‎ژنبوون لە غیابی عەقڵدا

‎سەعدیە گەردی

بینینی جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا زیرەكی و توانایەكی لە ڕادەبەدەری پێویست نییە، بە تایبەتی لە كۆمەڵگەیەكی داخراو و دواكەوتووی وەك كۆمەڵگەی ئێمە، چونكە رۆژانە بە دەیان وێنە و دیمەن دەبینین و بارتەقای ئەوەش لێدوان و شرۆڤە دەبیستین كە نیوەیان زێدەڕۆیین لە شكۆداركردنی ژن و نیوەكەی تریش هەوڵدانە بۆ شكاندنی ئەو شكۆیە، بەبێ ئەوەی هەردوو بەرە بۆ جارێكیش بێت بوێرن ڕووبەڕوو دابنیشن و گفتوگۆ لەبارەی جیاوازی بۆچوونەكانیان بكەن.
‎بەرەی هێرشبەر بۆ شكاندنی ژن و لاوازتركردنی پێگەكەی، پەنا بۆ دەقە ئاسمانییەكان و گوتەی پێغەمبەر محەمەد و پیاوچاكان دەبەن و هەندێك جاریش بەدوای بەڵگەی زانستیدا دەگەڕێن بۆ سەلماندنی ئەوەی كە ژن خوای گەورە لە ئاستێكی نزمتر لە پیاو دروستی كردووە و پێغەمبەریش ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە و پیاوچاكانیش دروستی ئەو ڕێباز و ڕوانینەیان سەلماندووە، وەك چۆن زانستیش ئەوە دەسەلمێنێ، بەڵام ئایا ئەو بۆچوونانەی لەو چوارچێوەیەدا دێنە گۆ و دەخرێنە ڕوو، راستن؟ ‎ئەوانەیش كە بە ناوی بەرگری بە هەمان عەقڵ و میكانیزمی بەرەكەی تر وەڵام دەدەنەوە و هێرشكردنە سەر پیاو بە ئامانج دەگرن لە گەرمكردنی بازاڕەكە زیاتر نییە، بۆ ئەوەی كەسابەتییان هەڕمێنی زیاتر بێ و داهاتیان زیاتر بێت یان بەو هۆیەوە وا نیشان بدەن كە ژنان پێویستیان بەو جۆرە كەسانەیە بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەكانیان بكەن، بەڵام ئایا ئەو كەسانە چ لە ناو ڕێكخراوەكان بن یان لە دەرەوەی ڕێكخراو، توانیویانە بەرگریكار بن؟
‎هەوڵدان بۆ كەمكردنەوە لە یەكتر كارێكی نالۆجیكی و نەزۆكە، چونكە لە هەموو چركەیەكدا هەردوو ڕەگەز مەزنی و شكۆ و پێویستیان بە یەكتر لە بەرچاوە و لەگەڵیدا دەژین، هەردوولا بەرهەمی ئەو لەگەڵ یەك ژیانەن و بەرهەمی ئەو بڕیارەن كە هەردوو ڕەگەز داویانە بەوەی تەواوكەری یەكتر بن، نەك یەكێك باش و ئەوەی تر باشتر، نەك ئەمیان باڵا و ئەویتر باڵاتر، نەك یەكێك عەورەت و عەیبە بێ و ئەوەی تر شكۆ و شانازی.
‎ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستەواژە فەریكانە كە بەرهەمی عەقڵێكی فەریكن، پێویستیان بە عەقڵ و تێهزرینێكی پێگەیشتوو هەیە لە ڕوانگەیەكی مرۆیییەوە گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو رەگەز بكات و بەرگری لە مافەكانی هەردوولا بكات، وەك مافی مرۆڤ بوون نەك مافی مێ و نێر یان ژن و پیاو، چونكە ماف و ئازادی و شكۆی مرۆڤ یەكەیەكی پێكەوە گرێ دراون و نە بە ئاسۆیی و نە بە ستوونی دابەش ناكرێن، هەروەها نابەخشرێن، چونكە لە ئەزەلەوە هەن، بەڵام دەتوانرێ كار بكرێ بۆ ئەوەی چیتر زەوت نەكرێن و كەسانێكیان لێ بێبەش نەكرێ، بەو هۆیەی ڕەگەز یان ڕەنگ یان نەتەوەی جیاوازە، ئەوەش بە جێبەجێكردنی مادە و بڕگەكانی ناو جاڕنامەكانی مافی مرۆڤ پێك دێت، هەروەها بە جێبەجێكردنی یاسا لە چوارچێوەی وڵاتاندا.
‎كاتێك لە بەند و مادەكانی جاڕنامەكانی مافی مرۆڤ ورد دەبیتەوە، هەروەها لە یاسای وڵاتان كە ڕەچاوی ئەو جاڕنامانەیان كردووە، دەردەكەوێ كە گرفتی ئێمە لە تێگەیشتنە لە بەها و شكۆی مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەزەوە، نەك تەنیا ڕەگەزێك. چونكە بێبەشبوونی رەگەزێك لە مافەكانی باری مرۆڤایەتی لاسەنگ دەكات و تێكڕای كۆمەڵگە دەخاتە ژێر پرسیار.
‎ئەو پرسیارەی كە یاسا و ڕێساكان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و بە هەموو فۆڕم و تێگەیشتنەكان هەوڵیان داوە وەڵامی بدەنەوە، تا ئێستەیش بە نیوەچڵی ماونەتەوە، چونكە لە هەموو قۆناغەكاندا لاسەنگییەكی مەزن و كەلێنێكی گەورەی تێدا بووە كە لە رێیەوە ژن لە دەرەوەی چوارچێوەی شایەن بەخۆی مامەڵەی لەگەڵ كراوە و تا ئێستەیش ئەو دۆخە بەردەوامە، تەنانەت لە كۆمەڵگە ئازاد و پێشكەوتووەكانیش. چونكە ماف بە تەنیا بە داڕشتنی مادەی یاسایی دەستەبەر نابێ، بەڵكو پرۆسەیەكی مەعریفی و كولتوورییە و پێویستە تاك تێیدا بگات بە ئاستێك كە پرسی یەكسانی چیتر وەك پرسیارێك نەمێنێتەوە و وەك كێشە بەرۆكی مرۆڤایەتی بەربدا. 
ئەوەیشیان بە یەك ڕێ و یەك تێگەیشتن وەبەر دێ كە پیاو لە پیاوەتی خۆی وەك مرۆڤ تێبگات، نەك نێرایەتی خۆی وەك دڕندە.


AM:10:59:05/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 582 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌