رۆڵە بوێر و بزێوەکان لە دراما و فیلم و سینەماى کوردیدا

AM:09:10:16/08/2018 ‌
پشتیوان عەبدوڵا

کاتێک باسى بوێری دەکرێت، باس لەو کردارە درامییە گرنگە دەکرێ کە هێڵی سەرەکى فیلم و دراما لەناو هەندێ سیناریۆ و فیلمدا پێویستى پێیەتى و بەبێ ئەو کردارانە هێڵی درامى فیلم تێکدەچێ و کەموکورتیی تێدا دەردەکەوێت. بە تایبەتیش بۆ ئەو رۆڵانەى کە پێویستى بە ژنانى هونەرمەند و ئەکتەر هەیە.

سینەما و فیلمیش وەک ژیان وان، بابەتى جۆراوجۆر و حاڵەت و بابەتى جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن. فیلم و سیناریۆ هەیە پێویستى بە رۆڵی ژنى بزێو و چاومەست و سۆزانى هەیە، فیلمیش هەیە پێویستى بە کردارى بزێو و سەرنجڕاکێش و ورووژێنەر و سەما و هەندێ جار ماچ و ناو جێیش هەیە.

 لە کۆمەڵگەى ئێمەدا بینینى ئەم رۆڵانە زۆر ئەستەمن بۆ ژنە هونەرمەندانى کورد کە زۆربەى هەرە زۆریشیان رەتى دەکەنەوە. چونکە کۆمەڵگە بە چاوێکى زۆر خراپ سەیریان دەکات و دەبنە قوربانیی. بۆیە زۆربەى سیناریۆنووسەکان و دەرهێنەران، خۆیان لەو بابەتانە لا دەدەن. وەلێ بەمدواییە هەندى ژنە ئەکتەرى بوێر توانییان ئەو بەستەڵەکە بشکێنن و کەمێک بێنە پێشەوە. بە رازیبوون بەدیتنى هەندێ رۆڵ کە کۆمەڵگە رێى پێ نادات، هەرچەندە لەناو کۆمەڵگەش باوە.

بەڵام پێشاندانى لەسەر شاشە و بۆ فیلمى کوردى تۆزێک ئەستەمە، ئەگەرنا هەمان کۆمەڵگە سەیرى ئەو حاڵەتانە دەکات زۆر بە سانایی لە فیلم و دراماى مەکسیکى و تورکى و عەرەبی و هەندێک جار هیندیدا. بەڵام بۆ هونەر و فیلمى کوردى تۆزیک ئەستەمە و یەکەم کەسیش کە دەبێتە قوربانی و بنێشتى سەر زارى خەڵک، ژنە ئەکتەرەکەیە و یەکسەر تۆمەتى نەرێنیی دەخرێتە پاڵ و وا دەزانن ئەو رۆڵەى لە هونەردا دەیبینێ، هەمان کەسایەتى خۆیەتى. لە کاتێکدا ئەو رۆڵی کەسێک دەبینێ لەناو کۆمەڵگەدا، نەک خۆی.

یەکەم کار لە دراماى کوردیدا کە جیاوازە لەگەڵ فیلمى سینەما، بەوەى دراما راستەوخۆ لەناو تەلەڤزیۆنەوە دەچێتە ناو ماڵان و کۆمەڵگەوە، بە جیاوازى سینەما کە لە شوێنى تایبەت و هۆڵی سینەما پێشان دەدرێت و بینەرى خۆى هەیە. یەکەم کارى درامى تەلەڤزیۆنى کوردى کە توانى بوێر بێت، دراماى "ئارەزوو" بوو لە نووسینى عەباس ڤیدیۆ و دەرهێنانى ئەرسەلان دەروێش. تیایدا دوو ژنە هونەرمەند دوو رۆڵی بوێریان بینی. یەکەم ژنە هونەرمەند نەرمین کاوانى کە رۆڵی کەسایەتیی "سەباو"ى بینى و سروشتى ژنێکى بزێو و سۆزانى بوو. بەڵام نەرمین خان بەشێوەیەک چوو بووە ناو رۆڵەکەوە، مافی تەواوى بە کەسایەتییەکە دابوو. بۆیە ئەم کەسایەتییە بووە جێی سەرنجى بینەران و تا ئێستەیش لەیاد ناکرێ. 

هەر لەو درامایەدا کچە هونەرمەند کاردینیا رۆڵى کچێکى تری بینی کە لەناو دراماکە ماچ دەکرێ. ئەمەش یەکەم دیمەنى ورووژێنەرى ماچ دەبێ لەناو دراماى کوردیدا و تا ئێستەش لە دراماى تەلەڤزیۆنیدا هەردوو حاڵەت دووبارە نەبوونەتەوە. لە بوارى فیلم و سینەماشدا بەتایبەتى فیلمى درێژ، ژنە هونەرمەند سۆلاڤ شەیدا بێ رکابەرە و لە فیلمى "گەڕەکى داهۆڵەکان" لە چیرۆکى شیرزاد حەسەن و دەرهێنانى حەسەن عەلی، رۆڵێکى زۆر ورووژێنەر و سەرنجڕاکێش دەبینێ کە بارتەقاى رۆڵە ورووژێنەرەکانى ئەستێرە سینەمایییەکانى سینەماى عەرەب و میسر. بەشێوەیەک رۆڵەکە دەنوێنێ سەرنجى بینەر زۆر بۆ لاى خۆى رادەکێشێ. رەنگە سۆلاڤ لەو رۆڵ و فیلمەدا کەس نەیتوایبێ رکابەرى بکات، چونکە زۆر لە ئاستێکى بەرز ئاکتینک دەکات و زۆر ورووژێنەر و سێکسییە. 

هەر هەمان ئەکتەر سۆلاڤ شەیدا لە دوو کورتە فیلمدا کە خۆى دەرهێنەریان بووە، دوو رۆڵی زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێشتر دەبینێ کە پێشتر لە فیلم و سینەماى کوردى ئەم جۆرە بابەتانە تەرح نەکراون، ئەویش رۆڵی کچى نێرەمووک و رۆڵی ژنی لزبین و دیمەنى لاقەکردنى بە کۆمەڵى ژنێک. ئەوەى سۆلاڤ شەیدا تەرحى کرد، کەم کەس لە ژنانى ئەکتەر و دەرهێنەر ئەو ئامادەیییەیان تێدایە دەستى بۆ بەرن. دووبارە لە فیلمى درێژدا و لە فیلمى "سیماى خۆڵەمێش" لە دەرهێنانى شاخەوان ئیدریس. ژنە ئەکتەر هێرۆ حەسەن زادە رۆڵی ماچکردنى ناو دەمى تۆمار کرد. لە کورتە فیلمى "پەیکەرە لمینەکان"یش لە دەرهێنانى تەحسین فایەق، ژنە ئەکتەرێک رۆڵێکى زۆر سەرنجڕاکێش و بوێر دەبینێ، وەلێ ژنە ئەکتەرەکە ناسراو نییە و لەناو دیمەنەکەشدا رووخسارى دەرناکەوێت کاتێک لەگەڵ کارەکتەرى فیلمەکە هونەرمەند تاریق ئاکرەیی لەناو پیکابێکى تویوتادا سێکس دەکەن. 

هەر لە بوارى کورتە فیلمیشدا کاردینیا هێمن رۆڵی گرنگ و بەردەوامى دەبێت لە فیلمى "فڕینى بەرد" لە دەرهێنانى هەردى حەسەن، گرتەى ورووژێنەر تۆمار دەکات بە ماچى ناو دەم و ناو جێ و مەلەى ناو ئاو. ماچەکانى کاردینیا پتر سینەمایین و هەستى زۆرى تێدایە و لە دڵەوە دەریدەخات. 

لە فیلمى "حەیات" دووبارە کاردینیا کە خۆى دەرهێنەری بووە، رۆڵی ورووژێنەر دەبینێ و چەند کەسێک لاقەى دەکەن. لە دوو فیلمیشدا "بۆنى خوێن" کە لە دەرهێنانى خۆیەتى، کاردینیا ئاستێکى زۆر باشى سینەمایی لە بوارى دیمەنى ورووژێنەر و نیمچەڕووت پێشان دەدات. 

هەڵبەتە ئەم کارانە قوربانیی زۆرى دەوێت و ژنانى هونەرمەند دووچارى گرفتى کۆمەڵایەتى زۆر دەکات، بۆیە زۆربەى ژن ئەم رۆڵانە رەت دەکەنەوە، هەندێکیان بڕوایان پێی هەیە، بەڵام لە ترسى کۆمەڵگە ناوێرن دەستى بۆ بەرن. کچە هونەرمەند هەیە ساڵانێکە لە ئەوروپا و وڵاتێکى پێشکەوتوو و کراوە دەژی، بەڵام دەڵێ لەبەر فشارى دەروونى و کۆمەڵگەى داخراو ناوێرم ئەم رۆڵانە ببینم. 
بژاردەیەکى زۆر کەمی ژنانى هونەرمەند توانیویانە تا ئاستێک ئەم رێچکەیە بشکێنن کە دیارترینیان ئێستە کاردینیا هێمنە.