‎پەیامی بن سێبەری موشەكەكانی ئەمەریكا


هیرشی مووشەكی ئەمەریكا بۆ سەر سووریا پەیامێكی سیاسی گەورەتری لە زەبرە سەربازییەكە هەڵگرتووە. دەست پێكی بە كرداركردنی ئەو بەڵێنانەیە كە تڕه‌مپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بە خەڵكی دا بەوەی یەكەمین كاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕینی دەست و پێوەندەكانی ئێران دەبێت كە ئەو بە (كلكی ئێران) ناساندنی.

ئێران كە تاكە وڵاتە بە فەرمی دژایەتی بۆ سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە و بەوەش كلكەكانی لە ناوخۆی عێراق شیریان لەوان تیژترە و گەرمە تەریقترن بۆ جێبەجێكردنی ئەجنداكەی.

ئەمەریكا لە پاشەكشە پێكردنی ئێران لەسەر لێوارەكانی دەریای سپی ناوەڕاست دەستی پێكرد و بەهەمان نەخشەی كشانی هیلالی شیعی بۆ ناو سنوورەكانی ئێران دەگەڕێنرێنەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ دەڤەری شنگالیش وەبەر ئەو هەڵمەتە بكەوێ و هێزەكانی پەكەكە بە هێمنی و خۆیان چۆڵی بكەن و خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا ببووێرن. 

پاشەكشە پێكردنی ئێران لەو ناوچەیە ئێران دەگەڕێنێتەوە ئەو سەردەمەی بە چەندان گه‌مارۆی جۆراوجۆر سزا درابوو و توانای هەڕەشەكردن و پەلهاویشتنی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی بەو شێوەیە نەبوو. لە هەمانكاتدا بوژانەوەی ئومێدەكانی توركیایشە بە دروستبوونی ناوچەی ئارام لە باكوری سووریا كە پێشبینی دەكرێ بكەوێتە ژێر هەژموونی توركیا لەو كارەشدا سعوودیه‌ پاڵپشت دەبێت.

موشەكەكان هاوكێشەكان دادەڕێژنەوە دوای ئەوەی هەوڵەكانی ئاشتی و نزێكبوونەوە ناكوڵەكەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا لە كرۆكی كێشەكان دەرئەنجامەكەی بە بەهێزبوونەوەی ڕژێمی سووریا تەواو بوو. ئێرانیشی بە ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی ئەنجامی پێچەوانەی پێدان، ئەوان چاوەڕوانیان دەكرد بەو نەرمی نواندنەیان سەرنجی ئێران بۆ پێویستی ڕیفۆرم  و كرانەوەی زیاتر بەسەر دیموكراتیەت و وازهێنان لە بیرۆكەی هەناردەكردنی شۆڕش و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتان، رابكێشن.

سەرۆك تڕەمپ و ئیدارەكەی لە هەستكردن بە شكستی وڵاتەكەیان لە بەرامبەر سەرەڕۆیی ئێران و سەركەوتنەكانی لە سووریا و عێڕاق، سیاسەتی نەریتی وڵاتەكەیان هێنایەوە گۆڕێ بەو باوەڕەی ”مست لە درێشە دەگەڕێتەوە".
ئەو وەچەرخانە كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوڕدستان و ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت و بە پاشەكشێكردنی ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەكرێن، تەواو دەبێت.


PM:12:36:08/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌