شكۆی ریفراندۆم

PM:01:37:26/09/2021 ‌
ڕیفراندۆم گەورەترین ڕووداو بوو لە تەواوی دیرۆكی كورددا، هاوكات گەورەترین و پیرۆزترین هەوڵ بوو بۆ داواكردنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێك بۆ كورد.

بە كۆشش و سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی، بۆ یەكەم جار كورد بە دنیای گوت كە میلەتێك ھەیە بەناوی كورد و خاكێك ھەیە بە ناوی كوردستان، سەربەخۆییان دەوێ و نایانەوێ بەشێك بن لە عێراقی خوێن و ئاگر و شكستخواردوو و وێران.

یەكەم جار بوو كە كورد دەنگی بەهەموو دنیا گەیشت و هاوكات لەگەڵ ڕیفراندۆمی كەتەلۆنیاشدا هەردووك نەتەوە، وەك هاودەرد و هاودەنگ بەدەنگەكانیان دنیایان تەنی، دەنگەكانیان بەگوێی هەموو مرۆڤێكی ئەم دنیایەدا درا كە كورد و تەواوی نەتەوە بێ دەوڵەتەكان دەیانەوێ سەربەخۆبن.

گەورەیی ریفراندۆم و گشتپرسی لەوەدایە، هەموو كوردێك هەموو ساڵێك بە سەرفرازی و سەربەرزییەوە، بە دڵخۆشی و شكۆوە یادەكە بە بەرزی ڕادەگرن، تاهەتایە بە شانازییەوە نەوە دوای نەوە باس دەكرێت و یادی دەكرێتەوە.

پێم وایە لەمەودوا دەبێ ڕیفراندۆم لە قوتابخانەكاندا وەك میتۆد و وانە بخوێنرێت و نەوەكانمان ئاشنا بكەین بەو هەوڵە مێژووییە، سوپاسی سەرۆك بارزانی بكرێت وەك كارەكتەری سەرەكیی ڕیفراندۆم و سیمبۆلی سەربەخۆیی. لە مێژووی هەموو تاكێكی كورددا، فەلسەفیترین و جوانترین پرسیار، پرسیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو كە لە مرۆڤی كورد كرا، ئایا دەتەوێ كوردستان ببێتە دەوڵەت و سەربەخۆ بێت؟.

زۆر بوون ئەوانەی نوقڵانەی نەمانی قەوارەی هەرێم و پارتییان لێ دەدا، دەیانگوت هەموو ڕێیەكان و مەرزی زەوی و ئاسمانمان لێ دەگیریت و لە برساندا دەمرین، ریفراندۆم گرانیمان بۆ دێنێ، بەڵام خەیاڵیان خاو بوو و بەهەڵەدا چوون، لە دوای ئەو ڕووداوە هەرێمی كوردستان و قەوارەكە بەهێزتر و پتەوتر بووە، بەهۆی دیپلۆماسیی بارزانییەكان زیاتر ناسێنرا و كورد زیاتر بە دنیا ئاشنابوو.

هەندێك لایەنی تریش دەمامكی خۆیان هەڵماڵی و خیانەتیان كرد لە وڵات


هەروەها پارتیش بەهێزتر و بەرەوپێشتر هەنگاوی نا، خەڵكی كوردستان ئەو ڕووە نیشتمانی و نەتەوەپەرستی و خاكدۆستییەیان لە پارتیدا بۆ دەركەوت، هەندێك لایەنی تریش دەمامكی خۆیان هەڵماڵی و خیانەتیان كرد لە وڵات. هەروەها پێگە و كەسایەتیی سەرۆك بارزانی، بەهێزتر و مەزنتر بوو لای خەڵكی كوردستان، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بە پیاوێكی پڕاوپڕ لە مەردایەتی و ئازایەتی ناسێنراوە و بووە ڕێبەری كوردان.

لە یادی پیرۆزی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا، ئەوانەی "نەخێر"یان كرد، بۆ تاهەتایە ویژدانیان ئازاریان دەدات و دژی خاك و خەڵك و وڵات بوون، ئەوانەی كە دژی پرۆسەكە بوون، لە مێژوودا سەرشۆڕی و ناپاكییان بۆ خۆیان تۆمار كرد، تاهەتایە كورد و كوردستان بۆ هەمیشە بەنەفرەتیان دەكات.