كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د بكه‌ن به‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری

توانا ئه‌مین

كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ژنه‌ شاعیرێكی به‌ ناوبانگی كورده‌، ناوبانگه‌كه‌ی هی مێینه‌بوونی نییه‌، هی داهێنانی ئه‌و ستایله‌ له‌ شیعری ئیرۆتیكه‌ كه‌ له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ خۆی له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا سه‌رقافڵه‌یه‌تی. 

ئه‌م خاتوونه‌ خه‌ڵكی كه‌ركووكه‌ و ساڵانێكی زۆر له‌ هه‌ولێر ژیاوه‌ و سلێمانی شاری ئه‌وه‌. كه‌ژاڵ سیمایه‌كی هه‌م ئاشنا، هه‌م خۆشه‌ویسته‌ له‌ناو كوردانی هه‌ر چوار پارچه‌دا، له‌ ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خاوه‌ن بڕوانامه‌یه‌، توانستیشی هێجگار به‌رزه‌، له‌ لێپرسراوی لاپه‌ڕه‌وه‌ تا به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین و جێگری سه‌رنووسه‌ری به‌ناوبانگترین گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی كوردی بووه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ)یشه‌وه‌. له‌ ڕووی ئیتیكییه‌وه‌ ڕۆژنامه‌نووسێكی بوێر و دژه‌باوه‌، له‌ ڕووی پره‌نسیپه‌وه‌ /به‌تایبه‌ت له‌ ساڵانی دوایی كاركردنیدا/ سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ره‌ دیاری بزووتنه‌وه‌ی فێمینستی كوردییه‌. 

بۆ كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د باشترین و گونجاوترین و شیاوترین كاندیده‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، كه‌ هه‌م به‌ ژنبوونی ڕوویه‌كی شارستانیی ده‌دات به‌ كابینه‌ی نوێ، هه‌م كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاوه‌. به‌پێی ئه‌زموونی پڕ و دوور و درێژی، ئه‌و له‌ هه‌ر كه‌سێكی تر باشتر ده‌توانێ مامه‌ڵه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه‌ له‌گه‌ڵ میدیا و فه‌رهه‌نگ و كولتووری كوردیدا بكات. 

ئێسته‌ كه‌ دوای ١٠ ساڵ بێده‌نگیی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ سلێمانییه‌، بۆ یه‌كێتی هیچ كه‌سێك له‌ دانانی كه‌ژاڵ له‌ پۆستی ڕۆشنبیریدا ئاوه‌زمه‌ندانه‌تر نییه‌. بۆ پارتی /كه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌مجاره‌ ده‌یانه‌وێ سوود له‌ كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ و ته‌كنۆكرات وه‌ربگرن/ كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د شیاوی ئه‌وه‌یه‌ ته‌كلیفی وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ڕۆشنبیری وه‌ك ژنێك، وه‌ك شاعیر و نووسه‌رێكی به‌ناوبانگ، وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆ لێ بكرێت.

كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د جگه‌ له‌وه‌ی شاعیر و نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌ و خاوه‌نی زیاتر له‌ حه‌وت كتێبی سه‌نگینه‌، شیعره‌كانی بۆ زمانه‌كانی عه‌ره‌بی، فارسی، توركی، ئینگلیزی، نه‌رویجی هاتوونه‌ته‌ وه‌رگێڕان و پێگه‌یه‌كی دیاریی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ده‌بی كوردیدا هه‌یه‌..

بۆ من به‌ ناونیشانی نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكی كورد، دوای چاپكردنی ٢٠ كتێب، ئێسته‌یش نازانم وه‌زیری ڕۆشنبیری له‌ كابینه‌ی پێشوودا كێ بوو؟ ناوی چی بوو؟ ئه‌ی ده‌بێ بۆ خه‌ڵكی تر چۆن بێت؟ ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ نوێی حكوومه‌ت دێته‌ راسپاردن ده‌بێ بزانێت وه‌زیری ڕۆشنبیری له‌ هه‌ر حكوومه‌تێكدا ته‌نیا پۆستێكی كارگێڕیی نییه‌، وه‌زیری ڕۆشنبییرییه‌ك، نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند نه‌یناسن و ناویان نه‌بیستبێت، نه‌ ده‌توانێ له‌ ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا بێت، نه‌ له‌ توانایشیدایه‌ باری سه‌ختی پاراستنی فه‌رهه‌نگ و كولتوور و زمانی كوردی له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.

كه‌ ئه‌م دێڕانه‌ ده‌نووسم، له‌ دڵه‌وه‌ خه‌می فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌مه‌ و بۆ زانیاریی خوێنه‌رانیش، من له‌ ژیانمدا نه‌ كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌دم به‌ڕاستی بینیوه‌، نه‌ ته‌وقه‌یه‌كم له‌گه‌ڵدا كردووه‌، نه‌ چایه‌كم له‌گه‌ڵ خواردووه‌ته‌وه‌ و نه‌ له‌ نزیكیشه‌وه‌ ده‌یناسم.


 


AM:11:55:06/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 187 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌