گرنگی په‌له‌وه‌ر و چۆنیه‌تیی به‌خێوكردنی به‌شێوه‌ی زانستی

دكتۆر بڵباس 

به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر به‌ گرنگترین پیشه‌سازی دێته‌ ژمار له‌ دنیای ئێسته‌. پیشه‌سازیی په‌له‌وه‌ریش ئه‌مانه‌ ده‌گرێته‌ خۆی: به‌رهه‌مهێنان له‌ رووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی و به‌رهه‌مهێنانی هێلكه‌ی خواردن و هێلكه‌ی ترووكاندن.

پیشه‌سازیی په‌له‌وه‌ر و به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا په‌ره‌ی ته‌واوی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و بووه‌ته‌ كارێكی بازرگانیی باو له‌ نێوان وڵاتاندا، چونكه‌ چه‌ندان جۆر په‌له‌وه‌ر و مریشكی نایاب و گرانبه‌ها و سه‌رنجڕاكێش هه‌ن و به‌رهه‌م دێن. بۆیه‌ زۆربه‌ی وڵاتان گرنگی پێ ده‌ده‌ن و له‌و رووه‌وه‌ ئێسته‌ پێشكه‌وتنی به‌رچاویان به‌خۆوه‌ بینیوه‌. 

كوردستانی خۆمان له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌هۆی ئه‌و باره‌ ناهه‌مواره‌ داراییه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پێنرا، خه‌ڵكانێكی زۆر روویان له‌ به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ری جوانی كرد بۆ سوودبینین له‌ رووی داراییه‌وه‌، به‌مه‌ش چه‌ندان جۆر په‌له‌وه‌ر و مریشكی جوانی گرانبه‌هایان هێنایه‌ كوردستان و ئێسته‌ له‌ بازاڕه‌كاندا مامه‌ڵه‌ی بازرگانییان پێوه‌ ده‌كرێ، ئه‌م كاره‌ بووه‌ته‌ پیشه‌ی سه‌ره‌كیی چه‌ندان كه‌س و دابینكردنی پێداویستی رۆژانه‌یان.

 
به‌ڵام ئه‌م بازرگانی و پیشه‌سازییه‌یش، گرفت و كێشه‌ی خۆی هه‌یه‌ و پێویسته‌ بیر له‌ چاككردنی بكرێته‌وه‌. به‌تایبه‌تی روونه‌ كه‌ نه‌خۆشی و گرفته‌كان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی په‌له‌وه‌ره‌وه‌ دروست ده‌بن، بۆیه‌ وا باشتره‌ بۆ زیاتر سوود بینین له‌م بازرگانی و پیشه‌سازییه‌، سه‌ره‌تا له‌ چۆنیه‌تیی فێربوونی به‌خێوكردنێكی ته‌ندروسته‌وه‌ ده‌ست پێ بكرێت تا دوور بین له‌ زیان. ئه‌مه‌ش به‌ گرتنه‌به‌ری چه‌ند هه‌نگاوێكی زانستی و سوودوه‌رگرتن له‌ چاره‌سه‌ری سه‌رده‌می، به‌و پێیه‌ی ئه‌م بواره‌ به‌رده‌وام زانیاری تازه‌ی تێده‌كه‌وێ به‌هۆی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ زۆرانه‌ی په‌له‌وه‌ر ده‌كه‌نه‌ ئامانج. 

لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیی هه‌موو رووه‌كانی ژیانی په‌له‌وه‌ر له‌ رۆژی یه‌كه‌می ترووكاندنی تا گه‌وره‌ ده‌بێت، چه‌ند رێوشوێنێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌ رووی پله‌ی گه‌رمی و ئاو و خواردن و رووناكی و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی له‌ هێلكه‌ و له‌ باوان و دایانه‌كانیان، ده‌بێ ره‌چاو بكرێن له‌پێناو گه‌شه‌كردن و سوودی زیاتر له‌و پیشه‌سازییه‌ تازه‌یه‌.
 
رێیه‌كانی به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌رێكی باش و ته‌ندروست:
ـ هه‌ڵبژاردنی جۆرێكی ده‌ستنیشانكراو له‌ په‌له‌وه‌رێكی باش و باو، جا بۆ سوودی خواردن بێ یان بۆ بازرگانی. 

ـ  دانانه‌وه‌ی هێلكه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كه‌ و ترووكاندنی له‌ هه‌ڵهێنه‌ره‌ ده‌ستكرده‌كانی جێ متمانه‌ له‌ رووی چه‌ندایه‌تی و چۆنیه‌تی و رێژه‌ی ترووكاندن و ته‌ندروستی هه‌ڵهێنه‌ره‌كان. 

ـ ئاماده‌كردنی داینگه‌ (حچانه‌) بۆ جوجكه‌كان كه‌ ده‌بێ ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدابێ بۆ هه‌ر یه‌ك مه‌تری چوارگۆشه‌ 10 تا 18 جووجه‌ڵه‌ی تێدا بێت.
ـ دابینكردنی رووناكی و گه‌رمیپێو و مه‌نهه‌ڵی ئاو و دانگه‌ی خواردن. 

ـ پێكردنی گه‌رمی و رووناكی پێش 24 سه‌عات له‌ هێنانی جووجه‌ڵه‌ بۆ داینگه‌كه‌ . 

ـ دوور دانانی مه‌نهه‌ڵی ئاو و دانگه‌كان له‌ رووناكی و گه‌رمیی له‌ پێناو تێك نه‌چوونی خواردن و به‌هه‌ڵم نه‌بوونی ئاوه‌كه‌. 

ـ پێڕه‌وكردنی سیسته‌می گه‌رمی جیهانی بۆ به‌خێوكردنی جوجكه‌، به‌م شێوه‌یه‌: بۆ هه‌فته‌ی یه‌كه‌م 35 پله‌ بێت و بۆ هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك له‌ ته‌مه‌نی دوو پله‌ گه‌رمییه‌كه‌ بهێنرێته‌ خواره‌وه‌، تا هه‌فته‌ی چواره‌م ده‌گاته‌ پله‌ی 29، پاش چوار هه‌فته‌كه‌ جوجكه‌كه‌ له‌ داینگه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌ست به‌ ژیانی ئاسایی خۆی ده‌كات. 

AM:09:44:04/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 98 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌