خه‌باتی مه‌ده‌نی بۆ ئازادی

AM:10:13:19/04/2018 ‌
زێدان ته‌ها

ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌ له‌"ئازادییه‌"وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، ئه‌و ئازادییه‌ی چه‌ندان قۆناغی جیاوازی بڕیوه‌ تا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م فۆڕمه‌ی ئێسته‌ هه‌یه‌ و به‌رجه‌سته‌یه‌، ئازادی رێگری و ناله‌باری زۆری هاته‌ سه‌ر رێ و ڕووبه‌ڕووی جۆره‌ها كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی توندڕۆیی هاته‌وه‌، به‌ڵام پێویستی مرۆڤ به‌ ئازادی به‌هاكانی گه‌یانده‌ ئه‌مڕۆ, بۆیه‌ پێویسته‌ پێشه‌كی ئازادی بناسین و ناوه‌ڕۆكی بزانین بۆ ئه‌وه‌ی دوور بكه‌وینه‌وه‌ له‌و پێناسه‌ هه‌ڵه‌ و باوانه‌ی چه‌ندان ساڵه‌ به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت.

بۆ تێگه‌یشتن له‌ ناوه‌ڕۆكی ئازادی، گوته‌یه‌كی باو هه‌یه‌ ده‌ڵێ: كاتێك ئازادی من ده‌ست پێ ده‌كات، ئازادی تۆ ته‌واو ده‌بێت یان كه‌ ئازادییه‌كانی من ته‌واو ده‌بێت، ئازادی تۆ ده‌ست پێ ده‌كات. كورتترین پێناسه‌ی ئازادی دنیای مۆدێرنیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ ته‌واوی مانا ئازادی هه‌بێت به‌ جۆرێك جه‌سته‌، بیر و عه‌قڵ ئازاد بن، واته‌ به‌ته‌واوی مانا ئازادی فه‌راهه‌م بكرێت.

ڤۆڵتێر نموونه‌یه‌كی جوانی ئازادیمان پێشكه‌ش ده‌كات كاتێك ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ بیر و ئایدیای جان جاك ڕۆسۆ و پێی ده‌ڵێ، له‌گه‌ڵ تێزه‌كانت ناكۆكم بیركرنه‌وه‌ی جیاواز له‌ تۆم هه‌یه‌, به‌ڵام ئاماده‌م له‌پێناو ئازادی تۆ خۆم به‌ كوشت بده‌م. زۆر ڕه‌وایه‌ كاتێك ئێمه‌ به‌ ته‌واوی مانا داوای ئازادی ده‌كه‌ین و زۆر ڕاستیشه‌ كه‌ ئازادی ڕه‌ها نییه‌، بۆیه‌ كه‌ ئازادی من ده‌ستی پێ كرد، ئازادی تۆ ته‌واو ده‌بێت, له‌ خۆیدا سنووردانانه‌ بۆ ئازادی. به‌ڵام گرنگتر له‌ سنووردانان ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ كێ هه‌ڵده‌ستێ به‌ سنووردانان و كۆتوبه‌ندكردنی ئازادی؟ ئایا ڕه‌وتێك یان ئایدۆلۆجیایه‌ك هه‌ستێ به‌ سنووردانان یان یاسا هه‌ستێ به‌ سنوورداركردنی ئازادی و هێرش نه‌كردنه‌ سه‌ر ئازادییه‌كانی یه‌كتر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو بیره‌كان وه‌ك دوو هاووڵاتی له‌ به‌رده‌م یاسادا داوای ماف و ئازادی بكه‌ن.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی, له‌ خۆرهه‌ڵات و به‌ تایبه‌تیش كوردستانی باشوور, دوو ده‌سته‌ و گروو ئازادییه‌كانیان به‌ ته‌واوی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ له‌پێناو سه‌پاندن و سه‌رخستنی بیر و ئایدیای خۆیان، ئه‌وانیش یه‌كه‌م حزب كه‌ به‌ته‌واوی شۆڕ بووه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان, دووه‌م ئاین, به‌ جۆرێك بوون به‌ دوو ده‌ردی كوشنده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ژیان و مرۆڤیان دیل كردووه‌، ته‌واوی ئازادییه‌كانی عه‌قڵیان داگیر كردووه‌ و ڕێ ناده‌ن عه‌قڵ سه‌ربه‌ست بێت، ده‌یانه‌وێت به‌ سنوورداركردنی ئه‌م ئازادییانه‌ تیرۆری ئیراده‌ و بیری به‌رانبه‌ر بكه‌ن و باوه‌ڕیان به‌ پلۆڕاڵیزم نییه‌، پێویسته‌ عه‌قڵ ده‌ربازی ببێت و ته‌واو ئازاد بێت و ببێت به‌ چرا و ڕێڕه‌وی ژیان, ئه‌گه‌ر عه‌قڵم ئازاد بوو و باوه‌ڕی به‌ هه‌ر شتێك هێنا باوه‌ڕی پێ ده‌كه‌م, به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ باوه‌ڕی پێ نه‌هێنا باوه‌ڕی پێ ناهێنم، واته‌ عه‌قڵ سه‌روه‌ر بێت.

له‌ دوای خه‌باتی شاخ و ڕاپه‌ڕین و به‌ گشتیی مێژووی كورد خه‌باتی له‌پێناو ئازادی كردووه‌, ئه‌وكات زیاتر ئازادی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌, به‌ڵام دوای ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتن و گه‌یشتن به‌ قۆناغێكی نوێ, پێویسته‌ له‌ ڕێی خه‌باتی مه‌ده‌نی و مه‌عریفه‌ی نوێوه‌ كار بۆ ئازادی تاك بكه‌ین،  ته‌نانه‌ت ئازادی بیركردنه‌وه‌یش. له‌ كاتێكدا هه‌ر بیركردنه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ بابه‌ت بووه‌ به‌ بێ باوه‌ڕی و چه‌ندان تۆمه‌ت ده‌به‌خشرێته‌ خاوه‌نه‌كه‌ی.
بۆ ئه‌وه‌ی عه‌قڵمان ئازاد بێت، پێویستمان به‌ ئازادییه‌, ئه‌ویش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زاده‌ی دیموكراسییه‌، دیموكراسی وه‌ك خۆی سیسته‌مه‌ و یه‌كێك له‌ پایه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ كار بۆ به‌دیهێنانی لیبراڵیزم و ئازادی ده‌كات، به‌ڵام ئازادی خۆی سیسته‌م نییه‌، ئازادی شتێك نییه‌ بڵێی فه‌یله‌سووفێك یان سیاسییه‌ك یان ئاینێك ئازادی بنیات ناوه‌, به‌ڵكو له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌ و ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی لایه‌نه‌كانی ژیان, وه‌رگرتنه‌وه‌ و پراكتیزه‌كردنی ئازادییه‌كان فراوان بووه‌.

ئاین به‌ته‌واوی له‌مپه‌ر و ڕێگری سه‌ره‌كی بووه‌ له‌ به‌دیهێنانی ئازادی, كاتێك بانگخوازانی ئاین وای ده‌چرپێنن به‌گوێی خه‌ڵكدا كه‌ ئازادی بریتییه‌ له‌ بێ ئه‌خلاقی و تێكدانی ئاین، ئیتر به‌ته‌واوی ئازادی و ئاین وه‌ك دوو چه‌مكی دژیه‌ك ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و سه‌نگه‌ر له‌یه‌ك ده‌گرن، كاتێك ده‌بینی ئه‌وروپا به‌و هه‌موو ئازادییه‌ی هه‌یه‌تی قه‌شه‌یه‌ك و پیاوێكی ئاینی ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ گوته‌یه‌كی خوار و خێچ به‌رانبه‌ر كه‌سێك بكات و له‌ به‌رده‌م یاسادا وه‌ك دوو هاووڵاتی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت, كه‌چی لای ئێمه‌ وه‌ك جێنشینی "په‌یامبه‌ر" خۆیان وێنا ده‌كه‌ن و ده‌یان كه‌س له‌ به‌رده‌میاندا حه‌ی و حو ده‌كه‌ن، كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ بكۆكێت و ناتوانێت ڕه‌خنه‌ی لێ بگرێت و بپرسێ، كه‌ ڕاستییه‌كه‌ی پرسیاركردن به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروسته‌ و هه‌ر ئاینێكیش خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌یت فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی په‌یامێكی مرۆڤدۆستانه‌یه‌ به‌ ئیسلام، مه‌سیحی و بودایییه‌وه‌، هه‌موویان له‌پێناو فه‌راهه‌مكردنی ژیان هاتوون. 

سه‌ره‌نجام  چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ژیانێكی ئازادانه‌ بژین و ته‌واوی عه‌قڵ و بیر و ئه‌ندێشه‌مان ئازاد بێت، سه‌ره‌تا له‌و دوو ده‌رده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ڕزگارمان بێت، سه‌ره‌تا ده‌بێ له‌ ڕیفۆرمی ئاینه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین، خۆمان ڕزگار بكه‌ین له‌ ده‌مارگیری ئاینی و بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین، دواتر ده‌توانین گۆڕانكاری له‌ سیسته‌می سیاسی و حوكمڕانیدا بكه‌ین، ئێمه‌ هێشتا ناخ و بیركردنه‌وه‌مان پاكژ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، داوای گۆڕینی سیسته‌می سیاسی ده‌كه‌ین، پێویسته‌ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ڕۆحێكی ئازادیخوزانه‌وه‌ دروشمی ئازادی به‌رز بكه‌نه‌وه‌ به‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی و  مه‌ده‌نییانه‌ كار بكه‌ین بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و ئازاد.