پەیامەکەی بارزانی بۆ گرنگە ؟

PM:11:07:19/07/2017 ‌
ئاسۆ حاجی

ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی ئاراستەی ڕای گشتی کوردستانی کردووە دوو ڕەهەندی گرنگ لەخۆوە دەگرێ کە شایەنی لێوردبوونەوەن، ڕەهەندی کوردستانی و ڕەهەندی عێڕاقی.

لەسەر ئاستی کوردستاندا بارزانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردستانی و یەکخستنەوەی هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەبەرامبەر پرسە چارەنووس سازەکاندا هەوڵەکانی چڕتر کردۆتەوە،بارزانی لەو هەنگاوانەیدا کە زیاتر بە ئاراستەی ڕەواندنەوەی ترس و گوومانی ئەو لایەنانە بووە کە پرسی ڕیفراندۆمیان بە دژایەتی کردنی خۆیان و هەوڵدان بۆ پەڕاوێزخستنیان لە قەڵەم دەدا.

پەیامەکەی بارزانی کە تەواوکەری بڕیارەکانی دیکەیەتی لە کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەڕلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم لە کاتی خۆیدا،مانایەکی قوڵتر و بەرفراوانتر لەخۆوە دەگرێ کە بارزانی و پارتی ئامادەن تەنازول لە ماف و شایستەکانی خۆیان بکەن بۆ لایەنە کوردستانیەکان بەوانەشەوە کە سیاسەتی خۆیان لەسەر دژایەتیکردنی حزبەکەی بارزانی بنیاتناوە تەنها بە مەرجێک کوردستان و ئایندەی گەلەکەیان نەخەنە چوارچێوەی ئەو دژایەتیکردنە.

پێشبینی دەکەم گەڕانەوەی بارزانی هەنگاوی مەزنتر بۆ نزیک کردنەوەی هەمووان لە یەکتری بهاوێژێ، بە تایبەتیش کە لە سلێمانی دوو بۆنەی گرنگ لە ئارادان کە شایەنی سەرنج ڕاکێشانی سەرۆک بارزانین، یەکیان سەردانی کردنی سەرۆک مام جەلالە بەتایبەتی کە ئێستا خۆشبەختانە باری تەندروستی لە جاران باشتر بووە، ئەوەی دیکەشیان هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی تازەی بزووتنەوەی گۆڕانە کە پیرۆزبایی لێکردنی و دانیشتنی ڕاستەوخۆ و برایانە گرفتەکان باشتر چارەسەر دەکات چونکە لێک تێگەیشتن باشتر دەبێت.

لە ڕەهەندە عێڕاقیەکەیدا بارزانی تەواو بە کورتی و بە کوردی بەو کەسانەی هەڕەشە لە کوردستان دەکەن دەڵێ،کە لەو خراپەکاریانەی تا ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کردویانە ناتوانن زیاتر بکەن بۆیە باشترە خۆتان لەو زمان و عەقلیەتە دەرباز بکەن کە عێڕاقی بەو ڕۆژە گەیاندووە، لە ڕێگای ئەوانیشەوە پەیامەکە ئاراستەی وڵاتانی ئیقلیمی دەکات و ئەوەیان وەبیردێنێتەوە کە سەردەمی زمانی هەڕەشە لە بەرامبەر گەلی کوردستان بەسەر چووە.
بارزانی لەو پەیامەیدا بەرپرسانی عێڕاقی هاندەدا کە پێویستە ئەوە قبوڵ بکەن کە ناتوانن کات و مێژوو بگەڕێنەوە، لە ڕێگای یاریکردن بە دەستوری عێڕاق بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان گەلی کوردستان بکەنە بەشێک لەو کارەساتانەی کە عێڕاق چاوەڕوانیان دەکات لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوو پەڕلەمان لە ڕێگای لەگۆڕنانی تەوافقی سیاسی چونکە هێزە شیعیەکان بە پاڵپشتی ئێران کار بۆ هێنانە ئارای حوکمی زۆرینە دەکەن، دونیاش دەزانێ حوکمی زۆرینەی شیعە لە عێڕاقدا مانای نوێبوونەوەی دیکتاتۆریەت و عەقلیەتی سەددامە لە چوارچێوەیەکی مەزهەبی و پان ئێرانیزمدا.

بارزانی کە بە سەرکردەیەکی دوور بین و بە دیقەت ناسراوە و توانای پێشبینی کردنی بۆ ڕووداوەکان لە ئاستێکی بەرز دایە، مکوڕبوونی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا بۆ ئەوەمان دەبات کە گەلی کوردستان پاڵپشتی و دۆستایەتی گەورەتری هەیە لەو هەڕەشە و دووژمنایەتیەی لەلایەن چەند لایەنێک و وڵاتێک لێی دەکرێن،ئەگەر وانەبێ بە دڵنیایەوە بارزانی وەک لە کۆڕبەندی داڤۆس گووتی:"ئەگەر سەد لە سەد دڵنیا نەبم ئەوە موجازەفە بە گەلی خۆم ناکەم"،کەواتە ئەو هەڵایەی بەشێک لە میدیای خۆڵەمێشی لە هەرێمی کوردستان لە ترساندنی خەڵک لە ڕیفراندۆم و دەرئەنجامەکانی تەنها درێژکراوەی ئەو هەوڵانەن کە لە تەهڕانەوە بە بەغدادا تێدەپەڕن کە بە زیاتر نزیک بوونەوەی لایەنەکان ئەوانیش دەنگیان وەک ئێستا نابیسترێ.