سه‌عدیه گه‌ردی
گوزه‌رێك به ناو تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، به‌سه بۆ ئه‌وه تێبگه‌ین تێڕوانینی پیاوی كۆمه‌ڵی كورده‌واری بۆ ژن چۆنه، ته‌نیا ژماره‌یه‌ك كچ و ژن نه‌بێ كه ئه‌گه‌ر به ڕێژه‌ی سه‌ده‌ی دیاری‌یان بكه‌ین له باشترین حاڵه‌تدا له 20% تێپه‌ڕ نابن، وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان داناوه، ئه‌وانی تر یان وێنه‌ی منداڵه‌كانیان یان گوڵێك یان ئایه‌تێكی قورئانیان داناوه.
من ڕێ به‌خۆم ناده‌م خه‌ڵك له‌سه‌ر بڕیاره‌كانیان موحاسه‌به بكه‌م یان باشه و خراپه‌یان به سه‌ردا ببه‌شمه‌وه، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ قسه له‌باره‌ی ئه‌و عه‌قڵه بكه‌م كه ژن ناچار ده‌كات له ئه‌كاوه‌نتی تایبه‌تی خۆیان، واتا له ماڵی خۆیشیان نه‌وێرن راستیی خۆیان وه‌دیار بخه‌ن و به دڵی خۆیان له‌و ماڵه‌ی له‌ناو تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یانه، ئازاد بن. ئێمه باسی كام عه‌قڵ ده‌كه‌ین؟ ئایا ده‌توانین هه‌ڵگرانی ئه‌و عه‌قڵه ده‌ستنیشان بكه‌ین و بیانناسینه‌وه؟ با له‌و پرسیارانه‌وه ده‌ست به گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامدا بكه‌ین.
هه‌ر یه‌كێك له ئێمه ده‌توانێ بگه‌ڕێ و ته‌ماشا بكات پیاوه هاوڕێكانی چه‌ند وێنه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی یان كچه‌كه‌ی داناوه، چه‌ند پیاو وێنه‌ی ژنه‌كه‌ی داناوه و پێی ده‌ڵێ خۆشم ده‌وێی و له تۆ زیاتر كه‌سیتر نییه و له‌و جۆره قسانه، به‌ڵام سه‌ری ژنه‌كه‌ی په‌ڕاندووه یان له پشته‌وه وێنه‌ی گرتووه. چه‌ند پیاوی تر هه‌ن كه تازه ماره‌ی كچێك ده‌بڕن ئاماده نین وێنه‌ی خۆی و ده‌ستگیرانه‌كه‌ی بڵاو بكه‌نه‌وه، ته‌نیا وێنه‌ی كێكێك یان دوو ئه‌ڵقه داده‌نێن یان وێنه‌یه‌كی خۆیان و قۆڵێكی ده‌ستگیرانه‌كه‌یان داده‌نێن.
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا، ئه‌وه‌مان بۆ دیار ده‌كه‌وێ كه له عه‌قڵی زۆرینه‌ی پیاوی كورددا هێشتا ژن ته‌نیا شایه‌نی مه‌تبه‌خ و بنجێیه بۆ ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی پیاوه‌كه‌ی تێر بكات، ئه‌وه‌یشمان بۆ ده‌رده‌كه‌ێ كه عه‌قڵی پیاوه‌كانمان هێشتا نه‌یانتوانیوه ژن وه‌ك مرۆڤ و كه‌سێكی كامڵ و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی و بڕیار ببینن، هێشتا دنیابینی نێره‌كانمان به‌شی ئه‌وه ناكات ژیان له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر به‌ش بكه‌ن، به‌ڵكو هه‌ر كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر بكه‌ن به به‌شێك له دنیای خۆیان.
نیوه‌كردنی ژن له وێنه‌دا، یه‌كسانه به نیوه‌كردنیان له ماف و هه‌بوونیاندا، هه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یشه وای له پیاو كردووه ژنی نزیكی خۆی چ ده‌زگیران، هاوسه‌ر یان خوشك و كچ بێت، ڕێ پێ نه‌دات هه‌مان مافی ئه‌ویان هه‌بێت و وه‌ك چۆن ئه‌و حه‌ز ده‌كات وێنه‌ی خۆی و هاوڕێكانی بڵاو بكاته‌وه، وه‌ك چۆن خۆی شیعر ده‌نووسێ و هه‌سته‌كانی بۆ ده‌نیا ده‌خاته ڕوو، به‌هه‌مانشێوه ئه‌وانیش ئه‌و مافه‌یان هه‌بێت.
هه‌ر هه‌مان پیاو و عه‌قڵه ڕێ به‌خۆی ده‌دا به‌ناوی ئه‌خلاق و وه‌دیارخستنی پیاوه‌تی خۆیه‌وه، جوێن به‌و ژنانه‌یش بدات كه ئازادن و ده‌توانن تام له ساده‌ترین مافی خۆیان بكه‌ن كه ته‌نیا هه‌بوونی ژیانێكی ئاسایییه وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تر. ئه‌و عه‌قڵه ڕێ به خۆی ده‌دا به‌ناوی كۆمه‌ڵگه و شكۆی پیاوه‌تی و له پشت كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی بێ بنه‌مای كولتووری و عه‌شایه‌ری، وێنه‌ی ژن ببات و بیانكات به كه‌ره‌سته‌ی شه‌ڕی حزبی و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. هه‌روه‌ها ده‌یانكات به ئامرازی شه‌ڕی نێوان نێره‌كان كه به‌هه‌مان عه‌قڵی بیابانی یه‌كتری شكاندن و زاڵبوون به‌سه‌ر یه‌كتری له دزینی ژن و به تاڵانبرنی كچ و ته‌جاوزكردنه سه‌ریان، ببیننه‌وه.
ئێسته ده‌توانین له‌وه تێبگه‌ین بۆچی زۆرینه‌ی ژنان نا‌وێرن وێنه‌كانیان دابنێن، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ناشیرینن، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناشیرینن، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی باوه‌ڕیان به‌خۆیان نییه، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه باوه‌ڕیان به پیاو نییه، مرۆڤانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات.
له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه گرفت له ژنبووندا نییه، ئه‌وه‌نده‌ی گرفت له پیاوبووندا هه‌یه، چونكه كه‌م پیاو هه‌یه و نێر زۆره، نێره‌كانیشمان عه‌قڵ و بڕیاریان له ڕوانگه‌ی ڕه‌گه‌زی و سێكسییه‌وه ته‌ماشا ده‌كه‌ن و هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، بۆیه ژن یان ده‌بێ زه‌عیفه بێت و له بن سێبه‌ری پیاو خۆی بپارێزێ، یان ئه‌وه‌تا نێچیرێكه بۆ راوكردن.