تڕامپ و بارزانی بە هاوبەشی



پێشوازی کردنی سەرۆک بارزانی لەلایەن جۆرج بۆشی کوڕ بە جلی کوردی لە کۆشکی سپی و پاشان دووبارەکردنەوەی ئەو پێشوازیە لەلایەن ئۆباما و هەموو ئەو دەستەواژانەی بۆ وەسفکردنی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بەکار دەهاتن، ناگەنە ئاستی ئەو دەستەواژەیەی سەرۆک تڕامپ لە نامەکەیدا بۆ سەرۆک بارزانی نووسیویەتی " بە هاوبەشی " ئەو دەستەواژەیە لە سیاسەتدا بۆ لایەنی هاوتا بەکار دێ، واتا سەرۆک تڕامپ نەخشە ڕێگای پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای لە سەر ئەو بناغەیە دیاری کردووە، پەیوەندی لە نێوان دوو هێز و لایەن و کیانی وەک یەک، واتا دوو دەوڵەت، دوو وڵات، دوو گەلی خاوەن سەروەری و بڕیاری سەربەخۆ، رەنگە بڵێن کوردستان بەو جوگرافیایە بچووکە و بە هەبوونە دیفاکتۆیە چۆن هاوتای ئەمریکای زلهێزی جیهان دەکرێ ؟ کە پرسیارێکی لە جێیە و وەڵامەکەشی دەتوانین زۆر دوور نا لە هەرێمی کوردستان وەربگرین، دەتوانین و تەماشایێکی ئیسرائیل بکەین و لە مێژووی بوونە دەوڵەتی سەربەخۆ و هەموو ئەو گرفتانەی لە شەست ساڵی ڕابردوو دەورەیان داوە و چۆنیش هەر وەک هاوتا و هاوپەیمانی ستڕاتیژی ئەمەریکا ماوەتەوە و زۆربەی وڵاتانی دونیا ئۆمێد دەخوازن ببنە هاوتای ئیسڕائیل و هاوپەیمانی ئەگەرچی بە ڕووبەر سەدان جار و بە ژمارەی دانیشتوان دەیان جار لە ئیسڕائیل گەورەترن.

نەیارانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە سەر ئاستی ئیقلیمی ئەو دەستەواژانە باش دەخوێننەوە دەزانن چ مانایێکی بۆ ئایندەی ئەو ناوچەیە هەڵگرتووە بۆیە لە جاران گەرمتر و دڕتر پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن و ئەو کلکانەیان کە سەرۆک تڕامپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا بەڵێنی بڕینیانی دا لە ناوچەکەدا پەڕچەکردارەکانیانمان دیت لە دەڤەری شەنگال و لە رۆژئاوای کوردستان و لەوێش دوورتر لە یەمەن و سوریا،لە رۆژانی داهاتووش پێشبینی ئەوە دەکرێ ئەو کلکانە جوڵەی زیاتر بکەن بە مەبەستی زیاتر ئاڵۆزکردنی ناوچەکە چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوان بە هۆی کەشێکی ئاڵۆز گەشەیان کردووە و بەهێز بوونە، بۆیە لە قۆناغی دوای کۆتایی هاتنی داعش دەترسن و بە هەموو توانایێکیان هەوڵ دەدەن ئەگەر داعشیش لە ناو بچێ ئەوە ئەو کەشە ئاڵۆزەی بە هۆیەوە دروست بووە درێژ بکرێتەوە.

PM:12:57:07/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 1577 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌