندنی سۆفییه‌كی ناو خانه‌قایه كه سه‌فه‌رێكی به‌س دژواری له ناسووته‌وه تا لاهووت كردووه و دواجار ده‌بێت به پیری مه‌یكه‌ده‌ی عیرفان و خانه‌قای ده‌روون پڕداخان.
خه‌ریته‌ی گه‌یشتن به مه‌رته‌به‌ی بلوور بوون واتا كامڵبوون داده‌ڕێژێت و دواجار ئاكام و ئامانجی ژیان له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ڕێیه‌دا مانا ده‌كات.
شیعره‌كه باس له‌وه ده‌كات كه مه‌وله‌وی ڕۆژێ له ڕۆژان كه‌ره‌سته‌یه‌كی بلوورینی له هاوڕێكی خۆی پێ ده‌گات. مه‌وله‌ویش به‌و زه‌وق و سه‌لیقه هونه‌رییه تایبه‌ته‌ی خۆی له‌گه‌ڵ بلووره‌كه‌دا ده‌كه‌وێته وتووێژ. تا ڕوون ببێته‌وه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های بلوور له چیایه؟ بۆ هه‌موو كه‌سێك به ڕێزه‌وه معامه‌له‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات و هه‌موو كاتێ هاوده‌مو هاو پیاڵه‌ی شاه و وه‌زیره‌كانه. دیاره وتووێژه‌كه سیمبۆلیك و پڕ له لێچواندن و هێمایییه. وه‌ك ئه‌وه‌ی بلوور هێمایه‌ك له كامڵبوونی ڕۆحی مرۆڤه‌كانه. ئه‌م وتووێژه‌ی مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ بلووردا ته‌نیا به زمانی حاڵ و ئه‌زموونی شهوودی مانا ده‌كرێت.
پرۆسه‌ی به بلووربوون له به‌ردێكی بێ قیمه‌تی ناو هه‌رده‌وه تا بلوورێكی پڕ له سه‌فا و نوور داستانی كامڵبوونی ڕۆحی ئه‌و زاته‌یه. كه له‌م سه‌فه‌ره ڕۆحییه‌یدا مه‌وله‌وی دێت و به زمانی بلووره‌كه بۆ ئێمه‌ی باس ده‌كات كه چۆن له سلۆكدا ده‌بێت كێشه‌ی جۆراوجۆر به دڵ و گیان قبووڵ بكه‌یت تا لایه‌قی و شایانی به‌رزبوونه‌وه په‌یدا بكه‌یت.
ئه‌گه‌ر، ئه‌م كێشه و زه‌حمه‌ته زۆره‌ی له‌سه‌ر ڕێی سلووكدایه، تێت په‌ڕاند، ئه‌وه خه‌ڵاتی به بلووربوونت بۆ ته‌رخان ده‌كرێت و له پله‌ی به‌رزدا جێگیر ده‌بیت. ئه‌گه‌ر نا هه‌روه‌ك به‌ردی بێ قیمه‌ت ده‌مێنیته‌وه.
مه‌وله‌وی له گۆزارشتی ژیانیدا فێرمان ده‌كات له بێ قیمه‌تی ببین به خاوه‌ن قیمه‌ت و به‌ها. له به‌ردێكی ڕه‌قی بێ ڕۆح‌دا ببین به بلوورێكی پڕ له سه‌فا و نوور. له ناسووته‌وه بفڕین به‌ره‌و لاهووت. مه‌وله‌وی گه‌وره ئه‌ندازیاری ڕێی بلوورینكردنی ڕۆحی مرۆڤه. بۆیه پێویسته گۆێ ڕایه‌ڵی بین چونكه باش ده‌زانێ هاوكێشه‌ی بلووریكردن به كام ئاراسته‌دا تێده‌په‌ڕێت. بێگومان مه‌وله‌وی ئافرێنه‌ری مه‌زناهی واتایه و ده‌مانبات به‌ره‌و دنیایه‌كی نوێ كه واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆت لێ بدۆزیته‌وه و ده‌رگه‌ی دنیایه‌كی نوێت لێ ده‌كرێته‌وه. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت:
"دیم عاله‌مێ تازه جه من هۆیدا بی"
ئه‌م عاله‌مه تازه له رێی گه‌لێك سه‌خت و پڕ له هه‌وراز و نشێودا، تێده‌په‌ڕێت وه‌ك له درێژه‌ی چامه‌كه‌دا مه‌وله‌وی له زمانی بلووره‌كه‌دا باسمان بۆ ده‌كات. له كوتان به پیك تا ئاگری كۆره‌ی ئاسنگه‌ر و وردبوونه‌وه تا ئه‌و راده‌ی پێ بخه‌یته سه‌ر وجوودی خۆت و سه‌ركۆنه و سه‌ركوتی خۆت بكه‌ی.
گه‌یاندنی ڕۆح به دنیای تازه و نوێ و به بلووركردنی ڕۆح پڕ به‌هاترین وانه‌ی مه‌عدوومییه كه له كه‌شكه‌ڵانی ڕۆحی دلۆڤانی ئه‌ودا، ده‌به‌خشرێت به مرۆڤی سه‌رلێشێواوی سه‌رده‌م، تا ته‌وه‌لوودی دووباره‌ی ببێت و سه‌عاده‌ت و به‌خته‌وه‌ری نم نم له‌سه‌ری ببارێت.
سه‌رچاوه‌كان:
1.عه‌بدولڕه‌حیم مه‌وله‌وی تاوگۆزی، دیوانی مه‌وله‌وی، كۆكردنه‌وه و لێكۆلینه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس، سنه بڵاوكردنه‌وه كوردستان، 1389.
2- دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، ، هه‌ولێر ٢٠٠٤
3- -عه‌بدولڕه‌حیم مه‌وله‌وی تاوگۆزی، عه‌قیده‌ی مه‌رزییه، به شه‌رحی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس، به‌غدا، ١٩٨٨
4- مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس، یادی مه‌ردان، ده‌زگه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر ٢٠١١
5- میر به‌سری، ناودارانی كورد، عبدولخالق عه‌لائه‌دین، چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ٢٠٠٢
6- ده‌قه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی عه‌لائه‌دین سه‌جادی، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاریی كورد، به‌غدا، 1978
7-جسن فیست - گریگوری جی فیست، نڤریه های شخصیت فیست، ترجمه یحیی سید محمدی،ناشرروان، نوبت چاپ،پانزدهم، 1396
8- ویكتور امیل فرانكل،انسان در جستجوی معنی ،ترجمه مه‌ین میلانی، عباس میلانی، ناشر درسا، 1395
9- دوان پی شولتز-سیدنی ال‌ن شولتز، نڤریه های شخصیت، ترجمه یحیی سیدمحمدی ، نشر ویرایش1396
10- ابراهام مزلو و خودشكوفایی، هربرت ال. پتری، ترجمه جمشید مگهری گشی ، مجله معرفت شماره 69 شهریور1382
Dr. Viktor E. Frankl of Vienna, Psychiatrist of the Search for Meaning, Dies at 92” (en). The New York-11 Times Company, 4 September 1997. Retrieved 22 August 2012