گەلی كوردستان ڕفێنراوە

PM:12:24:18/01/2018 ‌
باز ئه‌حمه‌د

ڕفاندن هەر ئەوە نییە، گرووپێكی چەكدار و تیرۆریست، لە لا كۆڵانێكەوە بە ئۆتۆمبێل لە تەكتەوە بوەستن و بە زۆر و بە زەبری چەك بتخەنە ناو ئۆتۆمبێلەكەیان و دواتر داوای پارەیەكی زۆر بۆ ئازادكردنت بكەن، یانیش هەر ژیانت بە كۆتا بێنن، بەڵكو لەو جۆرە ڕفاندنە مەترسیدارتر، ڕفاندنی هزر و هۆش و ژیری مرۆڤە، ئەگەر كردەی ڕفاندن لە ڕێی گرووپە چەكدارەكان بۆ كەسێك بێ لە یەك هەڵمەت بردندا، ئەوا ڕفاندنی هزر و هۆش و مێشكی مرۆڤ لە یەك هەڵمەت بە دەیان هەزار كەس دەكاتە قوربانی، بۆیە ڕفاندنی هزر و مێشك لەوەی یه‌كه‌م زۆر مەترسیدارتر و كارەساتبار ترە.
خەڵكی كوردستان، ئێستە زۆرینەی بە جۆرێك لە جۆرەكان، تووشی ڕفاندنی دووەم هاتوون و هزر و مێشك و هۆش و یادگە و چاوەكانیان ڕفێنراوە، دەبێ وەك ئەوانە بیر بكەنەوە و ببینن كە ڕفاندوویانن، ئەمەیش كارەساتە گەورەكەیە و لە داعش و بەغدا مەترسیدارترە بۆ سەر دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان. چونكە لەوە مەترسیدارتر نییە، كۆمەڵگەیەك بیر نەكاتەوە و نەچێتە بنەوانی بابەتەكان و لە خۆیەوە لەگەڵ عامی خەڵك بكەوێ و وەك تووتی قسەی كەسانێك بڵێتەوە، كە باشترین مووچەیان هەیە و خانەنشینی پلە باڵان و خاوەن باخ و خانووی گەورەن، بۆ ئەوان هەرچی ڕوو بدات، هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێ، ئەوە تۆی هەژاریت بەدوای هەموو فەوزایەك دەكەویت و دەبیتە قوربانی، ئەو گرفتانەیش كە ڕووبەڕووی تۆ دەبێتەوە، تەنیا و تەنیا هۆكارەكەی خۆتی، چونكە بیر ناكەیتەوە و هەمیشە شتەكان بە ڕووكەش دەبینین.
بە وردكرنەوەی واقیع ڕوونی دەكەینەوە، چۆن گەلی كوردستان لەژێر شەپۆلێكی چڕدایە و بەردەوام كار لەسەر ئەوە دەكرێ ژیری و هۆشی لێ بسەنرێ و وەك یەكتر بیر بكەنەوە و كەس نەگات بە بنەوان و كرۆكی كێشەكان، بەغدا لە 2014ەوە مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە، لە كاتێكدا بە گوێرەی دەستووری عێراق، بەغدا ناچارە و ئەركە لەسەری مووچە و بودجەی كوردستان بدات، هیچ بەند و بڕگە و مادەیەكی دەستوور هێمای بۆ ئەوە نەكردووە، لەو حاڵەتانە بەغدا دەتوانێ مووچە و بودجە نەنێرێ، بێگومان دەبێ بەردەوام بینێرێت، ئەگەر لێرەیش داهات ڕادەستی بەغدا نەكرێ، بێگومان لەوەیاندا بەغدا لەسەر حەقە و تاكە شوێنیش لە وڵاتێكی وەك عێراق ئەگەر دیموكراتی و دەستوور و یاسای تێدا پێڕەو بكرێ، دەبێ دادگای باڵای فیدراڵ بێ، بەڵام ئەمانە نەبوون و نابینین لە عێراق، كەوایە ئەوەی بەرپرسە لە پێنەدانی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان، بە پلەی یەكەم بەغدایە، ئەو مافی تۆی هاووڵاتی خواردووە، كە دەستوور بە تۆی داوە، كەچی تۆ دێی دژی كوردستان خۆپێشاندان دەكەیت و لە عەبادی دەپاڕێیتەوە مووچە بنێرێت، هیچ كات ئامادە نیت بەرانبەر بەغدا خۆپێشاندان بكەیت، كە مافە دەستوورییەكانی تۆی خواردووە!
سەرەڕای نەناردنی مووچە و بودجە لەلایەن بەغداوە، بە هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركووك، كوردستان تا ئاستێك داهاتی دەست دەكەوت و ڕۆژانە نزیكەی 600 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، بەڵام گرووپێك خیانەتیان لە خاك و نیشتمان و خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان كرد، بە ڕۆژی ڕووناك میلیشیا و سوپای بەغدایان هێنایە ناو كەركووك و خەڵكیان ئاوارە و دەربەدەر كرد، تۆ كەوتوویتەتە سەر هەززە و هیچ شتێك ناتجووڵێنێ، ئەگەر مەسەلە پرسی نیشتمانی و خاك و نەتەوەییش نەبێ، نیوەی داهاتی تۆ بە ڕۆژێك لەلایەن گرووپێكی خیانەتكارەوە لە دەستی كوردستان دەرهێنرا، ئەو پارەیەی حكوومەت ئەگەر بەشێكیشی گەندەڵی تێدا دەكرا و مووچەی تۆی پێ دابین دەكرد، ئێستە هەموو پارەكە دەچێتە گیرفانی چەند كەسێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بەڵام تۆ بێدەنگیت و لات وایە نە بایە و نە باران.
ئەو تەوژمی ڕفاندنی عەقل و هۆشی تاك بە تاكی كوردستان بەرهەمی ئێستە نییە و دەیان ساڵە بە وردی كاری لەسەر دەكرێ و هەموو شتێك لەبەرچاوی تۆ ڕەش كراوە، جیا لە بەرژەوەندی تەسكی خۆت نەبێ، توركیا و ئێران بۆردمانت دەكەن بێدەنگی، بەغدا هێرشت دەكاتە سەر  و بودجەت دەبڕێ، خیانەتی گەورە لە ناوخۆ دەكرێ، تۆ لە بەرانبەر ئەمانە هەمووی بێدەنگیت و دەشتەوێ مووچەت وەكو خۆی بەردەوام بێ و لەوپەڕی ئارامی و ئاسایشدا بژی، ئەمە لە هیچ وڵاتێكی دنیا نەبووە و نابێ، تۆ جیا لەوەی دەتەوێ بەرژەوەندی كەسی خۆت بپارێزی، پێویستە كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتیش بكەی، چونكە باشی و بێ كێشەیی ژینگەی گشتی كۆمەڵگەكە، تاكە هۆكار و سەرچاوەی پاراستنی بەرژەوەندییە كەسییەكانی تۆیە.
وەرگرتنەوەی مێشكی خەڵكی كوردستان لە دەست ڕفێنەران و هێنانەوەی بۆ سەر هێڵی نەتەوەیی و ئازایەتی و نەبەردی خۆی، كارێكی قورس نییە، بەڵام كاتیشی دەوێ، لە هەموو شتێك گرنگ تر ئەوەیە، تاك لە كوردستان بیر بكاتەوە و لە خۆی بپرسێ بۆچی خۆی كردووە بە كاڵایەك و ئامادەیە خۆیشی و خاك و وڵاتەكەیشی بۆ مووچە بفرۆشێ؟ بۆچی گەیشتین بەو دۆخە، تۆ هەر قسەی حزبەكان لە مێشكت دووبارە مەكەوە و هۆكارەكان تەنیا بۆ ئەوانە مەگێڕەوە كە حزبەكان لە ئەلف تا یا دەیڵێین، وردتر بیر بكەوە، دەگەیت بە شتێك كە حزبەكان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ ئەو شتانەیان لە مێشكی تۆ چەسپاندووە و ڕاستی و واقیعەكە شتێكی ترە و تۆ لێی بێ ئاگاییت، كەی گەیشتیت بەمە، ئیتر جارێكی تر مێشكت ناڕفێنرێ و چیتریش هەڵناخەڵەتێنرێ و بە دوو قسەی گەرمی كەناڵەكان ورەت بەرز نابێ و ئامادە نابیت تا هەرچی باخچە و باڵەخانە و فەرمانگەی وڵاتەكەت هەیە، بیڕوخێنی، بەڵكو لەوە تێدەگەیت كە حزبەكان چۆن بۆ بەرژەوەندی تەسكی خۆیان، خەڵكیان كردووە بە تۆپ و هەموو ڕۆژ یاری فۆتبۆلی پێ دەكەن.