بۆردوومانی توركیا و بێدەنگی ئەمەریكا

PM:05:31:25/04/2017 ‌
ئاسۆ حاجى

‎بۆردومانی توركیا بۆ شنگال چاوەروانكراو بوو و هۆكارەكەشی دیارە كە هەبوونی چەكدارانی پەكەكەیە لەو دەڤەرە و دروستكردنی چەندان سەربازگەیە بە هاوكاری و پاڵپشتی ئێران. لە ڕێگای حكوومەتی عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی كە ڕاستەوخۆ لەلایەنی سوپای قودسی ئێرانی سەرپەرشتی دەكرێن و پارەشیان لە بودجەی عێراق بۆ دابین دەكرێ.
‎حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە داوای كشانەوەی لە پەكەكە دەكرد دەیزانی هەبوونیان دەكرێتە بەهانەی هێرشكردنە سەر دەڤەرەكە و پێشێلكردنی سەروەرییەكانی كوردستان كە دەرئەنجام خەڵكی كوردستان باجەكەی دەدات وەك ئەوەی لەو بۆردومانە بینیمان ژمارەیه‌ك پێشمەرگە شەهید بوون .

‎داواكاری كشانەوەی چەكدارانی پەكەكە داوایه‌كی نێودەوڵەتی بوو لەبەر دوو هۆكار، یەكەمیان بۆ ئەوەی خەڵكی دەڤەرەكە بتوانێ بە ئازادی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، دووەم بڕینی دەستی ئێرانە لەو دەڤەرە ستراتیژیە بە تایبەتیش كە بە هەبوونی هێزەكانی پەكەكە لەو ناوچەیە و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی تری نێوان كوردستان و ناوچە سوننەنشینەكان، ئێران توانیویەتی ئەو هێڵە بۆ گەیاندنی هاریكارییە سەربازییەكان بۆ سووریا كەڵك لێوەربگرێ وەك ناوەندە میدیایی و سیاسییەكانی دنیا باسی لێوە دەكەن.

‎ئیدارەی سەرۆك تڕه‌مپ كە بەڵێنی بڕینەوەی دەستەكانی ئێرانی دا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەكەكە بەر لە خەڵكی تر دەیزانی ئەوانیش دەگرێتەوە، بەڵام لە جیاتی كشانەوە لەو ناوچەیە و بەهانە نەدانە دەست توركیا و نەڕەنجاندنی زیاتری دڵی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە خۆیان، هەوڵیاندا خۆیان له‌ پشت دروشمی هاریكاری سەربازی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات بشارنەوە.

‎توركیا لە دۆخی ئێستایدا بەبێ ئاگاداری ئەمەریكا كارێكی لەو شێوەیە ناكات، چونكە نە دۆخی دبلۆماسی توركیا و نە دۆخی ئابووری تەحەمولی ئەوە ناكات بەرەیه‌كی تری شەڕ بكاتەوە، هەبوونی ئەو ئەگەرانەش بە ئاراستەی ئەوەمان دەبەن كە توركیا ڕەنگە بە هێزی زەوینیش ڕووبەڕووی پەكەكە ببێتەوە، بۆیە هێزەكانی لە باشیك نەكشاندووه‌تەوە بە تایبەت ئەگەر هێزەكانی حەشدی شەعبی بچنە ناو تەلەعفەر و تۆڵەی مەزەوبی لە خەڵكەكەی بكەنەوە كە زۆرینەیان توركمانی سوننە مەزەون و ژمارەیەكی دیاری سەركردە باڵاكانی داعش لەوانەن، ئەوكات توركیا چاوەڕوان دەكرێ هێزەكانی جووڵە پێ بكات و زەبریش لە پەكەكە بدات.

‎لە دۆخی ئێستادا كە تا دێ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لە بەرامبەر بەشار ئەسەد كە هاوپەیمانی پەكەكەیە هەڵوێستی توندتر دەبێت، هەروەها لە بەرامبەر ئێرانیش، پەكەكە ناتوانێ خۆی بە ئومێدی وەدەنگهاتنی وڵاتانی دنیا بسپرێ، ڕەنگە بە لێدوانی میدیایی دژایەتی خۆیان بۆ هێرشەكەی توركیا دەربڕن و زیاتریش بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستانی دەبەستنەوە نەك بە هێرشكردنە سەر پەكەكە، بۆیە چاكترە پەكەكە بەدەنگ داواكەی حكوومەتی هەرێمی كوڕدستانەوە بێت و هەرچی زووە ئەو ناوچەیە جێبێڵێ ئەگەر دەیەوێ چیتر توركیا هێرش نەكاتە سەر شنگال كە بێگومان خەڵكەكەی باجە قوڕسەكەی دەدەن وەك چۆن تا ئێستا باجی سیاسەتە هەڵەكانی پەكەكەیان داوە لە چەكداركردنی منداڵانیان و ڕەوانەكردنیان بۆ بەرەكانی شەڕ لە سووریا و باكوری كوردستان هەروەها ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی زێدەكانیان.