به‌هزاد ئه‌حمه‌د
ئه‌مڕۆ 16ی ئۆكتۆبه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی میرنامه بوومه‌وه.
میرنامه ته‌نیا رۆمانێك نییه، هه‌رچۆن ته‌نیا باسكردنی پێوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و رۆشنبیر نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنه رووكه‌شه‌كه پێمان ده‌ڵێ.
پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌م به شیكاری له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه، هه‌وڵم دا هێڵێكی گشتی بدۆزمه‌وه، جه‌نجاڵی گێڕانه‌وه‌كان و فره‌یی كه‌سایه‌تی و گێڕه‌ره‌وه‌كان، زۆری باسه‌كان و تێكه‌ڵی له‌م ڕۆمانه‌دا خوێنه‌ر وێڵ ده‌كه‌ن به‌بێ ناسینی هێڵێكی هاوبه‌ش كه من پێم وایه ئه‌و هێڵه كه‌سایه‌تیی تاكی كورده.
یه‌كێك له‌و شتانه‌ی خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستانه، وێنه‌ی لێكچووی كه‌سایه‌تیی تاكی كورده له‌هه‌ر به‌شێك.
كه‌سایه‌تیی كوردی كه‌سایه‌تییه‌كی ئاڵۆز و ناكۆك و فره‌جه‌مسه‌ره، چۆن؟
پێش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسه، پێویسته بزانین كه‌سایه‌تیی خۆی چییه؟
ئایا ده‌سته‌واژه‌یه‌كی وه‌ك كه‌سایه‌تیی كوردی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دروسته؟
كه‌سایه‌تی خۆی له ناوه‌ڕۆكدا پێوه‌سته به یه‌ك تاكه‌وه، به‌و مانایه‌ی ناكرێ كردار و هه‌ڵسوكه‌وتی دوو كه‌س ته‌واو چوونیه‌ك بن، كه‌سایه‌تیی تاكێك ئه‌و ڕۆڵه‌یه كه تاكێك ده‌یگێڕێت له ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا، جووڵه و هه‌ستكردن و بیركردنه‌وه و بیرنه‌كردنه‌وه‌ی له ناو ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌دا جێگیره، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ به ته‌نیا ناژی و له‌ناو ده‌وروبه‌رێكدایه، بۆیه به‌گوێره‌ی هاوبه‌شییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، كه‌سایه‌تییه‌كی هاوبه‌ش پێكدێنێت، واته كه‌سایه‌تیی هاوبه‌ش هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌یه كه كۆمه‌ڵێك كه‌س پێی هاوبه‌شن یان هاودژن، ئه‌مه وه‌ك عاده‌تێك زۆربه‌ی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تانی پێ ده‌ناسرێنه‌وه، هه‌رچه‌نده ده‌كرێ له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا چه‌ند تاكێك دژ بێنه‌وه له‌گه‌ڵ خاڵێكی هاوبه‌شی ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه خۆیدا، به نموونه ده‌كرێ چه‌ند عه‌ره‌بێك بدۆزینه‌وه كه پێیان وانه‌بێت فه‌له‌ستین داگیركراوه، یان چه‌ند ئه‌ڵمانییه‌ك هه‌ر هه‌ن كه پێشێلكردنی جۆره یاسایه‌كیان پێ ره‌وا بێت، به‌ڵام نه له كۆمه‌ڵگه ئه‌ڵمانییه‌كه و نه له عه‌ره‌به‌كه‌دا ئه‌مانه ناتوانن ببنه رای زاڵ، به‌ڵكو هه‌میشه به‌زیون، چونكه كاتێك ئه‌مانه ده‌بنه رای زاڵ، ئه‌وا پێویسته پیاچوونه‌وه له رێككه‌وتنه‌كه‌یاندا بكه‌ن كه له ده‌ستوور و یاسای وڵات‌دا خۆی ده‌نوێنێت.
به‌ڵام ئه‌مه له‌ناو كورددا وا ناكه‌وێته‌وه، چۆن؟
كورد له كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی جیاواز پێك دێت و ئه‌م جیاوازییه كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی پێك دێنێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر بیخه‌ینه ژێرباری بوونی كه‌سایه‌تییه‌كی هاوبه‌شه‌وه. جیاوازی له‌ناو هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا وه‌ك كورد سه‌رناكێشێت بۆ زیان به خۆگه‌یاندن، كه هه‌ر‌ئه‌مه‌ش وایكردووه نه‌توانێت خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت بێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو هه‌ندێك جار وه‌ك گاڵته‌جاڕییه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه سه‌یر ده‌كرێت.
هه‌ركاتێك كورد گه‌شتبێت به هاوبه‌شییه‌ك له خاڵێكدا، چه‌ند كه‌سێكی كه‌می ناو كایه‌ك توانیویانه بێنه ده‌ره‌وه و كایه‌كه تێك بده‌ن.
میرنامه گێڕانه‌وه‌یه‌كی تولانی ئه‌م تێكدانانه‌یه هه‌ر جارێك له به‌رگێكدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵێكه بۆ دۆزینه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی هاوبه‌ش بۆ كورد له كه‌سایه‌تی خانی‌دا، واته خانی ته‌نیا كه‌سێكی بێ خه‌وشی ناو ئه‌م رۆمانه‌یه كه جاندۆست هه‌میشه وه‌ك ره‌مزێكی ئه‌رێنی و هیوایه‌كی ژه‌هرخواردكراو پێشانی ده‌داته‌وه، به‌ڵام دیسان شته سه‌رسورهێنه‌ره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی خانی ژه‌هرخوارد ده‌كات، هێڵه گشتییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه نییه، به‌ڵكو میرێك و دوو سێ به‌كرێگیراون له‌لایه‌ن میره‌وه، ئه‌ی چۆن میر ده‌توانێ ئه‌وه بكات؟ كێ ئه‌وی كردووه به میر؟
ئه‌مانه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه وه‌ڵامه‌كانی له‌و رۆمانه‌دا هه‌ن.
خانی كه‌سێكی خۆشه‌ویسته لای دۆست و دوژمن، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی به‌كرێ ده‌گیرێت بۆ كوشتنی، راسته‌وخۆ ده‌ستی ناچێته ئه‌م كاره و دوایی له‌ناو ئاڵۆزییه‌كدا و به رێكه‌وتێكی تر خانی ژه‌هرخوارد ده‌كرێت.
له‌باره‌ی میریش ئه‌وه خانییه‌كه‌ی جاندۆست خۆی باسی ده‌كات كه له لایه‌ن توركه‌كانه‌وه دانراوه و كورد ئه‌وی نه‌كردووه به میر تا نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و بكات.
خانی ژه‌هرخوارد ده‌كرێت به‌ده‌ستی كوردێك له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌می كوردبوون.
ئه‌مه‌یه هه‌وڵی جاندۆست له‌م رۆمانه‌دا كه ده‌بێت ده‌نكه بچووكه‌كان به‌رنه‌بنه گیانی لاشه گه‌وره‌كه كه لاشه‌ی كورده، به‌ڵام پرسیاره گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه بۆ هه‌میشه ئه‌مه روو نادات؟ له خانییه‌وه تا ئه‌مڕۆ بۆ كورد هه‌ر هه‌وڵ ده‌دات بگات به كۆده‌نگییه‌ك و دواتر چه‌ند كه‌سێك پێچه‌وانه‌كه‌ی سه‌رده‌خه‌ن؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه ده‌بێ دوای بكه‌وین.
راستییه‌كه‌ی ئه‌م رۆمانه بۆ من یه‌كه‌م رۆمانه له سه‌رده‌می نوێی ئه‌ده‌بی كوردیدا به‌و ئه‌ندازه‌یه به خه‌یاڵێكی كوردی نووسرابێت، هیچ دێڕێك نادۆزیته‌وه له یاده‌وه‌رییه‌كی كوردییه‌وه نه‌هاتبێته ده‌رێ، جگه له‌وه‌ی خه‌می بوون وه‌ك كورد له‌م رۆمانه له لووتكه‌دایه و هیچ كات و له هیچ ئه‌تمۆسفیرێكی ناو رۆمانه‌كه و كه‌سایه‌تییه‌كاندا لێی جیا نابنه‌وه، بێجگه له‌وه‌ش هه‌موو جۆره یاریكه‌رێك لێره‌دا هه‌ن، هه‌ر له ژنكوژ و پیاوكوژه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی زاهید و سۆفی.
هه‌موو له شوێنێك به هه‌ڵه‌دا ده‌چن به مه‌لای جزیریشه‌وه، ته‌نیا خانی نموونه‌ی رۆشنبیرێكی دانا و خۆشه‌ویسته كه ده‌یه‌وێ بایه‌زید بكاته شارێكی كولتووری ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕی بكات له قه‌یسه‌ری و بازاڕی خوێندن و كتێب له جیاتی ناڵبه‌ندی، خانی یه‌ك جاریش به‌هه‌ڵه‌دا ناچێت له‌م رۆمانه‌دا و ته‌نانه‌ت ئایندارییه‌كه‌شی ئایندارییه‌كی سۆفییانه‌ی كوردییه كه رێز له جوو و كریستیان و یه‌زیدی ده‌گرێت و ره‌خنه و ته‌ئویلی جیا بۆ كتێبه پیرۆزه‌كه‌ی خۆشی تیایدا رێپێدراوه ، ئه‌مه‌ش هه‌مان هه‌وڵی جاندۆسته بۆ بنیاتنانی كه‌سایه‌تییه‌كی كوردی كه له‌ناو كه‌سایه‌تیی خانی‌دا ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی ده‌ركه‌وتن و دره‌وشانه‌وه.
له كۆتاییدا سوپاس بۆ وه‌رگێڕی ئه‌م كتێبه بۆ سۆرانی و هیوادارم ئه‌م كتێبه بخوێنرێته‌وه و قسه‌وباسی زیاتری له‌سه‌ر بكرێت له گۆشه‌نیگای جیاوازتره‌وه.