خراپتر له‌ خیانه‌تكارانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌وانه‌ن كاتی ڕیفراندۆم به‌هه‌ڵه‌ ده‌زانن

چواس خالید

ڕوونه‌ له‌ ٢٥ی ئه‌یلوولی ٢٠١٧، سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی بارزانی، بڕیاری ڕیفراندۆمیان دا و به‌ زیاتر له‌ ٩٢%، كوردستانیان له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان سه‌ركه‌وتووانه‌ ده‌نگیان به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق و سه‌ربه‌خۆبوون دا.

ئه‌وكات زۆرینه‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كان پاڵپشتیان له‌ ڕیفراندۆم كرد و ئه‌وانه‌یشی كه‌ له‌گه‌ڵی نه‌بوون له‌ ڕۆژی ده‌نگدان شه‌رمنانه‌ ده‌نگیان پێ دا. كه‌چی دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، ئێسته‌ هه‌ندێك له‌و حزبانه‌ و كه‌سانێك په‌یدا بوونه‌ به‌ بیانووی له‌ ده‌ستدانی نیوه‌ی خاكی كوردستان، ڕیفراندۆم به‌ هه‌ڵه‌ و شكست داده‌نێن و داوای سزای ئه‌نجامده‌رانی ده‌كه‌ن!.

ئه‌و كه‌سانه‌ی گوایه‌ كاته‌كه‌یان پێ گونجاو نه‌بووه‌ و له‌ ده‌ستدانی نیوه‌ی خاكی كوردستان وه‌ك ده‌ره‌نجامی هه‌ڵه‌ی ڕیفراندۆم پیشانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ له‌ ڕێگای گه‌وجاندنه‌وه‌ به‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگن و به‌و كاره‌شیان ده‌یسه‌لمێنن به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا نین و له‌ خه‌می كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی خۆیان، بارزانی به‌ تاوانباری گه‌وره‌ی ڕیفراندۆم ده‌زانن.

ئه‌وانه‌ كه‌ ناتوانن دوور ببینن و هیچ پلانێكیان بۆ سه‌رخستنی دۆزی كورد نییه‌، جگه‌ له‌ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن، چاویان له‌ به‌رانبه‌ر ڕاستییه‌كان نوقاندووه‌ و نایانه‌وێت به‌ ‌بیر خۆیانی بهێننه‌وه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد ساڵه‌هایه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مافی ڕه‌وای سه‌ربه‌خۆبوون و ڕزگاربوونی له‌ ده‌ست ڕژێمه‌كانی عه‌ره‌ب و فارس و تورك، قوربانی داوه‌ و ئاماده‌یی قوربانیدانی زیاتریشه‌. نه‌ له‌ ڕابردوو و نه‌ ئێسته‌یش و نه‌ له‌ ئاینده‌شدا، كورد ڕۆڵه‌ی خۆی لێ زیاد نه‌بووه‌ و شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ گیانیان نه‌به‌خشیوه‌ میله‌ته‌كه‌یان له‌ هه‌رێمێكی سێ پارێزگایی سه‌ربه‌ به‌غداد دابنیشێت و سه‌ری خۆی كز بكات. دایكانی شه‌هید بۆ هه‌رێمێك كه‌ ته‌نانه‌ت زه‌وی و ئاسمانه‌كه‌شی له‌ده‌ست خۆیدا نه‌بێت، به‌رگه‌ی له‌ده‌ستدانی ڕۆڵه‌ و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ جه‌رگسووتانی بۆ هه‌تایه‌ نه‌گرتووه‌. خه‌ڵكی كوردستان ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ری و ماڵوێرانیان بۆ ئه‌وه‌ قبووڵ نه‌بووه‌، دیسانه‌وه‌ ئاڵای عێراق له‌سه‌ر ده‌زگاكانی میری بشه‌كێته‌وه‌ و به‌ فه‌رمانی به‌غداد به‌شێكی زۆری خاكه‌كه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانی تێدا یاساغ بێت. ڕۆڵه‌كانی ئه‌نفال و كیمیاباران بۆ ئه‌وه‌ ددانیان به‌ جه‌رگیاندا نه‌گرتووه‌، تا ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی بێت و وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك، گوێ له‌ مستی فه‌رمانه‌كانی به‌غداد بێت، حوكمی بكات و هتد...

كورد هه‌موو قوربانییه‌كانی بۆ ده‌ربازبوون له‌ ژێرده‌سته‌یی و خه‌ونی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆ بوونه‌، ڕیفراندۆم و ده‌نگدانی له‌ جوانترین پڕۆسه‌ی ئاشتیانه‌ی دیموكراسی به‌ جیابوونه‌وه‌ی له‌ عێراق، كه‌ وڵاتانی چاوچنۆكی زلهێز به‌زۆر پێیه‌وه‌ لكاندووه‌، بۆ هه‌ڵه‌ بوو؟!. چی هه‌ڵه‌ بوو، كاته‌كه‌ی؟

به‌ ‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد، باشترین و گونجاوترین كاتی بۆ ڕیفراندۆم پێكاوه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌وكاته‌ ڕیفراندۆمیان نه‌كردبا، پێویست بوو سه‌ركرده‌كانی كورد بخرێنه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئاخۆ به‌ڕاستی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌ كار ده‌كه‌ن یاخۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانیان.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داواكردنی ماف له‌ هه‌ر كاتێك و دۆخێكدا ئاساییه‌، به‌ڵام هه‌نگاونان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ و چه‌سپاندنی، پێویستی به‌ هێز و پێگه‌ هه‌یه‌. دیاره‌ شۆڕشه‌كانی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆبوون، یه‌ك و دوو نین و له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ تا به‌ر له‌ خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، له‌ ڕووی هێز و پێگه‌وه‌ هێنده‌ به‌هێز نه‌بووه‌، كه‌ له‌ شكاندنی داعشدا، پێشمه‌رگه‌ بووه‌ سومبوولی به‌رگری و پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی و وێردی سه‌رزمانی هه‌موو وڵاتانی زلهێز. ده‌ی له‌و كاته‌دا كه‌ كورد له‌وپه‌ڕی به‌هێزیدایه‌، داوای مافی خۆی نه‌كات و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی نه‌دات، ئه‌ی كه‌ی بیكات؟. ئه‌و كاته‌ی پیلانی كه‌مكردنه‌وه‌ و سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كرا؟.

ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕیفراندۆم به‌هۆی له‌ده‌ستدانی نیوه‌ی خاكی كوردستان ده‌زانن و پێیان وایه‌ ڕیفراندۆم نه‌كرابا ئه‌وه‌ی ئێسته‌ هه‌یه‌ ڕووی نه‌ده‌دا، ئه‌وانه‌ یان ئاگاداری سیاسه‌ت و ڕووداوه‌كانی ده‌وروبه‌ریان نین، یاخۆ ده‌یزانن و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تییان، خۆیانی لێ گێل ده‌كه‌ن.

تاكی كورد هۆشیاره‌ و درك به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌ك هه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان له‌ مێشكدا نییه‌، به‌ڵكو ئاماده‌ن له‌ دژیشی بووه‌ستنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆیانی بزانن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ڕووی دا. ئه‌وانه‌ خه‌می گه‌وره‌یان پاراستنی سامانه‌، تا له‌ هه‌رێمێكی فه‌رمانبه‌ری ناوه‌ند، خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكه‌ن، نه‌ك هێنانه‌ دی وڵاتی كوردان. بۆیه‌ پێویسته‌ تاكی كورد هۆشیارتر بێت تا به‌لاڕێدا نه‌برێت و چی دی قبووڵی نه‌كات كه‌سانێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ پیرۆزی نه‌ته‌وه‌ییان بخه‌نه‌ ژێر پێ و بێ ئابڕویییان بگاته‌ ئاستێك، هه‌وڵ و قوربانیدان له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌، به‌ تاوان له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن و خاكفرۆشی به‌ ڕزگاركه‌ر پێناسه‌ بكه‌ن.

ڕیفراندۆم ده‌ستكه‌وتێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ و گرنگی مێژوویی نه‌ته‌وه‌ییه‌، ئێسته‌ كورد به‌ده‌ستی هێناوه‌ و له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا ده‌توانێت به‌رزی بكاته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ریش نه‌بووایه‌، دۆخی كورد به‌و ڕۆژه‌ نه‌ده‌گه‌یشت؟.

PM:12:58:12/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌