دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمین، دەبێت تەڵاقی سێ بەسێ هەبێت لە نێوان گۆڕان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و باڵە ئیسلامییەكەی ناو بزووتنەوەی گۆڕان. ئەگەر ئەمە روو نەدات، بزووتنەوەی گۆڕان جارێكی تر نەوشیروان بەدەستی خۆی دەكوژێت.
كادرە ئیسلامییەكانی ناو گۆڕان بەرماڵی زۆرەملێیان بۆ نەوشیروان راخست و سەرپۆشی رەشی ئیسلامچێتییان دا بەسەر بزووتنەوەكەی نەوشیروان مستەفادا، ئەویش پەلاماری نەدا و فڕێی نەدا و بە ستراتیجی زانی دژ بە پارتی. شین بوو رەش. ئەمەش تەنیا بە هیوای یەك ئامانج، پشتی پارتی بشكێنێت، نەشكا.
ئەگەر بزووتنەوەیەكی پڕ ژیان، بوونی خۆی لەسەر رووخاندنی ئۆرگانێكی سەرەكی حزبی سیاسیی دەسەڵات بەدەست بنیات بنێت، ئەوا پێش هەموو شتێك رێگەی بزووتنەوەی ژیانی خۆی لێ ون دەبێت. واتا رێگەكەی دروستكردن نییە، وێرانكردنە و خۆیشی دەگرێتەوە.
ئەگەر دوو هاوژین لەسەر خاڵێكی هەستیار و بنەڕەتی پێكەوە رێك نەكەون، لە ماڵێكدا بەزۆر بمێننەوە، هەردەم مەترسی هەیە و گومان هەیە لە مانەوەیان پێكەوە، بێ متمانە رێگەیەكی هەستیار دەگرن. مانەوەیان نابێتە كامەرانی و ئارامی بۆ خۆیان و كۆرپەكانیان، نەخێر. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵانە لە ناوخۆیاندا لە ترسێكی گەورەدا بژین و هەموو ساتێك چاوەڕوانی جەنگ و جیابوونەوە بن. ئەم هەڵوێستەی باوك و دایكیان دەبێتە میراتی بۆ ئەو منداڵانە و كە گەورە بوون، لە دامەزراندنی ژیانی خۆیاندا وێنەی ئەم جۆرە پێكەوەژیانە نایەڵێت ئەو كۆرپانە بگەن بەو خاڵەی كە دەبوو پێی بگەیشتنایە.
بەم شێوەیەش بزووتنەوەی گۆڕان ئەم رێگەیەی گرت لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كادرە ئیسلامییەكانی.
كورد دیپلۆماسیی نازانێت، گوێڕایەڵی بۆ سەركردە و بۆ سیستم نازانێت و قبووڵی ناكات، ئەمە رەخنە نییە و راستییە. كورد بێ سنوور و تووڕەیە لە خۆی و لەوانەی ئەمری بەسەردا دەكەن. ئەمە لە ناو بزووتنەوەكەی نەوشیروانیشدا رووی دا، كورد رێككەوتنی نییە لەگەڵ خۆیدا، ئەمانە نایەڵن كورد بگاتە ئەو خاڵەی، بە زمان باسی دەكات، سەربەخۆیی.
ئەگەر نەوشیروان لە كاتی جیابوونەوەی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەرنامەیەكی بنەڕەتی لەسەر بنەمای (تەڵاق)، وازهێنانی خۆی و بزووتنەوەی گۆڕانی لە یەكێتی بكردایە بە ئاڵای خۆی و لەبەر خاتری هاوڕێیەتی ناو شاخ و بەرژەوەندیی هەردوولا لە دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان نەكرایە بە خاڵی هاوبەش و ئامانج، ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەنگێكی بەرزتر و دیارتری دەبوو، نەوشیروانیش تووشی ئەو هەموو بێنە و بەردەیە نەدەبوو و ریزەكانی گۆڕان درزی نەدەبرد.
ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز، دەبێت خاڵی بەهێزی هەبێت بۆ كاركردنی و نابێت سازشی لەسەر بكات. نەوشیروان دووربین نەبوو. كەسایەتی و خزمایەتی و هاوڕێیەتی كاتی شۆڕش بردیان بە ڕێگەیەكدا خۆیشی باوەڕی بەو رێگەیە نەبوو، چونكە ئەو خۆی لەو رێگەیەی یەكێتیی نیشتمانی لای دا و ئایدیۆلۆجیای ئەو رێگەیەی ئەو، ماركسییەت بوو نەك ئیسلامی.
كاری ئۆپۆزیسیۆن لەلایەكەوە ئاسانترە وەك لە كاری حزبە حاكمەكان، چونكە ئۆپۆزیسیۆن پەنجە دەخاتە سەر خاڵە هەستیارەكان و هەڵەكان كە دەكرێن. بەڵام بێ بەرنامە، تەنیا وەك باسكردن دەمێنێتەوە. لەلایەكی ترەوە كاری ئۆپۆزیسیۆن سەختترە، چونكە دەبێت ئاگاداری لایەنگرانی و پەیامەكەی بێت و نەكەوێتە هەمان هەڵەی حزبە حاكمەكانەوە.
بە چوونە ناو حكوومەتەوە، نەوشیروان مستەفا و با بڵێم زیاتر بزووتنەوەكەی، چوونە ناو كۆنتراكتی هاوژینییەكی نوێی نابەدڵەوە، بێ ئەوەی یەكەم هاوژینیان تەڵاق دابێت و هەلێكی زێڕینیان لە دەست خۆیان و لایەنگرانیان دا. ئەمە پشتی گۆڕانی شكاند و كاك نەوشیروانی خستە ناو یارییەكی ترەوە لەگەڵ یەكێتی و باڵە ئیسلامییەكانی.
ئەم یارییە كە هیج بنەمایەكی نەبوو لە دژایەتی پارتی زیاتر، جەماوەری سەر شەقامەكانی سارد كردەوە بەرامبەر بەو بزووتنەوەیەی كە خۆی بە فریادرەس ناساندبوو، گفتوگۆكانی ناو تیڤییەكانی كوردستان، پیشانی دا كە وەزیرەكان و ئەندام پەرلەمانەكانی گۆڕان هەمان شێوازی ماڵە پاشایەتییان برد بەڕێگەوە، وەك پارتی و یەكێتی كە ئەمە بە زمانی خۆیان، رێگەی بزووتنەوەی ئەوان نەبوو.
تەنیا رێگەیەك بزووتنەوەی گۆڕان دوای كۆچی رێكخەرەكەیان بیگرنە بەر بۆ ئەوەی لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە نەكرێن بە خۆراك و بەكار نەهێنرێن بۆ ژیانەوەی یەكێتی، لە هەمان كاتدا باڵە ئیسلامییەكانی ناو گۆڕان نەبنە زمانڕاستی بزووتنەوەكە، تەڵاقە لە هەردوو ئەم هاوژینە بێ متمانەیە.
ماڵی بێ باوك و دایك ئاسان نییە دروست بكرێتەوە و باوەژن و باوەپیارە ناتوانن ماڵ دروست بكەن بۆ كۆرپە هەتیوەكان.
ئاراس نووری ئەحمەد تەها