بارزان محه‌مه‌د عه‌لى- ماسته‌ر له مێژووى هاوچه‌رخ
به‌شى چواره‌م
دوا قۆناغه‌كانى پێوه‌ندى نێوان توركیا و عێراق و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر باشوورى كوردستان، له ده‌رئه‌نجامى جه‌نگى دووه‌مى جیهانییه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرت كه له 24/ ئه‌یلوولى 1946دا خۆى له هێنانه كایه‌ى كۆمارى كوردستان له مه‌هاباد بینییه‌وه، هه‌ر له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى كۆماره‌وه، وڵاتانی هه‌رێمی وه‌ك عێراق و توركیا، كۆمارى كوردستانیان به زه‌نگێكى ئاگاداركردنه‌وه ده‌زانى و به سه‌ره‌تایه‌كیان دانا بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى بنكه‌فراوان كه نه‌ك به ته‌نیا نه‌خشه‌ى ئێران، به‌ڵكو نه‌خشه‌ى عێراق و توركیایش ده‌گۆڕێت. ئه‌و بۆچوونه‌یان له دواى ئه‌وه‌وه هات كه ناوه‌نده دیپلۆماتیكییهكانى قاهیره رای گه‌یاند، "ده‌شێ ئه‌و كۆماره ببێت به‌و چهقهى هه‌موو كورده‌كان له ده‌ورى خۆى كۆ بكاته‌وه كه له ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاستى توركیا تا سه‌ر ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست و باكورى عێراق، مووسڵ و كه‌ركووك بڵاو بوونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش رووناكییه‌كى نوێ ده‌خاته سه‌ر ئه‌و دانوستاندنانه‌ى له نێوان نوورى سه‌عید و حكوومه‌تى توركیادا هه‌یه.
هه‌رچى وڵاتانى وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا بوون، له سه‌ره‌تاى جه‌نگێكى نوێ‌دا بوون له‌گه‌ڵ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و دواتر به جه‌نگى سارد ناسرا، ئه‌م كۆماره كوردییه‌یان به بنكه‌ى سۆڤیه‌تى ده‌زانى له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. له‌م دیده‌وه توركیا له ترسى كۆمارێكى كوردى بنكه‌فراوان پشتبه‌ستوو به سۆڤیه‌ت، وه‌ك یه‌كێك له هۆكاره‌كان، خۆى له‌گه‌ڵ رۆژئاوا به سه‌ركردایه‌تى ئه‌مه‌ریكا له‌یه‌ك به‌ره‌دا رێكخست، حكوومه‌تى عێراقیش به‌هه‌مانشێوه خۆى له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى وادا ده‌بینییه‌وه، هه‌ر ئه‌و ئهگهرهبوو وایكرد هه‌ردوو وڵات هه‌وڵ بده‌ن رێ له په‌ڕینه‌وه‌ى ئه‌و شۆڕشه بۆ وڵاته‌كانیان بگرن، به‌تایبه‌تى ماوه‌یه‌كى زۆر به‌سه‌ر دامركاندنه‌وه‌ى ڕاپه‌رینى بارزان تێنه‌په‌ڕیبوو له باشوورى كوردستان.
ئه‌مه‌ش بوو به هۆیه‌كى سه‌ره‌كى بۆ سه‌ردانى به په‌له‌ى وه‌سى و نوورى سه‌عید له 28/2/1946 بۆ ئه‌نكه‌ره تا له‌باره‌ى پرسى كورد گفتوگۆ بكه‌ن و كارنامه‌یه‌كى هاوبه‌ش بۆ به‌ربه‌ستكردن و داپڵۆسینى بزاڤى كوردى دابڕێژن.
بۆیه له نوێكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌ى توركى و عێراقى له 21/5/1946، واته دواى دوو مانگ له دامه‌زراندنى كۆمارى كوردستان، ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته به نوێنه‌رایه‌تى نوورى سه‌عید سه‌رۆك شاندى عێراق و (شوكرى سیراج ئۆغڵو) سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا و (فه‌ره‌یدوون ئاركین) سكرتێرى گشتى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا، رێككه‌وتننامه‌یه‌كیان واژوو كرد. توركیا و عێراق نه‌یانتوانى بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر ناوه‌ڕۆكى ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه بشارنه‌وه، رۆژنامه‌ى (The Daily Mail) له‌وباره‌یه‌وه نووسیویه‌تى، "پێویستى به‌ستنى ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه به‌و شێوه‌یه، له‌وه‌وه هاتووه كه په‌یمانى سه‌عدئاباد له‌كار كه‌وتووه و دۆزى ناسیۆنالیزمى كورد كه توركیا و عێراق به گه‌وره‌ترین گیروگرفتى ده‌زانن له دژى ئاسایش و ئاشتى له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا، گه‌شه‌ی كردووه".
ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه له سێ به‌ش پێكهاتبوو، به‌شى یه‌كه‌م شه‌ش پرۆتۆكۆلى له‌خۆ گرتبوو كه بریتى بوون له:
1- رێكخستنى ئاوى دیجله و فورات
2- یارمه‌تى دوو لایه‌نه له رووى ئاسایشه‌وه
3- یارمه‌تى رۆشنبیرى و فیكرى
4- یارمه‌تى گه‌یاندنى پۆسته و هێڵى ته‌له‌فۆن
5- كاروبارى ئابوورى
6- كاروبارى تایبه‌ت به سنوور
به‌شى دووه‌م تایبه‌ت بوو به هاوكاریى مه‌ده‌نى و دادوه‌رى و بازرگانى، به‌شى سێیه‌م بۆ گۆڕینه‌وه‌ى تاوانباران ته‌رخان كرابوو. ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه وه‌ك زۆربه‌ى رێككهوتننامهكانى نێوان توركیا و عێراق تیایدا هاتبوو، "پێویسته هه‌ردوولا ئه‌و هه‌واڵانه ئاڵوگۆڕ بكه‌ن كه تایبه‌تن به پڕوپاگه‌نده‌ى زیانبه‌خش، یا ئه‌و پره‌نسیپه رووخێنهرانهى له یاساى هه‌ردوو وڵات‌دا دیارى كراون، بۆیان هه‌یه ئاسایشى هه‌ردوولا بشێوێنن و گیانى یاخیبوون له وڵاته‌كه‌ى تردا بڵاو بكه‌نه‌وه".
به‌م چه‌شنه، كۆمارى كوردستان تێگه‌یشتنێكى نوێى به هه‌ریه‌ك له توركیا و عێراق له رووى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسى كورد به‌خشى، بۆ هه‌ردوولا روون بووه‌وه ئه‌م كۆماره بۆ بزووتنه‌وه‌ى كورد له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بووه‌ته سه‌رچاوه‌ى موژده‌به‌خش.
له‌م روانگه‌یه‌وه توركیا لاى خۆیه‌وه بڕیارى راگواستنى كوردى سه‌ر سنووره‌كانى عێراق – ئێرانى دا، هه‌روه‌ها حكوومه‌تى عێراق به توند‌وتیژترین شێوه به‌ره‌وڕووى ئه‌و كوردانه‌ى باشوورى كوردستان بووه‌وه كه له دواى رووخانى كۆمارى كوردستان له 15/12/ 1946 ده‌یانویست بگه‌ڕێنه‌وه شوێن و رێی خۆیان. له‌مباره‌یه‌وه توركیا ته‌واو هاوكارى عێراقى كرد و هه‌ردوولا له پاشه‌كشه‌ى هێزى بارزانییه‌كان له به‌رانبه‌ر سوپاى ئێران‌دا، ته‌واوى هه‌وڵى سه‌ربازیى خۆیان خسته گه‌ڕ و نه‌یانهێشت ئه‌و شۆڕشگێڕه كوردانه له‌ناو سنوورى عێراق یان توركیا نیشته‌جێ ببن، تا بوار نه‌ده‌ن جارێكى تر بزووتنه‌وه‌یه‌كى نوێ به شێوازێكى نوێ له‌سه‌ر سنووره‌كان بێته كایه‌وه.
جێی ئاماژه‌یه مه‌ترسیی جیۆپۆڵه‌تیكى و جیۆستراتیجى ئێران و توركیا و عێراق، به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى باڵاده‌ست بوو له هه‌موو پرسه سیاسییه‌كاندا، واى له‌و ده‌وڵه‌تانه كردبوو به هیچ شێوه‌یه‌ك رێ نه‌ده‌ن هیچ ده‌وڵه‌تێك یا رێكخراوێكى ده‌ره‌كى، به‌رژه‌وه‌ندى جیۆپۆڵهتیكییان بخاته مه‌ترسییه‌وه، یارمه‌تى رێكخراوه‌كان یاخۆ هانى بزاڤى نه‌ته‌وایه‌تى كوردى بدا به مه‌به‌ستى سه‌رله‌نوێ هه‌ڵسانه‌وه و شۆڕش.
ئه‌م رووداوانه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه له دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانییه‌وه، رۆژ به رۆژ ئه‌و بنه‌مایه سیاسییه زیاتر له‌بار ده‌بوو بۆ دامه‌زراندنى بلۆكێكى رۆژهه‌ڵاتى، له‌پێناو وه‌ستانه‌وه به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى رووبه‌ڕووى به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و ده‌وڵه‌ته ناوچه‌ییانه و له رێى ئه‌وانیشه‌وه رووبه‌ڕووى زلهێزه‌كان ده‌بووه‌وه، یه‌كێك له‌و هه‌ڕه‌شانه‌یش لاى ئه‌وان، وه‌ك ئاماژه‌ى پێ كرا "بزاڤى كورد"ى بوو، بۆیه له دواى جه‌نگه‌وه هه‌وڵى رۆژئاواییه‌كان له زیادبووندا بوو بۆ دامه‌زراندنى بلۆكێكى رۆژهه‌ڵاتى، تا له‌لایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان بپارێزن، له‌لایه‌كى تره‌وه بزاڤه ڕزگاریخوازییهكانى ناوچه‌كه كه ده‌روازه‌یه‌ك بوو بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییان، سه‌ركوت بكات و رێیش له ته‌شه‌نه‌كردنى نفووزى سۆڤیه‌ت بگرێت.
دوا به‌دواى ئه‌وه، بیرۆكه‌ى (پشتێنى باكور) له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه خرایه ڕوو، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م پڕۆژه‌یه ئه‌وه بوو وڵاتانى نزیك یه‌كێتى سۆڤیه‌ت له پهیمانێكدا كۆ بكرێنه‌وه و له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپاوه سه‌رپه‌رشتى بكرێن، لێره‌شدا ده‌بوو توركیا به ناوى ئه‌وانه‌وه ڕۆڵى سه‌ره‌كى ببینێ، توركیا له رێى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه گه‌لێك یارمه‌تى ئابوورى و سه‌ربازى رۆژئاواى به‌ده‌ست ده‌هێنا و بۆ به‌هێزكردنى سه‌نگى خۆى له‌ناو وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا به‌كارى ده‌هێنا، ئامانجى سه‌ره‌كى پڕۆژه‌كه‌یش پاراستنى رژێم و سنووره‌كانى توركیا و عێراق و ئێران و پاكستان بوو، نه‌ك شاڵاو و هێرشبردنه سه‌ر یه‌كێتى سۆڤیه‌ت.
به‌م چه‌شنه ئه‌م هاریكارییه نێوده‌وڵه‌تى و ناوچه‌ییه دژى بزاڤى كورد، بوو به‌سه‌رچووی بێبه‌شبوونی گه‌لى كورد له گۆڕانكارییه‌كانى دواى جه‌نگى جیهانی دووه‌میش.
شایه‌نى گوتنه، ئه‌و هه‌موو هاریكارى و پیلانه نێوده‌وڵه‌تى و ناوچه‌ییه دژى كورد، له كاتێكدا بوو داواكارییه‌كانى كورد زۆر ساده بوون، ته‌نیا ئه‌وه‌یان ده‌ویست لێیان گه‌ڕێن وه‌ك مرۆڤ بژین. وه‌ك رۆژنامه‌ى ده‌یلى ته‌له‌گراف نووسى "ئه‌وه‌ى كورد له هه‌موو شتێك زیاتر چاوى لێیه‌تى، ئه‌وه‌یه لێیان گه‌ڕێن به ئازادى و به زمانى خۆیان له‌سه‌ر كولتوور و داونهریتى خۆیان منداڵه‌كانیان په‌روه‌رده بكه‌ن، به ساده‌یى ئه‌وان ده‌یانه‌وێ رێ‌یان بدرێ به زمانى كوردى بخوێنن و خوێندنه‌وه و نووسینیان به زمانى كوردى بێت و به رێیه‌كى كوردانه ژین به‌سه‌ر ببه‌ن و له ناو فارس و تورك و عه‌ره‌بدا نهتوێنرێنهوه".