جۆرج بوشی باوك.. گورگێك له‌ پێستی مه‌ڕدا

نووسینی: مه‌هدی حه‌سه‌ن
وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: هاوكار عه‌بدوڵڵا
له‌و چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو، شایه‌تحاڵی مردنی یه‌كێك له‌ سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكابووین، ئه‌ویش جۆرج بوشی باوك بوو له‌ ته‌مه‌نی 94 ساڵیدا. مردنی ناوبراو وایكرد له‌ته‌واوی جیهان پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو بكرێت و به‌ كه‌سێكی رێزدار، پاك و بێ خه‌وش ناوی ببرێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا نووسیویه‌تی"ژیانی بوش وه‌ك نمونه‌یه‌كه‌ بۆ رێسایه‌ك و پێمانده‌ڵێت خزمه‌تكردنی وڵاته‌كه‌ی خۆت كارێكی دڵخۆشكه‌ر و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یه‌، بوش له‌میانه‌ی گه‌شتی درێژی خزمه‌تی وڵاته‌كه‌ی چه‌ندان كاری مه‌زنی ئه‌نجامداوه‌". یان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رێوه‌به‌ری كۆمپانیای ئه‌پڵ گوتوویه‌تی" ئێمه‌ی پیاوێكی ئه‌مریكی مه‌زنمان له‌ده‌ستدا".

بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌رێگه‌ی نووسینه‌وه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر ژیانی كه‌سایه‌تیه‌ مه‌زنه‌كان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، ره‌نگه‌ ئاشنابن به‌وه‌ی كه‌ جۆرج بوش كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌یی و پراگماتیست بوو، هاوكات سه‌ركرده‌یه‌ك بوو كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی هێز و وانه‌وه‌رگرتنه‌وه‌ به‌رێوه‌بردووه‌. جۆرج بوشی باوك حه‌زی به‌ رووخساری دۆناڵد تره‌مپ نه‌ده‌كرد و له‌یه‌كێك له‌ لێداوانه‌كانی به‌ كه‌سێكی "فشه‌كه‌ر" ناوزه‌ندی كردبوو. جۆرج بوش، خزمه‌تی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌ به‌جۆرێك له‌ پله‌ی سه‌ربازیه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، دواتر بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئینجا بۆ (سی ئای ئه‌ی) و كۆشكی سپی. دوای خۆیشی، چه‌ندان نه‌وه‌ی جێهێشتووه‌ كه‌ دیارترینیان جۆرج بوشی كوڕی بوو كه‌ 43یه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو.

گومانی تێدانیه‌ كه‌ جۆرج بوش یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكای كردووه‌، كه‌سایه‌تیه‌كی تایبه‌ت نه‌بووه‌، به‌ڵكو موڵكی هه‌موو خه‌ڵك بوو. به‌ڵام شتێك هه‌یه‌ كه‌ نكۆڵی لێناكرێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێژووی هیچ كه‌سێك به‌تایبه‌تی گه‌ر سه‌رۆكی وڵاتێكی زلهێزی وه‌ك ئه‌مریكابێ، بێ خه‌وش و كه‌مكوڕی نیه‌. هه‌ر ناكرێ ئه‌و مێژووه‌ بێ تێڕامان و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی واقیعیانه‌ به‌سه‌رمان تێپه‌ڕبێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌ڵكێشمان ده‌كات به‌ره‌و مێژووییه‌كی هه‌ڵه‌ و جیهانێك كه‌ زیاتر پروپاگه‌نده‌ و راستی شێوێندراوی له‌خۆی گرتووه‌، نه‌وه‌ك راسته‌قینه‌یه‌ك كه‌ راستی كه‌س و رووداوه‌كان بۆ دیاریده‌كات. هه‌ر بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و پیاوه‌ نیشانبده‌ین، چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌كی مێژووی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌.

نیشاندانی هه‌ڵسوكه‌وتی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌!
جۆرج بوش، له‌كۆتای ساڵانی هه‌شتاكان، به‌دیاریكراوی ساڵی 1988، له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، هه‌ڵمه‌تێكی ره‌گه‌زپه‌رستی ده‌ستپێكرد. پێویسته‌ ناوی ویلی هۆرتن هه‌رگیز له‌بیرنه‌كرێت كه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌ ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی  سه‌رۆك بوش. هۆرتن كه‌ دووچاری سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌شاری ماساشۆتس كه‌سێكی كوشتبوو_هاوكات كێبركێكاری سه‌رسه‌ختی بوشی باوك بوو له‌نێو دیموكراته‌كاندا. مایكل دوكاكیس ئه‌وكات پارێزگار بوو_ ئه‌ویش ئه‌وكاته‌ بۆ ووچانێك رایكردبوو و ئافره‌تێكیش له‌ناوچه‌ی ماریلاند لاقه‌ده‌كات. دواتر له‌به‌رنامه‌یه‌كی به‌ناوبانگی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی بوش هه‌بوو، ئاشكرایان كرد كه‌ هۆرتن كه‌سێكی ره‌ش پێست بوو، ئه‌و كه‌سه‌ی كوشتبووشی، ئه‌وا سپی پێست بووه‌.  

هاوكات به‌رێوه‌به‌ری بانگه‌شه‌ی بوش، لی ئه‌تواته‌ر به‌خۆهه‌ڵكێشانه‌وه‌ گوتبووی" له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات ئێمه‌ كۆتاییمان دێت، به‌ڵام ده‌رده‌كه‌وێ ئاخۆ ویلی هۆرتن پیاوی دوكاكیس بووه‌ یان نا". جۆرج بوش خۆیشی به‌خێرایی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ره‌گه‌زپه‌رستی بوون و پێیوابوو ئه‌مانه‌ "شتی زۆر بێمانان". بۆ ئه‌وكات ئه‌مه‌ زۆر روون و ئاشكرابوو ته‌نانه‌ت بۆ كه‌سایه‌تیه‌ كۆمارییه‌ راستڕه‌وه‌كانیش، یه‌كیش له‌وانه‌ رۆجه‌ر ستۆون كه‌ ئێستا په‌یوه‌ندیه‌یكی نزیكی له‌گه‌ڵ تره‌مپ هه‌یه‌، به‌جۆرێك پێیوابوو ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ سنووری به‌زاندووه‌. ستۆون ناره‌زایی به‌رانبه‌ر به‌رێوه‌به‌ری هه‌ڵمه‌تی بوش نیشاندابوو و پێی گوتبوو" ئه‌مه‌ به‌رنامه‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه‌، له‌داهاتوودا لێی په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌". بۆ ئه‌وكات ستۆون قسه‌كانی راستبوون به‌رانبه‌ر ئه‌تواته‌ر، كاتێك ئه‌تواته‌ر له‌گیانه‌ڵڵادابوو، داوای لێبوردنی كردبوو به‌وه‌ی كه‌یسی هۆرتنی له‌دژی دوكاكیس به‌كارهێناوه‌، به‌ڵام بوشی باوك هه‌رگیز داوای لێبوردنی نه‌كرد.

كه‌یسی ناراست بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ
كارێكی تری ناپه‌سه‌ندنی بوش، دروستكردنی كه‌یسێكی درۆزنانه‌ی شه‌ڕ بوو. سێزده‌ ساڵ به‌رله‌وه‌ی جۆرج بوشی كوڕ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌بكات كه‌ عێراق خاوه‌ن چه‌كی كۆمه‌ڵكوژه‌ و وه‌ك پاساوێك بۆ داگیركردنی عێراق له‌ساڵی 2003دا به‌كارێ بێنێت، باوكیشی هه‌مان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵه‌ی كرد و له‌رێگه‌ی هێزی ئاسمانیه‌وه‌ عێراقی تۆپ بارانكرد. هه‌روه‌ك رۆژنامه‌نووسی لێكۆڵه‌ر جۆشوا كیتینگ ئاماژه‌ی پێداوه‌ كه‌ "یه‌كه‌م شه‌ڕی كه‌نداو له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ندان پروپاگه‌نده‌ی جه‌نگ به‌رپاكرا".

بۆ سه‌ره‌تای ئه‌م پرۆسه‌یه‌، بوش به‌ خه‌ڵكی ئه‌مریكای راگه‌یاند كه‌ عێراق كوه‌یتی داگیركردووه‌ "به‌بێ هیچ بێزاركردن و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك". ئه‌وه‌ی شاردراوه‌ته‌وه‌ و باسی لێوه‌نه‌كراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌  باڵێوزی ئه‌مریكا بۆ عێراق، ئه‌پرل گلاسپی، كلۆپی سه‌وزی بۆ سه‌ددام هه‌ڵكردبوو،له‌ته‌مموزی 1990 و هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ داگیركاریه‌كه‌ پێی گوتبوو "ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان به‌ ململانێكانی نێوان دوو وڵاتی عه‌ره‌بی نیه‌ ، نمونه‌ش وه‌ك ئه‌و كێشه‌یه‌ی ئێوه‌ وه‌ك عێراق له‌گه‌ڵ كوه‌یت له‌سه‌ر بابه‌تی سنوور هه‌تانه‌".

دواتر، هه‌ندێ زانیاری هه‌واڵگری هه‌بوو. بوش، له‌ ئۆگه‌ستی 1990دا هێزه‌كانی ئه‌مریكای ره‌وانه‌ی كه‌نداو كرد و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یكرد كه‌ ئه‌و بۆ "یارمه‌تیدانی حكومه‌تی سعودیه‌ و پاراستنی وڵاته‌كه‌یان" ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامده‌دات. دواتر سكۆت پیته‌رسن له‌ساڵی 2002 له‌رۆژنامه‌ی كریستیان ساینس مۆنته‌ر نووسیبووی" به‌هۆی وێنه‌ سه‌ته‌لایتیه‌ هه‌ر نهێنیه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ك به‌رپرسانی پێنتاگۆن خه‌ملاندنیان كردبوو... به‌وه‌ی كه‌ 25 هه‌زار سه‌ربازی عێراقی و 1500 تانك له‌سه‌ر سنوور جێگیركراون، هه‌ره‌شه‌ له‌و ناوچه‌ سه‌ره‌كیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نه‌وت بۆ ئه‌مریكا دابین ده‌كه‌ن".

كاتێك رۆژنامه‌مووس جین هیلله‌ر له‌رۆژنامه‌ی سه‌ینت پیته‌رسبێرگ تایمز داوای ئه‌و وێنه‌ سه‌ته‌لایتیانه‌ی كردبوو كه‌ گوایه‌ له‌سه‌ر سنووری سعودیه‌ گیراون، كه‌چی ناوبراو هیچ ئاماژه‌یه‌كی نه‌دۆزیبۆوه‌ به‌وه‌ی سوپاكانی عێراق له‌وێ بوونیان هه‌بووبێ، به‌ڵكو ته‌نیا بیابانێكی چۆڵی به‌دیكردبوو.  

ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ
جۆرج بوش تاوانی جه‌نگی ئه‌نجامداوه‌. له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی جۆرج بوشی باوك، ئه‌مریكا نزیكه‌ی 88,500 تۆن بۆمبی ته‌قاندووه‌ به‌سه‌ر عێراق و ئه‌و كوه‌یته‌ی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ داگیركرابوو، له‌ده‌رئه‌نجامی زۆرێك له‌و بۆمبانه‌ ژماره‌یه‌كی ترسناك له‌ خه‌ڵك بوونه‌ قوربانی. له‌ شوباتی 1991دا، باڵه‌فرگه‌یه‌كی ئه‌مریكی هێرشی كرده‌سه‌ر گه‌ره‌كی عامرییه‌ له‌ به‌غدا و 508 كه‌سی مه‌دده‌نی عێراقی بوونه‌ قوربانی. به‌گوێره‌ی راپۆرتی هیومه‌ن راتس ۆچ بێت، پێنتاگۆن ده‌یزانی كه‌ عامرییه‌ وه‌ك په‌ناگه‌یه‌كی به‌رگری مه‌دده‌نی به‌كارده‌هات له‌میانه‌ی شه‌ڕی ئێران-عێراقدا، بۆیه‌ش ئه‌وكات به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ هێرشیان كردبۆوه‌ سه‌ری. دواجار هیومه‌ن رایتس ۆچ گوتبووی كه‌ ئه‌مه‌" پێشێلكاریه‌كی جددی و ئاشكرای یاساكانی شه‌ڕه‌".

هاوكات، هێرشه‌ بۆمبیه‌كانی ئه‌مریكا زیانێكی زۆری به‌ژێرخانی عێراق گه‌یاند، به‌تایبه‌تی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، ئاو، به‌رهه‌مه‌ چێنراوه‌كان و كارگه‌كانی وه‌به‌رهێنانی ئارد. هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خۆرسك رووینه‌داوه‌. هه‌روه‌ك بارۆتن گیللمه‌ن له‌رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست له‌ حوزه‌یرانی 1991 نووسیویه‌تی: "هه‌ندێ له‌ ئامانجه‌كان به‌تایبه‌تی له‌كاته‌كانی كۆتایی شه‌ڕه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆمبارانكران بۆ ئه‌وه‌بوو پاڵه‌په‌ستۆ و كاریگه‌ری زیاتر بخرێته‌سه‌ر عێراق، نه‌وه‌ك بۆ سه‌ر خودی ململانێیه‌كه‌. پلاندانه‌ران ئێستا ده‌ڵێن ئێمه‌ ویستوومانه‌ شوێنه‌ گرنگ و خزمه‌تگوزایه‌كانی عێراق وێران و بۆردومان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌بێ یارمه‌تی ده‌ره‌كی نه‌توانێ چاكیان بكاته‌وه‌....دواتر به‌رپرسه‌كان ده‌یانگووت به‌هۆی ئه‌و ئامانجانه‌وه‌، هێرشه‌كان به‌بێ جیاوازیكردن ده‌كرێته‌سه‌ر پێكهاته‌ مه‌دده‌نیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان، هاوكات ده‌یانووت كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بێ مه‌به‌ست و بێ ئه‌وه‌ی ویستراوبێت، ئه‌نجامدراون".

 تێگه‌یشتن؟؟ ئیداره‌ی بۆش بۆ ئه‌وه‌ی پاڵه‌په‌ستۆ و كاریگه‌ری بخه‌نه‌سه‌ر سه‌ددام حوسێن، كوێرانه‌ و به‌ئه‌نقه‌ست هێرشیان كردۆته‌سه‌ر ژێرخانه‌ مه‌دده‌نیه‌كان. ئایا ئه‌مه‌ تیرۆر نیه‌؟ هه‌روه‌ك تیمی ته‌ندروستی گشتی هارڤه‌رد وتوویانه‌ : له‌ حوزه‌یرانی 1991، كه‌متر له‌چوار مانگ به‌سه‌ر كۆتایهاتنی شه‌ڕه‌كه‌، رووخانی ژێرخانی عێراق بووه‌هۆی دروستبوونی به‌دخۆراكی و چه‌ند ئاستێكی نه‌خۆشی درمی كۆلێرا و تیفۆید.
تا كانونی دووه‌می 1992، بێس ئیسبۆرن داپۆنتی، وه‌ك كه‌سێك كه‌ رووپێوی دانیشتوانی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ی رووپێوی ئه‌مریكا كاریكردووه‌، پێشبینی كردووه‌ به‌وه‌ی شه‌ری كه‌نداو كه‌ بوش هه‌ڵیگیرساند، بووه‌هۆی كوژرانی 158 هه‌زار عێراقی، له‌و ژماره‌یه‌ 130 هه‌زاریان راسته‌وخۆ كوژران، له‌وانه‌ش 70 هه‌زار كه‌سیان به‌هۆی وێرانبوونی ئاو و كاره‌باوه‌ گیانیان سپارد. هه‌موو داتاكانی داپۆنتی خرانه‌به‌رده‌م ئیداره‌ی بۆش، كه‌چی ناوبراو وه‌ك كچه‌ رووپێوكارێك له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیاره‌كانی هه‌ره‌شه‌ی لێده‌كرێ به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر داتاكان بڵاوبكاته‌وه‌، ئه‌وا له‌ كاره‌كه‌ی ده‌رده‌كرێ و ته‌واوی داتاكانیان به‌ "زانیاری هه‌ڵه‌" له‌قه‌ڵه‌مدابوو.  

شه‌ڕێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ له‌دژی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان
جۆرج بوشی باوك شه‌ڕی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی دژ به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی ده‌ستپێكرد. له‌ئه‌یلولی 1989دا، له‌ وتارێكی له‌نێو كۆشكی سپیدا كه‌ راسته‌وخۆ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ په‌خشده‌كرا، بوش جانتایه‌كی نیشاندا له‌نێو ده‌سته‌كانی كه‌ مادده‌ی كۆكاینی تێدابوو، دواتر گووتی ئه‌و مادده‌یه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌و پاركه‌ی نزیك به‌ كۆشكی سپیه‌ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌... ئه‌مه‌ به‌ئاسانی ده‌كرێ هیرۆرین و یانه‌ی مادده‌ی قه‌ده‌غه‌كراوی تری وه‌ك فێنسیكلایدینی له‌خۆگرتبێ".

دواتر، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست له‌مانگی دواتر هاتبوو به‌وه‌ی كه‌ بریكاره‌كانی فیدرالی فریوی ئه‌و كه‌سه‌یان دابوو كه‌ خه‌ریكی ئه‌و مادده‌یه‌ بووه‌، دواتر بردوویانه‌ بۆ پاركی لافایتێ ، هه‌ر له‌وێش ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه‌ هه‌ندێكی له‌و مادده‌یه‌ لێ بكڕن. (ئه‌و كه‌سه‌ی مامه‌ڵه‌ی به‌و مادده‌یه‌ كردبوو ته‌نانه‌ت نه‌یزانیبوو كۆشكی سپی چیه‌ و ته‌نانه‌ت داوای له‌ سێ بریكاره‌كه‌ كردبوو تا رێوشوێنی نیشانبده‌ن). بوش، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جارانه‌ ئه‌و فێڵه‌ی به‌كارهێنابوو و ده‌شیووت كه‌ ئه‌وان 1.5 بلیۆن دۆلاریان له‌رووبه‌رووبونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا خه‌رجكردوه‌...هه‌روها گوتبووی كه‌ پێویستمان به‌ به‌ندیخانه‌، دادگا و داواكاری گشتی زیاتر هه‌یه‌".

ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ چیبوو؟ ئیسان نه‌یدلمان، دامه‌زرێنه‌ری سیاسه‌تی هاوپه‌یمانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ساڵی 2014 گوتوویه‌تی" چه‌ندان ملیۆن له‌ ئه‌مریكیه‌كان خرانه‌ زیندانه‌وه‌، ملیاران دۆلار به‌هه‌ده‌ردران، سه‌دان هه‌زار كه‌سیش به‌هۆی ئایدزه‌وه‌ گیانیان سپارد- هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ژێر ناوی (شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كاندا)" پیاده‌كرا. دواتر بوش له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتوویه‌تی " پێویسته‌ ئایدۆلۆژیا و سیاسه‌ته‌كان بخه‌ینه‌ پێش زانست و ته‌ندروستی". له‌رۆژگاری ئه‌مرۆدا، ته‌نانه‌ت سه‌ركرده‌ كۆمارییه‌كانی وه‌ك كریس كریستی و راند پاوڵ، رازین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌لایه‌ن ئیداره‌ی جۆرج بوشه‌وه‌ پیاده‌ده‌كرا، پرۆسه‌یه‌كی پشتگوێخراو و شكستێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ بوو.

ده‌ستكاری ئافره‌تانیشی كردووه‌!!  
جۆرج بوش ده‌ستی له‌ ئافره‌تانیش داوه‌. له‌وه‌ته‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له‌ساڵی 2017 ده‌ستی پێكرد به‌ناوی (بزووتنه‌وه‌ی منیش هه‌روه‌هاme too movement )، به‌لایه‌نی كه‌م هه‌شت ئافره‌ت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد به‌وه‌ی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا جۆرج بوش ده‌ستی لێداون، له‌زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانیش ئه‌و خانمانه‌ وێنه‌یان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بوش. یه‌كێك له‌و ئافره‌تانه‌، رۆسلین كۆریگن، به‌ گۆڤاری تایم راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ساڵی 2003 ئه‌وكاته‌ی ته‌مه‌نی ته‌نیا 16 ساڵان بووه‌، جۆرج بوش ده‌ستی لێداوه‌. ئه‌و خانمه‌ وتوویه‌تی ئه‌وكاته‌ (ته‌نیا مناڵێك بووم)، سه‌رۆكیش ئه‌وكات ته‌مه‌نی 79 ساڵ بوو. سه‌رۆك بوش بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ له‌سه‌ر عاره‌بانه‌ بوو، بۆیه‌ ده‌ستی له‌به‌شی خواره‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ وێنه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌گرت. 

جۆرج بوش، 41ه‌مین سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بوو. ناوبراو تێوه‌گلابوو به‌ بابه‌ته‌كانی ره‌گه‌زپه‌رستی، رێگریكردن له‌هه‌بوونی دادپه‌روه‌ری و ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ. جۆرج بوش چه‌ندان لایه‌نی هاوبه‌شی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو سه‌رۆكه‌ كۆمارییه‌ی كه‌ له‌دوای خۆی هاتن زیاتر له‌و تاقمه‌ گه‌نده‌ڵه‌ی كه‌ حه‌زده‌كه‌ن ئێمه‌ بڕوایان پێبكه‌ین . 


PM:01:05:05/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 367 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌