بە فیڕۆدان واتە زیاد خەرجكردنی بێ ئامانج. ئەگەر سەیر بكەین لەم هەرێمەدا ڕۆژانە بە فیڕۆدانێكی زۆر دەبینین، هەر لە ئاو، كارەبا و سامانی وڵات، بگرە تا دەگاتە مرۆڤ خۆی. ئەمە كێشەیەكی مەترسیدارە بەرۆكی گرتووین و لێی بێ ئاگاین، یان دەمانەوێت خۆمانی لێ بێ ئاگا بكەین، بەڵام راستی ئەوەیە كە دەبێ لەم بابەتە هەستیارانەدا هۆشیار بین.
بڕوام وایە باشترین چارەسەر بۆ ئەم ڤایرۆسە پەرەدانە بە هۆشیاری و ڕۆشنبیریی تاك بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان لەم كێشەیە ڕزگار بكەین، ئێمە هەمیشە ئامراز و پێداویستییەكانمان بە گرینگ سەیر نەكردووە، بەهامان بۆ دانەناوە تا ئەوكاتەی لە دەستمان داوە، ئینجا دەست دەكەین بە ئاخ هەڵكێشان، لەوكاتەیشدا گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو ئەستەمە یان هەر ناتوانین بگەڕێینەوە.
لەم هەرێمە گەمەیەكی سەیر دەبینین بەوەی كەس ئاگاداری كەس نییە، هەریەك لە خۆیەوە بڕیار دەدات بێ ئەوەی پلانی بۆ كارەكەی هەبێت یان ڕاوێژ بە كەسانی شارەزا بكات، تاكەكان لای خۆیانەوە بەها بۆ پێداویستییەكانی ژیان دانانێن، بەتایبەت ئەوانەی لەبەر دەستمانن و كاریان پێ دەكەین. كەچی ئاگادار نین ئێمەیش تەنیا وەك ئامرازێك سەیر دەكرێین و بەهایەكمان نییە لای كاربەدەستان.
بە دڵی خۆیان دەمانجووڵێنن. هەریەكە و بەپێی دەسەڵاتی خۆی بەفیڕۆدان دەكات لەم كۆمەڵگە نوێیەدا لە كاسبكارێك ڕا بگرە تا دەگاتە وەزیرێك، هەموومان خەریكی بەفیڕۆدانین بێ ئەوەی ڕەحم بكەین بە دەوروبەرمان.
ئەگەر هەر ماڵێك لای خۆیەوە گڵۆپێكی كارەبا بكوژێنێتەوە، كەواتە بڕێكی زۆری كارەبامان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمەش سوودی بۆ هەموومان دەبێت، ئەی ئەگەر هەر كاربەدەستێكی ئەم هەرێمە لەو بڕە پارەیەی بۆی دیاری كراوە زیاتر نەبات؟ تەنیا مووچەكەی بێت، بێگومان ئەوكات بڕە پارەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
ئەگەر بەفیڕۆدان نەبووایە، ئەم خەڵكە بەو شێوەیەی ئێستە تووشی نەهامەتی نەدەبوو. كەوایە دەبێت خەڵك و دەسەڵات هۆشیار بن لەوەی بەفیڕۆدانێكی زۆر هەیە لە هەموو بوارەكان و ئەمەش مەترسی گەورە دروست دەكات. بۆیە پێویستە خۆمانی لێ بپارێزین تا لەوە زیاتر ئەم هەرێمە تووشی نەهامەتی نەبێت، بتوانین بە ئاسانی ژیان بكەین بە سامانە خواپێداوە لە بن نەهاتووەكانمان، دەبێت خەڵك و حكوومەت چاودێر بن بەسەر یەكەوە.
نابێ بهێڵین لەوە زیاتر كولتووری بەفیڕۆدان گەشە بكات، ئەمەش لە ڕێی سیستەمەوە دەكرێت بۆ نەوەكانی داهاتوو. گرینگترین سەركەوتن بۆ خۆڕزگاركردن لەم نەهامەتییە، پەرەدانە بە ویژدان و لێپێچینەوە لە خۆمان. هاوكات هەڵمەتی بەستنی كۆڕ و سیمینار و كردنەوەی خول بۆ خەڵك و راهێنانیان لەبارەی چۆنیەتیی خۆڕزگاركردن لە بەفیڕۆدان، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەی كێ خول بۆ بەفیڕۆدەرە زلەكان بكاتەوە؟ گرینگە خەڵك و كاربەدەستان كار بۆ نەوەی داهاتوو بكەن.
سەردەمی ئێمە خەریكە لە كۆتای نزیك دەبێتەوە، بۆ ئەمەش راگەیاندن ئەركێكی گەورەی لەسەرە بۆ بنبڕكردن یاخۆ كاڵكردنەوەی كولتووری بەفیڕۆدان. چونكە لەمە زیاتر گەشە بە بێباكیمان بدەین وڵاتێكی تاریك و وێران لە دوای خۆمان بەجێ دێڵین، بەڵام ئەگەر رێكی بخەینەوە، گریمان بۆ ئێمەیش نابێ، بەڵام خۆ نەوەكانی داهاتوو لە سایەی ئەو هەوڵەی ئێمەوە ژیانێكی خۆش و ئارام دەكەن.
گەردین فەیسەڵ