كوردە توندئاژۆخوازەكان

AM:09:08:21/08/2021 ‌
پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت "مەنجەڵ لە كوورە گەرمتر"ـە. بە درێژایی مێژوو كورد "كوێری ماڵی خۆی و وەستای خەڵك بووە"، بە ئاوازی گەل و وڵاتانی تر هەڵپەڕیوە، بەڵام بیری لە حاڵی خۆی نەكردووەتەوە. بۆ ئازار و خەمی خەڵك گریاوە و بۆ خەمی خۆی پێكەنیوە. هەر ئەمەیە وای لە كورد كردووە كە هەر ئاین و هێز و داگیركارێك ویستبێتی بەكاری هێناوین، جا لە ژێر ناوی جیاواز و پیرۆزی جیادا، چەندان شتی تر بۆ بەرژەوەندیی خۆی و دواتر كە كاری پێمان نەماوە، وەلای ناوین و ئێمەیش بە دەستی بەتاڵ و دۆڕاوی لێی هاتووینەتە دەرەوە.

ئەمە بە درێژایی مێژووی كورد لە كەسانی سادە و ساكاری مسوڵمان و حزب و گرووپە ئیسلامییە سیاسییەكانی كورددا ڕەنگی داوەتەوە كە هەمیشە هاوسۆز و هاوخەمی گرووپە ئیسلامییەكان بوون لە تەواوی دنیادا. هەمیشە ئاهەنگیان گێڕاوە بۆ سەركەوتنی گرووپێك یان حزبێكی ئیسلامی بیانی، لە هەر گۆشە و قوژبنێكی ئەم دنیایە بێت، تەنانەت چەپ و شیوعییە كوردەكانیش هەروا بوون، هاوئاهەنگی هەموو چەپەكانی دنیا بوونە لە كوردستانەوە و هاوخەمیشیان بوون. بەڵام ئیسلامییەكان هاوسۆز و هاوخەم نین لەگەڵ كورد و حزبە كوردییەكاندا و هەمیشە تێكۆشانیان بۆ خاك و خەڵك نەبووە.

ئەگەر بیرمان بێت، هەر لە سەركەوتنی مورسی و ئیخوان لە میسر و سەركەوتنی داعش لە سووریا و عێراق، هەندێكیان كەوتنە هەلەكەسەما، چەندان نموونەی تر. ڕاستەوخۆ ئەو حزب و گرووپە ئیسلامییە سیاسییانەی كوردستان بینراون كە ماسكەكانیان دەكەوێت و جەزبەی خۆشی و سەركەوتن دەیانگرێت.

ئێستەیش بە هاتنەوەی تاڵیبان، هێدی هێدی خۆیان پێ ڕاناگیرێت و هەر كەسە و بە نهێنی و ئاشكرا بسكەی سمێڵیان دێ، هاوسۆزی بۆ دەردەبرن بۆ ئەو حوكمە بەربەری و وەحشیگەرییەی تاڵیبان كە ئەمەریكای بێ ئاین بە قەولی ئەوان پێشكەشی كردوون، نەك دەسكەوتی خۆیان بێت. جا تۆ سەیری ئەو دووڕووییەی گرووپە ئیسلامییەكان بكە، بە پرەنسیپ و ئاینەكەیان بێت، دەبێ دژی ئەمەریكا بن، بەڵام ئەگەر دیارییەك لە ئەمەریكاوە بچێت بۆیان، شاگەشكە دەبن. قەت هەست ناكەم كە رێی راستی خواپەرستی بێ.

ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە لەناو دەروون و هەستی هەموو ئیسلامییەكی سیاسیی كورددا، داعشێك یان تاڵیبانێكی توندئاژۆ خۆی مەڵاس داوە، لە هەر كاتێكدا دەرفەت وەربگرێت و زەوینە بسازێ، ئەمیش دیوە توندڕۆكەی دەردەخات. 

پێم وایە ئەگەر لە كوردستان دامەزراوەیەك هەبێت بەناوی ئاسایشی نیشتمانی یان هێزی دژەتیرۆر و ئاسایش، دەبێت دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ ئەو كەسانەی هاوسۆز و هاوبیری ئەو گرووپە توندئاژۆیانەن، بگیرێن و سزای توندی خۆیان وەربگرن، چونكە ئەمانە بۆمبی چێنراون و هەر رۆژێك بۆیان بلوێ، ئەم پێكەوەژیانە جوانە دەخەنە مەترسییەوە.

  رووداوی ئەفغانستان پێی گوتین پێویسته هەڵوەستە بكەین، چونكە هێشتا هزری جیهادی و داعشی لە ناوماندا ماوە و كاڵ نەبووەتەوە، بۆیە مەترسییەكی گەورە ئەگەر فەرامۆشیان بكەین، بە پێویستی دەزانم بە زووترین كات پێداچوونەوە بە هەندێك دۆسیەی ئیسلامی سیاسی و ناسیاسیدا بكرێت، یان هۆشیار بكرێنەوە و كوردستان بكەن بە ماڵی خۆیان، یان بخرێنە گرتووخانە و ئەو ڤایرۆسانە لەناو كۆمەڵگە جوانەكەمان دوور بخەنەوە، چونكە خەڵكانێك ئامادە بن دەستی هەر دوژمنێك بگرن بۆ دروستكردنی ئاژاوە و ببن بە هەڕەشە بۆ سەر كوردستان، دەبێ پێش ئەوەی مەترسییەكە دروست بكەن، دوور بخرێنەوە. 

ئەم رۆژانە هەموومان پیرۆزبایی ئەو شانە نوستووانەمان بینی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ تاڵیبان، كە چەند بێشەرمانە خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی و ڕێزیان لە دوو هەزار شەهیدی دەستی چەپەڵی داعش و 12 هەزار برینداری ئەو شەڕی تیرۆرە نەگرت، ئەمانە تەنانەت ئەو ئەفغانییانەیش بە شایانی ژیان نازانن كە مرۆڤی ئاسایی و خواپەرستن، ‌بەڵام توندڕەو نین. ئەگەرنا دەزانن گەلی ئەفغان مسوڵمانن، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان تاڵیبانن. چونكە وا بیر دەكەنەوە كە هەموو كەس لەژێر شمشێرەكەی ئەواندا بێت بۆ سەربڕین ئەگەر وەك خۆیان توندڕەو و سیاسیی نەبێت، لە كاتێكدا خواپەرستی راستەقینە ئەو مسوڵمانەیە كە خوا دەناسێت، نەك لە رێی حزبێكی ئیسلامییەوە بیناسێت یان لە گرووپێكی تیرۆریستی یاخۆ سیاسیی ئیسلامیدا بێت.