بارزان محه‌مه‌د عه‌لى- ماسته‌ر له مێژووى هاوچه‌رخ
به‌شى نۆیه‌م :
پێوه‌ندییه‌كانى نێوان عێراق و توركیا له دواى كوده‌تاى به‌عسییه‌كان له ساڵى 1968، شێوازێكى تریان به‌خۆوه بینى، هه‌ر له سه‌ره‌تادا گۆڕ‌انى جۆرایه‌تى له سروشتى پێوه‌ندییه‌كانى نێوانیان رووی دا كه ئه‌ویش به راگه‌یاندنى ددان پێدادانى خێراى حكوومه‌تى توركی به حكوومه‌تى نوێى عێراق ده‌ستى پێ كرد، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر (1968-1979) ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى نرخاند و پێشوازى لێ كرد و گوتى، "عێراق پێویستى به دروستكردن و سازدانى پێوه‌ندى هاوكارى تۆكمه هه‌یه". ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه گرنگانه‌ى كه گۆڕه‌پانى عێراق به‌خۆیه‌وه بینى، خۆى له هاتنه سه‌ركارى حزبى به‌عسى عه‌ره‌بى له ساڵى 1968 بۆ ده‌سه‌ڵات بینییه‌وه، دواتریش واژووكردنى رێككه‌وتننامه‌ى 11ى ئادارى 1970، كه گۆڕانكارییه‌كى جۆرى له خه‌باتى كورد له عێراق به‌تایبه‌تى و خه‌باتى كوردى له پارچه‌كانى تر به‌گشتى په‌یدا كرد، ئه‌و رێككه‌وتنه بۆ یه‌كه‌م جار ددانى به مافى كورد بۆ دامه‌زراندنى ئۆتۆنۆمیى خاوه‌ن مۆركى نه‌ته‌وه‌یى كوردى دانا. راستییه‌كه‌ی رێككه‌وتنه‌كه پاڵنه‌رێكى به‌هێز بوو بۆ نهتهوهخوازهكانى كورد له ئێران و توركیا بۆ ئه‌وه‌ى كار بۆ هه‌مان داخوازى نه‌ته‌وه‌یى له‌سه‌ر شێوه‌ى ئه‌وه‌ى له عێراقدا رووی دا بكه‌ن. هیچ گومانى تێدا نییه كه ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه هانى زۆر له كوردى دا چ وه‌ك تاك چ وه‌ك رێكخستن له توركیا بۆ دوو هێندهكردنهوهى چالاكى و كار له پێناو ده‌ستكه‌وتنى دداننان به به‌شێك له مافه مه‌ده‌نییه‌كان، ئه‌وه ئه‌و ته‌وژمه نوێیه بوو كه ئه‌نكه‌ره رێوشوێنى توند له دژى كورد گرتییه به‌ر، روون بكاته‌وه، ئه‌و رێوشوێنانه‌ى توركیا به روونى له رۆژنامه توركییه‌كان ده‌نگی دایه‌وه، یه‌كێك له‌و رۆژنامانه داواى "له ناوبردنى رژێمى هۆزه‌كان"ى كرد و به "دروستكردنى نشینگه‌ى گه‌وره‌ى توركى له‌وێ بۆ ئه‌وه‌ى مۆركى رۆژهه‌ڵات بگۆڕێت ... له دوای چیاكان".
هاوكات راگه‌یاندنى مافى ئۆتۆنۆمى له باشوورى كوردستان، حكوومه‌تى توركیاى ته‌واو شپرزه و نیگه‌ران كرد، چونكه پێدانى مافى ئۆتۆنۆمى له كاتێكدا بوو له باكورى كوردستان قسه‌كردن به كوردى قه‌ده‌غه بوو، له‌به‌ر ئه‌وه ته‌واوى مه‌رزه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق داخست و دواى چوار مانگ رێككه‌وتنى واژوو كرد بۆ پشكنین و كێوماڵى ناوچه سنوورییه‌كانى باكورى كوردستان. ئه‌و رووداوه كاریگه‌رى زۆرى له‌سه‌ر توركیا هه‌بوو، ئه‌وه بوو له ئاستى ناوخۆدا رۆژنامه‌ى (ئهقشامى) توركى، راپۆرتێكى چڕوپڕى به‌وێنه‌وه به‌ناوى فایلى كوردى كه ماوه‌ى زیاتر له مانگێك درێژه‌ى هه‌بوو بڵاو كرده‌وه، هه‌روه‌ها له ژێر گوشارى سوپادا كه‌وته كارى كۆماندۆیى دژى كورده‌كان، یه‌كێك له‌م كاره كۆماندۆییانه كه له 18/4/1970دا له سلیڤان ئه‌نجام درا، به پاساوى پشكنین، كۆماندۆكان به‌ره‌به‌یان چوونه ناو شاره‌كه‌وه و هه‌موو پیاوانى شاریان كه ژماره‌یان نزیكه‌ى سێ هه‌زار و 144 كه‌س بوو، له ده‌ره‌وه‌ى شار كۆ كرده‌وه و بهدرهفتاریان له‌گه‌ڵ كردن و ده‌یانگوت "كوردى سه‌گ، كوا چه‌كه‌كانتان له كوێ شاردووه‌ته‌وه! ".
دواى ئه‌وه‌ى له 12ى ئادارى 1971 دووه‌مین كوده‌تاى سه‌ربازى له توركیا رووی دا. وزیرى ناوخۆى توركیا رای گه‌یاند، سێ هۆكار بوونه هۆى ئه‌نجامدانى كوده‌تا، ئه‌وانیش ده‌ركه‌وتنى چه‌پى توندڕه‌و، وه‌ستانه‌وه دژى راستڕه‌وى توندڕه‌و، كێشه‌ى "جوداخوازى" باكورى كوردستان بوون. به‌پێی راگه‌یاندنى وه‌زیرى ناوخۆ بڕێكى زۆر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى له باكورى كوردستان دۆزرابوونه‌وه كه بارزانى پشتیوانی‌یان لێ ده‌كات. به‌و بیانووه ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى له 12 ویلایه‌تى توركیا و زانكۆ گه‌وره‌كان له ئامه‌د و سێرت، بارى نائاسایى راگه‌یاند و پرۆسه‌ى به‌ربڵاوى دادگاییكردن له توركیادا بۆ هه‌زاران ههڵسووڕاوى كورد كه‌وته گه‌ڕ به تاوانى هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردى سه‌ربه‌خۆ دادگایی كردن.
له سیاسه‌تى ده‌ره‌كیشدا، پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق به‌تین كرد و پێشوازى له ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر كرد له ساڵى 1973، دواى ئه‌ویش سه‌دام حوسێن بهسیفهتى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕش ساڵانى 1973 و 1974 سه‌ردانى توركیاى كرده‌وه، له‌گه‌ڵ (بوله‌ند ئه‌جه‌ڤید)ى سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا كۆ بووه‌وه، ده‌رئه‌نجامى ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه به لووتكه‌ى هاوكاریى ته‌ناهی له‌باره‌ى سنووره‌وه داده‌نرێت، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه هاوكارى له نێوان پارێزگاره‌كانى دیاربه‌كر و وان و ماردین و ئورفه و هه‌كارى له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كانى دهۆك و نه‌ینه‌وا و هه‌ولێردا هه‌بێت. له هه‌مان كاتدا توركیا به پشتبه‌ستن به وڵاتانى هه‌رێمى، مژووڵى شكستى پڕۆژه‌ى ئۆتۆنۆمى باشوورى كوردستان بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له حوزه‌یرانى 1973دا ئه‌نجوومه‌نى سه‌نتۆ له تاران كۆ بووه‌وه و لایه‌نه‌كان به‌یاننامه‌یه‌كى هه‌مه‌لایه‌نه‌یان بڵاو كرده‌وه، كه تێیدا په‌یمان درابوو "توركیا و ئێران هه‌موو هه‌نگاوێك بگرنه به‌ر بۆ كۆنترۆڵكردنى گرژى و هه‌ڕه‌شه‌ى كورد ". توركیا له‌و ماوه‌یه‌دا كارى له‌سه‌ر شكست پێهێنانی پڕۆژه‌ى ئۆتۆنۆمى باشوورى كوردستان ده‌كرد له ته‌ك وڵاتانى هه‌رێمیدا، توركیا به‌ر له‌هه‌ر لایه‌ك هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان عێراق و ئێرانى ده‌دا، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له 16/5/1974دا له ئه‌نكه‌ره‌ى پایته‌ختى توركیا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى سێقۆڵى له نێوان عێراق و ئێران و توركیا به‌سترا. له وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران داوا كرا كه یارمه‌تى كورده‌كانى عێراق نه‌ده‌ن، چونكه سه‌ركه‌وتنى كورد بۆ هه‌رسێ ده‌وڵه‌ت كێشه‌یه‌كى گه‌وره ده‌خوڵقێنێت. له ده‌رهاوێشتنى ئه‌و كارانه‌دا (رێككه‌وتنى جه‌زائیر)ى 1975 هاته گۆڕێ. ئه‌و سنووره‌ش به رووى كورددا داخرا و شۆڕشى ئهیلوول له 1975 به‌پێى رێككه‌وتننامه‌ى ناوبراو كۆتایى پێ هێنرا. توركیا خۆشحاڵ بوو كه شۆڕشى كورد هیچ سه‌ركه‌وتنێكى به‌ده‌ست نه‌هێنا. ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌م ئه‌و كوردانه‌ى وه‌ك ئاواره په‌نایان بۆ توركیا برد، هه‌موویان ده‌ركران. به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى ده‌زگه‌ى (CIA ئه‌مه‌ریكا له رۆژى (1ى گوڵانى 1975)دا، كاتێك رێككه‌وتننامه‌ى جه‌زائیر له نێوان عێراق و ئێران دژى جووڵانه‌وه‌ى كوردانى عێراق واژوو كرا، توركیا پێشوازى له‌و رێككه‌وتننامه‌یه كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ترسى هه‌بوو كه شه‌ڕى عێراق و كورد ببێته هۆى ئه‌وه‌ى كوردانى وڵاته‌كه‌ى داواى مافى ئۆتۆنۆمى بكه‌ن، هه‌ر به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى تر‌ى ئه‌مه‌ریكا، ته‌نانه‌ت توركیا له‌به‌ر عێراق رێگرى كردووه یارمه‌تى فریاگوزاریى نێونه‌ته‌وه‌یى له خاكى وڵاته‌كه‌یه‌وه بۆ كوردانى عێراق بچێت.