بۆچی عێراق چوار ڕۆژ مووسڵی لە دنیا شاردەوە؟

PM:07:02:18/07/2017 ‌
ئاسۆ حاجی 

ئەو رۆژەی عەبادی لە بەغدا گوتاری سەرکەوتنی شەڕی مووسڵی ڕاگەیاند، لە شاری مووسڵ فڕۆکە جەنگییەکان هێشتا بۆردمانی چەند گەڕەکێکیان دەکرد و دەنگی تەقە دەگەیشتە لای بەری رۆژهەڵات، بەڵام کەسێک نەیدەتوانی بگاتە ئەو ناوچەیەی تەقەی تێدا مابوو تا بزانێ چ دەگوزەرێ، هەموو ئەو پردە سەربازیانەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەسەر دیجلە دروستیان کردووە بۆ گرێدانی هەردوو بەری مووسڵ بە تەواوی لە بەردەم رۆژنامەنووسان داخرا بوون.

لەو کاتەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق راستەوخۆ لە تەلەڤزیۆنەکەی ژووری نەجم ئەلجبووری فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانی ئازادکردنەوەی مووسڵ دیار بوو کە لەسەر سەکۆ سڵاوی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بە جل و شێوازی ڕۆیشتنی سەربازی وەک سوپای پاسدارانی ئێران بە بەردەمیدا تێدەپەڕین، جبووری لە وەڵامی پەیامنێری کەناڵی دووی تەلەڤزیۆنی فەڕەنسی لەبارەی ئەو بۆردمان و تەقەیەی کە دەبیسترا دەیگووت :"هەر نزیکەی سی مەترێک ماوە تەنیا چەند سه‌عاتێکی ترمان پێویستە". 

پەیامنێرەکە لێی پرسی ئەوە نییه‌ سەرۆک وەزیران سەرکەوتنی ڕاگەیاند و دەڵێ هەموو مووسڵ کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە؟ جبوری گوتی "ئەوانە وەک مشکن لەژێر زەوی دێنەوە دەرێ تەواو نابن" جبووری لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا هیچ مەدەنییه‌ک لەوێ ماوە؟ گوتی :"نا تەنیا خێزان و منداڵی داعشەکان ماون" کە ئەوە بۆ من و فڕەنساییەکانیش بووە نیشانەی پرسیارێکی گەورە کە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی خۆیان لە بەرامبەریدا یەکلا کردووه‌تەوە بەوەی هەر کەسێک لەوێ مابێتەوە داعشە.

دوای ئەو چوار ڕۆژەی بەری رۆژئاوای مووسڵ بە تەواوی داخرابوو، بە پچڕ پچڕی و لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە وەڵامی ئەو پرسیارەمان وەرگرتەوە، ڕووداوە ڕاستەقینەکان ئەوە نەبوون کە شانه‌ی جەنگی لە ڕێگای وێنەگرەکانی خۆیەوە و پاش مۆنتاژکردن و هەڵبژاردنی ئەو دیمەنانەی خزمەتی سیاسەتی حکوومەتی عێراق دەکات بەسەر دەزگای میدیاییەکانیان دابەش دەکرد، بەڵکو ڕووداوە ڕاستەقینەکان تەنیا لە ڕێگای مۆبایلەکانی چەکدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێڕاقی و لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە چەندان دیمەن بڵاوبوونەوە، ئەو دیمەنانە کوشتن و ئەشکەنجەدانی سوننەکانی مووسڵ نیشان دەدەن کە زیاتر لە هەڵمەتی پاکتاوی مەزەوی دەچێ کە بە قسەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی رزگارکردنی مووسڵ بە "فەرمانی بەغدا ناوچەکە داخراوە و ئۆپراسیۆنی تێدا ئەنجام دەدرێ".

چیڕۆکەکانی مووسڵ زۆر و جۆراوجۆرن، بەڵام چیڕۆکی ئەو چوار ڕۆژە شاراوە بە سوێترین چیڕۆک دەبن بۆ خەڵکی ئەو شارە، چۆنكه‌ چیڕۆکی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی و بە کەنیزەككردنی کچانیان بە سوێترین چیڕۆکن بۆ گەلی کورد، دڵنیام لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە ئەو دوو ڕووداوە کاری زۆریان لەسەر دەکرێ، بە تایبەتی ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی دنیا بیانەوێ عێراق زیاتر بەرەو لێکترازانی مەزەوی نەبێتەوە.