تەلەعفەر دوا خاڵی تەواوبوونی هیلالی شیعی

PM:01:41:08/12/2016 ‌

تەلەعفەر بۆ هێزە شیعەكان و بە تایبەتیش بۆ ئێران زۆر گرنگە، چونكە تەواوكەری ئەو هێڵەیە كە ئێران لە رێگەی وشكانی بە سووریاوە دەبەستێتەوە بەوەش بە مانای تەواوكردنی هیلالی شیعی دێ كە لە یەمەنەوە دەست پێ دەكات و بە بەحرێن و سعوودیە و پاشان عێراق تێدەپەڕێت بەرەو سووریا و لبنان ئەو هەموو جیۆگرافیایە پێكەوە دەبەستێتەوە.
بۆیە هێزە شیعەكان بە هاوكاری پەكەكە، ئەو گوندانەی كوردی ئێزیدیی تێدا نیشتەجێن لە دەوروبەری تەلەعفەر، دەیانەوێ چۆڵیان بكەن و خێزانی شیعە ببەن لەو ناوچانە نیشتەجێیان بكەن، پەكەكە بە هاوكاری مادیی حكوومەتی عێراقی و لە رێگەی رێكخراوی "ئێزدا" كە رێكخراوێكی بەناو خێرخوازییە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا سەربە پەكەكەیە و كاری سیاسی دەكات، لە رێگەی دروستكردنی لۆبییەك لەناو پەرلەمانی كەنەدا توانییان بڕوا بە ئەندامانی پەرلەمان بێنن بڕیاری بردنی 15 هەزار ئێزیدی دانیشتووی ئەو گوندانە بدەن بۆ كەنەدا.
ئێران كە ئێستە لە رێگەی هەبوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە تەواوی كۆنتڕۆڵی هێڵی بەستنەوەی ئێران بە سووریایان كردووە هەر لە خانەقین و مەندەلی تا دەگاتە تەلەعفەر، دەیەوێ بەردەوام ئەو هێڵە بە گەرمی بمێنێتەوە، بۆیە ئازاداكردنەوەی مووسڵیان بەپێش ئازادكردنەوەی حەویجە خست، چونكە لە كاتی ئارامبوونەوەی ئەو ناوچانە پێویستی هەبوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی نامێنێ، ئەو هێڵە بۆ ئێران هێڵێكی ستراتیژییە، چونكە بە ئاسانتر و كەم خەرجیتر و بێترس بە سووریا دەگات لە رێگەی وشكانی، بۆ هێزە شیعییەكانیش كە ئێستە هێزێكی یاسایین بە گوێرەی یاسای پەرلەمانی عێراق، ئەوە مانەوەیان لەو شوێنانە ئاسانترە وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عێراقی كە لە یەك كاتدا جگە لە پاراستنی تەناهیی ناوچەكە بۆ ئەوەی ئێران بەكاری بێنێ. كارتێكی بەردەوامی فشاریشە بۆ سەر سوننە و كورد. 
لە بەرامبەردا سوننە سیاسەتی زەوی سووتاو پێڕەو دەكەن كە مەبەست لێی گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچەكەیە، لە بەرامبەر كوردیشدا بەردەوام دەبێتە كارتێكی ترساندن و نیگەرانی دروستكردن بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان كە بە كۆتاهاتنی داعش مەترسی لە سەریان كەم ناكاتەوە، لە هەموویشیان گرنگتر هەوڵدانە بۆ داگیركردنی ئەو ناوچانەی بەر لە هاتنی داعش بە ناوچەی كێشەلەسەر ناسرابوون كە بڕیار بوو لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراق چارەسەر بكرێن، ئێستە ئەو ناوچانە كە زۆرینەی دانیشوانی كوردن لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە دێنە پاراستن بە كەركووكیشەوە. 
لێدوانەكانی بەرپرسانی شیعە لە بەغدا ئاشكرایە كاتێك دەڵێن، بە ئازادكردنەوەی مووسڵ و حەویجە داعش لەناو ناچێ، مەبەستەكە لێرە ڕوونە كە ئەوان لەو شوێنانە پاشەكشە ناكەن.
بەر لە ماوەیەك هەر بەهەمان مەبەستی تەواوكردنی هیلالی شیعی، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە كە دوو ناوچەی سنووری لەگەڵ سعوودیە كە دوو خاڵی سنووری گرنگ لەخۆوە دەگرن و ناوچەیەكی جیۆگرافی بەرفراوانە لەسەر پارێزگای ئەنباری سوننی لا دراون و خراونەتە سەر پارێزگای نەجەفی شیعی و هێزەكانی حەشدی شەعبی تێدا نیشتەجێ كراون، ڕێگە نادەن خەڵكەكەی كە سوننەن و لە دوای شەڕەكانی نێوان داعش و سوپای عێراق لە ئەنبار ئاوارە بووبوون، بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لە بەرامبەردا دەستیان كردووە بە نیشتەجێكردنی خێزانی شیعە لەو ناوچانەدا.

ئاسۆ حاجی