ئاسۆ حاجی
پارتی به هه‌ڵگرتنی مه‌رجه‌كانی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئاماده‌یی نیشاندان به دانیشتن له‌گه‌ڵ گۆڕان و دانه‌نانی قه‌ده‌غه له‌سه هیچ یاسا و بڕگه‌یه‌كی كاری په‌رله‌مانی به یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، گۆڕانی بیانووبڕ كرد، به تایبه‌ت كه بارزانی له به‌رده‌م مامۆستایانی ئاینی و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵوێستی خۆی به زمانێكی ساده و به وشه‌ی زۆر ڕوون ده‌ربڕی به‌وه‌ی جارێكی تر خۆی بۆ ئه‌و پۆسته به‌ربژێر ناكاته‌وه. هاوكات بۆ جاری پێنجه‌م دووپاتی كرده‌وه كه حزبه‌كانی سه‌رپشك كردووه له ڕێی هه‌ڵبژاردن یان به ڕێككه‌وتنی نێوانیان كه‌سێكی تر دیاری بكه‌ن و ئه‌و ئاماده‌یه (ده‌ور و ته‌سلیمی) له‌گه‌ڵدا بكات.
گۆڕان وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا و له ترسی گه‌وره‌تربوونی كه‌لێنی نێوان باڵه‌كانی و فشاری گه‌نجه پۆپۆلیسته‌كانی له‌وه‌ی ئینشیقاق بكه‌ن و خۆیان بگه‌یه‌نن به جووڵانه‌وه‌كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید، چونكه ئه‌گه‌ر گۆڕان نه‌توانێ له دژایه‌تی پارتی به‌رده‌وام بێ، ئه‌وه شاسوار جگه له‌وه ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌یشی له خزمه‌تیان داده‌نێ كه ئه‌وان ناتوانن به‌بێ ئه‌و دوو خاڵه، درێژه به رۆڵی پاڵه‌وانانه‌ی خۆیان بده‌ن.
گۆڕان به‌و هه‌ڵویسته‌ی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی داخوازییه سێ ساڵییه‌كه‌ی خۆی وه‌ستایه‌وه كه سه‌ری زار و بنی زاری كاراكردنه‌وه‌ی بێمه‌رجی په‌رله‌مان بوو، به‌ڵام ڕاگه‌یانراوه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی نیشان دا كه لای ئه‌وان خۆسازدان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو و بردنه‌وه‌ی كورسییه‌كی زیاتر و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی زیاتر، له خۆسازدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گرنگتره.
گۆڕان جارێكی تر سلێمانی ده‌خاته‌وه ناو گێژاوێك كه بۆ لێدانی ڕیفراندۆم و ماندووكردنی ده‌روونی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی تا به ئاراسته‌ی دوورخستنه‌وه‌یان له پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان بیانبات و له‌ناو بیری تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی سیاسی و كینه‌ی مێژوویی و به زه‌بری ئه‌و تیرۆره فكرییه‌ی له منداڵدانی گۆڕاندا هاتووه‌ته ده‌رێ، له قاڵب بدا.
ئه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یكات خۆ بچووككردنه‌وه و دووپاتكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر پێناسه لۆكاڵییه‌كه‌ی خۆی كه شه‌ڕكردنه له‌سه‌ر زیاتر پاوانكردن و دابڕاندنی ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی، له‌وه‌شه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانی ده‌كه‌وێته ڕكابه‌ری و جارێكی تر خه‌ڵكی خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێ كه گۆڕان به‌و هه‌ڵوێسته‌ی ده‌یه‌وێ له پارتی بدا و تۆڵه‌ی لێ بكاته‌وه، به‌ڵام له راستیدا گۆڕان به‌ر یه‌كێتی ده‌كه‌وێ و ده‌یه‌وێ سلێمانی له بن هه‌ژموونی ماڵی مام جه‌لال ده‌ربێنێ.
گۆڕان وه‌ك چۆن ناتوانێ شتێك له‌سه‌ر پارتی زیاد بكات، به‌هه‌مان شێوه ناتوانێ هیچیشی لێ كه‌م بكات، چونكه پارتی به‌رده‌وام هه‌نگاوێك له پێش گۆڕانه، له كاتێكدا گۆڕان بیر له‌وه ده‌كاته‌وه چۆن بگاته‌وه پێی، پارتیش له بیری ئه‌وه‌دایه چۆن هه‌نگاوێكی تر بچێته پێش، بۆیه نه گۆڕان به پارتی ده‌گاته‌وه و نه پارتیش له چاوه‌ڕوانی ئه‌ودا ده‌مێنێ، پارتی وه‌ك چۆن ده‌یزانی گۆڕان ناتوانێ له‌ژێر باری قه‌رزه‌كانی ئێران و مالیكی بێته ده‌رێ، ئه‌وه پارتی سیناریۆی بۆ دوای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی گۆڕان داناوه كه به تاكه مه‌رجی باس نه‌كردنی دواخستن و ئه‌نجامنه‌دانی ڕیفراندۆم ده‌ست پێ ده‌كات وه‌ك پێشمه‌رج بۆ دانیشتن و قسه‌كردن له‌باره‌ی خاڵه‌كانی تر.
ئێسته گۆڕان كه خۆی موسته‌حه‌قی زیاتر په‌راوێزخستن كرد، تۆپه‌كه‌یشی هه‌ڵدایه گۆڕه‌پانی یه‌كێتی و یه‌كگرتوو كه وه‌ك پارتی خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ڕیفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی گۆڕان نه‌یتوانی بیدا، ئه‌وان له‌پێناو كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بڕیار بده‌ن و له حكوومه‌تیش شوێنی وه‌زیره‌كانی گۆڕان پڕ بكه‌نه‌وه.
پارتی كه له سه‌ره‌تاوه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی داوه‌ته‌وه كه به په‌رله‌مان بێت یان بێ په‌رله‌مان، ڕیفراندۆم ئه‌نجام ده‌درێ، چونكه په‌رله‌مان نه ده‌توانێ شتێك له شه‌رعیه‌تی و یاساییبوونی ڕیفراندۆم كه‌م بكاته‌وه یان زیاد بكات، چونكه ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم پێویستی به بڕیاری سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی یان لایه‌نه سیاسییه‌كانه له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی پرۆسه‌كی سیاسییه و هه‌موو یاسا و جاڕنامه نیوده‌وڵه‌تییه‌كان پاڵپشتی ده‌كه‌ن، ئاماده‌بوونی پارتی بۆ لابردنی مه‌رجه‌كانی له‌پێناو كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌بوو كۆده‌نگی نیشتمانی دروست بێت و له به‌رده‌م دوژمن و داگیركه‌راندا یه‌كده‌نگ بین له بڕیاردان له چاره‌نووسی خۆمان.