بارزان محه‌مه‌د عه‌لى- ماسته‌ر له مێژووى هاوچه‌رخ
به‌شى یه‌كه‌م:
سه‌ره‌تاى پێوه‌ندییه‌كانى نێوان عێراق و توركیا بۆ كانوونى یه‌كه‌مى 1925 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك به‌پێى بڕیارى كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان، ویلایه‌تى مووسڵ به عێراقه‌وه لكێنرا، بڕیارى ئه‌نجوومه‌نى كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان له 16ی كانوونى یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 1925 له‌باره‌ى دیاریكردنى هێڵى برۆكسل وه‌ك سنوورى نێوان عێراق و توركیا، ته‌نیا به تیۆرى كۆتایى به ململانێكه هێنا، چونكه توركیا لایه‌نێكى ململانێكه بوو، بڕیاره‌كه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى و میلى ره‌ت كرده‌وه و له‌لایه‌ن رۆژنامه توركییه‌كانه‌وه به توندى هێرشى كرایه سه‌ر.
به‌ڵام پاش دانوستانێكى چه‌ند مانگى له نێوان توركیا و به‌ریتانیا و عێراقدا، له پێنجی حوزه‌یران/یۆنیۆى 1926، یه‌كه‌م رێككه‌وتن له نێوان عێراق و توركیا واژوو كرا ، كه پێكهاتبوو له سێ به‌ش و به‌سه‌ر 18 ماده‌دا دابه‌ش كرابوو.
ئه‌وه‌ى له‌و رێككه‌وتنه‌دا پێوه‌ندى به پرسى كورده‌وه هه‌بێت و تێبینى ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه له به‌شى یه‌كه‌مدا گه‌وره‌ترین به‌شى كوردستان، كه له پێش جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى به كوردستانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى عوسمانى داده‌نرا، كه‌وته به‌رده‌م نه‌خشه‌یه‌كى نوێوه و دابه‌ش بوو به‌سه‌ر دوو ده‌وڵه‌تدا، لێره به‌دواوه، واته له پێنجی حوزه‌یرانى 1926 له توركیا به باشوورى رۆژهه‌ڵاتى توركیا و له عێراق به باكورى عێراق ناو برا.
هه‌رچى به‌شى دووه‌مه، جیاواز له‌وه‌ى پێشوو كه خاك دابه‌ش ده‌كات، به ناوى دراوسێیه‌تى باشه‌وه كۆمه‌ڵێك چمكى وه‌ك كه‌سى چه‌كدار یان كه‌سانى چه‌كدار ده‌خاته فه‌رهه‌نگى پێوه‌ندییه‌كانى توركیا و عێراقه‌وه، ئامانجى ئه‌م كه‌سانه به چه‌ته‌یى و ئاژاوه‌گێڕى ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. لێره‌وه هه‌رچى ئه‌و پێوه‌ندییه سروشتییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورى و سیاسییه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورده له‌م به‌شه دابه‌شكراوه‌ى كوردستاندا ده‌بێته كارى چه‌ته‌یى و ئاژاوه‌گێڕى، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش هه‌ردوو حكوومه‌تى توركیا و عێراق له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕا ده‌بن ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌و سنووره نوێیه ده‌به‌زێنن، تۆمه‌تبارن و ده‌بێت بگیرێن، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا له‌مباره‌یه‌وه زانیارى ئاڵوگۆڕ بكه‌ن.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا له ماده‌ى 12، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا و عێراق پێویسته، هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌كى سیاسى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك خێل و شێخى یه‌كتر نه‌به‌ستن . ئه‌و ماده‌یه بۆ خۆى ده‌بێته رێگر له به‌رده‌م ئه‌و كه‌ناڵه دیپلۆماسییه هه‌رێمییه‌ى له‌و كاته‌دا بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى كورد كارى له‌سه‌رى ده‌كرد و خوازیار بوو له میانى ناكۆكییه هه‌رێمییه‌كاندا سوودى لێ وه‌ربگرێت، بۆ نموونه شێخ مه‌حموودى حه‌فید له ساڵى 1923 له‌یه‌ك كاتدا پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌نكه‌ره‌یش هه‌بوو.
پێویسته بگوترێ له كۆى 18 ماده‌ى رێككه‌وتنه‌كه، 16 ماده‌ى به پرسى سنوور و كورده‌وه پێوه‌ست كرابوون، ماده‌ى شه‌ش تا 13 و ماده‌ى 15 و 16 باس له په‌یمانبه‌ستن بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ى تاوانباران و به‌هێزكردنى پێوه‌ندییه دۆستایه‌تى و هاوسێیه‌تی كردبوو، ئه‌مه‌ش به كرده‌وه واته زاڵبوونى ته‌واو به‌سه‌ر سنوورى كورد دا، به‌ڵام ترسناكترین ماده كه به كورده‌وه پێوه‌سته، ماده‌ى 10 بوو كه مافى به هه‌ردوولا دا بۆ راوه‌دوونانى "هێرشى هۆزه‌كان" تا ماوه‌ى 75كم بێنه ناو سنوورى یه‌كتره‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ى كه ئه‌و ماده‌ى رێككه‌وتنامه‌كه ده‌یانگرێته‌وه، به سنوورى جیاكه‌ره‌وه‌ى نێوان عێراق و توركیا پێناسه كرا.
بۆیه زیانى گه‌وره‌ى ئه‌م رێككه‌وتنه به‌ر گه‌لى كورد كه‌وت، چونكه رێككه‌وتننامه‌كه بۆ ئه‌وه واژوو كرابوو تا بۆندى جیاكردنه‌وه‌ى باشوورى كوردستان له باكورى كوردستانى پێ ته‌واو بكرێت، به‌پێى ده‌رچوونى بڕیارى نێوده‌وڵه‌تى، جیاكردنه‌وه‌كه "له رێى هێڵێكى سروشتى جیۆگرافى نێوان دوو ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها نه له نێوان نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانیش ده‌بێت، به‌ڵكو ته‌نیا كورد، به لكاندنى به‌شێكى به توركیا و به‌شه‌كه‌ى تری به عێراق ده‌كات به دوو به‌شه‌وه".
به‌م شێوه‌یه، رێككه‌وتننامه‌كه "راشكاوانه و دۆستانه" له نێوان حكوومه‌ته‌كانى به‌ریتانیا – توركیا – عێراق به‌سترا، گۆڕانێكى نوێى خسته گۆڕه‌پانى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، ئه‌ویش بریتی بوو له هاوكارى و هاوئاهه‌نگى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كورد، كه له نێوان قه‌واره نوێیه‌كان (ئێران، عێراق، توركیا، سووریا) دابه‌ش كراون. به دیوێكى تردا ئه‌و رێككه‌وتنه نزیكترین مه‌وداى جێبه‌جێكردنى له كوردستانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات ، هه‌ر لێره‌وه بۆ یه‌كه‌مجار سنوورى نێوان ده‌وڵه‌تى عێراق و توركیا دیارى ده‌كرێت، هه‌ردوولا بۆ گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى پێویست به رووى چالاكییه سنوورییه‌كانى نه‌ته‌وه‌كه‌یدا، بڕیار له‌سه‌ر ته‌واوى هاریكارى ده‌ده‌ن.
هه‌موو ئه‌مانه به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ن كورد وه‌ك خه‌ڵك و كوردستانیش وه‌ك خاك به ئه‌رێنى یا نه‌رێنى بووبێت، خاڵێكى هاوبه‌ش و رایه‌ڵێكى گرنگ بووه له پێوه‌ندییه نوێیه‌كانى عێراق و توركیادا، هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه عێراق دواى كردنه‌وه‌ى یه‌كه‌م باڵوێزخانه‌ى خۆى له ئه‌نكه‌ره له 1928 رای گه‌یاند، "پێوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا، نابێت به‌هۆى كورده‌وه ئاڵۆز بێت و به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوولا له‌وه‌دایه هاوئاهه‌نگى ته‌واو له‌باره‌ی پرسى كورد هه‌بێت".
له‌وكاته‌وه پرسى كورد بووه‌ته پرسێكى درێژخایه‌ن له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ناوه ناوه ده‌خرێته به‌ر گفتوگۆ و هه‌ندێك جاریش به نێوده‌وڵَه‌تى ده‌بێت، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى پاڵنه‌رێكى راسته‌قینه و نیازێكى راستگۆیانه‌ى بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێكى دادپه‌روه‌رانه له دواوه بێت، به‌م شێوه‌یه بیرى سه‌ربه‌خۆیى كوردى به ته‌واوى له راوێژه‌كانى ئێسته‌ى نائاماده ده‌بوو، چونكه ئه‌وكات بیرۆكه‌كه به ناواقیعى ده‌چوو، هیچ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ى كه كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌ش كراوه به خاك و گه‌له‌وه، ئاره‌زووى ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد قه‌واره‌یه‌كى كوردى بێته كایه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
A. J. Toynbee, The Islamic World, Survey of International Affairs 1925, London, 1927.
المعاهده العراقیه – الانكلیزیه – التركیه المنعقده فی انقره – 5 حزیران سنه 1926، متبعه الحكومه، بغداد، 1941 -
- فاچل حسین، مشكله الموصل دراسه فی الدبلوماسیه العراقیه – البریگانیه – التركیه وفی الرأی العام، گ3، مگبعه اشبیله، بغداد.
- هنرى فوستر، نشاَه العراق الحدیپ، ت، سلیم گه التكریتى، بغداد 1989.
روبرت اولسن، المسأله الكردیه فی العلاقات التركیه الایرانیه، ت، محمد احسان رمچان، اربیل 2002-