هێما سۆفی
ناسیۆنالیزم ئیدئۆلۆجییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسییه، ئیدئۆلۆجیایه‌ك كه به ڕواڵه‌ت سیكۆلاره و وه‌دیهێنه‌ری یه‌كڕیزی و ته‌بایییه، هاوكات كاریگه‌ره له‌سه‌ر خه‌ڵكی وڵاتێكی تایبه‌ت به پێناسه‌ی مێژوویی و كولتووری هاوبه‌ش، قه‌واره‌ی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ و حوكمڕانی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵك، داخوازی داهاتوویه‌كی گه‌شه‌دار، ئامانجدار و گونجاو له‌گه‌ڵ قۆناغه جیاوازییه نادیار و پێویسته‌كان و ده‌ستنیشانكردنی پێگه‌ی دڵخواز له سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تیدا.
ناسیۆنالیزم به واتای پێناسه‌كراو له سه‌رده‌می مۆدێرنیته‌دا، به‌رهه‌می گۆڕانكارییه‌كانی كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه به‌تایبه‌تی له شۆڕشی گه‌وره‌ی فڕه‌نسا، هه‌ندێ كه‌س به‌ستێنه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزم له گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسیی ئه‌وروپای دوای ڕێنیسانس و به‌تایبه‌تی دوای ڕووداوه‌كانی سه‌ده‌ی شازده به‌ولاوه ده‌ناسن. وه‌ك: ڕێی ده‌ریایی بۆ بازرگانی، چاكسازی ئاینی و هزری ڕۆشنگه‌ری به‌تایبه‌تی بایه‌خه سه‌ربه‌ستیخواز و ئۆمانیستییه‌كانی ئاماژه پێكراو له شۆڕشی پیۆریتنیسم (مارتین لۆته‌ر و كالوێن) له سه‌ده‌ی شازده‌دا به شۆڕشێكی فكری دژ به هێز و ده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیك له ئه‌ورووپا كه ژیان له دنیادا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی گرنگتره، هاوكات لایه‌نگرانی ئه‌م ڕێبازه نوێیه به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئامۆژگارییه‌كانی ته‌ورات و ئینجیل داكۆكییان له بزووتنه‌وه‌ی سه‌هیۆنیزم ده‌كرد.
هه‌ندێكی تر هه‌نگاوی گه‌وره‌تریان هه‌ڵگرت و له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دا بوون كه خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت بۆ ناسیۆنالیزم له واتا و ناوه‌ڕۆكی ویستی وڵات، وڵاتپارێزی و په‌رستی (patriotism) له مێژوودا وه‌به‌رچاو ده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ قۆناغی مێژوودا به‌شێوه‌ی به‌پێزتر وه‌ك ناسۆنالیزمی فه‌رهه‌نگی یان ناوچه‌كانی شارستانیی هاوبه‌شی تایبه‌ت، له كۆی زمانی خۆڵقێنه‌ر، كولتوورساز و ستانداردی فه‌رمی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕابردوودا هه‌بووه و له‌و رووه‌وه ئه‌دیب و شاعیر، به تایبه‌تی شیعری حه‌ماسی ده‌ور و ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه.
له كۆتادا هه‌ندێك له‌سه‌ر بنه‌مای دیالێكتیكی مێژوویی، به‌تایبه‌ت دیترمینسیمی ئابووری (زه‌بروزه‌نگ) ناسیۆنالیزمیان به دیارده‌یه‌كی هه‌ڵبژێردراوی سه‌رده‌می بۆرجوازی زانیوه و پێیان وابوو له پرۆسه‌یه‌كی ئیجباری جیهانگه‌رایی، واته گشتگیری نێوده‌وڵه‌تی سۆسیالیزم ڕه‌گدانه‌وه‌ی هه‌بووه و خۆی زه‌ق ده‌كاته‌وه.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و كورته پێناسه و باسه‌ی له‌سه‌ر ناسیۆنالیزم، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان هه‌موو ئه‌و شوناسه سروشتییانه‌ی وه‌ك خاك، زمان، كولتووری هاوبه‌ش بۆ پێناسه‌ی گه‌لێك و وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ، تێدا به‌دی كراوه. ئه‌گه‌ر له ئه‌ورووپا له سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده‌دا ناسیۆنالیزم گه‌یشت به لووتكه‌ی پێكانی ئامانجی خۆی، واته ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌كان، له كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ستی ناسیۆنالیستی به‌و پێوه‌ر و بنه‌مایه‌ی ئاماژه‌ی پێ كرا دیارده بوو، به‌ڵام نه‌یتوانی پێ به‌پێی پێناسه جیهانگه‌رایییه‌كه خۆی به‌ره‌و ئه‌و مه‌به‌سته ڕێك بخات، نه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه ئابووری و نه سیاسیش، كه دواتر ده‌بینن له شۆڕشی سمكۆی شكاك و بارزانی هه‌میشه زیندوو له دوو به‌شی كوردستانی له‌ت له‌ت و دابه‌شكراودا خۆی زه‌ق كرده‌وه.
ئه‌وه‌ی جێی رامانه، كۆمه‌ڵێ فاكته‌ر و هۆكاری هه‌ژاری و هه‌ستی سیاسی و فه‌لسه‌فی خه‌ڵكی كوردستان له لایه‌ك و كاریگه‌ری و جۆری سیاسه‌تی داگیركه‌رانی كوردستان به گشتی و وڵاتانی زلهَیزی وه‌ك ئینگلیز و فڕه‌نسا، كۆسپ و له‌مپه‌ری سه‌ره‌كی بوون له‌م پرۆسه‌یه‌دا كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی هه‌ر به داگیركراوی بمێنێته‌وه.
له ڕووی فه‌رهه‌نگییه‌وه ته‌نیا به‌ڵگه‌یه‌ك كه زۆر به زه‌قی وه‌ك ناسیۆنالیزمی فه‌رهه‌نگی ده‌توانی ئاماژه‌ی پێ بكه‌ی، مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانییه، له رووی ئابوورییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كوردستان وڵاتێكی به پیت و به‌ره‌كه‌ته هه‌م له ڕووی ژێرخان و سه‌رچاوه‌ی ئاو و كانزا و كشتوكاڵییه‌وه، به‌ڵام هیچ كات بژارده و سیاسیی كورد نه‌یتوانی كه‌ڵك له‌م خاڵه به‌هێزه‌ی كوردستانیش له‌پێناو ده‌ستنیشانكردنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ به پێناسه و پێوه‌ری باو له جیهان بێنێته ئاراوه.
دیاره بابه‌تی نه‌بوونی هه‌ستی ناسیۆنالیستی وه‌ك پێویست به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می هه‌ردوو شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م و به‌هۆی بارودۆخی سیاسی و ئاڵۆزی جیهانی و ناوچه‌یی، باس و خواستێكی زۆر له‌خۆ ده‌گرێت كه ناتوانین لێره‌دا و له چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كدا بیخه‌ینه به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه، به‌ڵام سمكۆی شكاك وه‌ك باوكی بیری ناسیۆنالیزم له كوردستان و بارزانی نه‌مر ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌م ڕێبازه پیرۆزه له مێژووی كورد و كوردستاندا تۆمار كراون.
كوردستان له دوای په‌یماننامه‌ی نه‌گریسی سایكس پیكۆ، به رواڵه‌ت جارێكی تر دابه‌ش و داگیر كراوه له قه‌واره و فۆرمێكی نوێی سیاسیی ناوچه‌ییدا كه تا ئێسته‌یش دوای تێپه‌ڕبوونی 100 ساڵ له‌م په‌یماننامه شوومه، شوێنه‌وار و كاریگه‌ریی نه‌رێنی به‌سه‌ر كوردستانه‌وه هه‌ر ماوه، دیاره گه‌لی كورد هه‌موو كات و له قۆناغی جیاوازدا و به‌پێی هه‌لومه‌رجی گونجاو له‌سه‌ر ئه‌مری واقیع، شۆڕش و خه‌باتی خۆی له‌پێناو ئازادی و ده‌ستبه‌ركردنی سه‌روه‌ری سیاسی كردووه، به‌ڵام نه‌ك به پێوه‌ر و شوناسی زانستییانه‌ی ناسیۆنالیزم كه بتوانێ ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كوردی بێنێته سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسیی دنیا.
من لێره‌دا ناسیۆنالیزم به‌سه‌ر چه‌ند خاڵی گرنگ و جێی راماندا دابه‌ش ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانه‌وه ئه‌م هزره له‌پێناو گه‌یشتن به ئامانجی ده‌یان ساڵه‌مان ده‌سته‌به‌ر و به‌هێزتر بكه‌ین و بیكه‌ین به هه‌وێنی سیسته‌مێك له پێناو شۆڕشێكی فكری–ناسیۆنالیستی له كوردستان:
1- ناسیۆنالیزم (بیر و گوتاری نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای شوناس و پێوانه‌ی هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه له زانستی سیاسیی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ دیاری كراون.
2- ناسیۆنالیزمی ئابووری (واته بایه‌خدان و هه‌ستكردن به گرینگی سه‌رچاوه و ژێرخانه ئابوورییه‌كانی كوردستان و كاركردن بۆ به‌هێزكردنی بیرۆكه‌ی ده‌وڵه‌ت/نه‌ته‌وه‌ی كوردی له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه.
3- ناسیۆنالیزمی فه‌رهه‌نگی (له‌م به‌شه‌یاندا گه‌لی كورد به به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تر سه‌ركه‌وتووتر كاری كردووه، هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان توانیویانه ڕۆڵی باش و سه‌ره‌كی ببینن.
4- ناسیۆنالیزمی به‌رگریكار (واته هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركه‌رانی كوردستان پێویسته به تێگه‌یشتن له خواست و پێناسه‌ی ناسیۆنالیزم، خه‌باتی مه‌ده‌نی به گشت ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه، زمان و فه‌رهه‌نگ و كولتوور بكه‌ن به قه‌ڵغانی به‌رگری له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد).
5- پێوه‌ندی راسته‌وخۆی شوێنه‌واری ناسیۆنالیزم له‌سه‌ر بنه‌مای مافی دیاریكردنی چاره‌نووس كه ده‌توانێ له هه‌ریه‌ك له چوار شێوازی مومكیندا خۆی زه‌ق بكاته‌وه، حوكمی زاتی- خودموختاری، فیدراڵی و سه‌ربه‌خۆیی، ئاستی هۆشیاری سیاسی و تێگه‌یشتوویی كۆمه‌ڵگه، ده‌توانێ له بارودۆخی تایبه‌تدا خۆی له ته‌نگژه‌ی بێ شوناسی و له لایه‌كی تریشه‌وه به‌شداری له سیستمێكی دیموكراتیكی لامه‌ركه‌زی، ده‌توانێ به‌ره‌و ئاراسته و خواستی سروشتی ناسیۆنالیزم له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كه هه‌مان ساغكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری سیاسی و كه قه‌واره‌ی تایبه‌تی كوردستانییه، بنوێنێ.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ی ئاماژه‌م پێ كرد، ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو ده‌سته‌بژێر و سیاسی و ڕووناكبیرێكی كوردستانه له چوارچێوه‌ی ئه‌و شۆڕشه فكرییه‌دا كار بكه‌ن بۆ پێناسه و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیزمی ڕزگاركه‌ر له كوردستان به‌بێ وچان و سڵكردنه‌وه له هه‌موو تۆمه‌ت و ناوزڕاندنه‌كانی داگیركه‌رانی كوردستان.
پرسی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی له باشووری وڵات به ڕێبه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی (كه ئێسته سه‌رۆك بارزانی ڕێبه‌ری خه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو كوردستانی گه‌وره‌یشه)، ده‌توانێ خاڵی وه‌رچه‌رخانی ئه‌و شۆڕشه فكرییه بێت و هاوكات وه‌دیهێنه‌ر و سه‌رخستنی ناسیۆنالیزمی ڕزگاركه‌ری گه‌لی كوردستان بێت له چوارچێوه‌ی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.