شانۆی شه‌قام

یوسف مەنتک
AM:10:59:09/06/2019 ‌
یوسف ئه‌حمه‌د مه‌نتك- ئه‌ڵمانیا

شانۆیی شه‌قام له‌ فۆرمی گه‌ڕۆك، له‌ شوێنێكی دیاریكراوی شوێنه‌ گشتییه‌كان نمایش ده‌كرێت، له‌ سه‌رده‌می كۆن و ناوه‌ڕاستدا شانۆی شه‌قام له‌ شێوه‌ی گرووپی شانۆیی له‌ چه‌ند كه‌سێك یا یه‌ك كه‌س كار و چالاكییه‌كانیان ئه‌نجام ده‌دا، وه‌ك گاوكله‌ر كۆپیی ئه‌سڵی له‌ سه‌رده‌می كۆن له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زاینی هه‌یه‌، له‌ نامه‌كانی ئه‌لكیفۆرن ئاماژه‌ی پێ دراوه‌، له‌ سه‌رده‌می ناوه‌ڕاست، گاوكله‌ر- شانۆیی شه‌قامی گه‌ڕۆك به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ژێر ئاسمانی كراوه‌ پێشكه‌ش ده‌كرد. به‌رهه‌مه‌كان زیاتر به‌رهه‌می ورووژێنه‌ر و سه‌رنجڕاكێش بوون وه‌ك: فڕێدانی ئاگر له‌ده‌م، نمایشی هه‌مه‌جۆری ئاژه‌ڵان، ماسكی زه‌به‌ڵاح، موزیك، یاریی ئه‌كرۆبات، هونه‌ری موزیك. له‌ هیندستان شانۆیی شه‌قام ڕه‌گوڕیشه‌ی مێژوویی هه‌یه‌ و به‌ شانۆی گه‌ل ناو ده‌برێت، وه‌ك نه‌ریتێكی ئه‌م وڵاته‌ له‌ هه‌ر شوێنێك شار و گوند و هه‌ر شوێنێك ئه‌نجام ده‌درێت، له‌ سه‌رده‌می ئێسته‌ شانۆیی شه‌قام له‌ هیندستان پێشكه‌وتنی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

شانۆی شه‌قامی ئه‌ڵمانی له‌ سه‌رده‌می ئێسته‌دا، ڕه‌گوڕیشه‌ی مێژوویی هه‌یه‌، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شانۆیی كرێكاران، كاتی یاسای سۆسیالیسته‌كان له‌ ئه‌ڵمانیا – ١٨٧٩- ١٨٩٠- ، وه‌ك شانۆیی ئه‌گێت پڕۆپ و شۆڕشی ڕووسی كۆمۆنیست. وه‌ك كولتوورێكی ژێره‌وه‌ له‌ شانۆیی شه‌قام ده‌گه‌یشتن، شانۆیی شه‌قام ڕه‌گوڕیشه‌ی پرۆلیتاریی هه‌یه‌، هه‌مان كات ئامانجی سیاسی هه‌بوو، له‌ راگه‌یاندن و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارته‌كان به‌ئاشكرا پێوه‌ی دیاربوو، له‌سه‌ری دیوار و ده‌رگه‌ی فابریك و كۆمپانیاكان و كێڵگه‌كان و شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌بینران.

شانۆیی شه‌قام له‌ ئه‌ڵمانیا
 شانۆیی پرۆلیتاری له‌لایه‌ن ئه‌رڤین پیسكاتۆر له‌ ساڵی ١٩٢٠- ١٩٢١ له‌ شاری به‌رلینی ئه‌ڵمانیا دامه‌زرا، ته‌نیا بۆ چینی پرۆلیتاریا ته‌رخان كرابوو، به‌شی كولتووری سیاسی پارتی كۆمۆنیستی ئه‌ڵمانی به‌ توندی ڕه‌خنه‌ی گرت و به‌ ڕسمی ره‌تی كرده‌وه‌، دواتر هونه‌رمه‌ندان كه‌وتنه‌ به‌ر هێرش و په‌لاماری گرتن و ڕاوه‌دوونانی نازییه‌كان، بۆیه‌ زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان وڵاتیان به‌جێ هێشت و رایانكرد، بۆ پاریس و نیویۆرك و یه‌كێتی سۆڤییه‌ت، چه‌ندان شانۆ و قوتابخانه‌ی په‌روه‌رده‌یی شانۆیی دامه‌زراند، وه‌ك: یودیت مالینا و یولیان بێك له‌ ساڵی ١٩٤٧ شانۆیی لیڤینگیان دامه‌زراند، قوتابخانه‌ی نوێ بۆ سۆسیال، وۆركشۆپ دراماتیك یانی په‌روه‌رده‌ی دراماتیك.

له‌ ساڵی ١٩٦٠ چه‌ندان  گرووپی شانۆیی له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ هاتن بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا و له‌ زۆر له‌ وڵاتان گرووپی شانۆییان دامه‌زراند، شانۆیی لیڤینگ یه‌كێك له‌وان بوو. شانۆیی لیڤینگ شانۆیی دژ به‌جه‌نگی پێشكه‌ش كرد له‌ ساڵی ٢٠٠٨ له‌ ئۆرانین پلاتس له‌ به‌رلین- كرۆیتزبێرگ.

له‌ ساڵی ٢٠١٣دا 200 گرووپی شانۆیی شه‌قام و تاكه‌كه‌سی هه‌بوون و ئێسته‌ زیاتر بوون، له‌ ساڵی ١٩٨٠وه‌ له‌ زۆرترین شوێنی ئه‌ڵمانیا فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆیی شه‌قام ده‌كرێت، وه‌ك شاره‌كانی دارمشتاد، هێپن هایم، به‌رلین، هۆلتزمیدن، راشتات، برێمن، دێتنمۆڵد، ناومبورگ، ساڵ، ساربروكن، شڤێرت، لودڤیگسهافن ئه‌م ڕاین... هتد. له‌م شاره‌ی من لێی ده‌ژیم، به‌هۆی نزیكیم و ئاگاداربوونم له‌ فێستیڤاڵی شانۆی شه‌قام و كاركردنم له‌ یه‌كێك له‌ 10 شانۆ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌ڵمانیا، وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌ناوی شانۆیی پڤالتزباو، پێم باش بوو فێستیڤاڵی شانۆیی شه‌قامی لودڤیگسهافن بناسێنم:

نۆزده‌یه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی شه‌قام له‌ شاری لودڤیگس هافن ئه‌م ڕاین ـ هه‌رێمی ڕاینلاند پڤالتز، له‌ ساڵی ۲۰۰۱ه‌وه‌ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ ساڵانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت به‌ به‌شداری چه‌ندان گرووپی شانۆیی له‌ وڵاتان، ئه‌مساڵ ۱۹یه‌مین فێستیڤاڵی شانۆی شه‌قام به‌ڕێوه‌ چوو، ئه‌هه‌نگی كردنه‌وه‌ی له‌ ڕێككه‌وتی ۲٦-۰۷- ۲۰۱۸ ڕۆژی پێنجشه‌م له‌ سه‌عات ۲۱ی شه‌و له‌ ڕاتهاوس پلاتس، سه‌ره‌تا خاتوو پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆرنێلا ڕایفنبێرگ به‌رپرسیاری كاروباری كولتووری له‌ پارێزگای لودڤیگس هافن وتاری كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵی پێشكه‌ش كرد. به‌خێرهاتنی گرووپه‌ شانۆییه‌كان و جه‌ماوه‌ری شانۆ و مێوانانی كرد. تیشكی خسته‌ سه‌ر ۱۹ فێستیڤاڵ و مێژووه‌كانی و به‌شداران. ئاماژه‌ به‌ سپۆنسه‌رانی فێستیڤاڵ، بانكی شاری لودڤیگس هافن وه‌ك سپۆنسه‌ری سه‌ره‌كی و چه‌ندان كۆمپانیای تر كه‌ له‌م شاره‌ پشكیان هه‌یه‌.

دواتر شانۆگه‌ریی "ئه‌نتاگۆن تیاته‌ر ئاكسیۆن ـ پاكاگه‌"ی گرووپی ئه‌ڵمانی له‌ ده‌رهێنانی شوساكا تاكوشی ژاپۆنی، بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ له‌م فێستیڤاڵه‌ نمایش كرا. ڕۆژانی فێستیڤاڵ له‌ ڕێكه‌وتی ۲۷ تا ۲۹ی  7- ۲۰۱۸ به‌رده‌وام بوو به‌ به‌شداری ۱۸ گرووپی شانۆیی جیاواز له‌ وڵاتانی تر و ئاماده‌بوونی زیاتر له‌ 20 هه‌زار بینه‌ر، نمایشی شانۆگه‌رییه‌كان له‌ 10 شانۆی جیاواز پێشكه‌ش كران، شانۆكان له‌ سه‌نته‌ری شار دروست كرابوون٫ هاوكات سێ وۆركشۆپی هونه‌ری شانۆیی له‌لایه‌ن به‌شداران پێشكه‌ش كران و شانۆكان به‌زمانه‌كانی ئه‌ڵمانی ـ ئینگلیزی ـ چیكی ـ ئیتالی ـ به‌لجیكی ـ فڕه‌نسی ـ هۆڵه‌ندی ـ پۆڵۆنی ـ پۆپ باند ئه‌فریقی ـ ئیسپانی.

هیوادارم پێنجه‌مین فێستیڤاڵی شانۆیی شاری هه‌ولێر ببێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ بووژاندنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی هونه‌ری شانۆیی ئه‌م شاره‌ و بونیادنانی شانۆیه‌ك به‌ هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانیه‌وه‌، شانۆ و بینه‌ر و تێكست و ... هتد، ببێته‌ مایه‌ی شانازی سه‌رجه‌م مێژووی مرۆڤایه‌تی .

سه‌رچاوه‌: ویكیپیدیای ئه‌ڵمانی


ئه‌م بابه‌ته 149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌