حازم جه‌عفه‌ر
له هه‌موو دنیادا ئه‌ركی میدیا بریتییه له گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیاریی به‌شێوه‌یه‌كی دروست، یان هه‌وڵدانه بۆ گه‌یاندنی په‌یامی جه‌ماوه‌ر به ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت.
میدیا به‌دواداچوونی ورد ئه‌نجام ده‌دات تا ئه‌نجامی هه‌بێت، هاوكات له ته‌واوی هه‌لومه‌رجه‌كاندا گرنگی به‌و چه‌مك و تایبه‌تمه‌ندییانه ده‌دات كه پێوه‌ستن به ژیانی مرۆڤ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئێسته و داهاتووی ئه‌و زه‌وییه ڕه‌ق و ته‌قه‌ش هه‌یه. وه‌ك ئه‌و ڕووداو و كاره‌ساته به‌رده‌وامانه‌ی له دنیا ڕوو ده‌ده‌ن، جا به بڵاوكردنه‌وه‌ی میدیایی بێ یان له ڕێی نووسراو و بیستراو بێت، یان بینراو كه باوترینی سه‌رده‌مه‌كه‌یه.
پێش ئه‌وه‌ی بچینه ناو ورده‌كارییه‌كانی ڕاگه‌یاندنی چاكسازه‌وه، پێویسته میدیا خه‌سڵه‌تی نیشتمانیبوون، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی كاركردن و ده‌زگه‌یی پێوه دیار بێت.
هه‌روه‌ها ئه‌و به‌ها ڕه‌وشتییانه بپارێزێت كه پێوه‌ست و گرێ دراون به كاری میدیایی و بڵاوكراوه‌یی، بۆ ئه‌و چین و توێژانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ناوخۆیی و جیهانی ده‌ژین، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و وڵات و هه‌رێمانه‌ی بچووكن، چونكه ده‌نگدانه‌وه و گه‌نگه‌شه‌كردنی پرس و بابه‌ته‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و كتوپڕه. زۆرترین قسه‌وباسیش له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه سیاسی و حزبییه‌كان ده‌كرێت، به‌دوایشدا بازرگانان و هونه‌رمه‌ندان و.. تاد.
كاری میدیایی چاكساز لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌ر ده‌زگه‌یه‌كی میدیایی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ و سیاسه‌تی داڕێژراو دروست ده‌بێت. بۆیه گرنگه به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگه‌كه له ده‌ستێكی پارێزراو و شاره‌زای به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ركه‌وتوودا بێت، ئه‌گه‌رچی هه‌بوونی بڕوانامه و پسپۆڕی، ده‌لاله‌تی زانینه به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی، به‌ڵام هه‌موو كاتێك مه‌رج نییه له‌سه‌ر بنچینه‌ی بڕوانامه سه‌ركه‌وتن به‌دی بێت، چونكه زۆر له‌و كایه به‌ڕێوه‌به‌راتییانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ن، پێویستیان به كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموون و لێهاتوویی ته‌واو هه‌یه، بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسه‌كانی ناوخۆی كومه‌ڵگه و دنیای ده‌ره‌وه، وه‌ك به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و حوكمڕانی.
میدیایی چاكساز، له‌كاتی بوونی ئه‌و پرسه چاره‌نووسسازانه‌ی پێوه‌ندی به مافی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌یه و پێویسته به دنیا بگه‌ن، زۆرترین هه‌وڵی ناساندن و پیشاندانی ده‌دات به وڵاتانی دراوسێ، پاشانیش ماف و دۆزی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه به دنیای ده‌ره‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، له به‌رانبه‌ردا هه‌وڵ ده‌دات بۆ دروستكردنی بۆچوونێكی گشتگیر، له هه‌مبه‌ر ئه‌و ماف و داواكارییه ڕه‌وایانه‌ی پێشكه‌ش كراون.
بۆیه میدیای چاكساز له ناوخۆی كۆمه‌ڵگه و له‌كاتی هه‌بوونی كێشه و گرفته‌كان، مه‌یلی هێوركردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی هه‌یه و پێی وایه ده‌بێت به ڕێی گفتوگۆ و تێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌تایبه‌ت ئه‌و كێشه سیاسی و حزبییانه‌ی ڕیتمی ژیان له كۆمه‌ڵگه دیاری ده‌كه‌ن.
هاوكات فیدباكی جه‌ماوه‌ر به‌هه‌ند وه‌ربگرێت و له ڕێی بڵاوكراوه‌كان، كاردانه‌وه‌ی تاك و جه‌ماوه‌ر دیاری بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا زه‌وینه‌یه‌كی له‌بار بۆ میدیا بڕه‌خسێنێ، كه گه‌یه‌نه‌ری خه‌م و مه‌ینه‌ته‌كانی جه‌ماوه‌ریشه به ده‌سه‌ڵات، بۆیه ئه‌م جۆره میدیایه به‌رده‌وام به‌رپرسیارێتی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و رووداو و بویه‌رانه له ئه‌ستۆ ده‌گرێت كه كاریگه‌رییان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست و كاره‌سات ئامێزن، وه‌ك دیارده‌كانی "كوشتن و له‌ناوبردن، فێڵ و دزی، به‌كارهێنانی ماده هۆشبه‌ر و زیانبه‌خشه‌كان".
له گرنگیدان به‌و پرسانه‌ی پێوه‌ندییان به ژیانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه هه‌یه، میدیای چاكساز بۆ به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی، ئابووری سه‌ربه‌خۆ ده‌كاته سه‌رچاوه‌ی كاركردن و به‌رده‌وامی خۆی، ئه‌وه‌ش له ڕێی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاریی بۆ ئاژانسه جیهانییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی ڕه‌گه‌زه‌كانی ڕێكلام، وه‌ك (وێنه، مه‌ودا، به‌رهه‌مهێنان، ڕه‌نگ) له‌سه ڕووبه‌ری ڕۆژنامه و ده‌نگی ڕادیۆ و ڕه‌نگی ته‌له‌ڤزیۆن، مه‌رجیشه ئاگاداری زیانه‌كانی به‌كارهێنانی ڕێكلام و به‌ره‌مهێنانی ڕێكلام بێت.
هه‌بوونی ئابووریی سه‌ربه‌خۆ گرنگترین خاڵه بۆ ده‌زگه و وای لێ ده‌كات نه‌كه‌وێته ژێر ڕكێفی هیچ گرووپ و لایه‌نێك، كه دواتر بتوانێت به ئه‌سپایی و ئاسانی كار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و دژه‌باو بكات، هه‌موو ئه‌مانه "خوڵقێنه‌ری" میدیای چاكساز و نیشتمانین.